شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

کەرگەمل

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (قەڵپ) و خۆرئاوای گوندی (مۆرتکە). پیادەڕێگەیەکی پێدا تێپەڕدەبێت، کە گوندەکانی بناری خۆشک دەبەستێتەوە بە دەربەندیخانەوە. لە ڕابردوودا ڕێگەی کاروانی گوندەکانی بناری خۆشک بووە بۆ گەرمیان و دەربەندیخان.

کەرهەڵدێر

کەوتووەتە سنوری گوندی (کوڵی متکان) لە سەرو کەورگی زاخێ هەڵکەوتووە. زیاتر لە هەزار مەتر بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. تاوێری سەخت وتیژن. بەهۆی سەختیی شاخەکەوە ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووتەنە و هیچ دارودرەختی نیيە. تەنها تاک تاک بەڕووی هەیە. بەرانبەر گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەڕوانێت و پێکەوە دۆڵێکی گەورەیان دروسـتکردووە و ڕوبـاری سـیروان بەنێویدا تێپەڕدەبێت.

کەریم کوژیا

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە پشت چەمی (باخ و سەفەری). بەسەر (دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ) و دۆڵەکانی بەردەمیاندا دەڕوانێت. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندی ناوچەکەیە. بە (کوردە کوشە)یش ناودەبرێت.

کەسرەتە

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). لە بەرزایی (٥٠٠م) لەسەرووی چیای کەسرەتە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دەشتی سازان و شاخی کورتەیەرە. زەوییەکانی بە گاجووت کێڵراوە. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندیشە. خاوەنداریەتیی بۆ حاجی تۆفیقی سازانی ئەگەڕێتەوە.

کەسنەزان

به ‌دووریی نزیکەی نیو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) و بەرامبەر لوتکەى کونەقير لە باشورى دەشتى نێرگسەجاڕەکۆن. بەهۆى چڕیی دارودەوەنەکەيەوە، که ‌گوتوويانە هەرکس بڕواتە ناوی نازانێت چى بەسەردێت و بەهۆيەوە ئەو ناوەى لێنراوە.

کەکەوسانە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو)، ئاوەڕێژگەی شاخەکە سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەر سێ گوندی بامۆک و عەبابەیلێ و ڕێشاو دیاریدەکات. بەهۆی بەرزییەکەیەوە لە باشوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە دەبینرێت، بەداربەڕوو دەوڵەمەندە، پێکهاتەی سەرەوەی شاخەکە گڵە، هەربۆیە زۆربەی قەدپاڵی زەوییەکانی بە دانەوێڵە چێنراوە.

کەلایی کوژیاو

کەوتووەتە سنوری زنجیرە چیای سورێنەوە لە خۆرهەڵاتی گوندی کانی ئاسکان. لەبەردەم لوتکەی هەیان هەڵکەوتووە و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا.

کەلەوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ) و سنوری گوندەکە لەگەڵ چیای سورێن و وڵاتی ئێران یان هەورامانی خۆرهەڵات پێکدەهێنێت. (٢٢٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی هەردوو هەورامانی دیوی عێراق و ئێران، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بە هۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، بۆیە گەشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتووی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵە ڕێژکراو نزیک دەبێتەوە و تەنها٥٠٠ مەتر دوورە لێیەوە.

کەلگە قوڵ

کەوتووەتە نزیک هاوینەهەواری وەزگێڵ لە زنجیرە چیای شنروێ و (١٣٤٥م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزه. بەهەردوو دیوی گوندی هاوارەکۆن و گریانە لەلایەک و چەمی شنروێ لەلایەکی دیکەدا دەڕوانێت، لەلایەن هەندێکەوە بە جاسوسگەکەش ناودەبرێت، چونکە هەرکەس بۆ هەر ئاڕاستەیەک ڕۆشتبێت دیاربووە و شوێنی چاودێریکردن بووە.

کەلی بڵێ

کەوتووەتە دیار گوندی (هاوار) ڕێگای گوندی (هاوارەکۆن)ی پێدا تێپەڕدەبێت. دەڕوانێت بەسەر (چەمی ئاشی) دا. شوێنی گفتوگۆ و پشوودانی خەڵکی ناوچەکە بووە، بۆیە پێیوتراوە کەلی (بڵێ). داری سروشتی وەک قەزوان و بەڕوو و گژوگیای جۆراوجۆری تێدایە. بەرزایی (حەمالیان) کەوتووەتە دیوی پشتیەوە لەوێوە درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە (پلە سوور).

کەلی ڕێگەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ) و لە گوندی (پاڵانیان)ی جیادەکاتەوە. ڕێگای سەرەکیی گوندی (دەرەتفێ) بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت. لە بەرزاییەکانی دیکەی چواردەوری بەرزترە.

کەلی زەرد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ) و باکوری گوندی (هانەی قوڵ). (١٢٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای سوتنەجەڕ و بانە بەرزە. بە ئاڕاستەی باکـوری خۆرئـاوا هەڵکـەوتووە. تـەنها (٤٥٠م) لـە ڕێگـای مڵـەخـوردەوە دوورە.

کەلی شەڕی

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دەرەتفێ و هاوار و هاوارەکۆن و گریانە. شوێنێکی سەخت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو پێدەری کانیاوەکانی چەمی هاوارەکۆن، شوێنەوارێکی تێدایە پێیدەوترێت قەڵا.

کەلی گاکوژە

سنوری گوندەکانی (دەرەتوێ) لە باشوری کوردستان و گوندی (قەڵاگا) لە خۆرهەڵاتی کوردستان، لەیەکتر جیادەکاتەوە. ڕێگای ئۆتۆمبێل دەڕواتە نزیکی. (١٥٩٠م) بەرزە. بەهۆی سەختییەوە ئەو ناوەی لێنراوە. بەهۆی ئەوەی سەر سنوری گوندەکانی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان بووە، زۆرێک لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی لە هەردوو دیوی کوردستانەوە دێنە ئەو شاخە و وەک نەزرگایەک بەکاریانهێناوە و بە شوێنێکی پیرۆز تەماشادەکرێت.

کەلی گەچێنە

کەوتووەتە سەرسنوری ئێران – عێراق. گوندی (دەرەتوێ) و شارۆچکەی (نەوسود) لە خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەم کەلە لە ڕێگەی (دەراوی قازانگێ) وە دەبەسترێتەوە بە (باخی دەرەی کەریم)ەوە. کەلێکی ناودارە و گەشتیاری زۆر سەردانیدەکەن.

کەڵەکاوى

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٧٠٠م) لە ناوەندى گوندەکەوە دووره. (٥٧٥م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. بەهۆى ئەوەى بەردەڵان و کەڵەکى بەردى تێدا بووە، بە گردى کەڵەکاوى بەناوبانگ بووە.

کەڵە لانکێ

کەوتووەتە چیای تەتە و (٢٥٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوەکەشی هەورامییە و بە واتای شوێن و جێگای کەڵ دێت (ئاژەڵێکی کێوی و بڵاوی چیاکانی هەورامانە). شوێنێکی سەخت و دژوارە و ڕێگای گەیشتنی قورسە، بەڵام لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، هەنـدێک شـوێنی مینڕێژکراوە.

کەڵگا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت (١٨١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە لوتکەکانی چیای شرام، سنوری نێوان زەوی گوندی هانەیدن و کێمنە و بێرواس و هانەگەرمەڵەی هەورامانی دیوی ئێران پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی و باڵندەی کێوی.

کەمانجەڕ

یەکێکە لە چیاکانی هەورامان. بە (کەماجەڕ)یش ناودەبرێت. (٢٣٩٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر سنوری نێوان هەورامانی خۆرهەڵات و باشور. بەسەر گوندەکانی (دهمەیەوە، دەرەوکێ) لە خۆرهەڵات و (دەرەی مەڕ، سەرگەت، هانەیدن) لە باشوری کوردستاندا، دەڕوانێت. لە خۆرئاواوە لوتکەکانی حاجیەڕا، هەسوون، هەروەها کەلی وەڕاز و لوتکەی داڵاتی دەورەدراوە. بەهۆی بوونی جۆرە گیایەکەوە بەو ناوەوە ناونراوە.

کەمایەکا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (زەڵم) و باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (١٦٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس، دەڕوانێتە سەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی بە تایبەتی ورچ، و لە بەهاردا خەڵکی بۆ وەرزش و کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

پێشتر 1
...
14 15 16
...
61 دواتر