مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

145 بابەت

غەزای ڕووس: جەنگی ڕووس

لە ئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و لە ساڵی ١٩١٦ ڕووسەکان لە ئێرانەوە پەلاماری هەورامان و مەریوان دەدەن، ئەمەیش بە ئامانجی دەستگەیشتن بە شارەزوور و سلێمانی. لەنێو خێڵە کوردەکاندا سیاسەتی پێکهێنانی ئەنجومەنی خێڵە کوردییەکان بۆ مەرامی جەنگیی خۆیان پەیڕەودەکەن. بۆ بەرگرتن بە لەشکرکێشیی ڕووسەکان، مەلا و شێخانی ئەو دەمەی کوردستانیش بە گشتی و شێخە نەقشبەندییەکانی هەورامان بە تایبەتی، بە خەڵکی ڕادەگەیەنن شەڕکردن لە گەڵ ڕووسەکان واجب و غەزایە و ئەوەی بکوژرێت شەهیدە. بەم فتوای غەزای ڕووسە، پیاوماقوڵانی هەورامان و مەریوان لەشکرێکی چەند هەزار کەسیان پێکەوەناوە. لەو لاشەوە مەحێدین بەگی قۆماندان و شێخ مەحموود دەچنە مەریوان، لەگەڵ جافرسان و مەحمود خانی دزڵی و شێخانی نەقشبەندی لە ماڵی مەحمودخانی کانی سانان کۆدەبنەوە و پەیمانی یەکگرتن دژی ڕووس دەبەستن. شێخ حیسامەدین و شێخ عەلادین و شێخ نەجمەدین بە ٤٠٠٠ تفەنگچییەوە دەگەنە ڕەزاو. لە ئەنجامدا لەشکری لهۆن و مەریوان و دزڵی و تەخت و ڕەزاو، سێ هێرشی گەورەی ڕووس لە مەریوان دەشکێنن و ژمارەیەکی زۆریان لێدەکوژن و هەتا کێوی ئاویەری سنە پاشەکشێیان پێ دەکەن. مەردۆخ وەک شایەتحاڵی جەنگەکان باسی ئازایەتی تفنەگچییکانی کردووە.

فرۆشتنی موڵکەکەکانی شێخانی نەقشبەندی

فرۆشتنی موڵکەکان و گوندی ئەحمەدئاوایە لە لایەن بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی بە مەحموودخانی دزڵی. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموود و دابەشبوونی بەگزادە و سەرانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بە سەر لایەنگری شێخ مەحممود و چوونە پاڵ بەریتانیەکان، لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩١٩دا ناکۆکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکە و ئەحمەدئاوا دەبێتە مەکۆی شەڕ و کوشتار. بنەماڵەی بەگزادەکانی هەڵەبجە و بەریتانیەکان لە لایەک و مەحمودخانی دزڵی و پشتیوانانی لە شێخ مەحموود لە لایەکی ترەوە، کێشەی سەندنی باج لە خەڵکی سەرهەڵدەدات، بە هۆی بێلایەنیی شێخانی نەقشبەندی و ترسی فەوتانی موڵکەکانیان، ئەم ڕێکەوتنە ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە ئەحمەدئاوا بووەتە شوێنی پەنای مەحموودخان و سوارەکانی، ئەمەش مایەی بێزاریی ئینگلیزەکان بووە، بۆیە بۆردومانکراوە.

قاتوقڕی و گرانی لە سنوری هەڵەبجە

لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی نۆزدە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی کەمی و بێبەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵە لە سنوری قەزای هەڵەبجە و گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەک، کاربەدەستانی سنوری هەڵەبجە و لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٩ نوسراویان بۆ والییەکانی میسر و ئەدەنە و سەیدا و قایمقامی ئەنتاڵیا کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری ئەسکەندەروونەوە خۆراک و پێداویستی بگەیەنرێتە ناوچەکە و هانی بازرگانەکان بدرێت و تەماح بخرێتە بەردەمیان و لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە خەڵکی ناوچەکە لە چ ڕەوشێکی خراپدان، هەروەها ڕاسپاردەش دراوەتە کاربەدەستانی تەڕابلووسی شام، هەتا بە خێرایی کەشتیگەلی بارە گەنم بنێرنە بەندەری ئەسکەندەروونە بە مەبەستی گەیاندنی بە خەڵکی ناوچەکە. لەلایەکی تریشەوە بە کاربەدەستانی ئەدەنە و ئەنتاڵیا ڕاگەیەنراوە، کە ئەگەر لە حاڵێکدا ئازووقەی مولتەزیم (ئەوانەی بەرانبەر پارەیەکی دیاریکراو کۆکردنەوەی باج و خەراجیان لە دەوڵەت دەکڕییەوە) و بازرگانەکان بوونی هەبێت، پێویستە بە هاندان و تەماحپێدانیان ئەندازەی پێویست لەو ئازووقەیە بەخێرایی باربکرێتە کەشتییەکان و بەرەو بەندەری ئیسکەندەروونە بنێردرێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەکە.

کارەساتى ١٩٦٤ی‌ گوندى حەسەنئاوا

بەهۆى شەڕی پێشمەرگه ‌و سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٦٤ هێرشکراوەتە سەر‌ گوندەکە و چوار کەس (کەريمى فەتاح و ساڵحى حەمەى حەمەمين و سۆفى کەريم و فەتاح کە (خوشکەزاى سۆفى کەريم بووە) و ميوانى خاڵى بووە و خەڵکى سەرشاتە بووە و لەو کاتەدا بە ميوانى لە حەسەن ئاوا بووە)، شەهیدبوون.

کڕینەوەی موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵی

کڕینەوەی باخ و موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵییە لە گوندی ئەحمەدئاوا لە لایەن شێخ عەلادینی نەقشبەندییەوە، دوای بەدیلگرتنی مەحموودخان لە ساڵی ١٩٣١ و ڕادەستکردنەوەی بە عێراق، دوای دووساڵ و لە ١٩٣٣دا ئینگلیزەکان بۆ ئازادکردنی داوای پارەیەکی زۆر دەکەن، لەو کاتەدا پەیداکردنی بۆ خزم و کەسەکانی لە دزڵی گران بووە و کەسیش توانای کڕینەوەی باخەکانی نەبووە، شێخ ئامادەیی دەردەبڕێت و دەیانکڕێتەوە. وا مەزەندە دەکرێت نرخیان حەوت کیسەخەنەی لیرەی ڕەشادی و پارەی زیوی سپی بووە. خاتوو ڕابیعەی خێزانی شێخ، کە خەڵکی (دیرالزور)ی سوریا بووە، ئاڵتون و بەشی خۆی لەوێ هێناوە بۆ کڕینەوەیان و ساڵی ١٩٣٦ ئەحمەد ئاوا بە موڵکی شێخ عەلادینی بیارە ناسێنراوە.

کشانەوەی قوتابخانە لە تەوێڵە

لە ئەنجامی ململانێ و خراپیی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و شۆڕشەکانی کوردەوە، چەند جارێک لە لایەن میرییەوە هەوڵی کێشانەوەی دەزگاکان دراوە و بەو هۆیەوە قوتابخانە لە تەوێڵە داخراوە و چەندین کەس لەخوێندن بێبەشکراون‌. لەگەڵ کشانەوەدا شۆڕش بۆشاییەکەی بە دانانەوەی قوتابخانە پڕکردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ ماوەیەک داخراوە، ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ تەواوی ساڵەکە داخراوە، لەم ساڵەدا شۆڕش یەکەم قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە. ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ داخراوەتەوە و ١٩٦٧ کراوەتەوە. ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ داخراوەتەوە و مامۆستا و قوتابیەکی زۆر هاتوونەتە نێو شۆڕشەوە و تاقیکردنەوە لە مانگی ئەیلولدا لەناو باخەکان ئەنجامدراوە. هیچ کام لەو ساڵانەی، کە شۆڕش قوتابخانەی بەڕێوەبردووە، بە ساڵی دەرچوون ئەژمار نەکراوە.

کۆبوونەوەکەی ئاوێسەر

بریتییە لە کۆبوونەوەی زاناو شێخ و سان و وەکێل و بەگزادە و پیاوماقوڵ و جەماوەری هەورامان و مەریوان و جوانڕۆ بۆ پشتیوانی و پشتگیریی کۆماری مەهاباد و وەڵامدانەوەی نوێنەری پێشەوا قازی محەممەد. کۆبوونەوەکە لە تەمووزی ١٩٤٦ لە هاوینە هەواری ئاوێسەر ئەنجامدراوە و سێ شەو و ڕۆژی خایاندووە. خەیمە و کەپر و چادر هەڵدراوە و خەڵکی تەوێڵە و بیارە و دزاوەر و کەیمنە و دەوروبەریان بەشداربوون. لەو ناودارانەی بەشداربوون: (حەمەئەمین سان، هەسەن سان، عەبدولڵاخان، محەمەسان، قادر بەگی تەوێڵە و ... هتد). کۆبونەوەکە ئەنجامی باشی هەبووە و بروسکەی پیرۆزبای و پشتیوانی بۆ کۆماری کوردستانی لێداوە. کۆبونەوەکە بە ئاهەنگ و گۆڕانی تەواوکراوە و ئاوێسەر بووەتە مەکۆی پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی کۆماری کوردستان.

کۆبوونەوەکەی تەپی سەفا

لە بەهاری ١٩٦١، پارتی دیموکرات هەردوو گوندی تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خوارووی لە سنوری ناحیەی خورماڵی هەڵبژاردووە بۆئەوەی لە دیوەخانەکانی عەشیرەتی یاروەیس کۆبوونەوەیەکی فراوان بکات. مام جەلال بە نوێنەرایەتیی مەلا مستەفا و ٧٦٣ کەس لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی سنوری (هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، قەرەداغ، شارباژێڕ، گەرمیان، پێنجوین، قەڵادزێ، بازیان، و دوکان..). ئامادەبوون. بابەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی عەبدولکەریم قاسم دژ بە کورد گفتوگۆی لەسەر کراوە و داواکراوە کورد واز لە‌ ناکۆکیی‌ خێڵەکی بهێنن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێگی نەخوازراو ئامادەبکەن.

کۆبوونەوەکەی حیزبی هیوا لە شارەدێی تەوێڵە

کۆبوونەوەیەکی نهێنی ١١ ئەندامی تەوێڵەیی حیزبی هیوایە لەگەڵ لێپرسراوێکی حیزبەکە بەناوی خەیروڵڵا عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٤٣ لە تەوێڵە، بە ئامانجی چەکدارکردنی ئەندامان و لەیەک کاتی دیاریکراودا تەقە لە مەرکەزەکانی حکومەت بکرێت، ئەمەیش وەک پشتگیرییەک بۆ شۆڕشی دووەمی بارزان. بۆ ئەو مەبەستە کویخا ڕۆستەم و حەمەکەرەمی حاجی ئۆلوەهاب لە ئەڵقەکە ڕاسپێرراون، لە یەک شەودا تەقە لە هەردوو مەرکەزی سۆسەکان و تەوێڵە کراوە. لێپرسراوی ئەڵقەی حیزبەکە باباحاجی بووە. بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، بە سێ گروپ کاری ڕێکخستنی لەگەڵ ئەندامان ئەنجامداوە. سێجار وەک ئەڵقە پێکەوە کۆبوونەتەوە، ئەندامان (حەمە عەلی کۆزاد، ئەبوبەکر حەسەن، کوێخا ڕۆستەم کریم، محەممەد حاجی حەمەڕەحیم، عەبدوڵا حسێن، محەممەد سان ئەحمەد، حەمەی حاجیلە، حەمەکەرەم حاجی ئۆلوەهاب، حاجی حەمەڕەشید سۆسەکانی، کوێخا حەمەسەلیم تەوێڵەیی). لە قۆناغەکانی دواتردا ژمارەیەکی کەمیان درێژەیان بە خەباتی سیاسی داوە. هەندێک سەرچاوە ژمارەی ئەندامانی حزبەکە لە تەوێڵە بە ٣٣ ئەندام لە قەڵەمدەدەن.

کۆمەڵکوژییەکەی شارۆچکەی خورماڵ

بە بیانوی بوونی هێزی پێشمەرگە لە خورماڵ، ڕۆژی ١١ی ٤ی ١٩٦٤ ڕژێمی عێراق ھێرشی زەمینی کردووەتە سەر شارۆچکەکە. ‌پاش پشکنین و سوتاندن و بەتاڵانبردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و سامانی خەڵکەکەی‌، ژمارەیەک گەنجیان جیاکردووەتەوە و بە تۆمەتی پێشمەرگەبوونیان لە ‌خۆرئاوای شارۆچکەکە لە نزیک بازگەی ئاسایشی ئێستای خورماڵ، بریندار و شەهیدیان کردوون‌.

گەڕانەوەی شێخ عوسمان بۆ بیارە

ڕوودادوێکی مێژوویی ناوچەی هەورامانە. بە (گەڕانەوەی شێخ عوسمانی سیراجەدینی دووەم) ناسراوه، کە لە خانەقای دووڕوەوە بۆ بیارە گەڕاوەتەوە. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق چووەتە ئێران و لە خانەقای دووڕووە جێگیر بووە، چوونی شێخ بۆ ئێران لە ڕۆژنامەکاندا بە بایەخەوە سەیرکراوە. دوای تێکچوونی ئێران و ڕووخانی شا، شێخ لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بیارە و گەلێک کەسایەتیی حکومی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بۆ خێرهاتنەوەی ئامادەبوون. دیارترینیان وەفدی عێراقە بە سەرۆکایەتی (د. ئەحمەد عەبدولستار جواری)ی وەزیری ئەوقاف و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی تری عێراق. لە بەردەم ماڵی شێخ ڕەئوفی کوڕی وەزیری ئەوقاف بە خێرهاتنەوە لە شێخ دەکەن و شێخ خالیدی موفتی وتەی بەخێرهاتنی میوانەکانی پێشکەشکردووە و شێخ دوای ساڵێک بەرەو بەغداد کۆچیکردووە.

گرانیی گەورە

گرانی و قاتوقڕیی نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ و دواساڵەکانی دەسەڵاتی عوسمانییە، کە بەهۆی جەنگەوە لە قەڵەمڕەوەکەیاندا ڕوویداوە. هاوکات بەهۆی وشکەشاڵی و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییەوە، بارودۆخەکە ئەوەندی تر خراپ بووە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە. سەرتاپای کوردستان و ناوچەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانیشی گرتووەتەوە و کاریگەری خراپی بەجێهێشتووە.

گرتنی سەرای هەڵەبجە

دوای ڕوخانی عوسمانی و دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، تاوگۆزییەکان و شەمێرانەییەکانی باشور لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور، نەچوونە ژێر ڕکێف و باج و سەرانەیان نەداوە و لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموود بوون، بۆیە بەریتانیا هێرشیکردووەتە سەریان و شەڕ ڕوویداوە و تفەنگچییەکی تاوگۆزی فڕۆکەیەکی خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی کەوتووەتە دەست حەمەی سان ئەحمەدی سەرۆکی عەشیرەتی شەمێرانی. بۆیە کاپیتان لیز داوایکردووه،‌ کە نەیکوژن و ڕادەستی ئینگلیزەکانی بکەنەوە، بەڵام داواکەی ڕەتدەکەنەوە. پاش بارودۆخەکە کەمێک ئاسایی بووەتەوە دوو پیاوی شەمێرانی بە نوێنەرایەتی دەچنە هەڵەبجە بۆ لای بەریتانییەکان، بەڵام دەستگیردەکرێن و داوای هاتنی سەرۆکی عەشیرەتەکەیان دەکەن. لە پەرچەکرداردا جەنگاوەرە کوردەکان چواردەوری سەرا دەگرن و پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری هەردوو بەندکراوەکە ئازاد دەکەن.

لافاوەکەی ساڵی ١٩٣٦ی تەوێڵە

ڕووداوێکی سروشتییە. لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٣٦ لە ئەنجامی بارانبارینێکی زۆر و بەردەوام، کۆڵان و چەمەکان لە ئەندازەی خۆیان زیاتر پڕ دەبن و چەمی زاوەر و ئاوێسەر بە خوڕ بەرەو ناو تەوێڵە دێن و مەترسیی لەسەر ژیان دروستدەکەن. هاوڵاتیان شێخی حسامەدین لە مزگەوت دوور دەخەنەوە. لە پایزی هەمان ساڵیش لافاو هاتووە، بەڵام زیانەکانی لافاوی بەهار زیاتربوون. لەوانە زیانی گیانی ئەڵاوەیس لە گەڕیات دەخنکێت و باخ و باخاتی نزیک چەمەکان دەبات و زۆرێک لە دیواری خانوە نزیکەکانی چەم دەڕوخێن. کانی و حەوزەکانی هانەی دلین، بە قوڕ و لیتە پڕدەکاتەوە، هەندێک لە خانوبەرەی ناوبازاڕ، تەواوی قوتابخانەی تەوێڵەی، بە بیناو کەلوپەل و تۆمارەکانەوە بردووە. ئاشە گەورەکەی شێخی ڕاماڵیوە، قەیسەری و خان و حەمامەکەی قادر بەگی بردووە. نزیکەی ٢٠ دووکانی قەیسەریی شێخی ڕوخاندووە. لە دەفتەری یاداشتەکانی قادربەگدا باسکراوە. پێویستە بوترێت لەو ساڵەدا لە زۆربەی شوێنی ناوچەکە لافاو هاتووە.

لافاوەکەی ساڵی ١٩٧٢ی گوندی قاجر

‌ساڵی ١٩٧٢ بەهۆی بارانبارینی زۆر و هاتنی لافاو و گەڕانەوەی ئاو لە دەریاچەی (سیروان)ـەوە، لە سنوری گوندی (قاجر)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ)، بەشێک لە گوندەکە ژێرئاو کەوتووە و ١٣ ماڵ زیانیان پێگەیشتووە، که ‌ئەوکات گوندەکە لە ٢٠ ماڵ پێکهاتووە. دانیشتوانەکەشی بۆ ماوەی دوو مانگ ئاوارەی گوندەکانی (گردی شەریفی حاجی مستەفا و مەسەکانی مەلا عەلی، گوڵەخانە و تەپەڕێزینە) بوون.

لافاوەکەی ساڵانی ١٩٧٣ی شارۆچکەی بیارە

هاتنی ئاوی چەمی تەکیەیە لە پشت گەڕەکی تەکیە لە شارۆچکەی بیارە لە چەند ساڵێکی جیاجیادا، بووەتە‌ هۆی زیانگەیاندن بە دانیشتوانەکەی. ساڵی ١٩٣٦ ئاو هاتووەتە گەڕەکەکەوه، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٣ بە جۆرێکی زیاتر ئاو هاتووە و پڕۆژەی ئاوی تێکداوە و زیانی لە ماڵیات داوە و چەند سەر حەیوانی بردووە و قوربانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە، لەوانە بەیزا بارام خێزانی میرزا عەلی چایچی.

مەخفەرە گیراوەکانی هەورامان

مەبەست لە گرتنی مەخفەرەکانی پۆلیسە لە (تەوێڵە و سۆسەکان و بیارە). لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول و چەک هەڵگرتن و بوونە پێشمەرگەی (تاهر حەبیب، جەلال وەیسی، عەبدولکەریم بەگە، کوێخا ڕۆستەم، ڕەحمان ئەڵاوەیس، نەسرەدین عەبدوڵا، عەبەکەی وەهاب، نووری غەفاربەگ، ئیدریسی حاجی عەبدوڵا، سابری کاکەلە، شەفیعی ئەڵڵاک، حەمە یوسفی مارف و... هتد) لە ڕێگەی کۆمەڵێکک کەسەوە، داوا لە مەئمووری مەرکەز دەکرێت، کە بێ تەقە خۆیان بدەن بەدەستەوە، دوای ئەوەی ڕەتیدەکەنەوە، پێشمەرگەکان بڕیاری گرتنی مەخفەرەکانی پۆلیس لە هەورامان دەدەن. یەکەمجار مەخفەری پۆلیسی تەوێڵە لە١٣ی ٩ یان ٧ی ١٠ی ١٩٦٢ دەگیرێت، کە ٢٤ تفەنگ و یەک ڕەشاش و دەمانچەیەک و دووربین و جیهازی پەیوەندی و چەندین فیشەک)، دەکەونە دەست پێشمەرگە. گیراوەکان هەندێکیان دەبنە پێشمەرگە و ئەوانی تریش ئازاددەکرێن. پاش گرتنی مەخفەری تەوێڵە و زۆربوونی پێشمەرگە، مەخفەری سۆسەکانیش دەگیرێت. پاشان بڕیاری گرتنی مەخفەری بیارە دەدرێت. مەخفەری بیارە لەڕێگەی پەیوەندییەوە، بە ١٩ پۆلیس و بەڕێوەبەرەکەیانەوە تەسلیم دەبن. ١٩ تفەنگ و یەک ڕەشاش و جیهازێک و ژمارەیەکی زۆر لە فیشەکیان دەستدەکەوێت.

نۆبڕان و باخی شا

شەڕی نێوان لەشکری هەورامان و جاف و سنجابی و ئەردەڵانی و لوڕییە لەگەڵ لەشکری دەوڵەتی ئێرانی. لە ساڵی ١٩١١ لە باخی شای نزیک شاری ساوەی ئێستا ڕوویداوە. لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان ئەحمەد شای قاجاری و ئەبوفەتح میرزای موزەفەرەدین شای قاجار، سالار دەولەی لەسەرکارلادراو، پەیوەندی بە جافرسانی هەورامان و وەکێڵی جوانڕۆوە دەکات و نازناوی سالار دەبەخشێتە ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم سان و مستەفا بەگی جافرسان، هەتا لەڕێی سەرۆک هۆزەکانەوە دەسەڵاتی لەدەستچووی، بەدەستبهێنێتەوە. ئەم دەرفەتە دەبێتە هۆی ڕزگارکردن و ئازادکردنی هەورامان لە لایەن جافر سان و بە لەشکرەوە دەچێتە ناو شاری کرماشانەوە و لەوێش لەشکرێکی ٢٥٠٠٠ کەسی بۆ یارمەتی سالاردەولە بەرەو تاران بەڕێدەکەون. لە ئەنجامی شەڕەکەدا سالار دەولە و هاوپەیمانەکانی دەشکێن. لە هەورامییەکان ٨٠ تفەنگچی دەکوژرێن و کەریم بەگی جافرسان و حەمەمین بەگی بەڵخەیی بەدیلدەگیرێن و عەزیز بەگ و محەمەد بەگی برازایشی شوێنبزر دەبن.

هاتنی عەلی ئەکبەرخان بۆ سلێمانی

ساڵی ١٨٦٩ عەلی ئەکبەرخانی شرف المولک بە فەرمانی فەرهاد میرزای حاکمی سنە لە سەردەمی قاجاریدا هاتووە بۆ سلێمانی. ئامانجی سەردانەکە بۆ ئاشتکردنەوە و هەوڵی گەڕانەوەی ئەو هەورامیانە بووه،‌ کە دوای پێکدادانەکانی ١٨٦٥ بۆ ١٨٦٩ ی نێوان تفەنگچیانی هەورامی و لەشکری قاجار ڕوویانداوە و زیانی زۆر بەر لەشکری قاجار کەوتووە. یوسف پاشای موتەسەریفی سلێمانی هەوڵی ڕەوانەکردنی هەورامییەکانی داوە بۆ حەڵەب و دیاربەکر، بەڵام هەندێکیان هەڵهاتوون و ڕۆسەم سان و پێنج لە هاوڕێکانی چوونەتە دیاربەکر و عەباس قولی سان و عەزیزخان چوونەتە کەرکووک و محەممەد سەعیدسان بە هاوکاری مەحەممەد پاشای جاف و شێخ عەلی عەبابەیلێ ماوەتەوە و چووەتە هانەگەرمەڵە. پاش ساڵێک لەڕێگەی گفتوگۆوە بە پیلانێکی فەرهاد میرزا و ئەمرێکی شاهانە گەڕاندوویاننەتەوە و کوشتوویانن.

هەڵبژاردنی سەرۆک عەشیرەتەکان لە گوندی تەپی سەفای خواروو

ساڵی ١٩٥٢ کۆمەڵیک کەسایەتیی هۆزی یاروەیس لەوانە (حاجی عوسمانی یاروەیس، حاجی مستەفا، حاجی حەیدەر، حاجی غالی بەشارەت، حاجی مشیر) له ‌دیوەخانی (حاجی عوسمانی یاروەیس)، کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە ‌دیارەکانی هۆزی یاروەیس لە گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بە ئامادەبوونی پیاوماقوڵ و میوانێکی زۆر کۆبوونەتەوە و بڕیاریان لەسەر دەستنیشانکردنی چەند سەرۆک عەشیرەتێک داوە. (میرزا حەسەنی خێڵی حەمە بۆ سەرۆکی عەشیرەتی نەوڕۆڵی، ئەفراوسیاو بەگی ڕۆستەم سان، کە ناسراویشە بە سالار یاخود ئەفراسیاوبەگی سەرگەت بۆ سەرۆکایەتیی هەورامانی لهۆن، کوێخا حەمەڕەشیدی گردیگۆ بۆ سەرۆک عەشیرەتی سەدانی، فەتاحی حەمەفەرەجی ئاخە بۆ سەرۆک عەشیرەتی میروەیسی، قادری ساڵح بۆ سەرۆک عەشیرەتی شێخ سمایلی، حەمەئاغای گەڵاڵی بۆ سەرۆک عەشیرەتی گەڵاڵی، داودبەگی جاف بۆ سەرۆکی هەموو جاف و بەگزادەی جاف)

پێشتر 1
...
6 7 8 دواتر