بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
ژوورێکی تایبەت بووە وەک کتێبخانە. یەکەم ناوەندی بڵاوکردنەوەی (نشر و اعلان)ـە. لە خانوەکەی سەعید جعێلی، لە شوێنی بانقە کۆنەکەدا بووە. ساڵی ١٩٥٠-١٩٥١ لە ناو بیناکەی فازل خەیاتدا بووە. تەرخانکراوە بۆ (ڤدەی گاور)، کە پیاوێکی بادینی بووە بە ڤەدەی عەلاقات ناسراوە، پەیامنێری گۆڤارێکی ئینگلیزی بووە، کە لە بەغداد دەرچووە، بە ناوی (دەنگی گیتی تازە). لەگەڵ ئەدیبەی کچی بەڕێوەیانبردووە. ژمارەیەکی زۆر کتێب و بڵاوکراوە و گۆڤاری جوان بە وێنەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی لاوان هەڵواسراون. پاش دووساڵ ناوەندەکە نەماوە.
لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٠٧ لەلایەن (ڕێکخراوی هەتاو)ی ناحکومییەوە لە شارۆچکەی (سیروان) لە تەنیشت قوتابخانەی سیروانی بنەڕەتی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە کرایەوە. (ئەحمەد حسەین محەممەد) سەرپەرشتیاری بوو. گرنگیشی بە منداڵان، خولی هاوێنە، ڕۆژنامەنوسی دەدا، تاساڵی ٢٠١٣ بەردەوامبوو، دواتر کتێبخانەی گشتی سیروان جێگەی گرتەوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. خاوەنی (عەتا ڕەئوف محەممەد) بووە. ساڵی ٢٠٠٦ کراوەتەوە. کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە. خاوەنداریی بیناکە بۆ (تۆفیق کۆکۆی) گەڕاوەتەوە. ساڵی ٢٠١٢ فراوانکراوە و هۆڵی سیمینار و کۆڕە ڕۆشنبیرییەکانی بۆ کراوەتەوە. تا ئێستا نزیکەی ١٨٣ کۆڕ و سیمینار و مێزگردی تێدا پێشکەشکراوە. لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایینیەکاندا چالاکیی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدراوە. دیداری ئەکرەم عەنەبی و حەکیمی مەلاساڵحی ڕێکخستووە، گروپی کچانی باخی میری دروستکردووە. ١٩٨ کتێبی بە چاپ گەیاندووە. بەشداریی چالاکانەی لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی و سنەو زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کردووە. ساڵی ٢٠١٨ و لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ٥٠٠٠ کتێبی بەخشیوە. چوار ساڵیش یادکردنەوەی شەوی یەڵدای گێڕاوە.
ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن کەسێکی جولەکەوە لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. لە شوێنی دوکانەکەی حاجی عیزەتی کەشەنەدا بووە. تا پێش ئەو مێژووە کتێب و دەستنوس و چاپەمەنییەکان لە کتێبخانەی ماڵان و حوجرەی مزگەوت و خانەقا و کۆشکی بەگەکان و ماڵی میرزاکاندا بوون. کچێکی ئەو جولەکەیە بەناوی (شێوە) بەڕێوەیبردووە. تەمەنی کتێبخانەکە کورت بووە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. (عەبدولقادر شادی) خاوەنی بووە. دوای ئەوەی کۆچیدواییدەکات، کتێبخانەکەش دادەخرێت. کەوتبووە سەر شەقامی گشتی لە سەروو حەمامی گۆران لە خوارووى شارەوانی. کتێبی: کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیی تێدا بووە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٥ دانراوە. (ئەحمەد ڕەنجیار) خاوەنیەتی. شوێنەکەی چەند جارێک گواستراوەتەوە لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا. کۆتاجاریان لە لەژێرخانێکدا بووە لە تەنیشت وێنەگری زانیار، شەقامی گشتی. دواى کۆچیدوایی خاوەنەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠، داخراوە. کتێبی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی تێدا بووە. ناوەڕۆکی کتێبەکان زیاتر پەروەردەیی و ئاینی و شەرعی بووە.