مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

23 بابەت

نەژوێنی

سەر بە هۆزی جافن. لە ڕابردوودا وەک شاتری لەقەڵەمدراون. وەک تیرەکانی تر کۆچەری بوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. زۆر تێکەڵاوی تیرەی گەورەی شاتری بوون. لە بەرەبابی (کەیانی، کەڵانتەر، نەویجان) پێکهاتووە. درەنگ وازیان لە کۆچ و باری گەرمیان و کوێستان هێناوە. لەبەرئەوە ئاوەدانیان کەمبووە. (ڕەقەی نەژوێنی) زستانە هەواریان بووە، لە دامێنی جەوەڵی داری خلەیە. بە هۆی (نوێژخوێنیان)، کە ئەرک و پابەندیەکی ئاینی ئیسلامە، ناونراون(نوێژخوێن)ی و پاشان گۆڕانکاری زمان کردوویەتی بە نەژوێنی. هەوارگەی هاوینەشیان نزیک مەریوان بووە لە خۆرهەڵات. دوای نیشتەجێبوونیان بە زۆری لە کەلار و باوەنوور لە گەرمیان و شارۆچکەی قەرەحەسەن و قلرخی خواروی سەیدسادق و گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجەی تازە نیشتەجێن. لە زەمەقیی خواروو، بەشارەتی خوارووی هەڵەبجەی شەهیدیش هەن.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

نەورۆڵی

سەر بە جافی مورادین. لە بنەڕەتدا خەڵکی نەورۆڵی بەری جوانڕۆن. لە گەڵ زاهیر بەگدا دێنە باشوری کوردستان. یەکەمین تیرەی جافە، کە دەستی لە کۆچەریی بوون هەڵگرتووە و نیشتەجێبوون. ئيدمۆندز دەڵێت: گرنگترین تیرەی نیشتەجێبووی جافن. لەبەرئەوەی شوێنیان ئاودار و تەڕە، لە ئاژەڵدارییەوە دەستیان داوەتە کشتوکاڵ. جێگای سەرەکی و نیشتەجێبوونیان گوندەکانی هەڵەبجەی شەهیدن. ناوەکەیان لە وشەی (نوروەلی)، بە واتای تیشکی پیاوچاکێکی کەرامەتدار وەرگیراوە. خۆیان پێیانوایە ناوەکە لە دوو برا بە ناوەکانی (نەورۆڵ و بەورۆڵ)ەوە وەرگیراوە. لە دەوروبەری هەڵەبجە دەبن بە دوو بەشەوە: ١- نەورۆڵیی پارچە: لەو ناوچەیە دەژین، کە بە ناوی تیرەکەیانەوە ناونراوە (نەورۆڵی). گوندەکانی: (هەسەنئاوا، هانەسوورە، تریفە، تەوەنە وەل، سەراو، هانەژاڵە، کەوتە، نوەر، گونە، میراولی، چرۆسانە، پریسی سەروو، پریسی خواروو، کانی توو، بیلەنگە، نێرگسەجاڕ). ٢- نەورۆڵیی دەشت: نیشتەجێی ئەم دێهاتانە دەگرێتەوە. (زەمەقیی خواروو، تەپەکوڕە، خێڵی حەمە، گۆمەلار، دێکۆن، بەشارەتی سەروو، بەشارەتی خواروو، شەشکەکان، قشڵاخەڕووتە). کە نەورۆڵییەکان خۆیان بە پشتجۆگە و بەر جۆگە باسی ئەو دوو لقە دەکەن. هەندێک لەم دێيانە پێش هاتنی نەورۆڵییەکان ئاوەدانبوون. لە هەندێکیشیاندا یاروەیس و کەڵهوڕ و هەندێک عەشرەت و بنەماڵەی تریش هەن. ئەدمۆنز دیمەنی ناوچەکەیانی بە (دۆڵی خۆشبەختان) ناوبردووە. بەوەی، کە لە بەریتانیا دەچێت.(تەحسینی میرزا حەسەن) لە ئێستادا سەرۆکایەتیی تیرەکە دەکات.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌

هاروونی

جافی مورادین. یەکێکن لە تیرە کۆن و دەوڵەمەندەکانی جاف. سەبارەت بە ناوەکەیان دەوترێت لە نەوەی پیاوێکن بە ناوی (هاروون)، یان لە شوێنێ گیرساونەتەوە بە ناوی (هاروون ئاوا). بەگشتی لەم بنەماڵەو بەرەبانە پێکدێت: بنەماڵەی (سەلیمی، نادرشایی، قارەمانی، زاڵە، بەیاخی، وەڵەدبەگی، نێرنجی). سەرۆکایەتیی تیرەکەیان وەک نەریت هاتووە پشتاوپشت لە نەوەی (سەلیمی)یەکانە. پاش کۆچی زاهیربەگی سەرۆکی ئێڵی مورادی، هاتوونەتە باشوری کوردستان. لە پەیماننامەی (زەهاو)ی نێوان دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی، وای پێویستکردووە، کە لە قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانیدابن. کۆزی زستانەیان لە خۆرئاوای ڕوباری سیرواندا بووە. لە ڕێگەی (بانیخێڵان و دەربەندیخان)وە هاتونەتە تانجەرۆ و لە تووەقوت پەڕیونەتەوە. لە ڕێگەی کەوڵۆس و تەڕاتەوەنەوە چونەتە ناڵپارێز و پاشان لە دەشتی پێنجوێنەوە چووەنەتە مەریوان. لەگەڵ نیشتەجێبوونی جافدا، لە گوندەکانی (قاجر، تەپەڕێزینە، قەدەفەری، مەسەکانی مەلا عەلی، مەسەگانی کۆن، قوڵخورد، عەلیاوا، گوڵەخانە، مەلا وەیسە، کانی شێخ، قارەمانی، غوڵامی سەروو و خواروو، دوانزە ئیمامی سەروو و خواروو، بێژاو، گردی شەریف، دەرەگوڵان، ڕیشێن، نێرگسەجار، جەرداسنە، بێسەڵمێن، وازۆڵ، گوڵانەکۆن، توەقوت، دێی قادری مارف، گامێش تەپە، ناوگردان، بێڕەشکە، شاتوان، دۆڵاش، کەڵوڕان، تەپەڕەش، کشەیەری) نیشتەجێن. لە گەرمیان لە دەشتی پێباز گوندەکانی (بانی خان، تۆپخانە، حاجی لالیخانی عبدالقادر، تازەدێی حاجی حەسەن، پونگڵە، دڕکە)یان هەیە. بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی(بساکان و بانی خێڵان و کەوەزیناڵی مەیدان و قەرەبڵاخی خواروی شارۆچکەی کۆکس) لە تیرەی هارونین. نزیکەی سەد خێزانیش لە قارەمانیەکانیان لە شارۆچکەی خوڕماڵ نیشتەجێبوون.

زیاتر بزانە
عەشرەت‌
پێشتر 1 2