مەڕدێوەکان: مەڕدێیەکان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 502

ئەشکەوت

دوو ئەشکەوتن. بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتوونەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لەسەروویانەوە بانەکانی (بانەو مەڕێ، بانە گەورێ) هەن‌. مەڕدێوەکان، بە هەورامی واتە (ئەشکەوتی دێو) گوایە لە کۆندا دێو و دڕندەی تێدابووه. لەسەردەمی شۆڕشەکانی کورددا وەک پەناگەی پێشمەرگە بەکارهاتووە. (١١٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێگایەکی خۆڵ لە گوندەکەوە دەڕواتە ئەشکەوتەکە و خەڵکی دێ بە تایبەتی بەهاران سەردانیدەکەن. پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە و ناوبەناو ئاژەڵداران دەچنەنێوی.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى تیمى مەیدانى لەگەڵ (سەروەت نامیق ئەسکەندەر)ی ئەنجومەنی گوندی (یاڵانپێ)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، ئاستی خوێندن: سەرەتایى، پیشە: فەرمانبەر، لە ٧ی ٣ی ٢٠٢٤
  2. چاوپێکەوتنى تیمى مەیدانى لەگەڵ (باقى عەبدوڵڵا ئامەنوڵڵا)ی ئەنجومەنی گوندی (یاڵانپێ)، لەدایکبوو: ١٩٦٠، ئاستی خوێندن: سەرەتایى، پیشە: کاسب، لە ٧ی ٣ی ٢٠٢٤.
  3. چاوپێکەوتنى تیمى مەیدانى لەگەڵ (عارف عەباس ساڵح)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، پیشە: کاسب، لە ٧ی ٣ی ٢٠٢٤.
  4. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) لەگەڵ مامۆستا (محەممەد غەفار حەمەزەمان)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: تیمى مەیدانى/ گوندى یاڵانپێ,د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.