بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی خەرپانی لە نێو دۆڵی کەمانگەرادا. بەسەر گوندی خەرپانی و هانەنەوتیدا دەڕوانێت، شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستا مێژووی نەزانراوە و هیچ کنەوپشکنینێکی شوێنەواری لەڕووی زانستیەوە بۆ نەکراوە. لە باکورەوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن و تووەسیاو تووە درێژە و هەساری چەوتانی و لە خۆرهەڵاتەوە چیای نساری کەمانگەرا و کانیەکانی شێخ مەرزە و کەمانگەرا و یەوەجەڕی و ڕازیانەجاڕ و لە خۆرئاواوە چیای باسکە درێژ و گوندی خەرپانی و قەرغی عارفی و نساری سەرچەمە و کانی مچەڕەش و نسارە گولانە و لە باشورەوە لوتکەی نیشانکرد و تلەسیاو دەورەیانداوە. باخ و پرۆژەی ئاژەڵداری لە نزیکییەوە هەیە و پێویستی بە پارێزگاری لێکردنە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (خەرپانی) لە بەرزاییەکانی ملەگاوە. لە باکورەوە گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی زەردەهاڵ و لە باشورەوە گوندی خەرپانی لە خۆرئاواشەوە دەشتی سەبانە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و بۆ پێش بارکردن و تێکدانی گوندەکە دەگەڕێتەوە لە ساڵانی حەفتاکاندا.
کەوتووەتە گوندی (خەرپانی) بە دووریی (٥٠م) نزیک ڕێگای (هەڵەبجە - خەرپانی). مێژوویەکی دێرینی هەیە. کێلەکانی گۆڕستانەکە لە بەردی ئاسایین و هیچ پاشماوەیەکی زەخرەفە و جوانکارییان بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (عەبابەیلێ). ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنم دەبێت. زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی کۆن و نوێی تێدایە. هەندێک لەو گۆڕانە هی بەگزادەکانی بنەماڵەی جافن و هەندێکی تریان هی شێخەکانی ناوچەکەن. گۆڕی هەردوو شاعیری گەورە (ئەحمەدموختار و تاهیر بەگ)ی برای تێدایە. سەرچاوەی کانییەک و دارودرەختێکی زۆری لێیە. شوێنەکەی بەرزە و دەڕوانێت بەسەر هەڵەبجەدا. بوونی گڵکۆی (ئەبو عوبەیدەی ئەنساری) پیرۆزییەکی بە شوێنەکە داوە. ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراقییەوە وەک شوێنێکی شوێنەواری ناسێنراوه.
کەوتووەتە دامێنی گوندی (خەرپانی) لەناو دەشتی سەبان. لە باکورەوە شارۆچکەی خورماڵ و لە باشورەوە ڕێگای سەرەکیی (هەورامان – هەڵەبجە) و لە خۆرهەڵاتەوە گوندەکانی: زەردەهاڵ و خارگێڵام و لە خۆرئاواشەوە گوندەکانی: تەپەکوڕە و خێڵی حەمە هەیە. درێژیی گۆڕەکە (٥٠.١٠م) و پانییەکەشی (٢.٧٠م)ە. کۆمەڵێک خڕەبەرد لە دەوری گۆڕەکە هەیە. ناولێنانەی لە بوونی کەسایەتییەکی باڵابەرز و درێژەوە وەرگیراوە. مێژووی گۆڕەکە دێرینە و بۆ پاش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە. خەڵکی ناوچەکە بە چاوێکـی پیرۆز و ڕێزەوە سـەیری گـۆڕەکـە دەکەن.
چەند شوێنەوارێکی دێرینن. کەوتوونەتە چەمی ئاوێسەر لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). گۆڕ، جەرە، کوپە و دیزە، دیواری سەرنجڕاکێش، ئێسکی مرۆڤ، سکه، شوێنێک وەک ژوورێکی گەورە، پاوانە و موورو، دەفر، شمشێری تێدا دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە لاشانی ئاشی ئۆڵڵابەگ بۆ سەرەوە درێژ دەبێتەوە هەتا سەرووی باخی حاجی مەجید لە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا). ناوەکەی بە واتای ماواو شوێنی کەڵەکەکان دێت، لەبەر زۆریی دیوار و کەڵەکە بەردە. لەم دواییەدا کوپەڵەی تێدا دۆزراوەتەوە، کە ئێسک و مورووی تێدابووە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (باخەکۆن). (١٠٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنەوارێکی دێرینە و لە بیرەوەریی خەڵکی ناوچەکەدا نەوە دوای نەوە باسکراوە، لە باکورەوە گوندی باخەکۆن و لە باشورەوە لوتکەی نەیجەکۆڵە و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی گەچێنە و لە خۆرئاوە دۆڵی باخەکۆن دەورەیانداوە و کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی گوندی باخەکۆن و گەچێنە و تەنها (٢٠٠م) لە خانەقای باخەکۆنەوە دوورە.
شوێنەوارێکى مێژووییە. بە دووریی سێ کيلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بانیشار) لەسنورى ناحیەى (خورماڵ). لەنزیک شاخی (خۆرنەوزان)، لەساڵانى ڕابردوو لەو شوێنەدا لەلایەن هاوڵاتیانى ناوچەکەوە و لە کاتی کنەوپشکنیندا، سکە و چەندین پارچە کوپ دۆزراوەتەوە. شوێنەکە ئەشکەوتێکی لێیە بەهەورامى ناونراوە (مەڕپاڵنگ) واتە ئەشکەوتى پاڵنگ.
ئەشکەوتێکى مێژوییە. کەوتووەتە سنورى گوندی (بانیشار)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، بە دووریی چوار کيلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى بانیشار. لە ساڵانى ڕابردوو لەکاتی گەڕان بەدوای ئاسەواردا، چەند کەرەستەیەکی شوێنەواری لەلایەن خەڵکى گوندەکەوە دۆزرانەتەوە. مێژووەکەى دیارنییە، چونکە هەتا ئێستا بە فەرمى کنەوپشکنینی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە دامێنی شاخی هۆبە. بەناوی مەلا (عەبدوڵای کوڕی ئیسماعیلی کوڕی سەید محەممەد)ی ناوسراو بە (شێخ موحەممەدی کۆسە)ەوە ناونراوە کە ساڵی ١١٥٥ بۆ ١٢٥٤ لە خەرپانی لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە. درێژیی گۆڕەکە چوار مەتر و پانییەکەی (١.٧٠م) بووە. چواردەوری گۆڕەکەی بە دیوار پەرژینکراوە، کە درێژیی (١٣م) و پانییەکەی (١٣، ١٥م) دەبێت. لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی کاریگەریی بوومەلەرزەوە دیوارەکانی لە بەشی خۆرئاوایەوە درزی بردووە و بەشێکی ڕووخاوە. ساڵێ ١٢٥٤ لە گۆڕستانی گوندی خەرپانی کۆچیدواییکردووە.
نزیکەی نۆ کلیۆمەتر کەوتووەتە گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە سنوری شارۆچکەی بەمۆ. دەوترێت بەناوی ئەو ئەسحابەیەوە ناو نراوه، کە لە کاتی فتوحاتی ئیسلامیدا لەم شوێنەدا شەهیدبووە. بەهۆی دێرینیی گۆڕی ئەم هاوڵەوه، سێ مەتر درێژە، بە شوێنەواری مێژووی ناودەبرێت.
بەرزاییەکە لە شێوەی زنجیرە شاخێکی نیمچە بەرزدایە و کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای چاوگ و گوندی ڕیشێن بە دووریی یەک کیلۆمەتر و لەبەردەم شاخی مەنجەڕ لە خوار گوندی میریسوور، ئەم شوێنە بە دووریی (١٦کم)، سەر بە شارۆچکەی خورماڵە. ئەوەی، کە لەم شوێنەدا دۆزراوەتەوە، کۆمەڵیک کەرەستەی شوێنەواری و گۆزە و سکە و دراوبووە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕێک لەو شوێنەدا بونی هەیە، کە بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات نێژراوە و ڕووی لەخۆری بەیانییە، کێلەبەردی سەر ئەم گۆڕە نیشانە و هێمای (خۆر و مانگ) ی تێدا هەڵکەنراوە.
کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى خورماڵەوە، لە باکورى خۆرهەڵاتييەوە قەڵاى خورماڵ و لە خۆرئاوايەوە ئاوى گۆگردى (گەڕاو) و لە خۆرهەڵاتييەوە گـەڕەکى قەڵا و چەمى زەڵم هەيە. دەربارەى مێژووى بونيادنانى چەند بير و بۆچوونێکى جياواز هەیە، لەوانە: هەندێک بۆ سەردەمى ئەتابەگييەکان و کاتی فەرمانڕەوايى (سوڵتان موزەفەرەدين گۆگبورى)ی بونيادنەرى منارەى چۆڵى (منارەى هەولێر) دەیگەڕێننەوە. هەندێکی تر پێیانوایە لەلايەن (مير حسێن)ى ميرى ئامێدييەوە (١٥٣٤ بۆ ١٥٧٦) دروستکراوە. يان بۆ سەردەمى (سوڵتان سەليمى عوسمانى) و هەندێکی تر بۆ سەردەمى ميرايەتیى (خانە پاشاى بابان)ی دەگەڕێننەوە. لە ئاست دەروازەى سەرەکیى چوونە ناو مزگەوتەکەوە لە خشت و قسڵ دروستکراوە، پێش نۆژەنکردنەوەى منارەکە لەلايەن بەڕێوەبەرايەتیى شوێنەوارى سلێمانييەوە لە ساڵى (٢٠١٤ز)دا، بە هۆکارى مرۆيى و سروشتى، منارەکە تەنها (٧م) مابوويەوە، بەڵام پاش نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەى بەشە ڕووخاوييەکەى، لە ئێستادا بەرزييەکەى بريتييە لە (١٢م)، پێکهاتە بيناسازييەکانى بريتين لە: (بنکە) بنکەيەکى هەشت لايى بە بەرزى (٧٥سم). (دەرگا - دەروازە): دوو دەرگاى هەيە، دەرگايەکى لاکێشەيى لە بنکەى منارەکەدا ڕوو بە خۆرهەڵات بە بەرزیى (١,٠٩م) و پانیى (٥٤سم)، دەرگايەکى بچوکى لاکێشەيى ڕوو بە خۆرهەڵات لە ئاست بالکۆنەکەيدا بە بەرزیى (١,٠٨م) و پانیى (٦٨سم). پليکانەيەکى پێچاوپێچى لە بەشى ناوەوە بۆ دروستکراوە، ژمارەيان ٤١ پلەيە، بەرزييان (٣٠سم) و پانييان (١٣سم) و درێژييان (٣٢سم)ـە. (بەدەن -لاشە): بەدەنى منارەکە دوو بەشە، بەشى يەکەمى لە دواى بنکەکەيەوە هەتا باڵکۆنەکەيەتى و هەشت لايە، بەرزیى (٦.٠٣م)ە، و بەشى دووەمى لە دواى بالکۆنەکەى تاوەکو گومەزەکەيەتى و لولەييە و بەرزييەکەى (٥.١٦م)ـە، بە گشتى بەدەنەکەى لە ٥٤ چين پێکهاتووە، بەرزييەکەى (١٢.١٦م)ـە. (پەنجەرە): تێکڕا لە بەدەنى منارەکەدا هەشت پەنجەرە دروستکراون بە مەبەستى ڕووناکردنەوە و هەواگۆڕکێ و کەمکردنەوەى پەستانى هەواى سەر منارەکە، جگە لە يەکێکيان، کە کەمێک گەورەترە و کەوتووەتە بەشى خوارەوە بە پێوانەى بەرزیى (٣٥سم) و پانیى (٢٨سم) و قوڵیى (٣٥سم)، ئەوانى تر سەرجەميان يەک پێوانەيان هەيە: بەرزیى (٢٨سم) و پانیى (١٩سم) و قوڵیى (٣٩سم). (باڵکۆن): باڵکۆنى منارەکە شێوە لولەييە، باڵکۆنەکان بەدەر لە لايەنى جوانکارى، لە بيناسازيى مزگەوتەکاندا دروستدەکران بۆ ئەوەى بانگبێژەکان لەسەريانەوە بانگبدەن. منارەکە بە گومەزێکى شێوە نيو گۆيى کۆتايیهاتووە، بەرزييەکەى بريتييە لە (٥٠سم) و لە خشت و گەچ دروستکراوە. جگە لە خشت و قسڵ، لە دروستکردنى منارەکەدا ١٠ پارچە دار بەکارهاتوون، سەرجەميان دارى (بەڕوو)ن. لە ئـیستا لەسەر شێوە مێژووییەکەی، لە دروستکردنەوەدایە.
ڕێزە سنگێکی لە دار دروستکراون و لە بەرزیی نزیکەی (٢٠م) یەکلەدواییەک بە شاخی خۆشکدا داکوتراون. شوێنی سنگەکان کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی چیاکە و خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). خەڵکی گوندەکە باوەڕیانوایە ئەو سنگانە وەک پلەکانە بە شاخەکەدا لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (یوسف تفەنگچی) داکوتراون، بەمەبەستی هەنگبڕین لە کەلێنێکی شاخەکەدا.
شوێنەواری هەوارگەیەکی دێرینە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار) بەرانبەر سایەقەڵایە. وەک خەڵکی گوند دەیڵێن: (لەسەردەمی ئەردەڵانییەکان وەک قەڵایەکی دەسەڵاتداری بەکارهێنراوە). بە (کەلاران)یش ناودەبرێت.
کەوتووەتە نیوان گوندی هاوار و دەرەتوێ. یەکێکە لە شوێنەوارە ئاینیەکانی کاکەیی لە باشوری کوردستان، کە شوێنپێی حەزرەتی داودی کەوەسوارە (یەکێکە لە بازنەی هەفتەن) لەسەرگابەردیک هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەهەمی زاینی. شوینەوارەکە دەکەوێتە ١٧ کیلومەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجە.
ناوی شارێکی گەورە بووە لە شارەزوور لە پەنا (زەڵم)دا، کە باوەڕوایە خورماڵ بێت و لە گەشتنامەی (أبو دلف)دا هاتووە لە سەدەی ٤ک/١٠ز. بەپێی سەرنجەکانی ئەم گەڕیدەیە خەڵکی ناوچەکە یاخی و سەرکێش بوون دژی خەلیفەکان و شارەکەش شورەیەکی هەبووە، ئەم زانیارییانەش لەسەرچاوەی تردا پشتڕاستکراوەتەوە.
شوێنەواری گوندێکی کۆنە. کەوتووەتە بەردەم جادەی سەرەکیی (بیارە – دەگاشێخان) لە سەرەوەی باخەکانی وێڕگاو سەدانی، لە بەردەم بانی واتواتا. دیواری خانوی کۆن و گۆڕی لێ دەرکەوتووە، کە هەندێکیان ڕوو بە قیبلە نێژراون و هەندێکیان ڕوو بە خۆرن. کانی و ئاوی هەیە، کە باخەکانی (عومەر قادر و شێخ حەمەعارف مستەفا) ئاودەدات. لە نزیک ئەم شوێنەوارەوە گوندی (زەردەهاڵ) بونیادنراوە. بەپێی قسەی خەڵکی گوندەکە ناوی گوندەکە بۆ ئەو گوندە کۆنە دەگەڕێتەوە.
شوێنەوار و هاوینەهەوارێکی دێرینە، کە کانی و ئاوی هەمەشوانی لێوە دەردێت. کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (سەرگەت) و (دەرەیمەڕ) لە هەورامان. ئەشکەوتێکی دوو ژووریی گەورە لە بەرانبەریدایە پێیدەڵێن: (ئەشکەوتی گاوران). خوارەوەی پلەپلەیە و نزیکەی بیست پلەیە. لە ژوورەکانیدا وێنەی هەڵکۆڵراوی ئاژەڵ و ڕاوچی و ژنێکی تەشیڕێسی تێدایە. تائێستا کنەوپشکنینی لەسەرنەکراوە.