کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

عادل عیزەت

لەساڵی ١٩٨٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە. لە ساڵی ٢٠٠٣ بووەتە ڕاگەیاندنکار وەک بێژەر و پێشکەشکار و دەرهێنەر و مۆنتێر کاریکردووە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەناڵی ئاسمانیی پەیام. بەرنامەی ڕازی تەمەنی ئامادە و پێشکەشکردووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندنکار

عەباس محەممەد عەلی عەبدوڵا

ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. بە (ئاکار محەممەد) ناسراوە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی خوێندووە. دبلۆم و بەکالۆریۆسی لە ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. لە چالاکیی هونەری و ڕۆژنامەوانیدا کاریکردووە. وەک بڵاوکراوەی دەنگی باوەڕ، شانۆگەرییەکانی نێو خورماڵ. بێژەری ڕادوێی هەورامان، شارەزوور بووە لە خورماڵ‌. بێژەر و بەڕێوەبەری تەنسیق بووە لە تەلەفزیۆنی کۆمەڵ، بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی کۆمەڵ بووە لە هەڵەبجە. ئەندامی ستافی بەڕێوەبردن و بێژەری کەناڵی ئاسمانیی پەیام بووە. ساڵی ٢٠٢٢ بووەتە بەڕێوەبەری پەیام. دەیان خەڵاتی لە دامەزراوە میدیاییەکاندا وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عەباسی ڤیدیۆ

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکار و پێشمەرگەی دێرینە. ناوی (عەباس عەبدولڕەزاق)ـە. بە (عەباسی ڤیدیۆ) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٩ لە خانەقین لەدایکبووە. سەرەتایی و ناوەندی لەوێ دەخوێنێت و ساڵی ١٩٦٩ قۆناغی ئامادەیی لەشاری کەرکوک تەواوکردووە. شانبەشانی پێشمەرگایەتی، بەکاری هونەری و فلیمسازیەوە خەریکبووە. ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووه.‌ وەک ڕۆژنامەوان بەکاری ڕاگەیاندن و وێنەگرییەوە خەریکدەبێت. وەک ڕۆژنامەوانی جەنگ بەشداری زۆربەی شەڕەکانی کردووە. یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی بۆ ڕوماڵکردنی تاوانی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە لە ٢٠ی ٣ی ١٩٨٨دەگاتە هەڵەبجە و چەندین دیمەنی وێرانبوونی شار و شەهیدبوونی هاوڵاتیان تۆماردەکات. فلیمی دیکۆمێنتاری (کوردستان تراژیدیای مەرگ) لەسەر تاوانەکە بەرهەمدەهێنێت و لە کەناڵی پارێزگای کرمانشا پیشاندەدرێت. هەروەها فلیمی(الجریمه) بەزمانی عەرەبی بەرهەمدێنێت و لە تەلەفزیۆنی سوریا نیشاندەدرێت. ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لە تۆماری ڕۆژانی ڕاپەڕینی کوردستان هەیە. ٢٠٠٢ بڕوانامەی بەکالۆریسی لە بواری ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە.

عەبدولڕەحمان حسەین مەحموود

ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە خورماڵ و پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەڵەبجەى تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لەتەلەفزیۆنی جەماوەر کاریکردووه.‌ لە کەناڵی (ئێن ئاڕتی، پەیام، ستێرک تیڤی و ئاریەن تیڤی کاریکردووە و لە ئێستادا دەرهێنەری بەرنامەی هەفتانەی (ئاژین)ی هەورامییە لە کەناڵى (ئاریان تیڤى) و پێشکەشکار و ئامادەکاری بەرنامەی (ژیار)ە لە هەمان کەناڵ. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

عەزیز سەرگەتی

ڕاگەیاندکار و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنییە. ناوی (عەزیز ڕەسوڵ عەزیز حەمەعەلی)یە و بە (عەزیز سەرگەتی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٦ لە نا حیەی سیروان لەدایکبووە. لەسەرەتادا لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنیدا کاریکردووە و پاشان وەک ڕاگەیاندکار دەرکەوتووە. لە ماڵپەڕی دواڕۆژ و ڕۆژنامەی ئاوێنەدا کاریکردووە. لە ئێستاشدا لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، سۆشیال میدیای دەزگای ڕۆژنامەوانیی وشە، ڕۆژنامەی ئەڤرۆ، ڕادوێی دەنگی کوردستان کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عەلی حەمە سەعید حەمەعەلی

لەساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (یاڵانپێ)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە، بڕوانامەی دبلۆمی لە زمانی عەرەبیدا هەیە. خێزاندارە و خاوەنی چوارمنداڵە و دانیشتووی قەزای خورماڵە. ماوەی ١٥ ساڵە ئەزمونی لە کاری ڕاگەیاندن و پەیامنێری ڕادوێ و تەلەفزیۆن و وێبسایتدا هەیە و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری ڕاگەیاندن. لەماوەی ١٥ساڵی ئەزموونی کاری ڕاگەیاندیدا، چەندین ڕاپۆرت و هەواڵ و فیچەری لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، کلتوری و ژینگەییدا ئامادەکردووە و لە تەلەفزیۆن و سەتەلایتەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عەلی حاجی زەڵمی

ڕاگەیاندکار و وەرگێڕە. ناوی (عەلی عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا)یە و بە (عەلی حاجی زەڵمی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٥ لە (زەڵم) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمانی عەرەبیی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانە. لە بواری هونەری و ڕۆژنامەگەری و فەرهەنگیدا کاریکردووە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناکبیری لە خورماڵ و هەوراماندا کردووە. ئەندامی ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵ و بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی خورماڵ بووە. ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. ئەندامی ستافی کارای دەزگای ئەڤرەس بووە بۆ بڵاوکردنەوە و وەرگێڕان، کە گۆڤارەکانی ئێرانناسی و ئەمریکاناسی و ئیسرائیلناسی و گۆڤاری جیهانی عەرەبیان، دەرکردووە. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عەمار نەجمەدین هەواس

ساڵی ١٩٨٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٨ بروانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسی لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ماجیستێری کۆمەڵناسیی ڕاگەیاندنی لەهەمان کۆلیژ بەدەستهێناوە. ئێستا قوتابی دکتۆرایە لە هەمان کۆلیژ. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە ڕاگەیاندندا کاردەکات و لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە هەریەکە لە کەناڵەکانی کوردستان تیڤی و هەرێم تیڤی کاریکردوە و ئێستاش لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان ٢٤ وەک پیشکەشکار کاردەکات. خاوەنی چەندین بروانامەی نێودەوڵەتی و ناوخۆییە لە بواری ڕاگەیاندندا، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستانە و ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی جیهانییە (FIJ).

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

عومەر عەزیز عەبدوڵا

ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لـە بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکیی کارگیڕیی هەولێر و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکیی کارگێڕیی لە هەولێر بە دەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە هەڵەبجە پەیامنێری گۆڤاری (پێشکەوتن) و هەفتەنامەی (باس) و ئاژانسی (باسنیوز) بووە. لەگەڵ گۆڤاری (کوردستان کرۆنیکڵ) کاریکردووە. وەک ڕاهێنەری بواری ڕۆژنامەوانیی مۆبایل (مۆبایل جۆرناڵیزم) دەرکەوتووە و ئەم وانەیەی لە چەندین خولدا پێشکەش بە شداربووان کردووە. لە مانگی ٥ی ٢٠٢٤وە بووە بە بەڕێوەبەری دەنگی کوردستان/ڕادوێی هەڵەبجە و تا ئێستا بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عومەر محەممەد سەعید خورماڵی

ڕۆژنامەوان و شاعیرە. ناوی (عومەر محەممەد سەعید عەبدوڵا)‌یە. ساڵی ١٩٧٢ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووه. ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ پەیامنێری ڕۆژنامەی (داهێنان) و ١٩٩٥ تا ٢٠٠٥ پەیامنێری ڕۆژنامەی (یەکگرتوو) بووە. لە قەزای (شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن) سەرپەرشتی کردنەوەی دەیان خولی ڕۆژنامەوانی بۆ پێگەیاندنی لاوان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عیرفان ئەحمەد محەممەد قادر

ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای مامۆستایانی مەڵەبەندی سلێمانی تەواوکردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانی و کاری میدیاییدا کاریکردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ کاری ڕادوێیی و حەوت ساڵ ڕۆژنامە و سایت و ١٢ ساڵ لە تەلەفزیۆن و سێ ساڵ خزمەتی خۆبەخشی ڕێکخراوی vocoی ئەمریکی و چوار ساڵ ڕادوێی سپێدەی کردووە. پێنج ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەبووە لە دەنگی نوێ. چوار کتێبی چاپکراوی هەیە. لە چالاکییە شانۆیی و شێوەکارییەکانی دەزگای هونەری پەیامدا بەشداربووە. لە ئێستادا پەیامنێری کەناڵی سپێدەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

عیسا سان ئەحمەد

ناوی (عیسا سان ئەحمەد ئەحمەد بارام)ـە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەى (سیروان) لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە سنورى ناحیەى سیروان و دەوروبەرى هەم وەک پەیامنێر و کامێرامانیش کاریکردووە. لە ساڵى ٢٠١٤ەوە لە نوسینگەى تەلەفزیۆنی KNN لە هەڵەبجە وەک: کارگێڕ، کامێرامان، مۆنتێر و ئیشپێکەرى (فلاى کام) کاریکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

فاروق عەلى ئەحمەد

ساڵی ١٩٦٨ لە گوندى سەرچاوگى کۆکۆیى لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ناوەندى لە شارەزوور تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى بنەماکانى ئایینى شەریعە لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى کەناڵى ئاسمانى پەیام و یەکەم بەڕێوبەرى کەناڵەکە بووە و تا ساڵى ٢٠٢١ بەردەوام بووە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

فاروق فەتاح ئەحمەد ئیسماعیل بەگ

ڕۆژنامەنوس و شاعیرە، بە فاروقی مام فەتاح ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە گەرەکی پیرمحەمەد لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ خانەی پێگەیاندنی مامۆستایان و ٢٠٠٤ بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلیمانی و تەواوکردووە و لە زانکۆی سانت کلیمێنتس ماستەری بەدەستهیناوە. لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، سێ کتێبی شیعری چاپکردووە. لەوانە: (منداڵ بوونەوە بۆ تاوێک گریان ١٩٨٣، مرۆڤایەتی ١٩٩٤، هەڵەبجە سەنگەری خوێن و بەرگری ٢٠٠٤). بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی بووە. ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد، ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و جیهانە. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

فەرحان حەمەخان تۆفیق

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە، بە فەرحان هەورامانی ناسراوە. ساڵی ١٩٩٠ لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٢ لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە و دواتریش لە هەمان زانکۆ ماستەری لە بواری ڕیکلامدا بەدەستهیناوە. لە ٢٠١٠ەوە لەبواری ڕۆژنامە و میدیادا کاری بۆ ڕۆژنامەکانی، دەستوور، داهێنان، هاوڵاتی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ کاری بۆ کەناڵی گەلی کوردستان و puk میدیا و دەنگی گەلی کوردستان و ڕادوێی شارەزوور کردووە. لە ٢٠١٩وە وەک پەیامنێر بۆ دەنگی ئەمریکا دەستبەکاربووە و بەردەوامە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە ڕوناکیی نوێ. ئەندامی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و ئۆفیسی دەنگی ئەمریکا و ئۆفیسی گەلی کوردستانە. خێزاندارە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندنکار

فەرحان نەسرەدین ڕۆستەم

ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە. کۆلێژی زانستە مرۆییەکان بەشی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٥‌ و‌ لە کەناڵی NRTـەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە و کامێرامانی کەناڵەکە بووە لە نوسینگەی هەڵەبجە، دواتر بووە بە وێنەگری (دەنگی ئەمریکا) لە هەڵەبجە. بەشێوەی فریلانس کاری دیکۆمێنتاری بۆ کەناڵەکانی وار تیڤی و کوردستان ٢٤ کردووە. لە ئێستاشدا وێنەگری‌ کەناڵ هەشتە لە پارێزگای هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

فەرهەنگ دارا حەمەئەمین

ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە.ساڵی ٢٠٠٢ لە ڕادوێی شارەزوور ئامادەکار بووە. وەک پەیامنێری و مۆنتێر و ئامادەکار بۆ ڕادوێی دەنگی کوردستان کاریکردووە. دەستەی نوسەرانی هەفتەنامەی هەڵەبجە و ڕیپۆرتێری بووە. ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٥ لە دەستەی نوسەرانی مانگنامەی گۆرانیی منداڵان بووە. ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٤ لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەڵەبجە بووە. پەیامنێری ڕۆژنامەی هەولێر بووە. ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ نوسین و وەرگێڕانی بۆ سایت و ڕۆژنامەکان نوسیوە. لە تەلەفزیۆنی کوردستان (کەناڵی ناوخۆیی) و سەتەلایتی کوردستان وەک پەیامنێر و پێشکەشکار، تا ساڵی ٢٠١٠ کاریکردووە. بەرپرسی ڕاگەیاندنی ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکومی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

فەرید حەمەعەزیز فەتاح

ڕاگەیاندکار و نوسەر‌ و شاعیرە. ساڵی ١٩٧٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە. نوسین و وەرگێرانەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لە ڕادوێی هەڵەبجە وەک ئامادەکار و پێشکەشکار چەند بەرنامەیەکی هەبووە. بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەری بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی یەکگرتوو بووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (ماڵێک لە دوعا)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی مامۆستایە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

قادر شادی

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (عەبدولقادر ئەحمەد فەتاح ئەحمەد پریسی)یە. ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و دەرچووی ئامادەییە. سەرنوسەری ڕۆژنامەکانی: هەڵەبجە، کانیعاشقان بووە. دوای ڕاپەڕین و لە هەڵەبجە خاوەنی یەکەم چاپخانە بووە. یەکەم کتێبخانەی دوای ڕاپەڕینی لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ئەحمەد ڕەنجیار بە ناوی (کتێبخانەی شاهۆ)وە داناوەتەوە. خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بووە. چەند بەرهەمێکی به ‌چاپ گەیاندووە، لەوانە (وەک کوردی، ئەحمەد پریسی مەجزوب). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە بەڕێوەبەرێتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجە فەرمانبەر بووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

قەیسەر ڕەحمان ئەحمەد نادر

ڕاگەیاندکار و چالاکوانە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. زمانی کوردی و شێوەرازی هەورامی لەناویدا و فارسی و ئینگلیزی دەزانێت. لە ٢٠٠٥وە تا ئێستا دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕادوێی دەنگی نوێیە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی بۆردی ACDI/VOCA ئەمریکی بووە لە هەڵەبجە. ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٢ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنانە. لەو ماوەیەدا ١٧ پڕۆژەی لە مافی ژنان و ژینگە و میدیادا جێبەجێکردووە. ٢٠٢٢ تا ئێستا دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە. دەرچووی بەرنامەی سەردانیکەرانی ڕێبەرایەتیی نێودەوڵەتی IVLPیە لە ئەمریکا. لە ٢٠٠٥وە تا ئێستا لە میدیا و ڕێکخراوەییدا، بەشداری ٥٠ خولی ڕاهێنان و کۆنفڕانس لە کوردستان و دەرەوەدا کردووە. ئەندامی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانانە. لە هەڵەبجە دەژی.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار
پێشتر 1
...
4 5 6
...
60 دواتر