شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

کەمەر عارەبە

کەوتووەتە کۆتایی ئاوێسەر بەرەو ئێران، لە شارەدێی تەوێڵە، تاشەبەدیکی قەبارە گەورەی قورسە، دەوروبەر و بەردەمی باخە گوێزەکانی ئاوێسەرن. لە کۆندا شوێنی هەواری تەوێڵەییەکان بووە. وەک خاڵی مەرزی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتە و نیشانەی (میلەمەرزی) بەسەرەوە دانراوە.

زیاتر بزانە
خاڵی سنوری

کەمەرە بەلێ

کەوتووەتە نێوان شارەدێی (تەوێڵە) و گوندی (هانە گەرمەڵە). (٢١٣٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ ناوچەی گەشتوگوزاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە)، هەندێک شوێنی هێشتا مینڕێژکراون و چەندین کەسی کردووەتە قوربانی.

کەمەرە سوور

کەوتووەتە گوندی (سازان) بەرانبەر گۆڕستانی شێخ موئمنی سازانی. بەردەکانی مەیلە و سوورن و لە بەرزاییەکەدایە. جگە لە بەردی سوور هیچ سەوزایی تێدانیە و ڕووتەنە.

کەمەرە سوور ١

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت. (١٦٨٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دۆڵی شەڵواندڕ و دۆڵی دەرەولێ، سنوری نێوان زەوی گوندی هانەیدن و گوڵپ پێکدەهێنێت. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی و باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

کەمەرە سوور ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەمزەی و گوندی باخەکۆن و گەچێنە و (١٤٤٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کەمەر قەڵا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە). (١٧٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ تەوەنێ و دەگاتە ناوچەی گەشتوگوزاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

کەمەرە قوڵە

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٧٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای منارەکەوە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، بۆیە لەڕووی سەربازییەوە گرنگییان بۆ پاراستنی شۆڕشەکان و پێشمەرگە زۆر بووە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین.

کەمەر بەڕەزا

کەوتووەتە‌ سنوری گوندی (ڕێشاو). شاخێکی بەرز و سەختە و لە تاوێرەبەرد پێکهاتووە. زیاتر لە (١٥٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە بەهاراندا، بەڕەزایەکی زۆری هەیە، بۆیە بەو ناوە بەناوبانگ بووە. تا بەئاڕاستەی گەڵامۆرد و بۆین بڕوات، زیاتر بەرز دەبێتەوە، تا دەگاتە قولەڕەش، کە بەرزترین لوتکەی ڕێشاوە. لەوەڕگایەکی سروشتییە و شاخی دارەبەن و بنێشت و بەڵاڵوکە.

کەمەرسوور

کەوتووەتە دیوی گریانەی چیای کەوتێ. دەڕوانێت بەسەر گوندی شێخانی خۆرهەڵاتی کوردستاندا. شۆشمێ و مەیدانی نەوسودی لێوە دیارە. (سوور) بۆ ڕەنگی تاوێرە بەردەکانی دەگەڕێتەوە. بەهۆی زۆریی بەردەوە گژوگیای تێدا سەوز نابێت. ڕێگەی تەوێڵەی پێدا دەڕوات، کە دەڕواتەوە ناڵەپانان و لەوێوە بۆ داربڕین بەکاریانهێناوە.

کەورگەڕەش

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆن) و بەسەر گوندەکە و چەم و دۆڵەکانی بەردەمی وەک (چەمی زەوار، هەنارە سوور) دەڕوانێت. ئەشکەوتی تاریکی تێدایە بۆیە بەو ناوە ناونراوە. بەهۆی زۆریی دار بەڕووەکانییەوە، ساڵانە کراوەتە بنێشت. سەخت و ڕکە. چەندین دۆڵی بە ئاڕاستەی گوندەکە لێدەبێتەوە.

کەکەوان

کەوتووەتە سەر ڕێگای مڵەخورد و کانییەکی تێدایە، کە ڕێبواران و کەسانی دیکە دەچنە سەردانی چیاکانی ناوچەکە. (١٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کەنەکەوە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزیکەی يەک کيلۆمەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دووره.‌ (٥٣٥م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. بەهۆى ئەوەى نزيکە لە چەمى کەنەکەوەوه و لەهەمان کاتيش پێکهاتەى خاکەکەى شينباوه،‌ بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

کەنگە چەرمگ

کەوتووەتە باکوری گوندی (بۆین). بە قەزوان و داربەڕوو دەوڵەمەندە. پێکهاتەی خاکەکەی سپیە و بۆ کۆچەڵەی بنێشتکردن بەکارهاتووە و هەر لەبەرئەوەیە ئەو ناوەی لێنراوە.(چەرمگ بەواتای سپی دێت).

کەنگەڕەش

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لەبەردەم قەڵای ئینگلیسان و بەردە بێشکێ هەڵکەوتووە. (١٠٩٥م) لە‌ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. دەڕوانێت بەسەر دۆڵی گۆڕفات و گوندی (بۆین)دا. خاکەکەی ڕەشە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بە دار قەزوانی گەورە و بەتەمەن دەوڵەمەندە، لەلایەن بنێشتکەرەکانی گوندەکەوە لەو خاکە قوڕ بۆ دروستکردنی کۆچەڵە گیراوەتەوە و لە قەزوانەکانیش بنێشتی کوردی بەرهەمهاتووە.

کەنۆڵە ڕەشان

کەوتووەتە باکوری گوندی (هاوار). (١٣٤٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی هاوار و تاوێرە و پاڵانیا و جاور. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری کانیاوەکانی هاوار و لە زستاندا دەڕژێتە نێو چەمی هاوارەوە.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیەوە بەرز و ئەندازەيەک سەختە، بەهۆی سەختی و پێکهاتەی تاوێر و بەردەکانییەوە، بە کڵاشدڕ ناونراوە. دۆڵ و شیوی تێدایە و زیاتر وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە.

کڵاوەبەرزە

سنوری جیاکەرەوەی شارەدێی (تەوێڵە) و گوندەکانی (سۆسەکان، پاڵانیا، جاور، دۆڵبیان، بەڵخە)یە. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، لە دوای چیای خەڵەفی و هەوارەبەرزەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای بەرخۆرەسەختە و هەرمێلە لە سنوری گوندی هاوار. درێژی چیاکە (٣,٢٨کم) دەبێت. لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و بـاڵندە کێوییەکان.

کڵاوە

دوو گردی بەرزن لە گوندی (پریسی سەروو). بەدوری نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەوتوونەتە باکوری گوندەکەوە، لەسەر ڕێگای هەردوو گوندی (پریسی سەروو و پریسی خواروو)، ڕووبەرێکی فروانیان هەیە و بەکاردەهێنرێت بۆ کشتوکاڵی دانەوێڵە. بەرزییان لە ئاستی ڕووی دەریا، دەگاتە (٧٥٣م) و (٧٣٨م)، یەکێک لە گردەکان لە ئێستادا خانوی ماڵی (کاک ساڵح حاجی حەمەئەمین)ی لەسەر دروستکراوە.

کڵاوەی ئاشوور

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (بیارە). (١٣٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و هانە گەرمەڵە.

کڵاوکەوە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن. لوتکەیەکی بەرزی شینی هەیە، شێوەکەی وەک کڵاوە. باران و بەفری زۆر ئەیگرێتەوە. لە پاش باران، شین دەبێتەوە بۆیە پێیدەوترێت کڵاوکەوە.

پێشتر 1
...
15 16 17
...
61 دواتر