دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

232 بابەت

حذيفة بن يمانی

کەوتووەتە گەڕەکى دەروازەى شار(بەشى سەرەوەى ئۆردوگای زۆرەملێی زەمەقى کۆن)، ساڵى ١٩٨٢ دروستکراوە، زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و لەلايەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەى ڕووبەرى زەویى مزگەوتەکە (٢٤٠٠م٢)‌، بەڵام بيناى مزگەوتەکە زۆر بچووکە. منارەى هەيە. پرسەى لێ دادەنرێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. يەک نهۆمە، دوو دەروازەى هەيە. دواى ڕاپەڕين دووجار نۆژەنکراوەتەوە و لەسەر ئەرکى خێرخوازانيش نۆژەنکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا کەيوان عەلى سەعيد) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

خاتم الأنبياء

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (هانەسوورە)ى ناوچەى نەورۆڵییەوە. شوێنی جارانی مزگەوتەکە لە باشورى گوندەکە و ناو ئاوايی بووە. ساڵى ١٩٧٨‌ لە چوارچێوەى ڕاگواستنى گوندە سنورييەکاندا ڕوخێنراوە و ساڵى ٢٠٢١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوه. يەک نهۆمه. يەک دەروازە و منارەى هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت و مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە.

خارگێڵان

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (خارگێڵان)‌ەوە. لە سەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو لەلايەن هەردوو برا (حاجى ئەحمەدى مۆمن و عەلى مۆمن) بە گڵ و دار دروستکراوه. ساڵى ١٩٧٨ لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا لەلایەن حکومەتەوە ڕوخاوە. ساڵى ١٩٩٩ دانيشتوانى گوند بەهاوکارى (هيئة الاغاثە الاسلامية العالمية) لە تەنيشت شوێنى مزگەوتە کۆنەکەوە دروستیانکردووەتەوە. يەک جار نۆژەنکراوەتەوه. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی پێشنوێژى بۆ دانەنراوە، بەڵام نوێژى هەينى تێدا ئەنجامنادرێت. مامۆستا (مەلا هەڵۆ محەممەد ياڵانپێيى) وتاربێژی مزگەتەکەیە.

خاکوخۆڵ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (خاکوخۆڵ)ەوە. ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە دروستکراوه. ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدا لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە دووبارە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە تەنیشتیدا مزگەوتێکی گەورەتر دروستکراوە و و بیری ئاوی بۆ هەڵکەنراوە. (مەلا شەهرام محەممەد) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

خاليدى کوڕى وەليد

کەوتووەتە گەڕەکى مۆردانه لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٣ خێرخوازان دروستیانکردووە. زەوييەکەى موڵکى حاجى واحيد کاکەمەند بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت. دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت و پرسەى لێ دانانرێت. يەک نهۆمە. يەک جار لە سەر ئەرکى خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا(مەلا مەحموود عەلى سەعيد) پێشنوێژى مزگەوتەکەیە‌.

خانم

کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (پیرمحەممەد) و لە تەنیشت مەرقەدی پیرمحەممەدەوە دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و کاتی دروستکردنی کۆشکی وەسمان پاشای جاف دەگەڕێتەوە. توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە مزگەوت ساڵی ١٩٠٠ لەلایەن خانمی وەسمان پاشای جاف (عادیلە خانم)وە دروستکراوە، هەر لەبەر ئەوەشە ناوی مزگەوتەکە بە مزگەوتی (خانم) ناسراوە. سەرەتا مزگەوتەکە لە هۆڵێکی گەورەی(٣٠م)ی و هەیوانێک و میحرابێکی لە قوڕ (گڵ) دروستکراو پێکهاتووه،‌ کە دەرگاکانی لە تەختە بوون، حەوزێکیش بۆ دەستنوێژگرتن لە مزگەوتەکەدا هەبووە، بەڵام بە مردنی خانمی وەسمان پاشا مزگەوتەکە بێخزمەت ماوەتەوە، هەتا ساڵی ١٩٥٧ لەلایەن (شێخ ڕەسوڵی تەکیەیی)یەوە نۆژەن و ئاوەدانکراوەتەوە و هەر خۆیشی بووە بە ئیمام و مودەریسی مزگـەوتەکە. لەدوای خۆیشی محەممەدی کوڕی بەردەوامی بە خزمەتکردنی مزگەوتەکە داوە. لە دواتردا مزگەوت حوجرەیەکی بۆ دروستکراوە. چەند جارێکی تریش نۆژەن کراوەتەوە و شێوەی جارانی نەماوە.

خێڵى حەمە

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (خێڵی حەمە)وە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنى گوندەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٣ دووبارە دروستکراوەتەوە. يەک نهۆمە و سێ دەروازەى هەيە، منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامنادرێت. بەر لە ساڵى ١٩٨٧ مەدرەسەى هەبووە.

دار الايمان

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (دەروازەى شار). زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و ساڵى ١٩٨٠ بۆ ١٩٨١ حکومەت دروستيکردووە. ڕووبەرەکەى نزيکەى (١٠٠٠م٢)يە. دواى ڕووداوەکانى کیمیابارانى هەڵەبجە ڕووخاوە. ساڵى ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. مزگەوتەکە سێ نهۆمە و سێ دەروازەى هەيە. گومەز و منارە و کتێبخانە و مەد‌رەسەى هەيە. پرسەى لێ دانانر‌ێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. مامۆستا مەلا ئەمين عەبدولڕەحمان زەردۆيى وتاربێژ و مامۆستا ئيدريس حەسەن پێشنوێژی تێدا دەکەن. لەنێوان ساڵانى ١٩٨١ بۆ ١٩٨٨ مامۆستا مەلا ئەمين هەر خۆى پێشنوێژى مزگەوتەکە بووە، لە نێوان ساڵانى ١٩٨٨ بۆ ٢٠١١ تەخت بووە و لەو ساڵەدا بەهيممەتى مامۆستا مەلا ئەمين خۆى و هاوکاریى خێرخوازان دروستکراوەتەوە.

دار الاحسان

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (کانیيە قوڵکە) لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٥٥ دروستکراوە. لە کیمیابارانى هەڵەبجەدا وێرانبووە. ساڵى ١٩٩٣ لەسەر ئەرکى (ئازادى حاجى تۆفيق هەورامى) سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. ساڵى ٢٠١٦ نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (ئیدریس ڕەحمان ڕەحیم) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە‌.

دار السلام

کەوتووەتە‌‌ گەڕەکى (يادگارى) بەرانبەر قوتابخانەى گۆران. ساڵى ١٩٥٦ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە، يەک جار نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيه. هۆڵ و کتێبخانە و مەدرەسەى تێدايە و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. لە دوای شێخ نورەدينى باوکییەوە هەتا ئێستا مامۆستا (شێخ عومەر شێخ نورەدين) پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.

دار الصفاء

کەوتووەتە گەڕەکى سەرا، زەوييەکەى موڵکى شێخ نوورى شێخ عوسمانى عەبابەيلێ بووە و بەخشيویەتى بە مزگەوت، ساڵى ١٩٨٢ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. لە کيمياباراندا ڕووخاوە. لە ناوەڕاستى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا جارێکى تر ڕابيتەى ئيسلامى کورد مزگەوتەکەى دروستکردووەتە‌، بەڵام بەشێوەيەکى بچووک و بە يەک نهۆمى، لە ساڵانى ڕابردوودا نۆژەنکرايەوە، جگە لە فراوانکردنى، کرا بە دوو نهۆم. نهۆمى خوارەوە بۆ نوێژ و سەرەوە بۆ پرسە و بۆنەکان. هۆڵى پرسە و یەک منارەى و دوو دەروازەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا دەکرێت و پرسەشى لێ دادەنرێت. له دواى ساڵانى ٢٠٠٠ـە‌وە نوێژى هەينى تێدا دەکرێت، واتە پێشتر نوێژى هەينى تێدا نەکراوە. لە ئێستادا مامۆستاى فەرمی بۆ دانەمەزراوە. خەڵکى گەڕەک خۆيان بەرنوێژى بۆ خۆيان دەکەن، بەڵام مەلا (تەها حاجى حسەين بۆينى) وتارى هەینی‌ پێشکەش دەکات.

دايک

کەوتووەتە‌ سەروو گۆڕستانى گوڵانی ژووروو (گۆڕستانى شێخ مۆمن) و سەر ڕێگەى (هەڵەبجه -‌ گوندى باوەکۆچەک). ساڵى ٢٠١٨ لەسەر ئەرکى (حاجى هەڵمەت حاجى شەفيق محەممەد) و چەند کەسێکی تریش دروستکراوە. زەوييەکەش هەر موڵکى ناوبراو بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت. مزگەوتەکە دوو نهۆمە، منارەى هەيه. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. هەتا ئێستا مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە.

دەرەشیشی سەروو

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (دەرەشیشی سەروو). ساڵی ١٩٩٨ دروستکراوە. لەسەر ئەرکی دوو بنەماڵەی (مەلا عوسمان دەرەشیشی) و (محەممەدی حاجی عەلی) لەسەر ڕووبەری (٦٠٠م٢) درو‌ستکراوە. مامۆستا (عەبدولکریم دەرەشیشی) وتاربێژی و پێشنوێژی تێدا دەکات‌، بەڵام لە ئێستادا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

دەرەقەیسەر

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەقەیسەر). مێژووەکەی بەتەواوی نەزانراوە. بە نزیکی ساڵی ١٩٣٠ بە بەرد و خۆڵ و دار دروستکراوه. ساڵی ١٩٣٥ مەلا ڕەحمان ناوێک دەبێتە مامۆستای، چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە، لەپاش داگرتنی گوندەکە ساڵی ١٩٧٨ ڕوخاوە و دروستنەکراوەتەوە. خەڵکی گوندەکە هاتوونەتە زەردەهاڵ.

دەرەیمەڕ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (دەریمەڕ) و هەر بە ناوی گوندەکەشەوە ناونراوە. مێژووی دروستکردنی دیار نییە. سەرەتا بە بەرد و قوڕ دروستکراوە، دواتر ساڵی ١٩٩٢ (حاجی سەید مەهدی) سەرلەنوێ لە شوێنی خۆیدا دروستیکردووەتەوە. ئەگەرچی گوندەکە لە ئێستادا چۆڵ بووە، بەڵام مزگەوتەکە لەبەردەم ڕێبوار و گەشتیاراندا کراوەیە.

دەگاشێخان: ئەبوعوبەیدەی جەڕاح

کەوتووەتە گوندی دەگاشێخانی هەورامان. لە کۆندا ناوی مزگەوتی شێخ ئەحمەدی جامی بووە و ئەو دروستیکردووە. شێخ ئەحمەد و حەوت برای لەجام و لەنگەری پاکستانەوە لە دەوروبەری ٧١٦ کۆچییەوە هاتوونەتە ئێرە و ئاوەدانیانکردووەتەوە. لە سەردەمی مستەفابەگی جافر سوڵتاندا ساڵی ١٩٣٠ نوێکراوەتەوە و یەکەم مەلای مزگەوتەکە مەلاعوسمان بووە. دوای ئەو مەلا عەباس مەریوانی لە خانەقای بیارەوە نێرراوە بۆ مزگەوتەکە، مەلا مستەفا محەممەد (مەلا سوورەی بیارەیی) و مەلا ساڵحی قەرەداغی و مەلا کەریم فەقێ، مەلایەتیان تێداکردووە. بابا مستەفا شێخ عارف وتاربێژ و هاوکار و بانگبێژ و خزمەتکاری مزگەوت و باخەکانی بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨و ڕاگواستنی دەگاشێخان. دوای ڕاپەڕین خەڵکی ناچنەوە گوندە کۆنەکە، لە نزیک جادە خانوو دروستدەکەنەوە، بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند مامۆستا و خێرخوازێک دیواری مزگەوتەکە بونیادنراوەتەوە. دەستگای خێرخوازیی ڕابیتەی ئیسلامی وەک یەکەم مزگەوتی کوردستان، سەرگرتنی دەگرێتە ئەستۆ و مزگەوتەکە ناودەنێن ئەبوعوبەیدە. مردوو شۆر و چەند سەرئاوێکی هەیە و لە پاڵیدا دوو ژوور و هەیوانێک بۆ حوجرەش دروستدەکات، دواتر مامۆستا ئەسعەد دەیکاتە قوتابخانەی گوندەکە. ساڵی ٢٠٠٢ مامۆستا ڕێبوار سەلیم حەیدەر بەڵخەیی دەبێتە مەلای مزگەوتەکە و دوای ئەویش مەلا فارس حەمەتەیب. ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خێرخواز شێخ جەمال شێخ کازم لە بناغەوە دروستکراوەتەوە. مامۆستا ڕابەر سەیفەدین تەوێڵەیی مامۆستایەتی. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.

دەڵەمەڕ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (دەڵەمەڕ)‌. لە دوای ڕاگواستنی گوندە سنورییەکانی باشوری کوردستان ساڵی ١٩٧٨دا ڕووخاوە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە، مزگەوتەکەش دروستکراوەتەوە. یەک نهۆمە. تەنها لە یەک ژووری گەورە پێکهاتووە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. مامۆستای فەرمی نییە.

دێکۆن

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دێکۆن)ـەوە. ساڵی ١٩٢٠ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە بە بەرد و دار و قوڕ دروستکراوە و تەنها لە یەک ژوور پێکهاتووە. ساڵی ١٩٩٤ و بۆ جاری دووەم و ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئەرکی خێرخوازان بۆ جاری سێیەم نۆژەنکراوەتەوە و ڕووبەرەکەی (٢٥٠م) گەورەکراوە و کراوە بە چیمەنتۆ. لە ئێستادا مامۆستا (کاروان محێدین) وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

رسول اللە

کەوتووەتە گەڕەکى (بۆينييەکان) لە ناو شاری هەڵەبجە. زەویى مزگەوتەکە لەلايەن (عەبدوڵا حەمەئەمين عەلى وەيس)ەوە دابينکراوە، بەشێکی تری‌ زەوييەکه موڵکى (عەزيز دەروێش مستەفا) بووە‌ و ئەویش بەخشيویەتی بە مزگەوت. ساڵى ١٩٨٠ تەنها ژوورێکى بچووکى لە قوڕ و دار دروستکراوبووە. لەکاتى کيميیابارانی هەڵەبجەدا وێرانبووه. ساڵى ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ جارێکى تر ژوورێکى گەورەى لەسەر زەوييەکە دروستکراوەتەوە. لەسەرەتاشدا ناوى (النبى) بووە. لەسەر ئەرکى (حەمەى فەرەج هەڵەبجەيى) تێکدراوەوە کراوە بە پرسەخانەی(هۆڵى شەهيد عابد)، بەڵام خەڵکى گەڕەک زياتر بۆ نوێژکردن بەکاريانهێناوە، ساڵى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ هۆڵى پرسەکە تێکدراوە و لەسەر ئەرکى خێرخوازان مزگەوتێکى گەورەى دوو نهۆمى لەسەر بونيادنراوە. نهۆمى يەکەمى کراوە به ‌هۆڵى پرسەى ژنان و نهۆمى دووەميشى تەرخانکراوە بۆ شوێنى نوێژکردنى پياوان. ڕووبەرى مزگەوتەکە نزيکەى (٥٠٠م٢)یە. یەک گومەز و منارەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت، مامۆستا (مەلا ڕەئوف مەعروف هەورامانى) مامۆستای مزگەوتەکەیە‌.

ڕاشيدين

کەوتووەتە بەشى ڕۆژهەڵاتى گەڕەکى کیمیابارانى دوو (سەروەرانى دوو) له ناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ٢٠١٠ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوه. ڕووبەرەکەى هێندە‌ى خانوويەکى (٢٠٠م٢) دەبێت. يەک نهۆمە و يەک دەروازەى هەيه. منارەيەکى لە تەنەکە بۆ دروستکراوە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت و پرسەى لێ دانانرێت، مامۆستا (مەلا سەعيد عەلى) پێشنوێژى تێدا دەکات.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
12 دواتر