دڵی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 361

دۆڵ

لە پشت (گوندی چاوگ)ەوە دەستپێدەکات و بە دۆڵێکی دورو درێژدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە بەرزایی (ملەی گەچێنە). درێژییەکەی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر دەبێت و بەرزییەکەی لە گوندی چاوگەوە (٩٣٤م)ە و تا دەگاتە (ملەی گەچێنە) دەبێتە (١٣٤٣م). ئاڕاستەی لێژیەکەی لە باشورەوە بەرەو باکورە و سلۆپێکی زۆری تێدایە. ڕێگای هاتوچۆی گوندەکانی (چنار، مۆردین، گردەناوێ، دەوەرە)ی پێدا تێپەڕدەبێت. هەروەها لەم دۆڵەوە دەتوانرێت بچیتە گوندەکانی (سازان، لمە، نەیجەڵە، پێگە، بۆیین و هاوار و گریانە و تەنانەت ناوچەی هەورامانیش). چەندین دۆڵی دیکە دێنەوەسەری، وەک دۆڵی (دووشەتان). ڕەنگە ناوەکەشی هەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە بە دڵی دۆڵەکانی ناوچەکە دادەنرێت. سێ ڕیانی چیای (باڵامبۆ) و (وارگەپان) کەوتووەتە نێوییەوە، لە قەدپاڵەکانی دۆڵەکە داربەڕوو و گۆیژ هەیە و لە بەهاراندا دەوڵەمەندە بە گژوگیای بەهارە. خاکێکی بەپیتی هەیە و لە هاویناندا لەبەشی خوارەوەی دەکرێت بە دانەوێڵە. لەوەرزەکانی زستان و پاییزدا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و دەکرێت ئاوی ناوچەکە لەم دۆڵەدا کۆبکرێتەوە و بۆ پرۆژەی گەشتیاری و کشتوکاڵی بەکاربهێنرێتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەردەشت میر ئەحمەد محەممەد)ی لەدایکبوو: ١٩٨٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

زەردەگڵ

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک). گڵێکی زەردباوی هەیە و بەو ناوە ناونراوە. بە گا کێڵراوە و کراوەتە گەنم و جۆ و لە ئێستەش بە مەکینە دەکێڵرێت. لە دوو بەش پێکهاتووە زەردەگڵی سەروو خواروو. شاخێکی مامناوەند لەیەکیان جیادەکاتەوە، داربەڕوویەکی گەورەی تێدابووە بەناوی دارەکێ ناوبراوە.

زەردەهاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٤٥کم٢) و درێژیی (٢,٢٧کم) و پانییەکەی (٣٧٠م)‌. دەچێتەوە سەر دۆڵی خارگێڵان و بە خڕی بیارە بە ناوبانگە. لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

زەردۆڵ

کەوتووەتە ‌باشورى خۆرئاواى گوندى (قەڵپ). (٩٥٨م) لـەئـاستـى ڕووى دەريـاوە بەرزە.

زەلەکێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (تریفە) لە نێوان گوندەکە و گوندی پریسی سەروو. شوێنێکی لەبارە بۆ لەوەڕگای مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوند. درێژییەکەی نزيکەى (٥٠٠م)ـە.

زەڵم

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی چیای هەورامان لێژدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوا، لوتکەی (داڵانی و لوتکەی ئاوگە و ڕاگاو دەوراری) دەکەونە خۆرهەڵاتی و لوتکەی(مڵەخورد و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە) دەکەونە باکوری، لە چەند دۆڵێک پێکهاتووە لەوانە دۆڵێ(پلا، سەختە، ولا، وەروێ، ڕیقنەچەرمێ، کەڕەجاڵ، مەسناوی، گۆڕیچەی، بنی پەڵگ، وشکەناوی سەرو و خواروو)، درێژی(٨,١٢کم) و پانی(٥٢٠م)دەبێت. گوندەکانی (زەڵم، ئەحمەدئاوا، ناوباخان) دەکەونە ناوییەوە، هەروەها(تاڤگەی زەڵم و هانە قولقولە و چەمی وێشەی) بەنێودا تێپەڕدەبێت، کە ڕوباری زەڵم دروستدەکەن و دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە، بەتایبەتی بونی تاڤگەی زەڵم و هاوینەهەوارەکەی وایکردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانیبکەن. دۆڵێکی قوڵە و خاوەنی چەندین پەناگە و ئەشکەوته، بە باخی گوێز و هەنجیرو هەنار داپۆشراوە، لە بەشی خوارەوە لەگەڵ دۆڵی وشکەناو یەکدەگرێت، کە دوو بەشە (وشکەناوی سەروو و خواروو)، درێژییەکەی (٣,٥٧کم) دەبێت، کە ژمارەیەک ئەشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی (چاڵگە، بەرەسەرا، سەختە، دووەنهۆمێ، کاو و هەچکوچا، هاری، بوڵینا، کچ و کوڕ)، هەروەها چەمی وشکەناوی بەنێودا تێپەڕدەبێت، دواتر لەبەشی بنی پەڵگ ئەشکەوت و شوێنەواری قەڵای زەڵم و خان ئەحمەدخان هەیە، کە ناوچەیەکی مێژویی دێرینە و کەوتووەتە دۆڵی زەڵم، ناوچەیەکی گەشتوگوزاری بەناوبانگە و چەندین خزمەتگوزاری وەکو کابینەی گەشتیاری و بازاڕ و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و گەراج و خواردنگەی تێدایە، کە کارئاسانی کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران، خاوەنی ڕێگایەکی دوو ئاڕاستەیە، ئاڕاستەیەکیان بەنێو دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و ئەوی دیکەیان بەنێو گوندی ئەحمەدئاوا و سێداران بۆ پشتی بابازەردەڵـە و دەگـاتەوە دۆڵی زەڵـم و لـەسـەر پـردی هـاوینـەوارەکـە یـەکـدەگـرنەوە.

زهۆران

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە پشت تەپەخەزێنەوە بەرامبەر گۆڕی شێخ موئمین و کەمەرەسوور. لە لاپاڵەکانیدا و بە درێژاریی (٥,. کم) چەندین پارچە زەوی بەپیت هەیه،‌ کە لە ڕابردوودا کراون بە دەغڵودان.