شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

وشکەناوی سەروو

کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی(خورماڵ) و باکوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان هانەی قوڵ و خۆرهەڵاتی گوندی یەڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ە. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە و کەوتووەتە دامێنی چیای مڵەخورد و سێخڕان و بە دامێنی دیوی خۆرئاوای چیاکەدا درێژ دەبێتەوە و دەتوانین بڵێین کەوتووەتە نێوان چیاکانی(مڵەخورد و سێخڕان و سوتنەچەڕ و بانی زەڵم و کەڕەجاڵ) دەکەونە بەشی باکوریەوە، لوتکەی ئاساو وایی کەوتووەتە خۆرهەڵاتی، هەروەها دۆڵی وشکەناوی خواروو کەوتووەتە بەشی خۆرئاوایەوە. تێکڕای (١٣٠٣م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٤کم٢)، درێژیی (١,١٣کم) و پانییەکەی (٥٨٠م) دەبێت، بەشی خوارەوەی باخ و باخاتێکی چڕە بە دار گوێز و هەنار و توو و هەرمێ، قەڵای زەڵم و شوێنەواری میر خان ئەحمەدخان کەوتووەتە سنوری باشوری، لە بەشی سەرەوەی دۆڵەکەدا هەرسێ دۆڵی ڕەنگین و شەوگە و ڕاو ولێ یەکدەگرن ڕێگای مەرزی مڵەخوردی بە نێودا تێپەڕدەبێت و بە چیای سێخڕاندا سەردەکەوێت ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەى کێوی.

وڵا

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ـە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان هەردوو دۆڵی وەروێ لە خۆرهەڵاتی و دۆڵی سەختە لە خۆرئاوای درێژ بووەتەوە و کەوتووەتە باکوری گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم، دۆڵە سوورە دەکەونە بەشی باکوریەوە، لوتکەی بەخشە کەوتووەتە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها بانی پەڵمینێ کەوتووەتە باشوری، دۆڵی سەختە کەوتووەتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (١٣١٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٢کم٢)یە، درێژیی (١,٣٦کم) و پانییەکەی (٢٢٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی کەڕيجاڵ و دۆڵی زەڵم. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە و چەندین جۆری درەخت و گژوگیای سروشتی تێدایە.

وێڕگا

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١١٢٢) و بەرزترین خاڵی(١٢٠٩م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١١٦٥م). ڕووبەرەکەی (٠,٠٦کم٢)یە و درێژیی (٠,٩٨کم) و پانییەکەی (٢٥٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی بیارە و چەندین دۆڵی دیکەی تێکەڵدەبێت وەکو دۆڵی باخی خول و سەر وەزەن و دۆڵی دەرە شوڵای و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرەقەیسەر و دۆڵی هانەنەوتێ و دواتر لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ یەکدەگرن و بە خڕی بیارە ناسراوە و بە گوندی خارگێڵاندا تێپەڕدەبێت و ئاوی چەند دۆڵێکی دیکەی دێتە سەر وەک دۆڵی خارگێڵان و دۆڵی خەرپانی و چەمی ڕاوی و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکەن. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

یەوەجەڕە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١٠٨٢) و بەرزترین خاڵی‌ (١٢٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. واتە تێکڕای بەرزیی دەگاتە(١٠٩٣. ٥م). ڕووبەرەکەی (٠. ٠٢کم٢)و درێژیی (٠،٩٥کم) و پانییەکەی (٢٩٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی دووە چڵە و دۆڵی باسکەدرێژ و دۆڵی خەرپانی و چەمی ڕاوی و خڕی بیارە و پاشان بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

پێشتر 1
...
14 15