خانم

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (پیرمحەممەد) و لە تەنیشت مەرقەدی پیرمحەممەدەوە دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و کاتی دروستکردنی کۆشکی وەسمان پاشای جاف دەگەڕێتەوە. توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە مزگەوت ساڵی ١٩٠٠ لەلایەن خانمی وەسمان پاشای جاف (عادیلە خانم)وە دروستکراوە، هەر لەبەر ئەوەشە ناوی مزگەوتەکە بە مزگەوتی (خانم) ناسراوە. سەرەتا مزگەوتەکە لە هۆڵێکی گەورەی(٣٠م)ی و هەیوانێک و میحرابێکی لە قوڕ (گڵ) دروستکراو پێکهاتووه،‌ کە دەرگاکانی لە تەختە بوون، حەوزێکیش بۆ دەستنوێژگرتن لە مزگەوتەکەدا هەبووە، بەڵام بە مردنی خانمی وەسمان پاشا مزگەوتەکە بێخزمەت ماوەتەوە، هەتا ساڵی ١٩٥٧ لەلایەن (شێخ ڕەسوڵی تەکیەیی)یەوە نۆژەن و ئاوەدانکراوەتەوە و هەر خۆیشی بووە بە ئیمام و مودەریسی مزگـەوتەکە. لەدوای خۆیشی محەممەدی کوڕی بەردەوامی بە خزمەتکردنی مزگەوتەکە داوە. لە دواتردا مزگەوت حوجرەیەکی بۆ دروستکراوە. چەند جارێکی تریش نۆژەن کراوەتەوە و شێوەی جارانی نەماوە.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە شارێکی بچوک مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق علی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕێنوێن، سلێمانی ٢٠٢٠، ل٦٩.
  2. مێژووی مزگەوت و خوێندنگا ئاینییەکانی هەڵەبجە لە ١٩٥٨-٢٠٠٣، پەیام ئەحمەد حسەین، توێژینەوەیەکی مێژووییە (بەکالۆریۆس) پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، ٢٠١٨، ل١١.
  3. لاپەڕەیەک لە مێژووی هەڵەبجە(١٧٠٠-١٩٥٨)، بکر حمەصدیق عارف، چاپی یەکەم، کتێبخانەى ڕۆشنبیر، سلێمانی ١٩٩٧، ل٣٢.
  4. بنەماڵەی زانیاران، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، چاپی یەکەم، کتێبی کانی، سنە ٢٠٠٥، ل١٦٠.
  5. کورتەیەک لە مێژووی مزگەوتەکانی هەڵەبجە و خزمەتی زانایان، هاوکار صابر، چاپی یەکەم، چاپخانەى بڕیار، ٢٠١٣، ل٤٦.

ئامادەکردنی: جەوهەر عەزیز ئەحمەد

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گمە

کەوتووەتە گوندی (گمە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ئەرکی (ڕابیتەی ئیسلامی کورد) دروستکراوە. لە یەک هۆڵ پێکهاتووە.

گورگەچیا

کەوتووەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی گوندی (گورگەچیا)وە. ساڵی ١٩٨٣ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی خەڵکی هەڵەبجە و سنورەکە، مزگەوتەکە و تەواوی خانووەکانی گوندەکە تەقێنراوەتەوە و دانیشتوانەکەشی ڕاگوێزراون. ساڵی ٢٠٠١ جارێکی تر لەسەر ئەرکی خێرخوار (ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی) دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئەرکی خێرخوازان نۆژەن و فراوانکراوە. یەک نهۆمە. دوو دەروازە و یەک منارەی هەیە. گومەز و هۆڵی نییە، نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدەدرێت. (مەلا ئەرکان عەبدولڕەحمان) مامۆستا و وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

گوڵان

کەوتووەتە گەڕەکى گوڵانى ژوورو لەناو شارى هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٤ بەسەرپەرشتى حاجى حەمەئەمينى عەبدولکەريمى زەردۆيى(گردەناوێى) دروستکراوە، واتە ئەم لە سەرەتاوە هەتا کۆتايى سەرپەرشتى دروستکردنەکەى کردووە. زەوييەکەى موڵکى حەمەبۆرى عەلى باوەکۆچەکى بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت، يەک جار لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هۆڵى پرسەى هەيە. مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان مەحموود بامۆکى و مامۆستا مەلا محەممەد ئەحمەد سەيد جەميل مامۆستای مزگەوتەکەن.

گوڵەخانە

لە گوندی (گوڵەخانە)دا دوو مزگەوت هەن: ١- ساڵی ١٩٦٠ لەبەردەم گوندەکە و لەسەر کانییەک مزگەوتێک بە بەرد و قوڕ و دار لەلایەن (حاجی مەحموود محەممەد)ەوە دورستکراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە هەمان شوێن لەسەر ئەرکی (محەممەدی حاجی مەحموود) مزگەوتەکە گەورە کراوە و نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ ڕوخێنراوە و مزگەوتی دووەم دروستکراوە‌. ٢- ساڵی ٢٠٠٠ لەناو گوندەکەدا لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و ئاوی بۆ ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کراوەیە و مامۆستا (مەلا محەممەد ڕۆستەم) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

گوندە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گوندە)، ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٦ لەسەر ئەرکی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، دروستکراوەتەوە، یەک نهۆمە و یەک دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامنادرێت، مامۆستای فەرمی نییە.

گۆمەلار

کەوتووەتە باشوری گوندی (گۆمەلار). لەگەڵ بونیادنانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.