مەڕەبەرزە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 496

ئەشکەوت

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم). (١٣٧٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە‌. لە دۆڵێکی قوڵ و پڕ لە دارستانی سروشتی بەڕوو گۆیژ و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات دەرگاکەی هەڵکەوتووە و لە نێو چیای سێخڕان و دۆڵی پلادا دروستبووە، پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە و چەندین جۆری دەگمەنی وەک ورچ و پڵنگ بینراوە. لە باکورەوە هانە کەکەوان و تکەکە و پلەکێ مەلا مسەفای و دۆڵە پلاو و لوتکەی مڵەخورد و دەروازەی نافەرمیی مڵەخورد و لە باشورەوە دۆڵی کەڕەجاڵ و ماسناوی و قەڵای سمۆران و کانی کەڕەجاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای مەیەسیاوە و دۆڵەسەختە و دۆڵی ولا و دۆڵی وەروێ و بانەپەڵمینێ و ڕاگاو دەواری و لوتکەی ئاوگە و کانی داڵانی و لە خۆرئاواوە لوتکەی سێخڕان و دۆڵی ڕاو ولێ و وشکەناو و دۆڵی ڕەنگین و شەوگە و سینەو کەوڵێ و لوتکەی سوتنەجەڕ، دەوریانداوە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی زەڵم و شاری خورماڵ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی و زۆرجار گروپە شاخڕەوییەکانیش بۆ وەرزش و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.