دارالسلام

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لە سەر شەقامی هاتنە ناوەوەی شاری هەڵەبجەیە، نزیک باخی مەحموود یاروەیس و بەرامبەر بەنزینخانەی کۆن. کە شێخ نوورەدینی موفتی ساڵی ١٩٥٦، بووە بە مودەریس لەگەڵ دروستکردنی مزگەوتدا ئەم مەدرەسەیەی بونیادناوە. کتێبخانەیەکی تێدایە. چەندین مامۆستای تێدا دەرچووە و لە ئێستادا نۆ قوتابی هەیە.

سەرچاوەکان:

  1. ژیان و کۆششە زانستیەکانی مامۆستا شێخ نورەدینی موفتی، مەزهەر شێخ نورەدین موفتی، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، ل٧١، ١٠٨.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (شکار هارون ئەحمەد قادر)ی قوتابی مەدرەسەکە، لەدایکبوو: ٢٠٠٣، لە ١١ى ١٢ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

6

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئوسامە

مەدرەسەى زانستە شەرعییەکانە. ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن مامۆستا سەید نەجمەدینەوە لە تەپیسەفاى شارەزوور دامەزراوە. قۆناغی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٨. بە گەڕانەوەی مامۆستا سەید نەجمەدین لە تەپیسەفاوە بۆ کۆمەڵگەی عەنەب، بە ناونیشانی حوجرەی ئوسامەی کوڕی زەید دانراوە. قۆناغی دووەمی پاش ڕاپەڕین و گەڕانەوەی مامۆستا لە ئێرانەوە، لە ساڵی ١٩٩٢دا و لە شێوەی مەدرەسەیەکدا کراوەتەوە و چەندین قوتابی ڕوویانتێکردووە. مامۆستا جەلالەدین نەجمەدین بەڕێوەبەری بووە. مەدرەسە مەرج و مەنهەجی خۆی بۆ قوتابیان هەبووە. لەبەر گەڕانەوەی مامۆستا ئەحمەدی شافعی بۆ سلێمانی، مەدرەسەی گەیلانی و ئوسامە یەکدەگرن ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٨ لە شێوەی مەدرەسەیەکی زانستی ئەهلیدا، دەیان قوتابی مۆڵەتیان وەرگرتووە. مامۆستا سەید نەجمەدین تا ڕۆژی وەفاتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیکردووە و وانە گرانەکانی وتوەتەوە. تەمەنی ڕێگەی پێنەداوە کاری بەڕێوەبەری مەدرەسەکە لەئەستۆبگرێت. هەر بۆیە ئەم بەڕێوەبەرانەی هەبووە: بورهان هادی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦، محەممەد عەبدولڕەحیم ١٩٩٧، مەلا مستەفا غەفوور ١٩٩٧، مەلا جەلال عەبدوڵڵا تریفەیی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٣، مەلا ئەحمەد عەزیز ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥، هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەناوبانگی پێگەیاندووە و دەیان چالاکیی جۆراوجۆری لە هونەر و ئەدەب و وەرزش و خولی فێربوون ئەنجامداوە. لە ٢٠٠٥ـەوە هەتا ئێستا مامۆستا ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر بەڕێوەبەری مەدرەسەکەیە و لە ئێستادا ١٦ قوتابییان هەیە.

خەرپانی

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی). لە سەردەمی بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانیدا کراوەتەوە. میری بابان چاودێریکردووە و قوتابی لەهەموو لایەکەوە ڕوویان تێکردووە. دوای شێخ عەبدوڵڵا، لەلایەن نەوە زاناکانییەوە پەرەیپێدراوە. زانا و پیاوی گەورە لەم مەدرەسەدا خوێندویانە، لەوانە (مەولانا خالید، مەولەوی، نالی، موفتی زەهاوی). دەستونوس و کتێبی باشی لێبووە، کە هەندێکیان بە هۆکاری جیاجیا فەوتاون. ساڵی ٢٠١٠ نۆژەنکراوەتەوە.

سیروان

پاش ڕاگواستنی گوندکان و گیرسانەوەیان لە شارۆچکەی سیروان لەلایەن (مەلا فەتاحی شارەزووری( ئاروزەری)یەوە لە مزگەوتی سەلاحەدین کراوەتەوە. مەلا فەتاح پێشتر لەساڵی ١٩٥٩ بۆ ١٩٧٨ لە گوندی ئارووزەر قوتابی هەبووە. بۆیە، کە دێتە سیروانیش، ئەو مەدرەسەیە دادەنێتەوە.

عەبابەیلێ

مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە سەردەمی شێخ کەریمی عەبابەیلێدا زیاتر گەورە و فراوانکراوە. چەندین مامۆستای ئایینی دیاری ئەو سەردەمە وانەیان تیایدا وتووەتەوە و لە هەموو لایەکەوە فەقێی بۆ هاتووە. لە گرنگترین مامۆستاکانی مەلا بابا ڕەسوڵی بێدەنی و مەلا بابا عەلی و مەلا عەبدوڵڵای باوکی مەلا محەممەدی گەورە و مەلا حەسەنی چاوڕەش بوون.

گەیلانی

ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ دروستکردنی مزگەوتەکەدا بونیادنراوە. کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەران‌. یەکەم حوجرەی ئایینیە لەدوای ڕاپەڕین لە شاری هەڵەبجەدا کرابێتەوە. دوای ئەوەی چەند مامۆستایەک و دەرچووی زانکۆکان لە ئۆردوگاکانی ئێران قۆناغەکانی خوێندنی ئایینیان تەواوکردووە و مۆڵەتی مەلایەتییان وەرگرتووە، گەڕاونەتەوە کوردستان، ئەم حوجرەیان ئاوەدانکردووەتەوە. لەوانە مامۆستا محەمەد ڕەئوف، د.ئەحمەدی شافعی، لوقمان ئیسماعیل و هەتا ساڵی ١٩٩٤ لە خزمەت قوتابیاندا بوون. پاش گەڕانەوەی مامۆستا ئەحمەدی شافیعی بۆ سلێمانی لەگەڵ مەدرەسە ئوسامە یەکیانگرت.

ام القری

مەدرەسەی زانستە شەرعییەکانە. ساڵی ١٩٩٨ لە شاری هەڵەبجە دامەزراوە. بە سەدان قوتابی لە ڕەگەزی مێ (خوشکان) وانەی تێدا دەخوێنن. ساڵی ٢٠٠٨ قوتابیان و مامۆستایانی ئەم مەدرەسەیە، کە ژمارەیان چوار مامۆستا و ٤٩ قوتابی بووە، گوازراونەتەوە بۆ خوێندنگەی ئیسلامیی بەشی کچان.