شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

142 بابەت

کونەپڵنگ

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (بەلەسۆ). لە ژێر تاوێرەبەردێکی زەبەلاح هەڵکەوتووە. نزیکەی دوو مەتر بەرزە و پانییەکەی پێنج مەتر دەبێت. بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا پڵنگی تێدا بینراوە، بەو ناوەوە ناوی دەرکردووە.

کونەجنۆکەکان

لە چەمی بەڵخییە لە گوندی هاوارەکۆن. بەهۆی کارلێکی ئاوی کانییەک، کە کەوتووەتە پشتیەوە، لەگەڵ تاوێرە بەردەکانی کارلێکی کردووە. چەند کونێکی سەرنجڕاکێشی بە قەدپاڵی دۆڵەکەوە دروستکردووە. کونەکان یەک لەسەر یەکن و قەبارەیان جیاوازە. بەهۆی جوانیی پێکهاتەکـەیـەوە، سـاڵانـە ژمـارەیـەکـی زۆر شاخڕەو سـەردانـی دەکەن.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.

کونیل

کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای زنجیرە کێوەکانی کەوتێ لە گریانە. ناوەکەی بۆ بوونی چەند (کون)ێک دەگەڕێتەوە، کە لەناو ئەشکەوتەکەدا بوونیان هەیە. یەک لەو کونانە دوو مەتر درێژە و بەرەو دەستەچەپ لار دەبێتەوە و پانی و بەرزیەکەی لەنێوان (٤٠ بۆ ٤٥سم) دەبێت. یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە ویستویەتی ئەم کونە فراوان بکات. لە پاش دوو مەتر گەیشتووە بە خۆڵەکەوە، کە سەلمێنەری ئەوەیە، کە ژیان لەم ئەشکەوتەدا بوونی هەبووە.

کۆتر

کەوتووەتە سنوری گوندی دەڵەمەڕ لە بناری شاخی شنروێ. لە نزیک شاخی بەرکەورگان هەڵکەوتووە. گەورەیە و جێگەی مەڕوماڵاتی تێدا دەبێتەوە. لەکاتی کیمیاباران شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، خەڵکی ناوچەکە تێیدا ماونەتەوە. لە زۆر کاتیش وەک پەناگە بەکارهاتووە.

کۆزمەڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور). لە ناوەوەی زۆر فراوانە و زیاتر بۆ ئاژەڵداری و حەوانەوەی ڕێبوار و ڕاوچییەکان بەکاردێت. کۆزمە: لە زمانی کوردیدا بەو شوێنە دەوترێت، کە ئاژەڵی وردەی بۆ حەوانەوە تێدەکرێت.

کۆشکی کچێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی شیوی زەڵمەوە، شوێنیکی بەرز و دیاری هەیە، دەڕوانێت بەسەر سێڕیانی وشکەناو و زەڵم و ئەحمەدئاوادا. لەبەشی باکوری خۆرهەڵاتی‌ شیوەکە، کە پشتەوەی بانی زەڵمە، لە قوڵایی شیوەکەوە بۆ سەرەوە زیاتر لە ٦٠٠م بە ستونی بەرزە. ڕێی سەرکەوتنی زەحمەت و دژوارە، مرۆڤ دەتوانێت لە ناویدا ڕاوەستێت و چوار کەس لە ناویدا دەخەون. لە هەرچوارلاوە بەشێوەیەکی جوان و ڕێک بە قوڵەنگ تاشراوە. لە ناویدا حەوز و ئاوی هەبووە، سەرەتا وەک گۆڕ و دەخمە بە کارهاتووە، لە پەلاماری ئاشوورییەکاندا کراوەتە حەشارگەی خێزانی پاشاکان. خەڵکی ناوچەکە باوەڕیانوایە: تایبەتبووە بە کچی پاشای گاورەکان و لە بەرانبەریدا کۆشکی کوڕی پاشای گاورانیش هەبووە. لە لاشانی ئەشکەوتەکەوە کۆمەڵە ئەشکەوتیکی تری بە قسڵ سواقدراو هەن.

کۆڵەدارێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا). دەڕوانێت بەسەر شیوی زەڵمدا، لەپشت بنی پەڵگ و لاشانی ئەشکەوتی عەبداڵان هەڵکەوتووە. مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت بڕواتە ناوی.

گاوران

کیلۆمەترێک لە باکورى گوندى (سەرگەت)تەوە دوورە. لەناو دۆڵى (دەرەى مەڕ)ە و دەڕوانێت بە سەر دۆڵەکەدا‌ بە دیوى خۆرهەڵاتدا. کانیاوى کلکەى ئەسپ کەوتووەتە دوورى (١٠٠م) لە ئەشکەوتەکەوە. لە شوێنکی سەختدا هەڵکەوتووە‌ و بە هەڵکۆڵین نزیکەى ٤٠ پێپلیکانەى بۆ کراوە. ئەشکەوتەکە‌ لە ژوورێک و بەرهەیوان و هەیوانێک پێکهاتووە.

گەردەنا

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (١٤٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەناو دۆڵێکی قوڵ و پڕ لە دارستانی سروشتی بەڕوو گۆیژ و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات و باشور دەرگاکەی هەڵکەوتووە. پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە، لە باکورەوە بەرزانە دۆڵ و دۆڵی وەنە ناو و ملەکەوچێ و بنەوگڵوەی و لوتکەی بەخشە و لە باشورەوە دۆڵی پەچەو سێ قادری و دەشتڵێ و چیای بەرزەڵنگ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی چاڵاوا و مرۆدۆڵە و چیای لاسەو فاتەخانێ و لە خۆرئاواوە بانی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی نێو دۆڵی دەرەیمەڕ و گوندەکە دەوریانداوە، هەندێک گروپی شاخڕەویی بۆ وەرزش و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن.

لوتێ

کەوتووەتە سنوری گوندەکانی (نەیجەڵە) و (کوڵی متکان). گەورەیە و قەبارەکەی فراوانە. لە شاخەکەوە وەک لوت شۆڕبووەتەوە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

مارەهوڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (کانی گوێز) لە پشتی کانی ڕەسوڵ لە چەمی کەسرەتە. درێژییەکەی نزیکەی (٢٠) مەترە و پانییەکەی چوار مەترە. شوێنەوارێکی دێرینە و کەلوپەلی شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە. لە زستاندا ماری قاوەیی تێدا بووە. هوڵیش بەواتـای بـزنێک دێـت، کـە مـووی قـاوەیـی بێت، بـۆیـە بـە (مـارە هوڵـە) ناسـراو بووە.

مامەند

کەوتووەتە باشوری سەنتەری شارۆچکەی (بیارە) لە پشت مزگەوتی نامی. (١١٣٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووەو خۆرئاوا هەڵکەوتووە، دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی بیارە. کەوتووەتە نزیک باخ و خانوی نیشتەجێبوون. بۆیە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت و ڕێگە بە شێواندنی نەدرێت.

مەجی

کەوتووەتە دامێنی چیای بانی شێران و لە ناوچەی بناری سورێنە لە گوندی (نەوێ). ئەشکەوتەکە گەورەیە و بۆ ئاژەڵداری بەکارهاتووە. شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە بووە لە کاتی شۆڕشەکاندا.

مەحموود سوور

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ)و لە گوندی قەڵب و لە چیای خوشک. (١٠٦٠م) له ‌ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

مەخۆڵێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی‌ گوندی دەڵەمەڕ لە بناری شاخی شنروێ. لە پشت بەرزایی هێلانەداڵ هەڵکەوتووە. بە نزیکەیی کیلۆمەترێک لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. وەک پەچەی ئاژەڵ لە بەهاراندا بەکارهاتووە. قەبارەکەی زیاتر لە ١٥ مەتری چوارگۆشە دەبێت.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
8 دواتر