شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

کونە پشيلە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى ١٢٠٠ مەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە. (٥٧٢م)‌ لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بەهۆى بوونى کاچ و کونێک، کە لەڕابردوودا پشيلەى کێویی تێدا بووه،‌ بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

کونەتاریکە

به ‌دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (میری سوور)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٠ دۆنم دەبێت. وەک لەوەرگای سروشتی بەکاردێت. نزیکەی (١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە بەهاراندا خەڵکی بۆ گیا بەهارییەکان و سەیران سەردانیدەکەن.

کونەدەڵەک

کەوتووەتە بەشی نزاری گوندی (گریانە). بەهۆی بوونی چەندین کون، کە ئاژەڵی کێوی وەک (دەڵەک)ی تێدابووە، ناونراوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ ڕاوکردنیان ڕووی تێدەکەن و دەڵێن هەرکەس بڕوات بە دەستی بەتاڵ نایەتەوە.

کونەچەقەڵ

کەوتووەتە پشت گوندی (ئەحمەدئاوا) لە پشتی ڕێگای ئەحمەدئاوا بۆ هاوینەهەوار، لە بەردەمی جۆگەی دەیمەجۆ. لەبەر ئەوەی کەلەبەری لێیە و چەقەڵی تێچووە، ئەو ناوەی لێنراوە. ساڵی ١٩٥٣بەشێکی لەلایەن شێخ ئەمین نەقشبەندییەوە تاشراوە و وەک ڕێگەی ئۆتۆمبێل بۆ بنی پەڵگ چاککراوە. هاوڵاتیانی شارەکانی تر دێنە سەیرانگاکە. ئەحمەد ئاوا وەک هاوینەهەوار ناسراوە.

کونەسەرد

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). ڕووبەرەکەی(٠.٠٦کم٢) و(٩٠٠-١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ لایەنی بەرگری لە ناوچەکەدا، هەروەها وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سوودی لێوەرگیراوە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە.

کونەقير

بە دووریی نزیکەی نیو کیلۆمەتر، کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) بەرانبەر لوتکەى کەسنەزان لە باشورى دەشتى نێرگسەجاڕەکۆن. بەهۆى بوونى قيرى سروشتييەوە، کە وەک ئارەقە لە نێو چينە بەردەکانەوە هاتووەتەدەر، ئەو ناوەی لێنراوە.

کونیلێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (جەلیلە) و لە بەشی خۆرئاوای زنجیرە چیاکانی شنروێ هەڵکەوتووە. لە قەدپاڵەکانی چەند کونێکی سروشتی هەیە، کە پێدەچێت هی ئاژەڵی کێوی بێت‌. لەنێویدا چەم و دۆڵێکی هەیە، بە ئاڕاستەی دارستانی دەستکردی گوندەکە درێژدەبێتەوە و بە داربەڕوو دەوڵەمەندە.

کۆتەرە سوتگ

دەڕوانێت بەسەر چەمی کەمەرە سوور و گوندی سازان و گوندی (ڕێشاو)دا، بە داربەڕوو دەوڵەمەندە، زەویی کشتوکاڵی دێمی هەیە، کراوەتە دانەوێڵە و گاکێڵ بووە. ناونیشانێکی دیاری گوندەکەیە.

کۆچەی خۆرەتاوێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتوێ). (١٤٥٧م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێوان گوندی (دەرەتوێ) لە باکور، (سەرکەورگان) لە باشور و دەڕوانێت بەسەر گوندی (هاوارەکۆن)دا. قەزوان و بەڕوو و چەقالە و دارستانێکی سروشتیی چڕە. وەک شوێنی بنێشتکردن بەکارهاتووە. ڕووبە خۆرە و بەهۆی زۆریی لەوەڕگا و گژوگیاوە، لە وەرزی بەهار و سەوزیدا، گژوگیاکە بەجێهێڵراوە، تاکو وشکبووە، دواتر لە وەرزی پایز و زستاندا بەکاریانهێناوەتەوە بۆ لە وەڕاندنی ئاژەڵەکانیان. خەڵکی گوندەکە بەو شوێنەیان وتووە (نخور) بەواتای گیای (نەخوراو).

کۆرەگەچان

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (ڕێشاو)، دەڕوانێت بەسەر چەمی گەچ و گوندی (ڕێشاو) و دەشتەی سازاندا، نزیکە لە سەنتەری گوندەکەوە، بانێکی تەختە و وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە. لە ئێستادا خەڵکی گوندەکە وەک سەیرانگایەک بەکاریدەهێنن و بەهاران تێیدا دادەنیشن.

کۆسەو بەبەڵەی

کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات هەڵکەوتووە و (١٥٠٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی و گەچێنە و نارنجڵە.

کۆسی ساناڵان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ) لە خوارووی (زەویە درێژ). ساناڵە زەویەکی تەختە بە ئەندازەی دووسێ مەتر، کە خۆر لێیبدات. لە کۆندا بۆ وشککردنەوەی بەروبومی هاوینە بەکارهێنراوە.

کێکفان

کەوتووەتە خوارووی شاخی (مەکۆگان). بەسەردۆڵی (دەڵەمەڕ)دا دەڕوانێت. لە دۆڵی (مەکۆگان)ەوە دەستپێدەکات، بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دێت، تا دەگاتە (چەمی دارەکە). درەختی کێکفی زۆری لێیە. لەوەڕگایەکی سروشتیی ناوچەکەیە.

کێڵو باقی

خانەباخە لە سەر شاخی‌ نێوان هاوینەهەواری ئاوێسەر و گوندی هانە گەرمەڵە. (٢١٤١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دوای دروستکردنی ئەو ماڵە چیاکە بە ناوی کێڵەکەوە ناسراوە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ ناوچەی گەشتوگوزاری ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

گا هەڵدێر

کەوتووەتە‌ بەشى باکورى خۆرئاواى ناحیە‌ی (بەمۆ). لەباشورى زەويیەکانى (گوندى گمه)‌ و بەشێکە لە زنجيرە (چياى خۆشک)، کە لەوێوە بۆ لوتکەى (پەلى کەڵەکه)‌ و گەڕاوەکەى (سەعداوه)‌ و (کوڵە بەرزه)‌ و (نەزەر بەگەکە) و شانى (بڵاڵوکەکان) و (تاوگوکەى سەرهاڵ) به ‌بەرزى (١٤٥٠ بۆ ١٦٠٠م) درێژدەبێتەوە،‌ تا دەگاتە لوتکەى (باڵەکەڕێ).

گەچوەڕ

کەوتووەتە باشورى خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ). بەرزترين لوتکە چياى سنورى گوندەکەیە. لەزنجيرە چياى سەى سوجاحدايە، کە (٧٩٤م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە و گوندەکە و بەهۆى بوونى خاک و بەردێکى گەچينەوە، ناونراوە گەچوەڕەکە.

زیاتر بزانە
لوتکە چيا

گەچێنە

کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی گەچێنە، لە دوای چیای سەر کۆرەگا دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای کەمەرە سوور. درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر دەبێت. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە، لەوانە: (لوتکەی مزگی وەرگا و لوتکەی زەمینو عەولەی و لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و لوتکەی سارای حەمە هەجیجی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو (دۆڵی گورگەدەر و دۆڵی گەچێنە و باخچە)، هەروەها چەندین ئەشکەوت و کـەلەبەردی تێدایە، کـە بوونەتە لانکـەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکـان.

گەچێنە و هەمزەیە

کەوتووەتە نێوان چیای قۆڵی بلچ و نەیجەکۆڵە، لە دوای چیای قۆڵی بلچ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای نەیجەکۆڵە. درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە وەکو (لوتکەی تەوەنە و ترازیا و لوتکەی سەرگەچێنە و لوتکەی پیاڕا و کەمەرە سور و لوتکەی زەردی هەمزەیی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو: (دۆڵی هەمزەیی و دەرەو کۆرا و چەمی دەرەو کێڵا و دۆڵی گەچێنە و سەر گەچێنە و دۆڵی تایلەی دەرە تاریک و تایلەی خەرمانگ). بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای بەهارە دەوڵەمەندە.

گەوری

کەوتووەتە نێوان کوڵی متکان و پێگە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا و دۆڵێکی زۆر قوڵی هەیە. پێکهاتەکەی لە تاوێرەبەردی داتاشراوی ڕێک پێکهاتووە. لە بەرزیدا ئەشکەوتێکی تێدایە و زۆر سەختە گەیشتنە ناوی. ناوەکەی لە گاورەوە هاتووە و دەڵێن لە کۆندا گاوری تێدا بووە.

گەورێ

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی یاڵانپێ. لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی(یاڵانپێ وبانیشار)دا، وەک سنور وایە. ڕووبەرەکەی(٧٥کم٢) و(٧٠٠ بۆ ١٢٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندی یاڵانپێ و بانیشار و عامورە. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکـی سـروشتـی و گژوگیـای بەهـارە، ئەم بانە دادەنرێت بە سنوری جیاکەرەوەی ناوچەی هـەورامـان لـەگـەڵ بنـاری زنجیـرە چیـای سـورێـن و شـارەزوور.

پێشتر 1
...
16 17 18
...
61 دواتر