نوسینگەی لەدایکبوون و مردنی هەڵەبجە
کەوتووەتە سەر جادەی حەمەوغان تەنیشت نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. پێشتر لەناو بینای نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجەدا بووە و بینا نوێیەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی بنەماڵەی (حاجی حەمه ڕەشید خاڵان)ـەوە دروستکراوە. دەوامی شەش کاتژمێرییە. لە بەشەکانی: بەڕێوەبەری نوسینگە، هۆبەی تۆماری لەدایکبووان، هۆبەی تۆماری مردووان، هۆبەی کۆمپیوتەر و ئامار، پێکدێت.
هۆبەی ئاودێریی هەڵەبجە
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی و وەزارەتی کشتوکاڵە. ساڵی ٢٠٠٨ ئەم هۆبەیە لە هەڵەبجە کراوەتەوە. کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدان، سەروو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە. یەکەم بەڕێوەبەر (سالار محەممەد عەلی) بووە و دواتر (ئەشرف حەسەن ویس) بووە بەڕێوەبەری و هەتا ئێستا بەردەوامە. شەش کارمەندیان هەیە. بیناکەی لە دوو نهۆم پێکهاتووە و بە موڵکی هی فەرمانگەکەیە و ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن حکومەتەوە دروستکراوە. کاری دروستکردنی پۆند و گۆگەی ئاو و گەیاندنی ئاوە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان.
هۆبەی چاکسازیی کارەبای بیارە
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە و وەزارەتی کارەبایە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٤. سەرەتا لەگەڵ هەرسێ فەرمانگەی شارەوانی، ئاو و کارەبا پێکەوەبوون و (عەلی تۆفیق) بەڕێوەبەری بووە هەتا سەرەتای هەشتاکان، پاشان کارەبا جیا دەکرێتەوە و (مستەفا جەعفەر) دەبێتە بەرێوەبەری. بەهۆی باردوخی سیاسیی ناوچەکە و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، چەندین جار ئەم فەرمانگەیە دوچاری داخران و کردنەوە هاتووە. لە دوای ڕاپەرینەوە ساڵی ١٩٩١ هەرچەندە کارەبای نیشتمانی نەبووە، لە بری کارەبا، مۆلیدەیان بەکارهێناوە و (ئەنوەر عارف مستەفا) هەتا ساڵی ٢٠٠٩، دەبێتە لێپرسراوی کارەبای بیارە. دواتر بۆمایەکی کەم (ئەحمەد نادر) دەبێتە لێپرسراو و پاشان خانەنشین دەبێت و (ڕەحمان عەزیز محەممەد) دەبێتە لێپرسراوی چاکسازیی کارەبای بیارە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم فەرمانگەیە لە دوو هۆبە پێکهاتووە، کە بریتین لە هۆبەکانی چاکسازی و کارگێڕی، (٢١) فەرمانبەری میلاکیان هەیە، بە کرێ لە خانوی (بێستون محەممەد ڕەحیم) دان. ڕووبەری خانووەکەیان (٢٠٠م٢)یە، ئیشوکاری فەرمانگەکە سیانەکردنی تۆڕەکانی کارەبا و ئیشوکاری ماڵانە لە سنوری شارۆچکەی بیارە و دەوروبەری، ئەم فەرمانگەیە کەوتووەتە گەڕەکی (خانەقا) لە شارۆچکەی بیارە.
هۆبەی چاکسازیی کارەبای سیروان
کەوتووەتە سە ڕێگای سەرەکیی سیروان-هەڵەبجە، سەرەتای گەڕەکی شەهیدان لە سیروان، نزیک قوتابخانەی ماکوان. ساڵی ١٩٩٧ کراوەتەوە. یەک بەش و (٥٥)کارمەندی هەیە. سنوری کاری سیروان و ٢١ گوندە. کەمال مەحمود عەلی بەرپرسی هۆبەکەیە.
هۆبەی دارستان و پاوانی بیارە
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨. بەڕێوەبەری یەکەمی ئەم هۆبەیە (شەریف حەمەڕەحیم) بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. پاشان (سالار عەبدوڵا مەعروف) دەبێتە بەڕێوەبەر و هەتا ئیستاش بەردەوامە، هەشت فەرمانبەری میلاکیان هەیە. لە ژوورێکی بینای بەشی کشتوکاڵی بیارەدا دەوامدەکەن. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەوى (٣٠٠م٢) دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بیناکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق، کە ئەوکات بۆ نەخۆشخانەى بیارە لە بەرد و چیمەنتۆ دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی (هارە گلان) لە شارۆچکەى بیارە، ئیشوکاری فەرمانگەکە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی دارستانی دەستکرد و سروشتی.
هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵ
فەرمانگەیەکی کشتوکاڵیی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠١٠ کراوەتەوە. لە یەک بەش پێکدێت بەناوی هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵ. بینای تایبەت بە خۆی نییە. کەوتووەتە ناو کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی خورماڵ لەسەر شەقامی مەحموود خانی دزڵی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی خورماڵ - بیارە. دیارترین دارستانەکانی سنوری ئەم هۆبەیە بریتین لە دارستانی ئەحمەدئاوا، کە لەلایەن (سەفەر جلال مەحموود) سەرپەرشتیدەکرێت و دوو کرێکاری هەیە، دارستانی قەڵای خورماڵ کە لەلایەن (عەینەدین محەممەد شەریف) سەرپەرشتیدەکرێت و سێ کرێکاری هەیە. بە گشتی نۆ فەرمانبەر لە هۆبەکەدا خزمەتدەکەن، کە بریتین لە (بەڕێوەبەر، دوو سەرپەرشتیار، پێنج کرێکار و شۆفێرێک)، لە کاتی کردنەوەی هۆبەکە هەتا ئێستا (ئەنوەر مستەفا محەممەد) بەڕێوەبەریەتی.