بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شارۆچکەی (سیروان) و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ماوەی ١١ ساڵە کاری ڕاگەیاندن دەکات. لە ڕۆژنامەی (وەرچەرخان) کاریکردووە. ماوەیەک سەرنوسەری گۆڤاری (ڕووناکی) و سایتی (زانکۆ کورد) بووە و وەک پەیامنێر لە کەناڵی (پەیام) کاریکردووە لە ئێستادا پەیامنێر و بەرپرسی نوسینگەی کەناڵەکەیە لە هەڵەبجە. ماوەى دوو ساڵ بەرپرسى ڕێکخراوى قوتابیانى سەر بە کۆمەڵى دادگەرى بووە. دوو کتێبى شعرى بڵاوکردووەتەوە.
ناوی(سەرچڵ یونس عبدالکريم)ـە و بە (سەرچڵ یونس) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا یەکەم بابەتی نوسیوە. ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی (دیداری تەمەن) بووە لە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی هەڵەبجه. پەیجێکی تایبەت بە زانیارییەکانی هەیە. ساڵی ٢٠٢٣ ئەندامی کەمپینی (بەقەزاکردنی خورماڵ) بووە. لە گوندى (شیرەمەڕ) نیشتەجێیە و پیشەی مامۆستایه.
ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٦، چوونەتە هەولێر و لەوێ دەژی، بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٢ دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە، لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاریکردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ و دوای فراوانبوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەوێ درێژەیی بە کاری راگەیاندن داوە و بۆ ماوەی شەشە ساڵ وەک پەیامنێر کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە وەک بێژەر و پێشکەشکار لە ڕوداو کاردەکات. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.
ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. بەشی ڕاگەیاندنی لە پەیمانگای تەکنیکیی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە کەناڵی کەرکوک، دەزگای گوڵان، کەناڵی سەتەلایتی کوردستان، کەناڵی زاگرۆس کاریکردووە. ساڵی ٢٠١٣ بووەتە بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی دەزگای سەتەلایتی کوردستان و تا ئێستا بەردەوامە. بۆ ماوەی دوو خول بە دەوریی سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
ڕۆژنامەوان و وێنەگری جەنگ بووە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری ڕەی لەدایکبووە. بە لاویی پەیوەندی بەسوپای ئێرانەوە کردووە و لە بەرەکانی باشور و خۆرئاوا کاری وێنەگری دەکات. یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی ڕوماڵی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردووە. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و فلیمساز دێتە هەڵەبجە و ژمارەیەک وێنەی گرنگ و دیمەنی کاریگەری ئەو تاوانەی تۆمارکردووە. چەندین وێنەی لە کتێبی هەڵەبجە بەرگی شەشەم و شەڕی سەپێنراو و نیگای ئێران چاپی فەڕەنسا، چاپکراوە، بڵاوکراوەتەوە. لە کاتی ڕوماڵکردنی هەواڵەکان لە شارى هەڵەبجە، بەر کیمیایی دەکەوێت و ١٥ساڵ پێوەی دەتلێتەوە. ساڵی ٢٠٠٢ گیانلەدەستدەدات.
ڕۆژنامەوان، فۆتۆگرافەر و فلیمسازە. ساڵی ١٩٥٣ لە تەبرێز لەدایکبووە. لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ساڵی ١٩٧٩ دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووە. ساڵی ١٩٨٠ لە ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی کاریکردووە. لە بواری سینەمادا لە فلیمەکانی (کۆتایی منداڵی و مەرگی سیاوەش و دواڕۆژی هاوین) کاریکردووە. لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەدا سەردانی زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە. چەندین هەواڵی وێنەیی گرنگی بۆ ڕۆژنامەکان گواستووەتەوە. ڕۆژێک بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە هەمەدانەوە لەگەڵ (ناتقی و بهبودی)دا بە یاوەری سوپا، دێتە نزیک هەڵەبجە و سەرلەبەیانی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨چەندین وێنەی ئارام و ئازادی شار دەگرێت. یەکەم فۆتۆگرافەرە، کە وێنەی تاوانەکەی تۆمارکردووە. لەپاڵ کاری ڕۆژنامەوانییەکەیدا یارمەتی زۆرێک لە برینداران و بەرکەوتوانی داوە. بەهۆی نزیکیی لە ژەهربارانەکەوە بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان و لەوێش وێنەی چەندین برینداری هەڵەبجەیی دەگرێت. زۆرێک لە کەناڵ و ڕۆژنامە و کتێبەکان سوودیان لە وێنەکانی وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە. بەشداری چەندین شانۆ و پێشانگا و فیستیڤاڵەکانی یادی هەڵەبجەی کردووە. لە١ی ٦ی ٢٠١١ەوە تا ئێستا وەک پەیامنێری دەزگای میدیایی کوردسات کاردەکات. لە دوای کردنەوەی نوسینگەی دەزگاکە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەڵەبجە لەگەڵ سەردار مەحموود کارەکانی کەناڵی کوردسات و کوردسات نیوز لەو نوسینگەوە وەک فیچەر و ڕاپۆرت و هەواڵ و دیکۆمێنتاری و بەرنامەی تایبەت، ڕادەپەڕێنێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵایەتی لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. له ساڵی ٢٠٠٠ەوە بێژەر و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. چەندین بەرنامە و دیدار و چاوپێکەوتی ئەنجامداوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
شاعیر و ڕۆژنامەنوسە، ناوی سەلام مستەفا ساڵحە. ساڵی ١٩٥٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. بۆ یەکەمجار لە دوای ڕاپەڕین بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە بە تەنیا و لەسەر ئەرکی خۆی ڕۆژنامەیەک بە ناوی ١٦ی ئازار دەردەکات، کە بۆ ژمارەیەکی ڕۆژنامەکە، فواد سەڕاج یارمەتیداوە. بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، ساڵانە بۆ یادەکان دەیهێنێتە هەڵەبجە و بێبەرانبەر دابەشیدەکات. بە جۆرێک بە ١٦ی ئازاری سەلام مستەفا، ناو دەردەکات. لەبەر ئەو خزمەتەی کەس و کاری شەهیدان و کۆمەڵەی قوربانیان، خەڵاتی زێڕیان پێبەخشیووە. خاوەنی ٢٠ کتێبە و چەند شیعریشی بۆ هەڵەبجە نوسیوە و کراون بە سرود و گۆرانی. خێزاندارە و خاوەنی دوو کوڕە. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە و بەڕێوەبەری کارگێڕی و ژمێریاریی لقی سلێمانییە. لەسلێمانی نیشتەجێیە.
ناوی (سەلام ڕەشید ئەحمەد)ە و بە (سەلام هانەدنی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی هانەیدن و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی بەشی ڕاگەیاندن بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن کردووە. کاری بۆ ڕۆژنامەکانی (خورماڵ، هاوڵاتی، وشە، ئاژانس) و سایتی کوردیو، ڕادوێی دەنگی گەلی کوردستان، ئاژانسى ئەنادۆڵ، نیقاشى ئەڵمانى، کردووە. نزیکەى ساڵێک سەرنوسەرى بەشى هەواڵ بووە لە ڕادوێى (دەنگى گەلى کوردستان). لە دەستەى نوسەرانى ڕۆژنامەى (ڕووماڵ)بووە، کە خوێندکارانى بەشى ڕاگەیانى زانکۆى سلێمانى دەریانکردووە. دوو ساڵە وەک ئامادەکاری بەرنامەی (ڕۆجیار)، کە بەرنامەیەکی هەورامییە، کاریکردووە. یەکێکە لە شەش ئەندامەکەى شوراى گوندى (هانەیدن).
ڕۆژنامەوان و وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە. ناوی (سەمیر تۆفیق جافر)ە. ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمانی عەرەبیی زانکۆی سلێمانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەساڵی ١٩٩٩ەوە دەستیکردووە بە کاری ڕۆژنامەوانی و لە چەندین ڕۆژنامە و دامەزراوەی میدیایی کاریکردووە، لەوانە (ئیلاف، ئیتیحادی، کوردستانی نوێ، هاوڵاتی). ماوەی سێ ساڵ سەرپەرشتیاری بەشی عەرەبیی سایتی (PUK میدیا) بووە، زیاتر لە چوار ساڵ جێگری سەرنوسەر و ماوەیەکیش سکرتێری نوسین بووە لە هەمان دامەزراوەدا. دەیان بابەت و وتاری بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی لە ڕۆژنامە و سایتەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بووتە سکرتێری ڕۆژنامەوانیی (قوباد تاڵەبانی). ساڵی ٢٠١٨ بووەتە ڕاوێژکار و وتەبێژی فەرمیی جێگری سەرۆکی حکومەت. لە ئێستادا جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (قوبادتاڵەبانی)یە و بەردەوامە لە کارەکانی.
بە(سوهەیب شێخ ئەحمەد) ناسراوە. ساڵى ١٩٨٤ لە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایى لە هەڵەبجە و ڕۆژهەڵاتى کوردستان خوێندووە. پەیمانگای مامۆستایانى لە هەڵەبجە تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن و ماستەری لە بەڕێوەبردن و میدیادا بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن کاریکردووه، لەوانه: تەلەفزیۆنی بزوتنەوە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری کەناڵەکە بووە لە سلێمانی، KNN ، پەیام، NRT. لە سەرەتای ساڵى ٢٠٢٠ـەوە میدیای (حەوت ڕۆژ)ى دامەزراندووە و تا ئێستا بەردەوامە و بەڕێوەبەری گشتیی دەزگاکەیە.
نوسەر، شێوەکار و ڕۆژنامەوانی ئەدەبییە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. چوار پێشانگای تایبەتی لە هەڵەبجە و شارەکانی تری کوردستان کردووەتەوە. لە ١١ پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. چەندین بەرنامەی هونەری و پیشەیی و شوێنەوار و پیشەکان و بەروبومەکانی وەک ڕاگەیاندکار ئامادەکردووە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بزوتنەوەی ڕوناکبیریی نیشتمانییان دامەزراندووە. لە ڕۆژنامەکانی زادگە، ئاسۆ، ڕۆژنامە، هاوڵاتی، کاریکردووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی هەشتاوهەشت بووە. لە تەلەڤزیونی گەلی کوردستان و KNN کاریکردووە. سەرنوسەری گۆڤاری ئەدەبیی (باران) و(وانەر) بووە. سەرپەرشتیار و ڕێکخەری گروپی هاوڕێیانی خوێنەرە. خاوەنی ١٤ کتێبی چاپکراوە. سەرپەرشتیی چەندین دیداری ئەدەبی و کلتوری لە شارەکانی کوردستاندا کردووە. لەوانە دیدارەکانی تایبەت بە ئەدەب و کلتوری هەورامان لە هەڵەبجە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە.
ناوی (شاخەوان عەلی دەروێش تالیب)ـە. ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە، خەڵکی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. بەشی میدیای لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەماوەی جیاوازدا: وەک بەڕێوەبەری کەناڵی NRT، پەروەردە، سەرنوسەری ڕۆژنامەی وەرچەرخان، وەک وێنەگر و پەیامنێر لە کەناڵی کۆمەڵ تی ڤی، وەک سەرنوسەر و بەڕێوەبەری سایتی زانکۆکورد، وەک پەیامنێری (ئاژانسی هەواڵی ناوخۆ)ی وەزارەتی ناوخۆ، وەک سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیازی ماڵپەڕی هەورامان نیوز، بەرپرسی لاپەڕە لە ڕۆژنامەی کۆمەڵ و ڕۆژنامەی بەیان، کاریکردووە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.
ساڵی ١٩٧٣ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی لە شاری سلێمانی خوێندووە. لە بواری چالاکی هونەری و بەرنامەی ڕادوێیدا کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە تا ئێستا بەڕێوەبەری دەنگی کوردستان/ڕادوێی هەڵەبجەیە. چەند خەڵاتێکی پێبەخشراوە.
ساڵی ١٩٨٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بوون، لە گەڕانەوەیاندا بروانەتە نوگرەسەلمان، پاش ئازادبوون دەبرێنە بەرحوشتر و لەوێ دەچیتە بەرخوێندن، پەیامنێری ڕۆژنامەی پرس، هاوڵاتی، ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، بووە. بۆ ڕۆژنامە ناوخۆیی و بیانییەکان، فۆتۆگرافەری سەربەخۆبووە. ڕاپۆرتی لە ئیتاڵیاوە بۆ ڕۆژنامەی ڕووداو ئامادەکردووە. نوسینەکانی لە ڕۆژنامەی هەواڵ، جەماوەر، ڕێگای کوردستان، هاوپشتی، هاوڵاتی، ئاوێنە، خەندان، دەستور، چەتر، بڵاوکردووەتەوە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی سیڤیل و سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی بووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. بێجگە لە کوردی، عەرەبی و ئیتاڵی دەزانێت.
ڕۆژنامەوان و شوێنەوارناسە. سڵی ١٩٩٠ لە ئۆردوگای باریکە لە شارەزوور لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە زانکۆی تاران و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە گۆڤاری بڕیار، کەناڵی ئاسمانی پەیام کاریکردووە و لە کەناڵی ئاڤامیدیا پێشکەشکاری بەرنامەی شوێنەوارناسی بووە و تا ئێستا بەردەوامە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (شاروشوراو قەڵاکانی شارەزوور)ە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ناوی (عەبدولڕەحمان کاکەوەیس عومەر)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە، تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. کە کیمیابارانی هەڵەبجە بووە، خوێندکاری زانکۆی موسڵ بووە و بەو هۆیەوە تەواوینەکردووە. چەندین بابەت و وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە. یەکەم سەرنوسەری ڕۆژنامەی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. لە: ڕادوێی دەنگی ئیسلام، ئازاری هەڵەبجە، گۆڤاری پەیڕەو، کاریکردووە. ماوەیەک بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە لە هەڵەبجە. بەرپرسی ژووری هەواڵ بووە لە کەناڵی ئاسمانیی پەیام. کتێبێکی شیعری و کتێبی (خیلافەت و پاشایەتی) چاپکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری سلێمانی دەژی.
ڕاگەیاندکار، شانۆکار و گۆرانیبێژە. ناوی (جەمال محێدین کەریم)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بە نهێنی پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و لە ١٩٨١ و دواتر بووە بە پێشمەرگە. ئەندامی هەردوو تیپی نواندنی هەڵەبجە و پێشڕەو بووە و لە چەند بەرهەمێکی شانۆییدا بەشداریکردووە، لەوانە: دزی دەستپاک، هاوارێکی تاساو. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێدا، بەشداری فیستیڤاڵ و ئاهەنگەکانی کردووە و وەک گۆرانیبێژ بەرهەمی تۆمارکراوی هەیە. لە شاخیش بەشداری چەند کارێکی هونەری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٧و ١٩٨٨ چووەتە ئێزگەی شۆڕشی نوێ و بێژەری دیاری ڕادوێی دەنگی گەلی کوردستان بووە. دوای ڕاپەڕینیش لەگەڵ دروستبوونی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە، بە بێژەر و لێپرسراوی بێژەران، دواتریش لە تەلەفزیۆنی کوردسات بەردەوامبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ڕۆژنامەوان و شانۆکارە. ناوی (عادل حەبیب ڕەزا)یە و بە (عادل کۆچەری) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندیی لە سلێمانی خوێندووە. لە بواری شانۆ، کاری ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەوانیدا کاریکردووە. بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە خولی سێیەمیدا خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەی خورماڵ بووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر، بەشداری لەچەندین شانۆدا کردووە. لەوانە (خەمی من و ژانی گەل، ژیان، تاوانبار، زەوی و نامۆبوون، زمانلووس). وەک ئەندام لە لیژنەی چەندین فیستیڤاڵدا بەشداربووە، وەک یادەکانی هەڵەبجە، شانۆی منداڵان، ئێکسسواراتی دیوان و ماڵی شاعیران و کەسایەتییەکانی، لە یەکەم فیستیڤاڵی کلتوری هەوراماندا جێبەجێکردووە. چەند خەڵاتیکی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.