دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

232 بابەت

تريفە

کەوتووەتە گوندى (تريفە)ى ناوچەى نەورۆڵینشينەوە. مێژوويەکى دێرینی هەيە. ساڵى ١٩٧٨ لە چوارچێوەى پڕۆسەى ڕاگواستنى گوندە سنورييەکاندا ڕووخێنراوه. ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. دوو نهۆمه. چوار دەروازەی هەيە. لە سەردەمى (مەلا ساڵحى گەوره)‌دا مەدرەسەى هەبووە‌، نوێژى هەينى تێدا ناکرێت.

جابانى کوردى

کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (خێڵی حەمە)‌. ساڵى ٢٠١٥ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە، زەوييەکەى لەلايەن ئەحمەد سادق ڕۆستەمى خەڵکى گوندەکەوە دابينکراوە و بەخشراوە به ‌مزگەوت. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەی هەيە. لە ئێستادا مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولقادر پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.

جامیعە: مزگەوتی گەورەی تەوێڵە

مزگەوتی گەورەی تەوێڵەشی پێدەوترێت. مەڵبەندی پەروەردە و فێرکردن بووە. چەندین زانای گەورە تیایدا خوێندوویانە و مۆڵەتیان وەرگرتووە. کەوتووەتە ناوبازاڕەوە. ڕووبەرەکەی(١٧ بە ١٧م)ە. وەک دەوترێت لە سەردەمی (عەبدوڵڵای کوڕی عومەر)دا دروستکراوە. ساڵی ١٩٢٨ قادربەگ گەورەی دەکات و نوێی دەکاتەوە. وەستا بەناکەی (وەستا حەمە ئەمینی وەستا عەبدوڵڵا) بووە. وەستای تەختەبەندەکەیشی (وەستا عەبدوڵڵای دارتاش) بووە. ٢٠ کۆڵەکەی تێدا بەکارهاتووە. دوو دەرگا و دوو حەوز و دوو ڕیز دەستشۆری هەبووە. دوو وسڵخانە و سێ دوکان و شوێنی مردووشۆری هەبووە. لای چەپی مزگەوتەکە حوجرە و مەدرەسەی تێدابووە. ساڵی ١٩٤٧ نۆژەندەکرێتەوە. تەواوی نوێژەکانی تێدا دەکرێت. (مەلا یاسینی تەوێڵەیی و مەلا نەزیر و مەلا عەبدوڵڵای مەریوانی و مەلا ساحێب) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکە بوون. لە سەردەمی مەلا ساحێبدا یەکێک بووە لە خوێندنگە گرنگەکان. لە شەڕی (عێراق - ئێران)دا ڕووخاوە. دوای ڕاپەڕین خەڵکی تەوێڵە دروستیانکردەوە و ئەم مامۆستایانە وتاربێژی بوون: مەلا عوزێر، مەلا عەبدولقادر، مەلا بێساران، مەلا ئەرسەلان، مەلا فاروق، مەلا لوقمان بەڵخەیی، مەلا نوورەدین. ساڵی ١٩٩٧بە هەوڵی سەید عەبدولڕەحمان و مەلا عوزێر و مەلا لوقمان و عەبدالرەزاق ئەورەحمانی خەڵکی تەوێڵە، یەکگرتووی ئیسلامی جیاوازتر و لە بناغەوە دروستیکردووەتەوە.

جامیعە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گەڕەکی (پیرمحەممەد)ەوە. لەلایەن شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەد کۆسەوە دروستکراوە. بە کۆنترین مزگەوت و یەکەمین مەڵبەندی ئاینی لە شاری هەڵەبجەدا دادەنرێت. بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا مزگەوتی تر نەبووە و تەنها لەم مزگەوتەدا نوێژی هەینی ئەنجامدراوە، بە مزگەوتی (جامیعە)ش ناو دەبرێت. مزگەوتەکە لە دوو هۆڵی گەورەی نوێژخوێندن، حوجرەیەک، منارەیەک و دوو دەروازەی هاتووچۆکردن پێکهاتووە. بەهۆی بەرکەوتنی زیان لە ساڵی ١٩٨٠دا، منارە دوو دەرگاییەکەی ڕوخێنراوە. کتێبخانەیەکی گەورەش لەناو مزگەتەکەدا هەبووە، بەڵام لە کاتی کیمیابارانی شارەکەدا لەناوچووە. لە حوجرەی مزگەوتەکەدا چەندین مامۆستا و زانای ئاینی وانەیان تێدا خوێندووە، لەوانە (شێخ عەبدوڵای خەرپانەیی، شێخ نورەدینی موفتی، مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە، سەید عەلی تاوەگۆزی، مەلا عومەری ڕێشاوی و مەلا علی کۆکۆیی...). ئەم مزگەوتە چەندین جار ڕووخاوە و دروستکراوەتەوە. کۆتا جاریش لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە بیر و ئاوی هێڵی حکومییە. لە ئێستادا یەکێکە لە مزگەوتە گەورەکانی شاری هەڵەبجە و مامۆستا (شێخ محەممەد موفتی) پێشنوێژ و وتاربێژی تێدا دەکات.

جان جان: إبن صلاح الشهرزوري

کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدانی ئێستا و جانجانی کۆن لە ناحیەی (سیروان). ساڵی ١٩٧٩ لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٧٠٠م٢) لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. مزگەوتەکە لە دوو دەروازە و هۆڵێکی گەورەی نوێژخوێنان بە ئەندازەی (٢٠ بە ٢٢م) پێکهاتووە. لە تەنیشتیدا ژوورێک بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییەکان تەرخانکراوە، هەروەها حەوزێکی گەورەی چیمەنتۆ بۆ دەستنوێژهەڵگرتن لە حەوشەی مزگەوتەکەدا دروستکراوە. مزگەوتەکە بەهۆی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٨٨ەوە زیانی پێگەیشتووە و لەدوای گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەکە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (هیئة الإغاثة الإسلامیة العالمیة) نۆژەنکراوەتەوە‌. بە مزگەوتی (إبن صلاح الشهرزوري)یش ناسراوە. لە ئێستادا مامۆستا (کامەران عەبدولڕەحمان) پێشنوێژ و مامۆستا (سەید کازم تاوگۆزیی) وتاربێژی مزگەوتەکەن.

جمهورى

کەوتووەتە خۆرئاواى (گەڕەکى جولەکان) لەناو‌ شاری هەڵەبجە. دواى ساڵى ١٩٥٩ دروستکراوە. زەویى مزگەوتەکە لەلايەن دوو کەسايەتييەوە دابینکراوە. دووجار نۆژەنکراوەتەوە و ساڵی ٢٠٢٢ سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. ڕووبەرى مزگەوتەکە (٥٨٠م٢)یە‌. دوو نهۆمە، منارە و گومەزى هەيه. ناونانەکەی پەيوەندى بە ڕووداوی ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨ی عێراقەوە هەیه،‌ کە ڕژێم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆمارى (جمهوری) گۆڕاوە. لە ئێستادا مامۆستا و پێشنوێژى مزگەوتەکە مامۆستا (مەلا فەلاح کەيخەسرەو عەبدولکەريم)ـە. هەروەها مامۆستا (مەلا نەزير سەليم) بەشێوەى خۆبەخش جێگریەتی. دوو جار نۆژەنکراوەتەوە و دواجاریان لەلایەن ڕابیتەی مرۆییەوە بووە. سەرچاوەى ئاوى مزگەوتەکە لە ڕابردوودا بريتیبووە لە کانیى سۆفى خدر، کە کەوتووەتە‌ سەروو مزگەوتەوە و به بۆرى بەژێر زەويدا بۆيان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ئێستادا کانیيەکە وشکى کردووە، لەبرى ئەوە بيرى ئيرتيوازى هەیە.

جودى

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (عەنەب)‌ و ڕێگە سەرەکييەى کە هەڵەبجە بە هەورامانەوە‌ دەبەستێتەوە. لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوه. يەک نهۆمە و ڕووبەرەکەی زۆر بچووکە و تەنها بۆ ڕێبوارانى نوێژخوێن دروستکراوه. يەک دەروازەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هەتا ئێستا مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوه.

چرۆستانە

کەوتووەتە بەری خۆرهەڵاتی گوندی (چرۆستانە). لە ساڵی ١٩٧٨، لەگەڵ ڕاگواستن و ڕووخاندنی گوندە سنورییەکانی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ڕوخێنراوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دەست بە دروستکردنەوەی کراوە و ساڵی ٢٠٢٤ تەواوبووە. دوو نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە. لە دیارترین ئەو مامۆستایانەی، کە پێشتر لەم مزگەوتە پێشنوێژ بوون، سەید عەبدولڕەحیمی تاوگۆزی (مەولەوی) بووە.

چنارە

ساڵی ١٩٦٥ بۆیەکەمجار لە گوندى چنارەى سورێن مزگەوتێک کراوەتەوە. بە بەرد و قور، سەرەوەشى بەدار و خۆڵ گیراوە. لە کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى گوندەکەوە، لەسەر ئەرکى خەڵکى گوندەکە و بە هەرەوەزى دروستیانکردووە. لە ساڵى ١٩٧٦ نۆژەنکراوەتەوە و فراون کراوە. ڕووبەرەکەى (٢٠٠م٢)ـە. کانییەکى لە پاڵدا بووە، بەردەمى مزگەوتەکە کراوە بە حەوز بۆ دەستنوێژگرتن، ئەم مزگەوتە هەتا ساڵى ١٩٧٨ نوێژى تێدا کراوە، بەڵام دواتر گوندەکە چۆڵکراوە و ئاوەدان نەکراوەتەوە.

چنار

کەوتووەتە گوندی چناری ناوچەی کۆکۆیی نزیک سنوری (ئێران – عێراق). مێژووی دروستکردنی مزگەوتەکە لەگەڵ دروستکردنی گوندەکەدایە. بەهۆی سوتانی گوندەکەوە، دووجار تێکدراوە. جاری دووەم ساڵی ١٩٧٦بووە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە بە هەرەوزی دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٣ و بە سەرپەرشتی حاجی قاسم کۆکۆیی و بە هاوکاری دانیشتوانی گوندەکە، بۆ جارى سێیەم لە شوێنە کۆنەکەى خۆیدا، بەشێوەیەکی نوێ و بە ڕووبەری (١٠م درێژی ١٥م پانی) دروستکراوەتەوە و خێرخوازان تێچووى دروستکردنى مزگەوتەکەیان لەئەستۆگرتووە.

حاجى ساڵح

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (يادگاری) و سەر ئەو ڕێگەيەى، کە مۆنۆمێنتى شەهيدانى کیمیابارانى هەڵەبجە بە گۆڕستانى شێخ ئيسماعيل بەيەکەوە دەبەستێتەوە. ساڵى ٢٠١٤ (حاجى ساڵح چرۆسانەيى) زەوييەکەى بەخشيوە بە مزگەوت و هەرخۆشى (بە هاوکاری خەڵکی تریش‌) دروستیانکردووە. ڕووبەرەکەى نزيکەى (٢٠٠٠م٢)يە. نۆژەن نەکراوەتەوە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و سێ دەروازه و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. لە ئێستادا (د. ئومێد عومەر عەلى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى شەهلاى حەمەى فەرەج

کەوتووەتە گەڕەکى (مەر‌زەبۆتۆ). ساڵى ٢٠١٠ لەسەر ئەرکى (حەمەى فەرەج) دروستکراوە. زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووه. يەک نهۆمە و يەک دەروازەى هەيه. ڕووبەرێکى بچووکى هەیە. منارە و دوو هۆڵى بۆ پرسە و بۆنەکان هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستا (مەلا ئەحمەد عەبدولکەريم تاوگۆزى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى دولستان پريسى

کەوتووەتە بەرى ڕۆژهەڵاتى گوندى (پريسى ژووروو)ى ناوچەى نەورۆڵینشين و دەروازەى گوندەکەوە. ساڵى ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکى (حاجى دلستان پريسى) دروستکراوه. زەوييەکەى موڵکى (حاجى سادقى حسەين ئەمين) بووە و بەخشيويەتى. يەک نهۆمە. دوو دەروازه و یەک منارەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە. زیاتر بۆ ڕێبواران دروستکراوە.

حاجی عارفی تاوێرەیی

کەوتووەتە‌ گەڕەکى )فەرمانبەران) خوار نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح). ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر ئەرکی خێرخواز (شێخ مەهدی شێخ عارف) دروستکراوە، زەوییەکەشی لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراوە. یەک نهۆمە و چوار دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینیشی تێدا ئەنجامنادرێت. لە ئێستادا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوه.

حاجى قادرى ئيمامى

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (کیمیابارانى يەک) و باشورى مۆنۆمێنتى شەهيدانى کیمیابارانەوە. زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و ساڵى ٢٠٠٨ (حاجى قادرى ئيمامى) و بە هاوکاری خەڵکی دیکەیش‌ دروستيانکردووە. ڕووبەرەکەى (٨٠٠م٢)يە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و دوو دەروازه و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (سەڵاح تۆفيق فەرەج) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى کەريم

کەوتووەتە‌‌ گەڕەکى (سەرا). ساڵى ١٩٨٤ زەوييەکەى لەلايەن (حاجى کەريمى عەلى موراد عەبابەيلێى)يەوە کڕراوە و کراوە بە مزگەوت. ساڵى ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکى بنەماڵەى (حاجى کەريم) سەرلەنوێ نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوت يەک نهۆمە، دوو دەروازەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا تەها عەبدولڕەحمان) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى محەممەد

کەوتووەتە گەڕەکى مەرزەبۆتۆ لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٧١ دروستکراوە، مزگەوتەکە لە سەرەتاوە هەتا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، کە نۆژەنکرايەوە ناوى (سەڵاحەدين) بووە، کەسێک بەناوى حاجى محەممەد بەلەبزانى(حاجى حەمەڕێوى) سەرپەرشتى دروستکردنى کردووە و زۆربەى کارەکانى ئەو ئەنجاميداوە، لەبەرئەوەش بوو مزگەوتەکە زۆرجار بە مزگەوتى حاجى حەمەڕێوى دەناسرا، دواى نۆژەنکردنەوەى لەلايەن هەمان بنەماڵەوە لە چەند ساڵى ڕابردوودا ناوى مزگەوتەکە گۆڕا و کرا بە (مزگەوتى حاجى محەممەد). مزگەوتەکە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوت يەک نهۆمە و يەک دەروازە و منارەى هەيە. نوێژى هەينى لێ ناکرێت و پرسەى لێ دانانرێت. لە ئێستادا مامۆستا قادر حەسەن یەعقوب پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حەسەنئاوا

کەوتووەتە ناو گوندى (حەسەنئاوا)وە. مێژووى دروستکردنەکەى بۆ بيستەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ساڵى ١٩٨٢ ڕووخێنراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنى ئێستاى، کە پێشتر لە خوارترەوە بووە. لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. زەویى مزگەوتەکە موڵکى کاکەلى (کاک عەلى) خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە و بە ڕەنجبەرى هاتووەتە گوندەکە. یەک جار لەسەر ئەرکى خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یە‌ک منارەى هەيه. پرسەى لێ دادەنرێت و نوێژى هەينی تێدا نا‌کرێت. لە ئێستادا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە.

حەمەئەمين بەگى حەمەسەليم بەگ وەڵەدبەگى

کەوتووەتە سەر ڕێگەى سەرەکى (خورماڵ - بیارە). ساڵى ٢٠١٩ لەسەر ئەرکى خێرخوازان و لەسەر ڕووبەری (١١٠م٢) دروستکراوە. يەک نهۆمە و يەک دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە. زياتر بۆ خزمەتى ڕێبواران دروستکراوە.

حەمزە

کەوتووەتە گەڕەکى مامۆستايان، ساڵى ١٩٨٠ دروستکراوە، زەویيەکەى موڵکى نەجيم تەوێڵەيى بووە و خێرخوازان کڕيويانە و کردوويانە به ‌مزگەوت، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٦٠٠م٢)يە، مزگەوت يەک نهۆمه و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا قاسم حەمەجافر گريانەيى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
12 دواتر