شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

142 بابەت

مەڕۆ تەڵانا

کەوتووەتە بەردەم گوندی (زەڵم). زووتر وەک ساردکەرەوەیەکی گەورە بۆ هەڵگرتنی هەنار و هەندێ میوەی تر بەکاربراوە، هەناریان تێدا کۆکردووەتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵیانگرتووە.

مەڕیاوەکە

کەوتووەتە سنورى گوندی (میری سوور). لەسەروی بان قەڵایە و ڕووی لە ئەشکەوت و چیای سورێنە و ڕاوچی و کاروانی و شوان سوودیلێدەبینن. ژێر ئەشکەوتەکە ئاوی تێدایە. ناوەکەی بۆ وشەی (مەڕ)ی هەورامی، کە بە واتای (ئەشکەوت) دێت، دەگەڕێتەوە. بەهۆی بوونی ئاو تێیدا، بۆتە مەڕیاو واتە ئەشکەوتی ئاو.

مەڕی نەوێ

کەوتووەتە باشوری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. لەسەردەمانی کۆندا چەند کەسێک لە پەیڕەوانی یارسان و کاکەییەکان لەوێ خەڵوەتیان کێشاوە. تا ئێستاش لەلایەن ئەوانەوە بە پیرۆز سەیردەکرێت.

مەلیک

کەوتووەتە سنوری گوندی بانیبنۆک و لە چیای تاشڵی سەر بە زنجیرە چیاکانی سورێن هەڵکەوتووە. بەهۆی نیشتەجێبوونی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان، ئەو ناوەی لێنراوە. چاپخانەی لێ بووە و تا ماوەیەکی دوورودرێژ شوێنەوارەکەی هەر ماوەتەوە. لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی مەلیک مەحموود لەسەر دەستی ئینگلیزەکان، خەڵکی ناوچەکە بەدوای چاپخانەکەدا گەڕاون بەڵام هیچ پاشماوەیەکیان نەدۆزیوەتەوە.

مقەڕ

لە قەدپاڵی چیای (بەڕوودار)ە لە گوندی (گریانە). لە شۆڕشی (ئەیلول)دا مامۆستا شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدوڵای عەبابەیلێ، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بەناوەکانی (جەمال بابان، ڕەشەی ساڵحە، شەهید عەلی شیعە، حەمە نەزیف ئێناخی) گەورەیان کردووە و خۆیان تێدا حەشارداوە. زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەگرێت. ئیتر پێیوتراوە(کەورگی مقەڕ). دەرگاکەی گەورەیە و لە ناوەوە درێژە. لە سەردەمی شۆڕشی(نوێ)شدا کراوەتە بارەگا و شۆڕش.

ملەو ئەسحاب

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ) و لە گوندی قەڵب و لە چیای خوشک. (١٢٨٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

میرزا ئۆلقادری

کەوتووەتە سەر ڕێگەی ئاوێسەر نزیک بە باخەکانی دەرەتفێ لە شاخی مالێدەر لە سنوری شارەدێی تەوێڵە. شاعیر و حەکیمی ناودار (میرزا عەبدولقادر تەوێڵەیی) خاوەنی بووە، بەڵام لە ئێستادا شوێنەکەی بووەتە باخ و خانو. (بەرزانی مامۆ ڕەشە) خاوەنیەتی.

ناوچاڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. لە تەختایی ناوچاڵدایە. قەبارەکەی مامناوەندە. بەهۆی فێنیکیی ئەشکەوتەکەوە لە کۆندا، کراوەتە شوێنی عەمبارکردنی دانەوێڵە.

نەردەوان

ئەشکەوتێکی گەورەیە لە نزیک چەمی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن هەڵکەوتووە. خەڵکی ناوچەکەی تێدا ماوەتەوە هەروەها بۆ هەڵگرتنی گژوگیا بۆ ئاژەڵەکان بەکارهاتووە.

نوەر

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی سیروان و گوندی نوەر و لەخۆرهەڵاتی چیای نوەر هەڵکەوتووه. (‌٦٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هەرمێڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان. لە دامێنی زنجیرە چیای سورێن هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی تاڕادەیەک مامناوەندە. لە جوگرافیایەکی گونجاو هەڵکەوتووە. گەشتیارێکی زۆر ساڵانە بۆ ئەم ئەشکەوتە و شاخە سـەردانی دەکـەن.

هەرێز

زیاتر لە ١٥ ئەشکەوتن. دەکەونە ئەمبەروئەوبەری چەمی هەرێز لە بەشی خۆرهەڵاتی‌ گوندی بانیبنۆک. بەهۆی بوونی ئاو و شێداریی ناو ئەشکەوتەکەوە، هەرێزی تێدا سەوز دەبێت. هەر بۆیەش بەو ناوە ناونراون. بە زستاندا ئاژەڵدارەکان وەک شوێنی حەوانەی ئاژەڵ بەکاریاندەهێنن.

هەزارپەز

کەوتووەتە بەرانبەر گوندی (بەلەبزان) و (شێخان)یش لێیەوە نزیکە و بە قەدپاڵی چیایەکی بەرزەوەیە. لە گریانەوە تولەڕێیەکی بۆ دەڕوات. دەربارەی ناوەکەی (پەز) بە واتای (ئاژەڵی وردە یان مەڕ) دێت. بەو پێیەی، کە ئەشکەوتەکە گەورەیە، پێیوتراوە (هەزار پەز)، کە بە واتای هەزار مەڕی تێدا جێ دەبێتەوە، دێت.

هەزار سوون

شەش ئەشکەوتن. کەوتوونەتە سنوری گوندی (میری سوور) لەدامێنی (چیای سورێن)ی سەر بە شارۆچکەی(خورماڵ) و یەک ناویان هەیە. نزیکەی (١٠٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. لەکاتی شۆڕشدا شوێنی پێشمەرگە بوون. شوانەکانیش کەڵکیان لێ بینیوە. بەهۆیی بوونی کانی نزیک شاخەکە سەیرانکەران ڕووی لێ دەکەن.

هەلاجان

کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی باکور هەڵکەوتووە و (١٤٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی نسرم و زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی. لە باشورەوە شوێنەواری دەرەو کۆرێ و گردی کۆسەو بەبەڵەی و لە باکورەوە لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای شرام و سێخڕان و دۆڵی هەمزەی و لە خۆرئاواوە لاپاڵی خۆرەتاوی چیای کەمەر خەپلە و بانی هێڵە گەمە دەورەیانداوە.

هەنگلانە

کەوتووەتە چیای سورێن لە باکوری گوندی (عامووره)‌ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ئاوی تێدایە. خەڵکی بۆ حەوانەوە لەکاتی بەهاران بەکاریدەهێنن. بەهۆی سەختی و بوونی گژوگیا لە ناوچەکەدا، ئەم ئەشکەوتە بووەتە شوێنی پوورە هەنگی سروشتی و هەرلەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە.

هەورامی

ئەشکەوتێکی سروشتییە. کە‌وتووەتە سەر شاخی (سورێن) لە باکوری گوندی (عاموورە)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئاژەڵەکانیان سوودیلێدەبینن. ڕووى لە شارەزوورە، لە کۆندا هەورامییەکان حکومى ئەوناوچەیان کردوە و هەربۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

هەیان: هەییان

کەوتووەتە سەر لوتکەی شاخی هەییان لە زنجیرە شاخی سورێن لە‌ باکوری گوندی (میری سوور)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). به ‌دووریی ١٠ کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دووره. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٣٠ بە ٣٠م) دەبێت. لە کاتی شۆڕشدا پەناگەی پێشمەرگه بووە. لە بەشی ناوەوە کانییەکی تێدایە و بە هەمان ناو ناودەبرێت.

هەیان: هه‌یانی ته‌ڕ: هه‌یانی وشك

کۆمەڵێک ئەشکەوتن کەوتوونەتە چیای هەیان لە سنوری گوندەکانی کانی ئاسکان و چنارەی زێڕوون. بەزۆری ڕاوچی بەکاریهێناون. بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە ئاژەڵە کێوییەکان کەڵەلانی خۆیان تێدا دروستکردووە و لەوێ خۆیان حەشاردەدەن. بەناوبانگترینیان دوو ئەشکەوتن بەناوی هەیانی تەڕ و هەیانی وشک.

هێلانە داڵ

ئەشکەوتێکە کەوتووەتە بەرزاییەکانی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن لە شارۆچکەی (خورماڵ). بەشی ناوەوەی فراوانە. بەڵام شوێنەکەی سەختە و بەهۆی بەرزیەکەیەوە، کە داڵی پێوە نیشتووە و هێلانەیان کردووە، ئەو ناوەی لێنراوە.

پێشتر 1
...
6 7 8 دواتر