شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

دڕکین

بەدوری دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک) و کەوتووەتە تەنیشت زەوییەکانی (مرکوژ)، زەوییەکی لەوەڕگایە و دڕکی زۆره، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

دلێ دەم

کەوتووەتە سنوری هەردوو گوندی (دەرەیمەڕ و سەرگەت). درێژدەبێتەوە تا دەگاتە پێدەشتەکانی گوندی (گوڵپ) و درێژیەکەی نزیکەی چوار کیلۆمەتر و نیو دەبێت. پانییەکەی لە ڕێگەی (ئەحمەد ئاوا - زەڵم) تاکو نزیک باخەکانی سەڵوانی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. جۆگەی (سەڵوانی) لە بەشی سەرەوەی و بە ئاڕاستەی خۆرئاوای درێژدەبێتەوە. لەسەر ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە: بەپێی بۆچوونێک لە (دەیلەمسان)ـەوە هاتووه،‌ کە یەکێک بوون لە نەتەوە کۆنەکانی نیشتەجێی شارەزوور. هەندێکیتر پێیانوایە لە (تل الدم)ی عەرەبیەوە هاتووە بەوپێیەی لە کۆندا کوشتارێکی زۆری لێکراوە. هەندێکیتر دەڵێن لە ئەشکەوتێکەوە هاتووە، کە شێوەکەی وەک (ناودەم) وابووە. لەسەرچاوە مێژووییەکانیشدا بە (دلیدەمان) ناوبراوه،‌ کە بەشێک بووە لە ناوشەی (دەیلەمستان). چەمی (شەڕواندڵ و سەرگەت) پاش ئەوەی لەناو سنوری سەرگەت یەکدەگرن، بەناویدا تێپەڕدەبن تا دەگەنە (چەمی باسکەدرێژ) لە سێڕیانی (داری بەرمەڕان) لە ڕێگەی گوڵپ، دواتر لەوێوە بە ئاڕاستەی خۆرئاوا و سنوری گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ) لێژ دەبێتەوە.

دڵی

لە پشت (گوندی چاوگ)ەوە دەستپێدەکات و بە دۆڵێکی دورو درێژدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە بەرزایی (ملەی گەچێنە). درێژییەکەی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر دەبێت و بەرزییەکەی لە گوندی چاوگەوە (٩٣٤م)ە و تا دەگاتە (ملەی گەچێنە) دەبێتە (١٣٤٣م). ئاڕاستەی لێژیەکەی لە باشورەوە بەرەو باکورە و سلۆپێکی زۆری تێدایە. ڕێگای هاتوچۆی گوندەکانی (چنار، مۆردین، گردەناوێ، دەوەرە)ی پێدا تێپەڕدەبێت. هەروەها لەم دۆڵەوە دەتوانرێت بچیتە گوندەکانی (سازان، لمە، نەیجەڵە، پێگە، بۆیین و هاوار و گریانە و تەنانەت ناوچەی هەورامانیش). چەندین دۆڵی دیکە دێنەوەسەری، وەک دۆڵی (دووشەتان). ڕەنگە ناوەکەشی هەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە بە دڵی دۆڵەکانی ناوچەکە دادەنرێت. سێ ڕیانی چیای (باڵامبۆ) و (وارگەپان) کەوتووەتە نێوییەوە، لە قەدپاڵەکانی دۆڵەکە داربەڕوو و گۆیژ هەیە و لە بەهاراندا دەوڵەمەندە بە گژوگیای بەهارە. خاکێکی بەپیتی هەیە و لە هاویناندا لەبەشی خوارەوەی دەکرێت بە دانەوێڵە. لەوەرزەکانی زستان و پاییزدا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و دەکرێت ئاوی ناوچەکە لەم دۆڵەدا کۆبکرێتەوە و بۆ پرۆژەی گەشتیاری و کشتوکاڵی بەکاربهێنرێتەوە.

دووسەر

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەپشتى کارێزى گوندەکەوە درێژدەبێتەوه،‌ تا چەمى (ئەحاقوتە). بە درێژیى نزيکەى (٨٠٠م) و پانیى (٤٠م). لە دوو شانەوە دێتەوە سەر يەک چەم و يەکدەگرنەوە بۆيە پێیدەوترێت دۆڵە دووسەر.

دۆڵاوە سوور

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠،٠٧کم٢) و درێژیی (٠،٤٨کم) و پانییەکەی (١٨٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی لەگلەکان و دۆڵی خۆرنەوەزان و دۆڵی بانەگەورێ و بانیشار و شیرەمەڕ و پاشان دەڕژێتە چەمی ئاوی زەڵم. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

دۆڵان

کەوتووەتە پشتی سەروەزەن لە سنوری گوندی (سازان) بە ئاڕاستەی گوندی چنار درێژدەبێتەوە. ڕووتەنە بەڵام قەدپاڵەکانی دارستانی سروشتییە.

دۆڵەپان و دۆڵە تەنگ

لە پشت کانی دێکۆنی جەلیلەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزارەڕەش لە چیای شنروێ. لەغاباتی جەلیلە هەردووکیان یەکدەگرن. بێ ئاون و درێژن. دۆڵەپان زیاتر درێژتر و فراوانترە لە دۆڵەتەنگ.

دۆڵە پەڵگان

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بۆین). بەهۆی تێپەڕبوونی ئاوی چیابەرزەکانی سەرزینۆ و شاواتێ بەم دۆڵەدا، داری پەڵگی تێدا ڕواوە. کانیەکیشی تێدایە هەر بە کانیەکەی دۆڵەپەڵگان ناودەبرێت. لەم دۆڵەدا چەند باخێک بوونیان هەیە. ڕێڕەوی تێپەڕینی ئاوی باکوری گوندەکەیە بە ئاڕاستەی باشور بۆ سەر ڕوباری سیروان.

دۆڵە ڕەش

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (عەبابەیلێ و تاوێرە)‌. لە کۆتایی (ناوچاڵی دارمازگێ) دەستپێدەکات، تا (تاشەکانی دۆڵە ڕەش). لە چەند دۆڵ و بەرزاییەک پێکهاتووە. شوێنی ڕاوەکەو و لەوەڕگای گوندەکەیە. نسار و خۆرەتاوی هەیە، کانی(دۆڵەڕەش) لێیە. لەناوەڕاستی دۆڵەکەشدا (ئەشکەوت)ێک یان کەورگێکی لێیە. چەند چاڵە بەفرێکیشی هەیە، کە هەریەکە و ناو و خاوەنی خۆی هەیە.

دۆڵە سەختە

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ـە لە شارۆچکەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم، دۆڵە سوورە و ڕاگاودەواری و لەتکەی ئاوگە و مەرزی مڵەخورد، دەکەونە بەشی باکوریەوە. لە کاتێکدا دۆڵێ و لاووەرێ دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها بانی پەڵمینێ و دۆڵی کەڕەجاڵ دەکەونە باشوری، کانی کەڕەجاڵ و چیای مایەسیاوە دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. تێکڕای (١٥٧٩م)ه.‌ ڕووبەرەکەی (٠,١٤کم٢)، درێژیی (١,٢٧کم) و پانییەکەی (٣٧٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی زەڵم و ئاوی باراناو و تواوەی بەفرەکەی دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری دۆڵی زەڵم و بوژاندنەوەی کانیاوە سروشتیەکانی دۆڵەکە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە و چەندین جۆری درەخت و گژوگیای سروشتی تێدایە وەکو داری بەڕوو و تایلە و هەرمێ کێویلە و گژوگیای وەک بەڕەزا و لۆ و کەما و بنە سوورە و گیلاغە و ڕوسقە و کنگر.

دۆڵەقووڵە

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١٦٨٤) و بەرزترین خاڵی (١٧٨١م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٧٣٢م)ە ڕووبەرەکەی پانییەکەی (٣٩٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی ئاوێسەر و دۆڵی تەوێڵە و دەرەوارین و دۆڵی دەرەقازان و دۆڵی سۆسەکان و پاڵانیا و دۆڵبیان، پاشان چەندین دۆڵی دیکەی لە سنوری گوندی بەڵخە تێکەڵدەبێت و لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی کۆترەلیان، لەوپەڕی خۆرئاوای تەوێڵە یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانە و دواتریش ڕوباری سیروانەوە. دەوڵەمـەندە بـە گـژوگیـای سـروشتی.

دۆڵە گەورە ١

کەوتووەتە نێوان دۆڵی وارگان و گوندی کوڵی متکان. لە سنوری پێگەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە سەر سیروان.

دۆڵە گەورە ٢

کەوتووەتە باشوری گوندی (بۆین) و لە نزیک دۆڵی ژاڵەیە. دۆڵێکی گەورەیە و بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان شۆڕدەبێتەوە بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەکارهاتووە و گۆلاوی زۆری تێدایە، کە بە ئاوی باراناو پڕدەبنەوە و ئەم گۆلاوانەش بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکارهاتوون.

دۆڵه

کەوتووەتە‌ نێوان چەمى حەسەن ئاوا و دەشتى خڕنوکاوى لە گوندى حەسەن ئاوا. لە خۆرئاواى گوندەکە هەڵکەوتووە، بەهۆى ئەوەى وشک و بێ ئاو بووه،‌ پێیوتراوە ‌دۆڵە وشک.

دۆڵە وشک ٢

لە خۆرئاوای گوندی (بۆین)ـە لەسەر ڕێگەی (بۆین – ڕێشاو - هەڵەبجە)یە. بێ ئاو و دوورودرێژە. لە یاڵی (شاواتێ و کەژی کاکەخان) کۆتاییدێت. شاخی ملەکەوە دەڕوانێت بەسەریدا. کەورگی زۆری تێدایە، گەورەترینیان کەورگی (بڕە گنۆڕین)ە. (گنۆڕ) ناوی گیایەکە، کە بۆ زۆر نەخۆشی بەکارهاتووە.

دۆڵتاوا

کەوتوەتە سنوری گوندی (پاڵانیا)ی هەورامانەوە. نزیکەی (٦٠٠م) درێژ دەبێتەوە. لە سەروی هاوار و جاوردایە. ئەمبەرەوبەری دار و ڕووەکی سروشتییە و ناوەڕاستەکەی نشێوی کانی و باخە. یەکێک لە بۆچوونەکان گوایە لەسەردەمی فەرمانڕەوایەکدا هەرکەس تاوانی کردبێت براوەتە ئەو دۆڵە و سزا دراوە و بۆیە بەو ناوە ناونراوە. لە ئێستادا موڵکی دارای حەمەئەمین بەگ و حەسەن بەگە و لە ڕێگەی نزیک مەرزی ئێرانەوە جادەی بۆ براوە.

دۆڵ هەنجیر

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکەکاندا درێژدەبێتەوە. نزمترین خاڵی(٩٩١) و بەرزترین خاڵی(١١٦٦م)ە‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٠٧٨م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٣کم٢)یە و درێژیی (٠,٥٤کم) ‌و پانییەکەی (٣١٠م)‌ دەبێت. کانیەکانی(دۆڵهەنجیر، زەهورێ، گوڵشۆر)ی تێدەڕژێت. لە ڕابردودا کارێزی هەبووە و ئاوی هێندە زۆر بووە، ئاشی گێڕاوە. دەچێتەوە سەر دۆڵی هاوار و هاوارەکۆن و دۆڵی گریانە و پاشان دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە. دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی. شوێنەواری گوندێکی کۆنی لێوە نزیکە.

دۆڵی پەچە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی کانی ماران و لە باشوری گوندەی بامۆک هەڵکەوتووە. لە شەودا شوێنی مۆڵدانی ئاژەڵ بووە و کراوەتە پەچەی ئاژەڵ. هەروەها بۆ گەنم و جۆش بەکارهاتووە. درێژییەکەی زۆرە و ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٠ دۆنم دەبێت.

دۆڵی خەندەق

لە خۆرئاوای گوندی (گوڵپ)ـەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە و بە سنوری گوندی (ئاوای ڕۆستەم بەگ) و شاری (خورماڵ)ـدا تێپەڕدەبێت. ئاوی دۆڵەکانی (دەرەیمەڕ و سەرگەت و شەڵواندڕ و گوڵپ و گەچێنە و باخەکۆن)ی دەڕژێتە ناوەوە و دەڕژێتە ڕوباری زەڵم و ئاوی گەنجان و گەڕاوی خورماڵ و بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕدەبێت.

دۆڵى گرد

دۆڵ و چاڵاييەکى دەستکردە بە چواردەورى گردى شوێنەوارى بەکراوادايە و بە پانتايى (١٠م)، لەکاتى دروستکردنى گردەکەدا ئەم چاڵە بەدەورى ئەو گردەدا دروستکراوە و پڕکراوە لە ئاو بەمەبەستى پارێزگاريکردن لە گردەکە و ئەوەى تيايدايە بۆئەوەبووە، کە لەڕووى سەربازييەوە دوژمن نەتوانێت بەئاسانى بگات بە گردەکە.

پێشتر 1
...
5 6 7
...
15 دواتر