کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

هەستیار هەورامی

نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (مودریک عەلی عارف مستەفا)یە و بە (هەستیار هەورامی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئیسلامی بەغداد بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری ڕادوێی هەڵەبجه، کارگێڕی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان، دەستەی دامەزرێنەری پڕۆژەی دڵاوا و کۆڕبەندی میانڕەوی کوردستان بووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی: خەزان، هەژان و سەرنوسەری پەیامی ڕاستییە. ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی ڕادوێیی بووە. سەرۆکی ناوەندی ژیرلایە بۆ کلتور و ڕۆشنبیری‌. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. نزیکەی ٢٠ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە، لەوانە: (نزا عاریفەکان، فەلسەفەی ڕۆژوو، چۆن لەگەڵ قورئاندا بژین، عاریفانەکانی پێغەمبەر، مەعنەویەت، جیلوەی جەماڵ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی مامۆستای خانەنشینە.

هەورامان عەلی تۆفیق هەورامی

ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. تا ئامادەیی خوێندووە و پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە. ئەندامی دەستەی دامەزراندنی گۆڤاری (هەڵاڵە) و دواتر بەڕێوەبەری نوسینی بووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئەلکترۆنی (هەورامان) و (نەهات) و (ئێوە) بووە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراوە، لەوانە (هەڵەبجە کارەساتی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨، سەفەرێک بۆ هەندەران، پرس و چەمکەکانی سەردەم). ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. جێگری سەرۆک و بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ئەندامی سەندیکای ئینتەر ناسیونالە. لە ئێستادا خوێندکاری دبلۆمە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسیەت لە ئەکادیمیای شاهانەی بەریتانی - سویسری.

هەورامان فەریق کەریم

ساڵی ١٩٨٤ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە کەمپی شەهیدانی هەڵەبجە لە وڵاتی ئێران و کە گەڕاویشنەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە زانکۆی تاران - بەشی کۆمەڵناسی و دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا بەرپرسی هۆبەی مێژووی زارەکییە لە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی. جگە لەوەی چەندین توێژینەوە و نوسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانه: (یادەوەری و دادپەروەری -شانزەی سێ لە کۆیادەوەری هەڵەبجەییەکاندا -، پەروەردەی ئیسلامی و ململانێی گوتارەکان). ئەم کتێبانەشی کردووە بە کوردی: (مێژووی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمریکا، دە پرسیار لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، هزرە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی، ئۆپۆزسیۆن، ژیان و هزری گەورە کۆمەڵناسان "پێنج بەرگ"، ڕزگاربوون لە خەم و پەژارە).

هومایون ساحیب کەریم

لێکۆڵەری ئەدەبی و نوسەرە‌. ناوی (هومایون ساحیب کەریم حەمە سەعید)ە. ساڵی ١٩٧٤ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانە. شیعر و نوسینی ئەدەبی لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بڵاوکردووەتەوە. بۆ ڕادوێ و تەلەفزیۆنەکان ئەم بەرنامانەی ئامادەکردووه:‌ (شنەی مۆردانە "ڕادوێی شارەزوور"، بەیانیت باش "ڕادوێی کەرکوک-سلێمانی) و بەرنامەی (جەهۆرامانۆ) بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ سەتەلایتی کودستان. بەشداری و سەرپەرشتی و هەڵسەنگێنەری دەیان کۆبوونەوە و دیداری ئەدەبی و ڕۆشبیری کردووە، لەوانە: ڤیستیڤاڵی گوڵەهەنار، حەبیبەخاتوون، گوڵعەنبەر، دیدارەکانی هەورامان، شیعری کلاسیکی کوردی، کۆنفڕانسی هەورامانناسی، دبداری مەولەوی، مەلاعبدالکریم، ئەحمەدموختار، صابری..هتد. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. لە لەئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی و بۆردی ڕۆشنبیری زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجەیە. بەرهەمە چاپکراوەکانی (شەریعەتی مەیل "ڕاڤەی شیعرەکانی مەولەوی سێ بەرگ"، هەڵەبجەی یار) .

هیدایەت هەورامی: مەلازادە

وەرگێڕ، نوسەر و ئامادەکار و وەرزشەوانە‌. ناوی (هیدایەت حسەین کەریم)ـە. بە (هیدایەت هەورامی) و (مەلازادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. پەیمانگای تەندروستیی باڵای لە سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سانت کلیمینتس بەدەستهێناوە. لە نەخۆشخانەی هیوا یاریدەدەری پزیشکە و جگە لە نوسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، نزیکەی بیست کتێبی لە بوارەکانی وەرگێڕأن، نوسین و ئامادەکردن بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: (دەگاو گوڵپی، ئەمانەت "سپاردە"، چاودێری تەندروستی و وەرزش لە ئیسلامدا، نەخۆشییە سێکسییەکان و سزای خوایی، پەیامی وەرزش، نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان، هەورامان و گوندەکانی هەورامان "چوار بەرگ"). وەک وەرزشکار لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (تیپى وەرزشیی کۆچەر لە شارۆچکەی خورماڵ، تیپى وەرزشیی سیروان لە شارۆچکەی سیروان، بنکەى وەرزشیی برایەتى -کە خۆى سەرۆک تیپەکە بووە-. لە ئۆردوگاى هەزارخانى سەر بە ناحیەى سەروئاباد یاریکردووە.

هیوا عومەر ئەحمەد

پزیشک و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٤ لە هەڵەبجە ژیاوە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (صدق) و ناوەندی لە (ئەحمەدموختار) خوێندووە. کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە و بڕوانامەی بۆرد(دکتۆرا)ی لە هەمان زانکۆ وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٤ پلەی پرۆفیسۆری لە نەشتەرگەریدا وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا گۆڤارێکی مانگانەی پزیشکی بە ناوی (هەتوان)ـەوە دەردەکات. مامۆستای کۆلێجی پزیشکییە لە زانکۆی سلێمانی. لە بواری نوسینی: ئەدەبی، وەرگێڕان، فەرهەنگنوسی، توێژینەوە و فۆلکلۆردا نوسینی هەیە و خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (حەسەن زیرەک ژیان و گۆرانییەکانی، ڕاژەنینی لانکی مرۆڤایەتی، مریشکە سوورە، دەرونزانی، تۆنێل، دەرمانگەری کوردی، فەرهەنگی پزیشکی کوردی، فەرهەنگی هیوا، فەرهەنگی پزیشکیی دادوەری، فەرهەنگی هەڵۆ، بەڵێ بە بەهار دەچێت، فەرهەنگی پزیشکی خوێندکارانی زانکۆ، ئەتڵەسی ڕەنگاوڕەنگی ناوسکبینیی، تۆ ئەو پارووەیت کە دەیخۆیت).

هێمن خورماڵی

نوسەر و شاعیرە. ناوی (هێمن حەمەئەمین ڕەحمان)ـە و بە (هێمن خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنەلۆجی له بە‌غداد تەواوکردووە. ‌لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە لە ‌یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەشداریکردووە. جگە لە کتێبی تایبەت بە شەهیدانی هەڵەبجە (دڵنیابن زێوانتانم)، (عەشقی نیشتمان، ڕێژنەی ڕۆژان، هەرزاڵه، ئاوازەکانی ژیان، خەونی فڕین)یشی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. خانەنشینە و خاوەنی سەنتەری (وەنەوشە) بۆ چارەسەر بەدەرمانی کوردەواری.

وەزگێڵ نوری حەمەعەلی

ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەزوور و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی خانەقینە. نوسەری کتێبی (گریانە لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا)یە، کە باس لە مێژوو، جوگرافیا و فەرهەنگی گوندی گریانە دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

یاسین نادر ڕەحمان

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆلێژى زمان، بەشی کوردى بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە گۆڤارى (سایە زندگى) کاری ڕۆژنامەوانی دەستپێکردووە. لە ڕۆژنامەى (کوردستان ڕاپۆرت) کاریکردووە و بەرهەمەکانی لە سایت و ڕۆژنامە‌ کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوه وەک ئەدمین لە هەر دوو پەیجى (ڕوودا) و (هەواڵەکانى هەڵەبجە) خزمەت بە دەڤەرى هەڵەبجە و سنورى دەوروبەرى دەکات. خاوەنی شەش کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانى: (عیرفانى شەمسی تەبریزى، مرۆڤم یان گوێدرێژ ئینسکلوپیدیای خۆناسین، لێپرسینەوە لە سەدام، هێزپێنج، نهێنى سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان و ژیان، بیری دارایانەى دەوڵەمەندانەت هەبێت).

یەحیا ئیسماعیل محەممەد

بە (دکتۆر یەحیا) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٨ لە ئاوارەیی و لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە. بنەماڵەکەیان خەڵکی گوندی جەلیلەن. کۆلێژی پزیشکیی دانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. هەشت کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی (وەڵامە قورئانییەکان، عەلەمانییەت لە چەمکەوە تا واقیع، تا بیناکە تەواو بێت، پیاوە بەڕێزەکە، مرۆی پێنەزان، پەیڤە ناسکەکانی قورئان، نوێژم فەوتا، مزگێنییەکان). جگە لە زمانی دایک، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش دەزانێت.

یەحیا عومەر ڕێشاوی

نوسەر، ڕاگەیاندکار، وەرگێڕ و ئەکادیمییە. ناوی (یەحیا عومەر فەتاح یەعقوب)ـە. ساڵی‌ ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندیی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ و ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی سودان لە پسپۆڕیی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. ماوەیەک لە گۆڤاری (ڕابەر) کاریکردووه. دەستەی دامەزرێنەری تیپی هونەری (گزنگ) بووه لە شاری سلێمانی. سەرنوسەری ڕۆژنامەی (الأفق الجديد) بووه،‌ کە بەزمانی عەرەبی دەرچووە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی زانستە بۆ باس و توێژینەوه. خاوەنی ١٦ کتێبی نوسراو و وەرگێڕانە. لەوانە: (میدیا و بابەتیی بوون، بنەماکانی سیستمی حوکمڕانیی لە ئیسلامدا، میدیای نوێ لەسایەی شۆڕشی زانیاریەکاندا، خەرمانی تەمەن، وێناکردنی هونەریی لە قورئاندا). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

یەدوڵڵا شەفیع حاجی محەمەد

نوسەر و وەرگێڕە، بە ئاکۆمارانی ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە تەوێڵە لەدایکبووە، سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و هەڵەبجە خوێندووە. لەبەر بەشداریی چالاکانەی لە ١٣ی ٥ی ١٩٨٧دا، دەچێتەوە شاخ. ساڵی ١٩٩٤ کوردستان جێدەهێڵێت. لەو نوسەرانەیە بۆ زمانی دایک و نوسین و خوێندنەوە بە هەورامی تێدەکۆشن، لەو پێناوەدا ساڵی ٢٠١٥ ئەلفبای هەورامی داناوە، تەختەکلیلی نوسینی بۆ سەر کۆمپیتەر و موبایل دروستکردووە، نوسەر و ئامادەکاری ڕۆژمێری تەوێڵە، ڕۆژماری هەورامانە، لە کتێبەکانی: هەنگامێ کردەیێ پەی ئاوەدان کەردیۆ ناوچەو هەورامانی و ئەوەگێلنای زوانی هۆرامی پەی بوارو وەنەی و ڕاوەبەری. هەنگاوی کردەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی هەورامان و گەڕانەوەی شێوەزاری هەورامی بۆ خوێندن و بەڕیوەبردن، ناوە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

یوست هێڵتەرمان

نوسەر و توێژەرێکی بەڕەگەز هۆڵەندییە. بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریی مافی مرۆڤە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چەندین ڕاپۆرتی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالی گەلی کوردی پێشکەشکردووە. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ ماوەی شەش مانگ لە کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگە بووە. سەبارەت بە هەڵەبجە و کیمیاباران و جێکەوتەکانی و ڕای وڵاتان، کتێبی (کارێکی ژەهراوی، ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجە)ی نوسیوە.

یوسف زاهیر مەعروف

ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. بەشی مێژووى لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. وەک مامۆستا لە کەرتی پەروەردە دامەزراوە و تائێستا بەردەوامە. لە زمانی فارسییەوە ئەم کتێبانەی کردووە بە کوردی: (مێژووی تەسەووف لەکوردستان، ئیسلام، نەوت، تاڵیبان و سەرەتای گەمەیەکی گەورەی نوێ، و تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە).

ئادەم بێبەش

شانۆکاری دێرین، شاعیری میللییە. ناوی (ئادەم محەممەد ئەحمەد خسرەو)ە. ساڵی ١٩٥٤ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە خوێندووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆی تەوێڵەی ساڵی ١٩٧٠ یە. بەشداری لە شانۆکانی (سەفەرێک بۆ حەج ١٩٧١، کاپتن ئای ١٩٧٤، کاوەی ئاسنگەر) کردووە و لە دوای ڕاپەڕینیش لە شانۆکانی (مردنی لاوێکی هەژار، تەرازوو، ئەحەشێت، من مرۆڤم، دکتاتۆر و عەلی کیمیاوی) بەشداربووە. هۆنراوەی تایبەتی بە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان خوێندووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە.

ئاری حەمەئەمین سەعید

شانۆکارە، ساڵی ١٩٧١ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشی دەرهێنانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. سەرۆکی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە، کە هەندێکیان تایبەتن بە مەرگەساتی هەڵەبجە، لەوانە، تراژیدیای هەڵەبجە، چارەنوسی ئادەمیزاد، گەمەی میر و وەزیر، ماڵئاوا ئەی شاعیران، ئەو پیاوەی بوو بە سەگ، ساڵی ١٩٩٤ کوردستانی جێهێشووە و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

ئازاد سەوزه ‌

شانۆکار، نوسەر و فلیمسازە. ناوی (جەمال محەممەد سەوزە)یە و بە (ئـــازاد ســەوزە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٢ لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی لە سەیدسادق و خانەی پێگەیەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری چەندین خولی سینەمایی لە شارەکانی هەرێم و عێراق و ئێران کردووە. وەک ئەکتەر و نوسەر و دەرهێنەر لە ٣٥ کاری شانۆیدا بەشداریکردووە و هەندێک لە بەرهەمەکانی لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە نمایشکراون، لەوانە: (سـێبـەری ڕۆحە ونـبـووەکان، ڕۆحە بلوورییەکانی نیشتمانێک، لە کەلار و ئۆکۆانیا نماییشکراوە، نزرگەی سوتانی نزاکان، ژنێک تەڕ تەڕ وەک باران، سێبەری ڕۆحە ونبووەکان، فلیمی سەگەشەل، وێنەشکاوەکانی جەنگ). سەرپەرشتاری گشتیی بەرهەمهێنانی زیاتر لە ١٠ فلیمی کورت و دەرهێنەری ١٠ فلیمی دۆکیۆمێنتاری بووە. لە بواری شانۆدا نوسین و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە‌. نۆ دەقی شانۆیی لە زمانی فارسی و عەرەبیەوە وەرگێڕاوە. خاوەن ئیمتیازی گۆڤـاری سـیـنـەمـایـی (گۆڤاری فلیم)بووە، بەڕێوەبەری دوو خولی فیستیڤاڵی فلیمی دۆکیومێنتەری بووە لە هەڵەبجەی شەهید (٢٠١٠ و ٢٠١١). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لێپرسراوی ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادقە.

ئەبوبەکر ساڵح ئەحمەد

ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەگەڵ عومەری برای بەشداری لە ڕێکخراوی ژینگەی هەڵەبجەدا کردووە و کاریان لە کۆکردنەوەی پاشماوەی چەکی کیمیایی و سپاردنی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کردووە. لە سەوزکردنی کۆڵانەکانی شار و ناوەندەکانی خوێندن، ڕەنگکردنی هەندێک لە شوێن و شەقامەکانی شار بەشداربووە. پێنج کورتە فلیمی نوسیوە لە فلیمەکانی (پەرژین، نهۆمی هەشتەم، خەونێک، کەژان، زەوی سەخت و ئاسمان دوور، سەگی پشدەر، سەگی کورد و شێری کیسۆپۆتامی، ١٩٨٨) بەشداریکردووە.

ئەحمەد دلاوەر

هونەرمەندە. ناوی (ئەحمەد محەممەد مەعروف)ـە. ساڵی ١٩٢٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغێکی بەرز نەیخوێندووە. لە بواری درامای ڕادوێییدا پێشەنگ بووە. ئەندامی تیپی نواندنی ڕادوێیی بووە لە ڕادوێی کوردیی بەغداد. یەکەم درامای ڕادوێیی بە ناوی(لەڕێی پارەدا)ی نوسیوە. دوازدە درامای بۆ ڕادوێ نوسیوە و لە دەیان درامای ڕادوێییشدا ڕۆڵی بینیووە و (ڕۆڵی ژنیشی بینیوە). ساڵی ١٩٧١ کۆچیدواییکردووە لە گۆڕستانی (گوڵانی خواروو) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

ئەختیار عەزیز کەریم

شانۆکار، وەرزشەوان، ساڵی ١٩٦٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە لە کارگێڕی و کار بەدەستهێناوە. لە وەرزشکارەکانی نیوەی دووەمی هەشتاکان بووە و لە تیپی وەرزشی ئاوێسەر و ئۆردوگای هەزارخانی ئێران یاریکردووە. لە دوای ڕاپەڕینەوە لە چالاکییە شانۆییەکاندا دەرکەوتووە و لە دەیان بەرهەمدا وەک نوسین و ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر ڕۆڵی بینیوە. لەوانە (خۆرهەڵاتن، مردنی لاوێکی هەژار، ئەحەشێت، سنور، من مرۆڤم، ژین و ژان، سۆز و پەشیمانی، سەگ بیمەی بێکارییە، مەملەکەتی سەرەتان، قەل و ڕووتە). سکرتێری لیژنەی هونەرمەندانی هەورامان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

پێشتر 1
...
22 23 24
...
60 دواتر