کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

میرزا عەبدولقادری تەوێڵەیی

شاعیر و سیاسی و کارگێڕ و حەکیم و پزیشکی میللی بووە. ناوی عەبدولقادری کوڕی حەمەیوسفی کوڕی وەستا محەممەدە. ساڵی ١٨٧٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لەتەوێڵە لای مەلا عەبدوڵای مالێدەر و مەلا عەبدەی چلانە خوێندوویەتی. یەکێک بووە لە ئەندامانی چەپڕەوی مەشرووتە، لە بڕیاردەران و ئەندامانی لیژنەی ڕێکخستن و دابەشکردنی ئاوی تەوێڵە بووە بەسەر باخەکاندا. لە ساڵی ١٩٣٥، کە شارەوانیی تەوێڵە دامەزراوە، ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی بووە. لە کردنەوەی قوتابخانەی تەوێڵەدا لە ساڵی ١٩٢٨ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. بە شیعر پێشبینیی بەفرە زۆرەکەی ساڵی ١٩١١ کردووە. کتێبێکی ١٠٠ لاپەڕەیی دەربارەی پزیشکی و دەرمانگەریی میللی هەیە. ساڵی ١٩٤٩ کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

میرزا لوتفوڵای سەعیدی سارۆخانی

شاعیر و گۆرانیبێژ بووە. ساڵی ١٩٢١ لە ئاواییی سارۆخانی جوانڕۆ لەدایکبووە. سێ ساڵێک لە سەرەتایی خوێندوویەتی. پیاوێکی خۆش کەیف و پۆشتەبووە. چەند جار سەردانی باشوری کردووە. شیعرەکانی لە ڕیگەی کاسێت و گۆرانییەکانییەوە بە ناو هەڵەبجە و هەوراماندا گەڕاون. لە گەڵ (جیهانبەخشی غەفوری مەردا مەرد، بۆتۆرت کرد بۆ تۆریا)ی وتووە، کە دوای خۆی زۆربەی گۆرانیبێژە میلییەکان وتویانەتوە. خیزاندار بووەو خاوەنی منداڵە. ساڵی ١٩٩١ کۆچیدواییکردووە.

میرزا مەنگوڕی

شاعیر و نوسەر و شانۆکارە. ناوی (محەممەد ئەمین مەنگوڕی)یە. ساڵی ١٩١٠ لە قەڵادزێ لەدایکبووە. نازناوی (مەنگوری) و هەندێک جاریش(پشدەری) بووە. ساڵی١٩٣٥ لەگەڵ مەلاحەسەنی قازی(شاهۆ) حیزبی خوێنڕێژی دامەزراندووە و دواتر بووەتە سەرۆکی. ساڵی ١٩٤٥ بەشداری کۆماری کوردستانی لە مەهەباد کردووە. ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی بووە بە فەرمانبەر. ساڵی ١٩٧١ لەسەر چاپکردنی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) تووشی کێشە بووە ڕووی لە شارەدێی تەوێڵە کردووە لەشارەوانیی تەوێڵە چووەتەوە سەر کارەکەی. نزیکەی چوارساڵ لە تەوێڵە و ساڵێک وەک پەنابەر لە ئێران ژیاوە. ساڵی ١٩٧٦ خۆی خانەنشین کردووە. لە بەرهەمەکانی: (زێرینای ئامێدی، قارەمان فەیرۆزخانی پشتکۆ، ماهراکۆ، بەسەرهاتی نەریمان بەختیاری، ئارات پوور، حەمەدەمین و بەسکێ، بوکێکی ناکام، کۆنگرێسی دوڕندەو مەل، شەوێک لە عوسبەتول ئومەمدا، گەشتی ئەستێرەی مەریخ، خەونی چوونە بەهەشتی مەنگوڕی، خوداو ئایین). ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە. پاشان ساڵی ١٩٩٢ لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ سەر شاخی کێوەڕەش لە ڕانییە.

ناتيق

شاعیره. ناوی (مەلا کەریم کوڕی مەعروف کوڕی وەسمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووە. بە خوێندنی قورئان دەستیپێکردووە و چەند ساڵێکی کەم فەقێ بووە‌. بەهۆی هەژارییەوە دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و کاری توتن و جگەرەفرۆشتنی کردووە. ژمارەیەکی باش لە دەستنوس و هۆنراوەی هەبووە، بەڵام له ‌کاتی لەشکرکێشییەکەی زەعیم سدیق بۆ سەر هەڵەبجه،‌ سووتاون. ئەوەی، کە ماوەتەوە لە دیوانەکەیدا، لە(ديوانى ناتيق)دا چاپ بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانيوە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) بەخاکسپێرراوە‌.

نالى

ناوی (خدر کوڕی ئەحمەد شاویس) یان (نالی کوڕی ئەحمەد بەگی قەرەوەیسی کوڕی وەیس کوڕی مستەفا بەگی کوڕی وەیسی کوڕی عەلی بەگ)ـە. زۆربەی سەرچاوەکان پێیانوایە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ لە گوندی (خاکوخۆڵ)ی شارەزوور لەدایکبووە. ‌لە تیرەی ئاڵی بەگی میکایەڵی عەشیرەتی جافە. بۆ خوێندن زۆر ناوچە و شاری کوردستان گەڕاوە. لەگەڵ میری بابان (ئەحمەد پاشا) پەیوەندی زۆر بووە. لە هۆنراوەکانیدا، خۆی بە (خدر) و (نالی) ناساندووە. لە بەڵگەنامەکانیشدا بە (خضـرالسليماني المعروف بنالي)، (خزر افندي الشهير بنالي السليمانيةيی)، (الشيخ خزر افندى نالي الکردي)، (خواجة نالي افندي)، (حاجي نالي افندى) و (نالي افندي) ئاماژەی بۆ کراوه. هۆنراوەکانی کۆکراوەتەوە و لە (دیوانی نالی)دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە نوسینی هۆنراوەی کوردی (شێوەی کرمانجی ناوەڕاست)دا داهێنانی کردووە و ناوی لە پاڵ (سالم) و (کوردی)دا‌ پێکەوە دێت. له ‌ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سلێمانی بەجێهێشتووە و تا کۆتایی ژیانی نەگەڕاوەتەوە. لە زمانی ئەحمەد پاشا و(خۆدزکۆ)ی دیبلۆماتەوە، بە (سەرۆکی زمانەوانەکانی وڵات) ناسێنراوە. سەفەری ئێران، شام، حیجاز، میسر و تورکیای کردووە. کاتێک لە ئەستەنبوڵ بووه، لە دانراوەکانی (بعض فوائد عقلية و نقلية) و (مناظر الانشاء)دا بەشداریکردووه. لە حیجاز، ژیانی هاوسەری لەگەڵ (زەینەب) ناوێکدا پێکهێناوە. پاش ئەوەی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٤ لە سەفەری حەج گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لە ٢٣ی ١١ی ١٨٧٧ لەوێ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی قاراجا ئەحمەد karaka Ahmed بەخاکسپێرراوە.

نەبەز ھەورامی

شاعیر، نوسەر و هونەرمەندە‌‌. ناوی (نەبەز کەمال محەممەد سەعید)ه. ساڵی ١٩٦٧ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە پەروەردە و دەروونناسیدا هەیە. یەکەمین نوسینی لە ساڵی ١٩٨٨دا بە ناوی خوازراوی (ن. ش. جوامێر)ەوە بڵاوکردووەتەوە‌. فێرخوازی چەند تیپێکی مۆسیقا بووە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی١٩٩١ەوە بە ناوی (نەبەز ھەورامی)یەوە بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. لە چەند ناوەند و کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیریدا ئەندام بووه. ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٢ لە فیستیڤاڵی ھەڵەبجەدا، بەشداری چالاکی هەبووە. سەرپەرشتیی دەرکردنی بڵاوکراوەی (خەزان) کردووە و ئەندامی دەستەی نوسەرەرانی گۆڤاری (ڕابەر) بووە. چاپکراوەکانی: (ئاوابوون، پێغەمبەرێتیی موحەممەد "د. خ"، ئیمان و ئازادی، بزوتن لە خولگەکانی عیشقدا، شیعر و عیشق و عیرفان، ئاوێتەبوون "شیعر"، عیشقی زێد و سروشت لە گۆرانی ھەورامیدا) لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

نەجمی

ناوی (محەممەد کوڕی شێخ نەجمەدینی کوڕی عومەر زیائەدین‌)ـە. زانیاری لەسەر ژیان و هۆنراوەکانی زۆر کەمە. ئەوەندە دەزانرێت، کە لە (بیارە) لەدایکبووە و هەر لەوێ خوێندنی ئاینی خوێندووە. هۆنراوەی هەبووە و نازناوی شیعریی (نەجمی) بووە. بە لاوی کۆچیدواییکردووە.

هادی بەهمەنی

ناوی (هادی ڕەشید سلێمان)ـە. بە پێنج پشتی تر دەچێتەوە سەر عەلی مەردان سانی هەورامان، کە پشتەکانی، سانیەتی هەورامانیان کردووە. ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە دایک و دوو براو دوو خوشکی شەهید دەکرێن. ساڵی ١٩٦٩ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە و بووەتە مامۆستا. لە قوتابخانەکانی شارەزوور و هەورامان وانەی وتووەتەوە. ١٩٧٠ دەکرێت سەرباز و دەنێردرێت بۆ ئوردن. لەساڵی ١٩٨٢ لە سەربازی هەڵدێت و بە خێزانەوە دەچنە تاران و لەوێوە بۆ ئەوروپا. لە ئەڵمانیا تا قۆناغی چوارەم لە زانکۆ دەخوێنێت و لەبەر هەندێک هۆکار وازی لێدەهێنێت. خێزاندارە و خاوەنی کوڕ و کچێکە. لەسەر ئەرکی خۆی چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە. لەوانە لە هەورامانەوە بۆ ئەڵمان، بەهمەنینامە، داڵانی،... هتد. دیارترین کتێبی پەیامی هەورامانە، کە تا ئێستا پێنج جار چاپ بووە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

هێمن لەتیف تالب

ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٩ەوە هۆنراوە دەنوسێت و لە بڵاوکراوەکاندا بڵاوی کردووەتەوە. ئەندامی لیژنەی باڵا و سەرپەرشتیاری چەندین دیدار و فیستیڤاڵی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە، لەوانە: دیداری ئەحمەدموختار بۆ چیرۆک، دیاری وێژەی هەورامی، فیستیڤاڵەکانی گوڵەهەنار. وەک لایەنی هونەری لە چەندین کورتە فلیم و شانۆدا کاریکردووە، لەوانە: تارمایی دەستەکان، ئێمە. نامیلکەی شیعری (بەفری خەم، ئەوینی تۆ بوونی منە)ی چاپکردووە. بەشێک لە شیعرەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە: هۆشیار حەمەفەرەج، سامان عومەر، هەڵوێست محەممەد، هونەر محەممەد، بەرهەم جەلال، شاخەوان حەمەڕەزا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە.

هێمنی مام نادر

ناوی (هێمن نادر قادر)ە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجه ‌و ئامادەیی لە هەولێر و بەشی میکانیکی لە پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک تەواکردووە و دواتر بووە بە پێشمەرگە و ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە هەندەران و ساڵی ٢٠٠٦ بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان. زۆرێک لە شیعرەکانی لە لایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە: بەهجەت یەحیا، ئارا ئەحمەد، سارەنگی سەیفی زادە، نازێ عەزیزی، شێرکۆ مستەفا، کیژان ئیبراهیم... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە.

وافی

ناوی (مەلا مستەفای کوڕی مەلا عەلی کوڕی مەلا غەفوری مەلا خدری بانەییە). باپیری بە مەلایی هاتووەتە گوندی خەرپانیی نزیک هەڵەبجە. ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. بە منداڵی دەستیکردووە بە خوێندنی ئایینی و گەلێک شوێنی کوردستان گەڕاوە. خوێندنی تەواوکردووە و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لە دەوڵەتی عوسمانیدا کاربەدەست بووە. لە زۆربەی بابەتەکان شیعری هەیە. نیشتمانپەروەر و دۆستی شێخ مەحمودی نەمربووە. ساڵی ١٩٣٢ کۆچیدوییکردووە.

وەرزێر حەمەسەلیم

شاعیر، نوسەر و هونەرمەندە. ناوی (ڕێبوار حەمەسەلیم)ـه. ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٨٣ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە، لەو ساڵەوە تا ئێستا مامۆستای قوتابخانەیه.‌ لە دامەزرێنەرانی یەکێتی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کوردە، خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕابەر بووه ١٩٩١ بۆ ١٩٩٩، خاوەنی دیوانە شیعری (گەردانه)‌ و کتێبی (ژێر بەڕەکەم له بیست ساڵدا)یە، چەند کتێبیشی وەرگێڕاوە. لەوانە (حیکمەتی حوکمە شەرعییەکان). لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی بە کاری سیاسی کردووە و وەک کادیرێکی ڕاگەیاندن دەرکەوتووە، بووە بە بەڕێوبەری چەند ڕادوێ و تەلەفزیۆنێک. چەندین دەقی شانۆیی نوسیوە و خۆیشی لە نمایشکردنیاندا کارەکتەری سەرەکی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

وەستا سەباحی ئاسنگەر

ناوی (سەباح عەبدولڕەحمان محەممەد فەقێ عەلی)یە و بە وەستا (سەباحی ئاسنگەر) ناسراوە. ساڵی١٩٧٠ لە (گریانە) لەدایکبووە. ناوەندیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی دوکاندارە. هۆنراوەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەری نوسیوە و لە کۆڕ و بۆنەکاندا خوێندوویەتییەوە و لە ڕادوێ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا ژمارەیەکیانی بڵاوکردووەتەوه. چەند شیعرێکی کراون بە گۆرانی. چەند جارێک خەڵات کراوە. گروپێکی شاعیرانی میللیان لە ئاستی چەند شارێکی کوردستان دروستکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەستا مستەفای ئەلە

ناوی (مستەفا عەلی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٢٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. کڵاشچنێکی بەتوانا بووە. لای مەلا عەبدولحەمیدی مالێدەر و حاجی مامۆسا خوێندوویەتی. لای وەستا ئەبوبەکری برای فێری کڵاشکردن بووە. لە لاوێتیدا زۆر لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە شیعر و هۆنراوە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی تەنز و موناجات و شۆخییە. ساڵی ١٩٩٧ لە کرماشان کۆچیدواییکردووە و لە سەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەلی دێوانە

ناوی (وەلیدی کوڕی کوێخا محەممەد)ە. بەپێی بۆچوونێکی تر، ناوی (میرزا محەممەد یان "ڕەزا""‌) یه. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٤٥ لە (بەکراوا) و بەپێی بۆچوونێکی تر، لە نزیک (دەشتی "شاکەل" و "شێروانە") لەدایکبووە. نەخوێندەوار بووە. شەیدای (شەم: شەمسە) بووە، کە سەر بەهۆزێکی تری هەمان تیرەی (کەماڵەیی)‌ بووه، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان هۆزەکانیانەوە بەیەک نەگەیشتوون. زمانی فارسی زانیوە. زۆرتر بە شێوەی گۆران شیعری نوسیوه و هۆنراوەکانی لە (دیوانی وەلی دێوانە)دا کۆکراونەتەوە و چاپکراون‌‌. لە دەوروبەری ١٨٠١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی قەدپاڵی کێوی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.

وەیس مراد حەمەعەزیز هاواری

ناوی تەواوی وەیس مراد عەزیز وەیس مرادە و لە ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. شەیدای خوێندەواری بووە و لەبەر نەبونی قوتابخانە لە گوندەکەیاندا، دوو ساڵ لای سۆفی ڕەشید هاواری بووە بە قوتابی و خوێندن و نوسینی زانیوە. شاعیر لەبەر بژێویی ژیانی، لە ناوچەی سۆڵەی ژووروو وڵاخداری و باخداری کردووە. شیعرەکانی لە لایەن کوڕەکەی ئەرکان وەیس مراد کۆکراونەتەوە و پارێزراون. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیر میللی

یاوەر هەورامی

ناوی (ئیبراهیم عەبدولکەریم هانەقوڵی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی هانەی قوڵ لەدایکبووە. کەسێکی شەیدای سروشتە. شیعرەکانی لە خۆشەویستیی خاک و ئاو و بەها ڕەوشتییەکان دەدوێن. بە هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست/شێوەزاری سلێمانی شیعری نوسیوە. پێنج بەرهەمی چاپکراوی هەیە. لەوانە (شادی دڵان، گاوگۆراڵەو هەورامانی، هەپشوور، بەرزەڵنگ و هۆرامانی) ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.

یەعقووب

ناوی (میرزا یەعقوب کوڕی ئەحمەدی گەڵاڵی)یە. ساڵی ١٨٣٣ لە گوندی (حاسڵ)ی بناری شارەزوور لەدایکبووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن، ڕووی لە سلێمانی کردووە. بۆ هەمان مەبەست، چووەتە سنە و لەوێ خوێندنی ئاینی تەواوکردووە وەک مەلا گەڕاوەتەوە گوندەکەی. تەنها ژمارەیەکی کەم لە هۆنراوەکانی ماونەتەوە. ساڵی ١٨٩٢ کۆچیدواییکردووە.

ئاراس محەمەد ساڵح

نووسەر و مامۆستاى زانکۆیە. لە ساڵى ١٩٧٠ لە دايکبووە. ساڵى ١٩٩٦ کۆلێجى شەريعەى زانکۆى دهۆکى تەواو کردووە. بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا چووەتە وڵاتى سودان. لە ساڵى ٢٠٠١ خوێندنى ماستەر و ساڵى ٢٠٠٥ بڕوانامەى دکتۆراى وەرگرتووە. نووسينى لە ڕۆژنامەو گۆڤارو سايتەکاندا هەيە. ئەندامى سەنديکاى ڕۆژنامەنووسانى جيهانييە. زیاتر لە (٤٠) توێژینەوەی زانستی بڵاوکردووەتەوەو هەشت کتێبی چاپکراوی هەیە. لەوانە: (ناساندنێکی مزگەوتەکانی سلێمانی و خوێندنگە ئایینیەکانی)، (مێژووى خانەقاو خوێندنگەى بياره)‌، (مێژووی خوێندنگەو مزگەوتی گەورەی خورماڵ). خێزاندارەو خـاوەنی دوو منـداڵـە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

ئازاد حەمدی

نوسەر، وەرگێڕ، ئامادەکار، شاعیر و پەروەردەکارە‌. ناوی (ئازاد حەمدی قادر ئەفەندی گەورە)یە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٠ بووە بە مامۆستا. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. دامەزرێنەر‌ی (یەکێتیی لاوانی کوردستان) و ساڵی ١٩٧٢ سکرتێری لقی سلێمانی ڕیکخراوەکە بووە. کاری ڕامیاریکردووە و بەو ھۆیەوە ماوەیەک دەستگیرکراوە. دوای ئازادکردنی، ڕاژەکەیان گواستووەتەوە بۆ پڕۆژەی بەنداوی (سەرسار) لە (فەلوجە). ساڵی ١٩٨١ خانەنشین بووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بووەتەوە بە مامۆستا. کتێبی (کاروانی شەهیدان)ـی تایبەت بە تێکۆشەرانی حزبی شیوعی و (ھەڵەبجە و کەسایەتییەکانی "بە دوو بەرگ") و (هاوار بیرەوەری مامۆستایەک)، چاپ و بڵاو کردووەتەوه،‌ کە تێیدا‌ ئاوڕی لە مێژووی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی، وێنە و زانیاری تایبەت بە هەڵەبجە داوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

پێشتر 1
...
13 14 15
...
60 دواتر