ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

بەرگی نۆیەم

ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.

ناوەڕۆک

26 بابەت

ئۆکتۆبەر

کتێخانەیەکی ئەهلییە. خاوەنەکەی (عەتا ڕەئوف محەممەد) بووە. کەوتوەتە سەر شەقامی گشتی بەرامبەر شارەوانیی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٢ لە شێوەی کابینەی چینکۆدا دروستکراوە. سەرچاوەی ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبیاتی چەپی تێدابووە. لەبەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەو ناوەی لێنراوە. بە(ئیشتراکات) ڕۆژنامەکانی: برایەتی و کوردستانی نوێ و ڕێگا و چەند بڵاوکراوەیەکی تری هێناوە بۆ خوێنەرانی. زۆربەی کتێبەکانی لەو کاتەدا ڕۆنیۆ و کۆپی بوون. لەبەربوونی هەندێک سەرچاوە، سوتێنراوە و وەک ناڕەزایەتی دەربڕینک ڕۆشنبیران و ئامادەیی ئەحمەدموختار جاف خۆپیشاندانیان ڕێکخستووە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

باران

کەوتووەتە نێوان باخی گشتی و قەیسەریی شنروێ لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و ئێستاش بەردەوامە. نزیکەى پێنج هەزار ناونیشانی بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی، تێدایە. کتێبەکان هەم دەفرۆشرێن، هەمیش بە کرێ دەدرێن. (ڕوقیە ئەمین) خاوەنیەتی و (لوقمان ئەمین) سەرپەرشتیدەکات.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

حوجرەی مەلا نەزیر

کتێبخانەیەکە لە حوجرەکەی مەلا نەزیری گەورە لە (تەوێڵە). دواتر بە (قاپی شێخ) ناسراوە. هەرچەندە تایبەت بووە بە مەلا نەزیر، بەڵام لەبەر بوونی چەند سەرچاوەیەکی ئایینی و عرفانی و ئەدەبی، وەک کتێبخانەیەکی گشتی سوودی لێبینراوە. کتێبەکانی دواتر کەوتوونەتە لای بنەماڵەی (مەلا ساحب).

زیاتر بزانە
کتێبخانە

خانەقاى بیارە

کەوتووەتە ناو خانەقای (بیاره)‌. زیاتر لە ١٠٠٠ ناونیشانی تێدایە، کە زۆرینەیان تایبەتە بە ناوەڕۆکی ئاینییەوە. ژمارەیەک لە دەستنوسی تێدایە. فەقێ و کەسانی تریش دەتوانن سوودی لێوەربگرن.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

خانەقای تەوێڵە

کەوتووەتە ناو خانەقای (تەوێڵە)وە. لە سەردەمی (شێخ عوسمانی سیراجەدین)ەوە کتێبی هەمەجۆری تێدا دانراوە، تا سەردەمی (شێخ حسامەدین). هەندێک کتێبيان لەلایەن بنەماڵەی شێخانەوە گوازراونەتەوە بۆ بیارە و باخەکۆن. مامۆستایان کاردۆخی و شێخ سەفادین لە سەردەمی مامۆستاییاندا، لەم کتێبخانەیە کەڵکیان وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٣ لیژنەیەک لە ئەوقافی سلێمانيیەوە زۆرێک لەم کتێبانەيان بۆ کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کڕیوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

خانەی کتێبی هەڵەبجە

خاوەنەکەی (عەبدولقادر ئەحمەد فەتاح)، کە بە (قادر شادی) ناسراوه،‌ لە شەقامی گشتی، نزیک شارەوانی دایناوە. پێشتر بە چەند ناوێکی ترەوە دانراوە. لە دوای ڕاپەڕین و ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ (ئەحمەد ڕەنجیار) بە ناوی کتێبخانەی (شاهۆ)وە بووە، دواتر بە ناوەکانی: زانست، هەڵەبجه و کۆتاجاریش بە (خانەی کتێبی هەڵەبجە) ناسراوە. گەلێک سەرچاوەی زانستی تێدا بووە، کە زۆربەیان ئەدەبی و مێژوویی و ئایینی بوون. توانیویەتی گەلێک سەرچاوە، کە نوسخەیان کەم بووەتەوە لە چاپ بداتەوە، کە خاوەنەکەی کۆچیدواییکردووە، کتێبخانەکەش نەماوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

خورشیدە بابان

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن شاعیر و ڕۆژنامەنوس (ئیبراهیم هەورامانی)یەوە دانراوە. سەرەتا لە گەڕەکی کانی قوڵکە بووە و دواتر بۆ چەند شوێنێکی تر گوازراوەتەوە. نزیکەی ٢٠٠٠ سەرچاوەی بە زمانی جیاواز تێدابووه،‌ کە زۆرترینیان ئەدەبی و مێژوویی و سیاسی و ئابوری بوون‌. کتێبی بە خواستن داوە بە خوێنەران و بەشداریی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەبووە. لەگەڵ دامەزراندنی خاوەنەکەی وەک فەرمانبەر، داخراوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

ڕۆشنبیر

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ داخراوە. (جەلال عەبدوڵا ئەحمەد) خاوەنی بووە. زیاتر گرنگیی بە لایەنی ئاینیی داوە و نزیکەی ٤٠٠ ناونیشانی تێدا بووە. کتێبی: کوردی، عەرەبی و فارسی و چەند قاموسێکی بە ئینگلیزی تێدا بووە. کەوتبووه خوار بەڕێوەبەرێتیی ئاوى هەڵەبجەوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

زەمان

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە.(عادل حەمەساڵح حەمەجافر) خاوەنی بووە. سەرەتا شوێنەکەی لاى مزگەوتی (دارالاحسان) بووە لە بینای ئازاد هەورامی، بەڵام ساڵی ٢٠١٢ گواستراوەتەوە و ئێستا لە تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی ئاوی هەڵەبجەوەیە لە تەنیشت کتێبخانەى شارەزوور. زیاتر لە ٧٠٠ ناونیشانی بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی تێدایە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

سەلاحەدین

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتە شەقامی گشتیی هەڵەبجە، لە سەروو دوکانی عومەری ڕەسامەوە. (ئیبراهیم حەسەن محەممەد) خاوەنی بووە. زۆرتر کتێبی ئاینی تێدابووە. دوای کیمیاباران، دووبارە لە زەڕایەن دانراوەتەوه و دوای ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و تا ساڵی ٢٠٠٣ کراوەبووە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

سۆفی گێلاخە

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجەوە. خاوەنەکەی (مەلا محەممەد)ە، کە بە (سۆفی گێلاخە) ناسراوە. لەناو بازأڕدا بووە، بەرامبەر باخچەی ئۆرزی. ساڵی ١٩٥٥ دەچێتە گەڕەکی دەڵەمەڕییەکان، لای ماڵی حسێنی عەلەجەوتەی چایچی. بەشێک لە حەوشەی ماڵەکەی دەکاتە دوکان و کتێبخانە. کتێبەکانی زیاتر ئایینی و چیرۆک و داستانی بوون، لەوانە: (تەفسیر، میعراجنامە، چۆن فێری نوێژ دەبیت؟ لەیل و مەجنون و شیرین و فەرهاد و... هتد). هاوینان کتێبەکانی هێناوەتە سەر شەقامی سەرەکیی کانی قوڵکە و ڕایخستوون. هاتوچۆی کەرکوکی کردووە و کتێب و نامیلکەکانی محەممەد ئەمین عەسری هێناوە و فرۆشتوونی. سۆفی گێلاخە پاش نسکۆ، لە کەرکوک بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

شارەزوور

ئەهلییە، ساڵی ١٩٩٢ و لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەدا دانراوە. کەوتوەتە تەنیشت مامۆستای نەناسراو، سەرەتای سەرسوچی قوتابخانەی بورهانی ئێستا. بەرزان حامد سەعید و باستی شێخ ئەحمەد دایانناوە. لەگەڵ پێداویستیی قوتابیدا، سەرچاوەی ئەدەبیی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی بە زمانی کوردی و عەرەبی تێدابووە. ڕۆژانە ڕۆژنامەکانی خەبات و کوردستانی نوێ..هتدیان دابەشکردووە. دواتر گوازراوەتەوە بۆ دوکانە کابینەییەکانی بەرامبەر شارەوانی و بەرزان حامد و غەریبی شێخ ڕەئوف دایانناوەتەوە. تاکۆتایی نەودەکان و دواتر هەڵگیراوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

شکۆ

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. (مودریک عەلی عارف) خاوەنی بووە. ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. سەرەتا لە شەقامی سەرەکی بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ بازاڕی ئاوێسەر. کتێبی بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی تێدایە، وەک ناوەڕۆکیش زۆرتر تایبەتە بە کتێبی پەروەردەیی و ئاینی و شەرعی.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

شنروێ

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتەسەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە. پێشتر بەناوی (مەولەوی)یەوە بووە و (عومەرکاکی) خاوەنی بووە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (مەلا ئەمین نادر حسێن) کڕیویەتییەوه. تا ساڵی ١٩٨٧ کراوەبووە. چەند جارێک لەلایەن دامودەزگای ئەمنیی هەڵەبجەوە داخراوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

عەلاقات

کتێبخانەیەکی ئینگلیزی و سەر بە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بووە. لە ساڵی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە تەنیشت گەراجی حاجی شیخ حەمەئەمین کراوەتەوە. حەسەن شێخ حەمەعارف بەڕێوەبەری بووە. شوێنەکەی فراوان بووە و جامخانەیەکی گەورەی هەبووە، کە بە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبی ئەو سەردەمە ڕازێنراوەتەوە. فەرهەنگە زمانەوانییەکەی تۆفیق وەهبی و گۆڤاری (اهل النفط)ی تێدا دانراوە. چەند جارێک سینەمای گەڕۆکی هێناوە و فيلميان نمایشکردووە. بەهۆی ململانێی حزبی و کەشوهەوای سیاسیی ئەو دەمەوە، چەندجارێک بەردباران کراوە و سەردانیکەری کەمبوەتەوە و دواجار داخراوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

کوردستان

کتێبخانەیەکە لە (تەوێڵە). لە خانووی (حاجی حاميد)دا بووە. ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانی تەوێڵەوە کراوەتەوە. (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) ڕۆڵیان لەکردنەوەیدا هەبووە. مامۆستا (بارامی سەعدی بەگ) سەرپەرشتیار و چاودێری بووە. مامۆستایانی ناوەندی تەوێڵە چەندين کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان پێشکەشی کتێبخانەکە کردووە و هەیەک لە (فەتاح ئاغا) و (ساڵح بەداوی) هاوکاری دارايى و زانستيیان کردووە. کتێبخانەکە خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە قوتابیان کردووە. لەدوای ساڵی١٩٧٥ کتێبەکانی کۆکرانەتەوە و لە ١٥ سندوقدا براونەتە ناوەندی تەوێڵە و کتێبخانەکە داخراوە. لە چۆڵکردنی تەوێڵە ساڵی ١٩٨١ بە هۆی شەڕەوە کتێبەکان فەوتان.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

گۆران

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتوەتە گەڕەکی پیرمحەممەد و لە شەقامی مەزاری پیرمحەممەد. ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن مامۆستا (ئەمین ئەحمەد عەلی)ی ناسراو بە (ئەمین سەپان) دانراوە. سەدان سەرچاوەی جۆراوجۆر و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تێدابووە. تا ساڵی ١٩٨٨ و کیمیابارانی هەڵەبجە کراوە بووە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

مەولەوی

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لەکاتی خۆیدا عومەر حەمەشەریف قادر ناسراو بە عومەری کاکی (١٩٢٦ - ٢٠١٦)، دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٦٨، لە دوکانەکانی حاجی فەرەجی کۆکۆیی نزیک دوکانەکەی عومەری ڕەسام دایناوە. کوڕەکانی بەتایبەتی دکتۆر نوری هاوکاری بووە. گەلێک کتێب و سەرچاوەی نایابی هەبووە. لەو سەردەمەدا گۆڤاری دەستور و وەتەنی عەرەبی خوێنەری زۆربووە. ساڵی ١٩٧٥ دوای ئاوارەبوون لە ئێران و گەڕانەوەیان بۆ هەڵەبجە، کتێبخانەکە دەگوازێتەوە بۆ دوکانەکانی حاجی حەمەشری، تەنیشت عومەری ڕەسام.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

محەممەد

کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن (محەممەد عەبدوڵڵا عەلی)یەوە دامەرزاوە. زیاتر لە ٢٠٠ ناونیشانی بە زمانەکانی: کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی تێدا بووە و ناوەڕۆکەکانیان زیاتر تایبەت بووە بە لایەنی پەروەردەیی و زمانزانی‌. کەوتبووە قەیسەریی وەزگێڵ لە نزیک کتێبخانەى هێمن. تا ساڵی ٢٠٢١ بەردەوامبوو و پاشان داخراوە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە

مزگەوتی ئەڵڵا هۆمەرای بیارە

کتێبخانەیەکی گەورە بووە. لە ژێرزەمینێکی گەورەی ناو مزگەوتی گەورەی بیارەدا بووە. پیرمحەممەد ناوێکی لێ نێژراوە، کە دەبێتە باپیرە گەورەی مەلا سمایلی بیارە و بیستو پێنج پشتی بنەماڵەی مەلاکان. بەو پێیە مێژووی مزگەوت و کتێبخانە و کتێبەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٠٠ز. دوای هاتنەوەی مەولانا خالد و بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی و جانشینی سراجەدین لە تەوێڵە، هەورامان دەبێتە مەکۆی زانیاری و عیرفان، ڕۆشنبیر و خوێندەواران ڕووی تێدەکەن. شێخ عومەری زیائەدین دێتە بیارە و گەشە بە ڕێبازی تەریقەت و شەریعەت دەدات، تا گەیشتن بە شێخ عەلادین و نەجمەدین، کتێبخانەکە دەوڵەمەندتر و پڕتر دەبێت. تاساڵی ١٩٤٠-١٩٥٠ پانزە هەزار کتێبی چاپکراو و سێ هەزار کتێبی دەستنوسی تێدابووە. لە زەمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانیدا، باری ٧٠ هێستر کتێبی جۆراوجۆر کراوەتە دیاری ئەم کتێبخانەیە. مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ١٩٤١ چووەتە ناوی کتێبەکانی بینیووە.

زیاتر بزانە
کتێبخانە
1 2 دواتر