بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
شاعیر و نوسەرە. ناوی تەواوى (کەریم محمود حەمەسەعید)ـە. ساڵی ١٩٤٧ لەگوندی )زاوەر) ی هەورامانی لهۆن لەدایکبووە. ساڵی ١٩٥٢ هاتوەتە خورماڵ. سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ و هەڵەبجە خوێندووە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و ١٩٧١ بە مامۆستا دامەزراوە. پەیامنێری ئێزگەی دەنگی کوردستان بووە لە پارێزگای سلێمانی. دەیان چاپکراوی هەیە. لەوانە: (نەفرەت لە کورد کوژی، بژی برایەتی کورد و کور، بۆچی جەماوەر لە دەسەڵات نیگەرانن، پریاسکەیەک لە خەم و خەونەکانم، نەی ژەن، پۆستاڵ، چەند پێشنیار و بیرخەرەوەیەک بۆ بەرچاوی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان). هاوسەرگیرى کردوە و خاوەنى ٤ منداڵە، ئێستە مامۆستای خانەنشینە و لە هەولێری پایتەخت لە ماڵی خۆی نیشتەجێیە.
ناوی کەمال ئەمین فەتاحە (نوسەر و وەرگێڕ)ـە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە، لە شەش ساڵییەوە براوەتە بەر خوێندن. ساڵی ٢٠٠٥ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی بەکالۆرێسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ماستەری لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە. ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵێک ڕێکخراوی زانستی و ئاینییە، زیاتر لە دە کتێبی چاپکردووە، لەوانە: میرات و چۆنێتی دابەشکردن و چەندێتی وەرگرتنی لە فیقهی ئیسلامیدا، زانستی لۆجیک، ڕاڤە و لیکدانەوەی(مغني الطلاب)، سەرفیترە لە فیقهی ئیسلامیدا، ئیستا لە سلێمانی دەژی.
نوسەر و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیرییە. ناوی (کەمال حسێن ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. تا ساڵی ١٩٨٣ پێشمەرگە بووە. خاوەنی چەندین کتێب و نامیلکەیە، لەوانه: (لە زیندانەوە بۆ نەمری، هەورامان مەڵبەندی بەرهەمهێنانی نەرمونیانی، هەناسەکانی یەکگرتوو لە ژێر وەڵامی پێنج پرسیاردا). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە وڵاتی سوید کردووه و ساڵی ٢٠١٠ گەڕاوەتەوە گوندی (خەرپانی) و دەستیکردووە بە بونیادنانی شوێنێکی گەشتیاری. ساڵی ٢٠١٥ کۆچیدواییکردووە و لە خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
نوسەر، سەرۆکی ڕێکخراوی (دۆستانی هەڵەبجە)یە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەبێتە ئەندامی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی لە شاری هەڵەبجە و تا ساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بەردەوامبووە. لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا (بنکەی ڕۆشبیریی سەردەم) دادەمەزرێنن، پاشان وەک سەرۆکی ئەو بنکە ڕۆشنبیرییە هەڵدەبژردرێت. پاش کردنەوەی لقی شارەزووری (بنکەی ئەدەبیی ڕووناکبیریی گەلاوێژ)، وەک سەرۆکی ئەو لقە هەڵدەبژێردرێت. لە کتێبەکانی: حاجی میرزا تۆفیق، عاشق و زاهید و بەخشندەیەکی سەردەمی خۆی، (چیرۆکەکانی شار) چوار بەرگی لێ بەچاپ گەیشتووە. ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوشاریدا، ڕێکخراوی (دۆستانی هەڵەبجە)ی لە پارێزگای هەڵەبجە دادەمەزراندووە و بووە بە سەرۆکی ڕێکخراوەکە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.
نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی و لە بواری مێژوودا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا مامۆستای زانکۆی سلێمانییە. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (ڕێکخستنە سیاسییەکانی باکوری کوردستان، ئیسلامی سیاسی و ئیسلامیەکانی کوردستان، کورد لەسەردەمی خەلافەت و خەواریچ، خوێندنەوەی میتۆد و پێڕەوی ئیسلامییەکانی کوردستان، داعشناسی، داعش و داعشناسی، چەپ و چەپی تورکیا، مێژووی پەکەکە، مێژووی پەیەدە، حزبوڵای کوردی لە تورکیا، ئیسرائیل لە مێژووی کوردستاندا، سەلەفیزم لە کوردستاندا، مێژووی پەیوەندیەکانی ئێران و هندستان، ئیسلام لە نیمچەدورگەی باڵکان).
ڕۆژنامەنوس و نوسەرە، ساڵی ١٩٦٩ له خێزانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و ئەدەبدۆست لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی له هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٨٦- ١٩٩٠ له کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندووە و بە پلەی زۆرباش تەواویکردووە. خێزانداره و خاوەنی یەک منداڵە. کتێبەکانی له بواری پەروەردەدا و لەبارەی پەروەردەوە، پەروەرده و گۆڕین، وتارە پەروەردەییەکانی، چاپکردووە. نزیکەی ٢٠ ساڵ کاری ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژنامەکانی (هاوڵاتی، ئاوێنە، هاوبیر، ڕۆژی گەل، ئامانج، ٢١، تیرۆژ، راسان، زەمەن، کەلەپوری کورد، سبەی.. هتدا) کردووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی گەل و جێگری سەرنوسەری ڕۆژنامەی هاوبیر بووە. کاری لێکدانەوە و ساخکردنەوەی بۆ ١٠ شاعیر کردووە، لەوانە: دیوانی محەمەدخامۆش، کەمالی چاپکردووە.
مامۆستای ئاینی و نوسەرە. ناوى (مەلا عەبدولڕەحیمى چروستانی کوڕى مەلا عومەرى کوڕى شەریفى کوڕى ئیبراهیم)ـە. ساڵى ١٨٧٦ لە گوندى (چروستانە) لەدایکبووە. خزمایەتى لەگەڵ مەولەوى شاعیردا هەیە، هەر لەبەر خۆشەویستیى ئەو، بەو ناوەوە ناونراوە. لە تەمەنى چوار ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنى ئایینى لای چەندین مامۆستا زانستى ئاینى وەرگرتووە. دواى وەرگرتنى مۆڵەتى مەلایەتى چووەتە گوندى ئابڵاغ و لە مزگەوتى شێخ سەلام دەستیکردووە بە تەدریس. لە ترسى هێرشى ڕووسەکان، سلێمانى بەجێهێشتووە و چووەتە بەرزنجە. لە کۆتایدا لە دەوروبەرى ساڵى ١٩٣٤ لە بەرزنجە کۆچیدواییدەکات و لە لاى شێخ عیسا و موساى بەرزنجەدا دەنێژرێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە. چەندین دانراوی لە بوارەکانى وەک (علم النحو، المنطق، الفرائض، التجوید، ألاداب و الحکمە، العقاید، الموعظة) هەیە و چەندین حاشییەى بۆ کتێبەکانى (نامیلکەیەکى فەرائیز، بورهانى گەلەنبەوى، ئادابى گەلەنبەرى، فەرائیزى شێخ مەعروف، فتح المعین، شەرحى عەقائیدى تەفتازانى) داناوە.
نوسەر و وەرگێڕ و شاعیرە، ناوی تەواوی مەحموود قادر ئەحمەدە، ساڵی ١٩٢٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خولیای ئیلاهیات و لاهوتی لەسەر بووە و لای گەلێک مەلای ناودار خوێندویەتی و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەبەرئەوەی لە بنچینەدا مۆریاسین، لە مۆریاس بووەتە مەلا. شیعر و وتاری لە ژیان و ژین و گەلاوێژدا نوسیوە. ساڵی ١٩٥٨ بووەتە مامۆستا. لە کتێبەکانی: کەشکۆڵێک لە گەنجینەی ژیانی کوردەواری، دیوانی کزەڵ، یۆگا هەمیشە لاوی، چوار وتار بۆ چوار قارەمان، پەند و ئامۆژگاری، دەبەرگ لە کتێبی ڕوەکناسی، ڕزگاربوون لە مەرگی دەسکرد، بەختنامە. بۆ ماوەی دە ساڵ ئەندامی کارای یەکێتیی نوسەرانی کورد بووە. خێزانداربووە و خاوەنی منداڵە، ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.
مێژوونوس، زمانەوان، فەرهەنگسازە. ناوی (حەمەئەمین غەفور عەبدوڵا)يە. لە تایفەی مەلا براھیمی بیارەیە. ساڵی ١٩٢٨ لە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە بیارە و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و چەند ساڵێک مامۆستا بووە. بۆ خوێندن چووەتە زانکۆی (موستەنسرییە) و لە زمانە ئەوروپاییەکان بەشی (زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی) خوێندووە. لە ساڵی ١٩٨٣بۆ ١٩٨٩ بە زەمالە خوێندنی لە(ئەسکەندەرییە) تەواوکردووە و لە مێژووی ڕێبازی زمانی کوردیدا (P. H. D)ی وەرگرتووە. ماوەیەک ھاوکاریی بەشی کوردی و پەروەردەی کوردی بووە لە زانکۆی بەغداد و ماوەیەکیش وەک (ئەندامی یاریدەدەر) ھاوکاری (کۆڕی زانیاریی کورد)ی کردووە. سەفەری کردووە بۆ (سویسرا) و ساڵی ٢٠٠١ گەڕاوەتەوە هەورامان. لە بواردا چەند بەرهەمێکی هەیە، لەوانە: (گوڵزاری هەورامان، مێژووی هەورامان، لەیلێ و مەجنوون، دیوانی میرزا عەبدولقادری پاوەیی، کاکەیی، زمانی ئاڤێستا، فۆنەتیکی زمانی کوردی، فەرھەنگی ئاریانڤاچ، فیلۆلۆژی زمانی کوردی..هتد). بە گەڕانەوەی بۆ هەورامان و بیارە، سەنتەری ڕۆشنبیری د. حەمەئەمین هەورامانی دامەزراندووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە و لەبیارە بەخاکسپێرراوە.
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە شارۆچکەی کفری خوێندووە. کۆلیژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و ڕێکخراوەکانی تری مرۆڤدۆستیدا کاریکردووە. ماوەی هەشت ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سێمانی بووە. لەو بوارەدا هاوکاری هەژار و قوربانیانی جینۆسایدی کردووە. بە تایبەتی منداڵانی هەڵەبجە. خاوەنی ٤٠ کتێبە لە بوارەکانی: جینۆسایدی کورد، ئەدەب و ڕۆشنبیری، مێژوو، ناسیونالیزم و کەلەپوور، جینۆساید لە عێراقدا، مێژووی کورد، کارێکی ژەهراوی و ئەمریکاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە، گۆڕینی ڕژێم، کورد لە نامەکانی میس بێڵ، مەولانا خالدو دەسەڵاتی میراتی ئایینی، قبور غیر هادئە) و دەیان وتاری بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. چەندین خەڵات و پاداشتی وەرگرتووە. لەوانە خەڵاتی زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
نوسەر و ڕاگەیاندنکارە. ناوی (محەممەد سابیر ساڵح محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی و دواناوەندیی ئێوارانی لە هەڵەبجەی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە بوارى هونەری و وەک ئەکتەر لە نزیکەی ٢٠ دراما و فلیم و شانۆدا بەشداربووە. خاوەنی کتێبێکە لەسەر (مێژووی ئەحمەدئاوا). ماوەی هەشت ساڵ بەرنامەی لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن پێشکەشکردووە. ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە. خاوەنی خەڵاتی زێرینی شاکر فەتاحە.
ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەرستارییە و دواتر پەیمانگای چاودێریی منداڵانی لە وڵاتی بەریتانیا تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. چەند کتێبێکی نوسیوە و وەرگێڕأوە، لەوانه: (چاو و پەناگە ئیمانییەکان، لەخۆگرتن لەژیانی بانگەواز و بانگخوازدا، وەرگێڕان، ئازادییە گشتییەکان لەدەوڵەتی ئیسلامیدا، سەرگوزەشتە لە مێژوو، دواندنی منداڵ کاتێک گەورەیەک شێرپەنجەی هەیە).
نوسەر و ئیمامی مزگەوتە. بە (حسامەدینی سانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئێران زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. لە بونیادنانەوەی خانەقا و مەدرەسە ئاینییەکان و مەرقەد و مزگەوتی مەشایخی نەقشبەندی لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەی تەوێڵە، کاریکردووە. لە ئێستادا لە هەڵەبجە سەرپەرشتیار و ئیمامی خانەقای هەڵەبجە و مەرقەد و خانەقای تەوێڵەیە. دوو کتێبی چاپکراوی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانەکانی: (بەیداخهەڵگرانی ڕێبازی حیسامی، کورتەیەک لە سراج التالبین).
نوسەرە. ساڵی ١٩٥٤ لە هەڵەبجە لەگەڕەکی سەرا لە دایکبووە. هەر لەوێ سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و ساڵی ١٩٧٦ ئامادەیی تەواوکردووە و لە ئاماری هەڵەبجە دامەزراوە و لە گەڵ دامەزراندنی دەزگای هاندانی وەبەرهێناندا، ڕاژەکەی گواستووەتەوە. زانیاریی زۆری لەسەر باری ژیان و گەشەی هەڵەبجە هەیە. چەندین وتاری لەسەر هەڵەبجە نوسیوە و چەند بەرهەمێکی وەرگێڕاوە. خاوەنی کتێبی هەڵەبجە، یادەوەریی و شارستانیێتییە. خێزاندارە، خانەنشینە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.
نوسەر، لێکۆڵەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (محەممەدی مەلا کەریمی مودەڕیس)ـە. لە ١٤ی ٨ی ١٩٣١دا لە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی فەقێیەتی لە بیارە و سلێمانی خوێندووە. لە سەرەتای لاوێتییەوە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی ١٩٤٩ -١٩٥٠دا گۆڤاری (العروة الوثقی) بە دەستنوس دەرکردووە. دواتر لەگەڵ چەند فەقێیەکی هاوڕێی گۆڤاری (دەنگی فەقێ)ی دەرکردووە. پەیوەندیی لەگەڵ بزوتنەوەی نیشتیمانی هەبووە و ئەندامی لیژنەی ئاشتیخوازانی سلێمانی بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٧ چوار جار دەستگیراوە. لە ژمارەیەکی زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاریکردووە و نوسینی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە گۆڤارەکانی شەفەق، هیوا، توتن، ئیسلاحی زەراعی، بەیان، ڕەنگین و ڕۆژنامەی ئازادی، تەئاخی، برایی، الفکر الجدید-بیری نوێدا کاریکردووە. تا کۆچیدوایی، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی بووە لە هەولێر. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. زیاتر لە ٣٠ کتێبی چاپکراوی بە نوسین و وەرگێڕان هەیە، لەوانە (ضوء علی الوضع فی الإیران، جەنگاوەرێکی ڤێتنامی، شیرین و خوسرەوی خانای قوبادی، کردستان فی سنوات الحرب العالمیة الأولی، نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانییەوە، مەولەوی ژیان و بەرهەمی،..). ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە لە گردی مامەیارە بەخاکسپێراوە.
نوسەر، چالاک لە کەیسەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد محەممەد سەعید محەممەد بارام)ـە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی گۆمەلاری سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. تەنها خۆی و خوشکێکی لە خێزانەکەیان لە کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاریان بووه و ئاوارەی ئێران بوون. پاش ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە. لە ڕێکخراوی یۆنۆپسی سەر بە UN وەک مینهەڵگرەوە دامەزراوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە. لە ساڵی ٢٠١١وە ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و وەک فەرمانبەر کاردەکات. لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بووە بە بەڕێوەبەری مۆنۆمێنت. خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (منداڵەونبووەکان، مۆنۆمێنێتی هەڵەبجە، پێناسەیەک بۆ جینۆساید).
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (محەممەد کوڕى مەلا محەممەد حەمەمیرزا هەورامانی)یە و بە (مامۆستا محەممەد) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندى (هانەیدن) لەدایکبووە. بەشى دەروونناسى لە زانکۆی کەرکوک تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. خاوەنی نزیکەی چل کتێبی نوسین و وەرگێڕانە لە زمانی عەرەبییەوه، لەوانه: (مافى ئافرەت، ٢٥ هەڵە لە پەروەردەکردنى منداڵ، مەلا محەممەد حەمەمیرزا هاورامانى، خۆزگە مەلێک بام، چارەسەر، ژیانت نوێ بکەرەوە، ژینگە دایکمانە). لە ئێستادا لە شارى سلێمانى نیشتەجێیە.
نوسەر، یاساناس و پسپۆڕی بواری شەریعەتە. ناوی (مستەفا ئیبراهیم محەممەد ئەمین زەڵمی)یه. ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵم سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە، خوێندنی ئاینی لە مزگەوتەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواوکردووە، ساڵی ١٩٤٦ لای مەلا نورەدینی جەلیزادە لە کۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. تاقیکردنەوەی سەرەتایی و ناوەندی بە شێوەی دەرەکی ئەنجامداوە، ئامادەیی لە بەغدا خوێندووە، ساڵی ١٩٦٥ بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەر و دوو بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیقهی بەراوردکاری و یاسادا. ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٥٥ لە زەڵم دەرسی بە فەقێیان وتووەتەوە، ساڵی ١٩٥٥ وەک ئیمام لە سوپای عێراقیدا ئەرکی بەجێهێناوە، ماوەیەک مامۆستای مزگەوت بووە لە سلێمانی، ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ٢٠٠٨ مامۆستای زانکۆ بووە، سەرپەرشتی زیاتر لە سەد ماستەرنامە و دکتۆرای کردووە، لە پای ئەو خزمەتانەی کردوویەتی، لە ئاستی باڵای وڵاتاندا دەیان خەڵاتی پێبەخشراوە. ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بووە بۆ کاروباری ئاینی، بەشداری داڕشتنی دەستوری لە چەند وڵاتدا کردووە، شەقامێکی سەرەکی لە شارۆچکەی خورماڵدا بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە توێژینەوەی زانستییە لە بواری ئاین و یاساکاندا، کە لە ژیانی خۆیدا هەمووی کۆکراوەتەوە و لە ٢٦ بەرگدا بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (الأعمال الکاملة للزلمي) چاپکراوە، پاشان وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی بە ناونیشانی کۆبەرهەمی مستەفا زەڵمی چاپکراون. ساڵی ٢٠١٦ لە هەولێر کۆچیدواییکردووە و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی و لەسەر ئەرکی خۆی لە خورماڵ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری و توێژینەوە بە ناویەوە دروستکراوە و کتێبەکانی پێشکەش بەو مەڵبەندە کردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.
نوسەر، پێشنوێژ و وتاربێژە. ناوی (مستەفا محەمەد جەعفەر عەباس)ـە و بە (مستەفا محەمەد گوڵپی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندى (گوڵپ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى چوار منداڵە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. خاوەنی ١٧ کتێبى چاپکراوە، لەوانە (چۆنیەتى عومرە هەنگاو بەهەنگاو، ڕۆح چییە؟، ئامۆژگارییەکانى خێزان، ئاینەکەت بناسە، تەفسیر و بەیان بۆ موفرەداتى قورئان).
نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (موئمین یاسین محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لە گوندی (زەڵم) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خۆرهەڵاتى کوردستان و خورماڵ و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئینگلیزی بەدەستهێناوە. ماستەرى لە وڵاتی هیدستان و دکتۆرای لە وڵاتی تورکیا بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی مامۆستا بووە. بەڕێوەبەری ئەکادیمی و دڵنیایی جۆریی لە پەیمانگای تەکنیکیی گەشە بووە. لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆکی بەشی وەرگێڕانی ئینگلیزییە لە زانکۆی جیهان لە سلێمانی. لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە وەک ڕۆژنامەوان، وەرگێڕ، نوسەر و پەیامنێر لەگەڵ چەندین دەزگای ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانی کاریکردووە. خاوەنی حەوت کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (کتێبی داعش لە کوێوە بۆ کوێ؟، جیهادی گەنجانی کورد لە سوریا؛ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کۆمەڵە وتاری جۆماڵ، با گۆزەکە نەشکێت، عاریفی سەدەی ٢١ بە کوردی دەدوێت).