منارەى مزگەوتى گەورەى خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى خورماڵەوە، لە باکورى خۆرهەڵاتييەوە قەڵاى خورماڵ و لە خۆرئاوايەوە ئاوى گۆگردى (گەڕاو) و لە خۆرهەڵاتييەوە گـەڕەکى قەڵا و چەمى زەڵم هەيە. دەربارەى مێژووى بونيادنانى چەند بير و بۆچوونێکى جياواز هەیە، لەوانە: هەندێک بۆ سەردەمى ئەتابەگييەکان و کاتی فەرمانڕەوايى (سوڵتان موزەفەرەدين گۆگبورى)ی بونيادنەرى منارەى چۆڵى (منارەى هەولێر) دەیگەڕێننەوە. هەندێکی تر پێیانوایە لەلايەن (مير حسێن)ى ميرى ئامێدييەوە (١٥٣٤ بۆ ١٥٧٦) دروستکراوە. يان بۆ سەردەمى (سوڵتان سەليمى عوسمانى) و هەندێکی تر بۆ سەردەمى ميرايەتیى (خانە پاشاى بابان)ی دەگەڕێننەوە. لە ئاست دەروازەى سەرەکیى چوونە ناو مزگەوتەکەوە لە خشت و قسڵ دروستکراوە، پێش نۆژەنکردنەوەى منارەکە لەلايەن بەڕێوەبەرايەتیى شوێنەوارى سلێمانييەوە لە ساڵى (٢٠١٤ز)دا، بە هۆکارى مرۆيى و سروشتى، منارەکە تەنها (٧م) مابوويەوە، بەڵام پاش نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەى بەشە ڕووخاوييەکەى، لە ئێستادا بەرزييەکەى بريتييە لە (١٢م)، پێکهاتە بيناسازييەکانى بريتين لە: (بنکە) بنکەيەکى هەشت لايى بە بەرزى (٧٥سم). (دەرگا - دەروازە): دوو دەرگاى هەيە، دەرگايەکى لاکێشەيى لە بنکەى منارەکەدا ڕوو بە خۆرهەڵات بە بەرزیى (١,٠٩م) و پانیى (٥٤سم)، دەرگايەکى بچوکى لاکێشەيى ڕوو بە خۆرهەڵات لە ئاست بالکۆنەکەيدا بە بەرزیى (١,٠٨م) و پانیى (٦٨سم). پليکانەيەکى پێچاوپێچى لە بەشى ناوەوە بۆ دروستکراوە، ژمارەيان ٤١ پلەيە، بەرزييان (٣٠سم) و پانييان (١٣سم) و درێژييان (٣٢سم)ـە. (بەدەن -لاشە): بەدەنى منارەکە دوو بەشە، بەشى يەکەمى لە دواى بنکەکەيەوە هەتا باڵکۆنەکەيەتى و هەشت لايە، بەرزیى (٦.٠٣م)ە، و بەشى دووەمى لە دواى بالکۆنەکەى تاوەکو گومەزەکەيەتى و لولەييە و بەرزييەکەى (٥.١٦م)ـە، بە گشتى بەدەنەکەى لە ٥٤ چين پێکهاتووە، بەرزييەکەى (١٢.١٦م)ـە. (پەنجەرە): تێکڕا لە بەدەنى منارەکەدا هەشت پەنجەرە دروستکراون بە مەبەستى ڕووناکردنەوە و هەواگۆڕکێ و کەمکردنەوەى پەستانى هەواى سەر منارەکە، جگە لە يەکێکيان، کە کەمێک گەورەترە و کەوتووەتە بەشى خوارەوە بە پێوانەى بەرزیى (٣٥سم) و پانیى (٢٨سم) و قوڵیى (٣٥سم)، ئەوانى تر سەرجەميان يەک پێوانەيان هەيە: بەرزیى (٢٨سم) و پانیى (١٩سم) و قوڵیى (٣٩سم). (باڵکۆن): باڵکۆنى منارەکە شێوە لولەييە، باڵکۆنەکان بەدەر لە لايەنى جوانکارى، لە بيناسازيى مزگەوتەکاندا دروستدەکران بۆ ئەوەى بانگبێژەکان لەسەريانەوە بانگبدەن. منارەکە بە گومەزێکى شێوە نيو گۆيى کۆتايیهاتووە، بەرزييەکەى بريتييە لە (٥٠سم) و لە خشت و گەچ دروستکراوە. جگە لە خشت و قسڵ، لە دروستکردنى منارەکەدا ١٠ پارچە دار بەکارهاتوون، سەرجەميان دارى (بەڕوو)ن. لە ئـیستا لەسەر شێوە مێژووییەکەی، لە دروستکردنەوەدایە.
سەرچاوەکان:
- هونەرى بيناسازيى منارە شوێنەوارى و کەلەپوورييەکان لە هەرێمى کوردستان – نمونەى هەڵبژێردراو – توێژينەوەيەکى مەدانييە، حسين، إکرام شيروان: (نامەيەکى ماستەرى بڵاونەکراوەيە) لە بەشى شوێنەوار، زانکۆى سلێمانى.
- مزگەوت و خوێندنگەى گەورەى خورماڵ، ئاراس محمد صاڵح، مێژووى ناوەندى سارا، چ١، سلێمانى، ٢٠١٨.
- ديوانى پيرەمێردى نەمر، محەممەد ڕەسول هاوار، چ١، چاپخانەى شڤان، ٢٠٠٧.
- معجم البلدان، ياقوت الحموى، ط٢، م ٣، دار الصادر، بيروت، ١٩٩٥.
- سەردانى مەيدانى ئامادەکاران بۆ شوێنەکە، لە ٣ی ٢ی ٢٠٢٣ .
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر,ئیکرام محەممەد زەڵمی