نالى
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ناوی (خدر کوڕی ئەحمەد شاویس) یان (نالی کوڕی ئەحمەد بەگی قەرەوەیسی کوڕی وەیس کوڕی مستەفا بەگی کوڕی وەیسی کوڕی عەلی بەگ)ـە. زۆربەی سەرچاوەکان پێیانوایە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ لە گوندی (خاکوخۆڵ)ی شارەزوور لەدایکبووە. لە تیرەی ئاڵی بەگی میکایەڵی عەشیرەتی جافە. بۆ خوێندن زۆر ناوچە و شاری کوردستان گەڕاوە. لەگەڵ میری بابان (ئەحمەد پاشا) پەیوەندی زۆر بووە. لە هۆنراوەکانیدا، خۆی بە (خدر) و (نالی) ناساندووە. لە بەڵگەنامەکانیشدا بە (خضـرالسليماني المعروف بنالي)، (خزر افندي الشهير بنالي السليمانيةيی)، (الشيخ خزر افندى نالي الکردي)، (خواجة نالي افندي)، (حاجي نالي افندى) و (نالي افندي) ئاماژەی بۆ کراوه. هۆنراوەکانی کۆکراوەتەوە و لە (دیوانی نالی)دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە نوسینی هۆنراوەی کوردی (شێوەی کرمانجی ناوەڕاست)دا داهێنانی کردووە و ناوی لە پاڵ (سالم) و (کوردی)دا پێکەوە دێت. له ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سلێمانی بەجێهێشتووە و تا کۆتایی ژیانی نەگەڕاوەتەوە. لە زمانی ئەحمەد پاشا و(خۆدزکۆ)ی دیبلۆماتەوە، بە (سەرۆکی زمانەوانەکانی وڵات) ناسێنراوە. سەفەری ئێران، شام، حیجاز، میسر و تورکیای کردووە. کاتێک لە ئەستەنبوڵ بووه، لە دانراوەکانی (بعض فوائد عقلية و نقلية) و (مناظر الانشاء)دا بەشداریکردووه. لە حیجاز، ژیانی هاوسەری لەگەڵ (زەینەب) ناوێکدا پێکهێناوە. پاش ئەوەی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٤ لە سەفەری حەج گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لە ٢٣ی ١١ی ١٨٧٧ لەوێ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی قاراجا ئەحمەد karaka Ahmed بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- دیوانی نالى، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم، پێداچوونەوەی: موحەممەدی مەلا کەریم، سەرپەرشتی چاپی نوێ: عەتائوڵڵای حەواری نەسەب، بڵاوکردنەوەی کوردستان، کەڕەتی چاپی هەشتەم، ١٣٩١، ل٧-٦٩.
- نزهة الفکر، تأليف: أحمد محمد الحضراوي المکي الهاشمي، حققه: محمد المصري، القسم الأول، دمشق، ١٩٩٦، ص ٢٥٧.
- نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا، هێمن عومەر خۆشناو، زانکۆی سۆران، ٢٠١٧، ل٤٢.
- مناظر الانشاء، تأليف: محمود بن محمد الگيلانى المعروف ب (خواجة عمادالدين گاوان)، تقديم و شرح الابيات العربية بالفارسية: ملا خضر النالي الشهرزوري. تحقيق و مراجعة و تخليص الدکتور صباح محمد البرزنجى، من منشورات ملتقى نالي، ٢٠١١، ص(د- ص).
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق