شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

142 بابەت

مەڕەبەرزە

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم). (١٣٧٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە‌. لە دۆڵێکی قوڵ و پڕ لە دارستانی سروشتی بەڕوو گۆیژ و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات دەرگاکەی هەڵکەوتووە و لە نێو چیای سێخڕان و دۆڵی پلادا دروستبووە، پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە و چەندین جۆری دەگمەنی وەک ورچ و پڵنگ بینراوە. لە باکورەوە هانە کەکەوان و تکەکە و پلەکێ مەلا مسەفای و دۆڵە پلاو و لوتکەی مڵەخورد و دەروازەی نافەرمیی مڵەخورد و لە باشورەوە دۆڵی کەڕەجاڵ و ماسناوی و قەڵای سمۆران و کانی کەڕەجاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای مەیەسیاوە و دۆڵەسەختە و دۆڵی ولا و دۆڵی وەروێ و بانەپەڵمینێ و ڕاگاو دەواری و لوتکەی ئاوگە و کانی داڵانی و لە خۆرئاواوە لوتکەی سێخڕان و دۆڵی ڕاو ولێ و وشکەناو و دۆڵی ڕەنگین و شەوگە و سینەو کەوڵێ و لوتکەی سوتنەجەڕ، دەوریانداوە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی زەڵم و شاری خورماڵ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی و زۆرجار گروپە شاخڕەوییەکانیش بۆ وەرزش و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن.

مەڕە بێ بنێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە چەمی (دەرە و ڕاویی). ناوەکەی بەواتای (ئەشکەوتی بێ بنە) دێت. شارەزایانی ناوچەکە دەڵێن: تا نزیک (هانەشارانی) لەسەر ڕێگەی گوندی (کۆڵیژی و خەرپانی) زیاتر لە کیلۆمەترێکە درێژبووەتەوە. دەرگای چونەژورەوەی ڕوو بە خۆرهەڵاتە و نزیکەی چوارمەتر و نیو پانە. تا ئێستە پشکنینێکی ئەوتۆی بۆنەکراوە. خەڵکی بۆ خۆحەشاردان لە کاتی جەنگ و نەهامەتییەکاندا بەکاریانهێناوە. لە ئێستادا ئاژەڵدارانی ناوچەکەش لەکاتی باران و سەرمادا بەکاریدەهێنن.

مەڕەتەسە

کەوتووەتە شاخی سورێن. به ‌دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە پشت گوندی (عاموورە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ناوەکەی هەورامییە، واتە ئەشکەوتی سەنێر. ڕووبەرەکەی (١٠م بە ١٠م) دەبێت. دانیشتوانی ناوچەکە بە درێژایى مێژوو بۆ خۆحەشاردان و بۆ ئاژەڵەکانیان سوودیانلێوەرگرتووە.

مەڕەسامانی

کەوتووەتە دۆڵی (سەرسارایین) لە نێوان گوندی (جەلیلە و عەبابەیلێ) و سنوری هەردوو گوندەکە دیاریدەکات. ناولێنانەکەی لەوەوە هاتووه،‌ کە کاتی خۆیشی ئاژەڵی لێ بەخێوکراوە.

مەڕەسوور

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور). لە دامێنی چیایەکی بەرزی ڕاسەری دۆڵی دەرەکۆرەدایە لە نزیک کانی و ئەشکەوتی قەڵاکە و سوڵتانی ساق و کانی دەرەکۆرە هەڵکەوتووە. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندی نزیکە لە چیاکانی سورێن و هەییان. بۆ ئاژەڵدارەکان ئاسانە. شوێنێکی گونجاو و سەلامەتە بۆ خۆحەشاردان. تەنها لەیەک ڕێگەوە بواری چوونە ناوەوەی هەیە. بەهۆی هەڵکەوتەکەی بەرزاییدا، لە مەترسی کەسانی جەردە و تاڵانچی و دڕندەکـان بە ئـاسـانی پاسەوانی دەکرێت.

مەڕەکاو شێخی

کۆمەڵێک بن ئەشکەوتی نزیک لە یەکن و ئەشکەوتیشیان تێدایە. بە (ئەشکەوتەکانی شێخ)یش ناسراون. دیار نییە، کامە شێخە، کەوتوونەتە خۆرئاوای بنی پەڵگی. لە (ئەحمەدئاوا) وە درێژدەبنەوە تا سنوری زەڵم.

مەڕەگەورێ خۆرنەوەزانی

بە دووریی حەوت کیلۆمەتر‌ کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بەشارۆچکەی (خورماڵ) لە چەمی (خۆرنەوزان) دایە. یەکێکە لە ئەشکەوتە گەورەکانی چەمی خۆرنەوزان و ڕووبەرەکەی (٢٠٠م٢) دەبێت. بۆ ئاژەڵدارى بەکارهێنراوە نزیکەی سێ هەزار مەڕدەگرێت.

مەڕەوعەزەی

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەقوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ‌ڕووبەرەکەی (٥٠م) دەبێت. بەناوی کەسایەتییەکی گوندەکەوە ناونراوه،‌ کە ماوەیەک لە ئەشکەوتەکە ماوەتەوە.

مەڕجۆڵا

لە بەشی سەرەوەی چیای بانی شێران و لە ڕووی گوندی نەوێ هەڵکەوتووە. لە بەرزاییەکی زۆر سەختدایە. دەڕوانێت بەسەر چەمی نەوێ و گوندەکەدا. ناوەکەی هەورامییە و مەڕ بەواتای ئەشکەوت دێت. دەمەکەی گەورەیە بەڵام بەشی ناوەوەی زۆر گەورە نییە و کەوتووەتە ژێر تاشەبەردەکانی شاخەکەوە.

مەڕچنگان

ئەشکەوتێکە کەوتووەتە باکوری گوندی (بانیشار). ناوەکەی بە هەورامی بە واتای (ئەشکەوتی چنگ) واتە لە شێوەى چنگى مرۆڤدایە. دانیشتوانى گوندەکە بۆ ئاژەڵداری سوودیلێدەبینن.

مەڕخەزان

دوو ئەشکەوتن، لە خۆرئاوای گوندی چنارەی زێڕوون هەڵکەوتوون. ئەڕوانن بەسەر ماڵەکانی گوندەکەدا. لە کۆندا ئاژەڵی ئەشکەوتەکەی تێدا ماوەتەوە.

مەڕداڵ

يەکێک لە گەورەترين ئەشکەوتەکانى پارێزگاى هەڵەبجەيه ‌و کەوتووەتە سنورى ناحيەى خورماڵ و بەدورى (٧.٨کم) لە بەرەى باکورييەوەيە، کەوتووەتە سنورى گوندى (بانيشار) و لە باکورى خۆرهەڵاتيەوە (١.٦) لێيەوە دوورە. ئەم ئەشکەوتە لەسەر سنورى نێوان (ئێران ــ عێراق) و لە بەرزیى (٢٢١٢م) لە ئاستى ڕوى دەرياوە هەڵکەوتووە. بەقەدپاڵێکى سەخت و زۆر لێژەوەيه ‌و دەمى ئەشکەوتەکە ڕووەو خۆرئاوايە، بەجۆرێک لە دەشتى شارەزوورەوە لێى بڕوانرێت، هەستیپێدەکرێت و دەبينرێت. بەرزيى دەمى ئەشکەوتەکە (٢٠ بۆ ٣٠م) دەبێت و پانيەکەيشى لەنێوان (١٥ بۆ ٢٥م)دايە، نزيکەى (٨ بۆ ١٢م)يش قوڵ دەبێتەوە بەناو چياکەدا، لەنێوان هەردوو زنجيرە چياى (هەورامان و سورێن) و بەدياريکراوى لە چياى (پرشنگ و هانە احمەو)دايە. بەهۆى داچۆڕانى ئاوەوە لە سەقفى ئەشکەوتەکەوە بۆ خوارەوە، چلورە کلسيەکان شۆربوونەتەوە و له ‌زەويشەوە بەرز بوونەتەوه،‌ کە بە ستەلەکتايت و ستەلەگمايت (Stalactite & Stalagmite) دەناسرێن. داڵ و کۆتر و چۆلەکە و شەشەمەکوێرەکان هێلانەيان تێدا کردووە و تەنانەت لە وەرزى زستان و داباريندا دەبێتە پەناگەى کەوەکان، لەناو ئەشکەوتەکەدا کانيیەکى تێدايه،‌ کە تەنها ئەو ساڵانە وشکدەکات، کە زۆر بێ بارانى بێت، لە شۆڕشەکانى کورديشدا پەناگە و حەشارگەى شۆڕشگێڕان بووە. وشەى (مەڕداڵ)يش وشەيەکى لێکدراوى هەورامیيە، وشەى (مەڕ) لە شێوەزارى هەوراميدا بە واتاى (ئەشکەوت) دێت و وشەى (داڵ)يش ناوى باڵندەيەکى گەورەى ڕەش باوە، هەردوو وشەکە پێکەوە بە واتاى (ئەشکەوتى داڵ)دێت.

مەڕدڵۆپە

ئەشکەوتێکی گەورەیە و‌ کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بانیشاری کۆن). دانیشتوانی گوندەکە لە ڕأبردودا وەک پەناگەیەک بەکاریانهێناوە لەترسی تۆپباران و قەسفکردن، ناوەکەی بە هەورامی بەواتای (ئەشکەوتی تکە) دێت. ئەشکەوتەکە ڕووبەرەکەى (٣٠م٢) دەبێت.

مەڕەدووەبەرێ

دوو ئەشکەوتی لەتەنیشت یەکن، کەوتوونە‌تە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ) و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەی قوڵ). مەڕدووبەرێ، بە هەورامی واتە ئەشکەوتى (دوو دەرگا). (١٢٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە دامێنی چیای سوتنەجەڕ و بانەبەرزە بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا هەڵکەوتووە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور. (١٠٠م) لە ڕێگای مەرزی مڵەخوردەوە دوورە. ڕووبەرەکەی (٥٠م٢) دەبێت. لەکاتی خۆیدا وەک پەناگە و شوێنی خۆحەشاردان بەکارهاتووه، هەروەها بۆ ئاژەڵدارییش سوودیلێبینراوە. پـەنـاگـەیەک بـووە بـۆ ئـاژەڵ و بـاڵنـدە کێوییەکان.

مەڕدێوەکان: مەڕدێیەکان

دوو ئەشکەوتن. بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتوونەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لەسەروویانەوە بانەکانی (بانەو مەڕێ، بانە گەورێ) هەن‌. مەڕدێوەکان، بە هەورامی واتە (ئەشکەوتی دێو) گوایە لە کۆندا دێو و دڕندەی تێدابووه. لەسەردەمی شۆڕشەکانی کورددا وەک پەناگەی پێشمەرگە بەکارهاتووە. (١١٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێگایەکی خۆڵ لە گوندەکەوە دەڕواتە ئەشکەوتەکە و خەڵکی دێ بە تایبەتی بەهاران سەردانیدەکەن. پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە و ناوبەناو ئاژەڵداران دەچنەنێوی.

مەڕشێخان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێنی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)‌. لە چیایەکی بەرزی باکوری گوندەکەدایە. بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵداری سوودیلێبینراوە و تا ئێستاش هەر بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت.

مەڕگولان

چەند ئەشکەوتێکن‌. دەکەونە‌ باشوری گوندی بانیشاری کۆن و باکورى بانيشارى ئێستا. ڕووبەرێکی فراوانیان هەیە. دانیشتوانی گوندەکە وەک پەناگەیەک لەکاتی هێرش و تۆپبارانکردنى ناوچەکەدا سوودیانلێبینیوە. هەروەها ‌ساڵی ١٩٧٢ وەک قوتابخانەش بەکارهاتووه، کە نزیکەی ٥٠ قوتابیی سەرەتای لەو ئەشکەوتانەدا خوێندیانە. ناوی ئەشکەوتەکە بە هەورامی بەواتای (ئەشکەوتى بچوک) یان ئەشکەوتە بچوکەکان دێت. ئەم ئەشکەوتانە ڕووبەرەکەیان جیاوازە، هەیانە سێ بە چوار مەتر دەبێت و هەشیان بچوکترە.

مەڕگۆزەڵ

کەوتووەتە سنورى گوندی (میری سوور) و قوڵای چیای سورێنەوە. شوێنی حەوانەوەی گەشتیار و شاخەوان و ڕاوچییە لە وەرزی ڕاوکردندا. لەساڵەکانی ١٩٨٠ بارەگای شۆڕشی کوردی بووە. دەڕوانێت بەسەر چەمێکدا پێیدەوترێت چەمی (هەورامی)، کە لە قەدپاڵی چیای سورێن درێژدەبێتەوە و بە بنارەکەیدا تێپەڕدەبێت.

مەڕنیان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بانیشار)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە شێوەزاری هەورامیدا (مەڕە) بە واتای ئەشکەوت دێت و (مەڕە نیان) بەواتای (ئەشکەوتی نیان) دێت. نزیکەی (١٠٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرێکی فراوان و دوورودرێژی هەیە. لەکاتی شۆڕشدا شوێنی پێشمەرگە بووە، شوانەکانیش کەڵکیان لێبینیوە.

مەڕەومیرزالەی

به ‌دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٢٥م) دەبێت. بەناوى کەسێک ناونراوە، کە ناوى (میرزا)بووە. وەک پەناگە و زۆرکاتیش بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵ سوودیلێوەرگیراوە.

پێشتر 1
...
5 6 7 8 دواتر