مەڕداڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14
يەکێک لە گەورەترين ئەشکەوتەکانى پارێزگاى هەڵەبجەيه و کەوتووەتە سنورى ناحيەى خورماڵ و بەدورى (٧.٨کم) لە بەرەى باکورييەوەيە، کەوتووەتە سنورى گوندى (بانيشار) و لە باکورى خۆرهەڵاتيەوە (١.٦) لێيەوە دوورە. ئەم ئەشکەوتە لەسەر سنورى نێوان (ئێران ــ عێراق) و لە بەرزیى (٢٢١٢م) لە ئاستى ڕوى دەرياوە هەڵکەوتووە. بەقەدپاڵێکى سەخت و زۆر لێژەوەيه و دەمى ئەشکەوتەکە ڕووەو خۆرئاوايە، بەجۆرێک لە دەشتى شارەزوورەوە لێى بڕوانرێت، هەستیپێدەکرێت و دەبينرێت. بەرزيى دەمى ئەشکەوتەکە (٢٠ بۆ ٣٠م) دەبێت و پانيەکەيشى لەنێوان (١٥ بۆ ٢٥م)دايە، نزيکەى (٨ بۆ ١٢م)يش قوڵ دەبێتەوە بەناو چياکەدا، لەنێوان هەردوو زنجيرە چياى (هەورامان و سورێن) و بەدياريکراوى لە چياى (پرشنگ و هانە احمەو)دايە. بەهۆى داچۆڕانى ئاوەوە لە سەقفى ئەشکەوتەکەوە بۆ خوارەوە، چلورە کلسيەکان شۆربوونەتەوە و له زەويشەوە بەرز بوونەتەوه، کە بە ستەلەکتايت و ستەلەگمايت (Stalactite & Stalagmite) دەناسرێن. داڵ و کۆتر و چۆلەکە و شەشەمەکوێرەکان هێلانەيان تێدا کردووە و تەنانەت لە وەرزى زستان و داباريندا دەبێتە پەناگەى کەوەکان، لەناو ئەشکەوتەکەدا کانيیەکى تێدايه، کە تەنها ئەو ساڵانە وشکدەکات، کە زۆر بێ بارانى بێت، لە شۆڕشەکانى کورديشدا پەناگە و حەشارگەى شۆڕشگێڕان بووە. وشەى (مەڕداڵ)يش وشەيەکى لێکدراوى هەورامیيە، وشەى (مەڕ) لە شێوەزارى هەوراميدا بە واتاى (ئەشکەوت) دێت و وشەى (داڵ)يش ناوى باڵندەيەکى گەورەى ڕەش باوە، هەردوو وشەکە پێکەوە بە واتاى (ئەشکەوتى داڵ)دێت.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عارف عەباس ساڵح)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، ئاستی خوێندن: نيیە، ڕيش سپى و دانيشتوى ناوچەکە، لە ٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
- بەشێک لە زانياريە پێوانکارييە جوگرافيەکان لە ڕێگەى سيستمى زانياريە جوگرافيەکانەوە (GIS) دەرهێنراون.
ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمين