مستەفا زەڵمی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 246

نوسەر

نوسەر، یاساناس و پسپۆڕی بواری شەریعەتە. ناوی (مستەفا ئیبراهیم محەممەد ئەمین زەڵمی)یه. ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵم سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە‌، خوێندنی ئاینی لە مزگەوتەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواوکردووە، ساڵی ١٩٤٦ لای مەلا نورەدینی جەلیزادە لە کۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. تاقیکردنەوەی سەرەتایی و ناوەندی بە شێوەی دەرەکی ئەنجامداوە، ئامادەیی لە بەغدا خوێندووە، ساڵی ١٩٦٥ بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەر و دوو بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیقهی بەراوردکاری و یاسادا. ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٥٥ لە زەڵم دەرسی بە فەقێیان وتووەتەوە، ساڵی ١٩٥٥ وەک ئیمام لە سوپای عێراقیدا ئەرکی بەجێهێناوە، ماوەیەک مامۆستای مزگەوت بووە لە سلێمانی، ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ٢٠٠٨ مامۆستای زانکۆ بووە، سەرپەرشتی زیاتر لە سەد ماستەرنامە و دکتۆرای کردووە، لە پای ئەو خزمەتانەی کردوویەتی، لە ئاستی باڵای وڵاتاندا دەیان خەڵاتی پێبەخشراوە. ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بووە بۆ کاروباری ئاینی، بەشداری داڕشتنی دەستوری لە چەند وڵاتدا کردووە، شەقامێکی سەرەکی لە شارۆچکەی خورماڵدا بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە توێژینەوەی زانستییە لە بواری ئاین و یاساکاندا، کە لە ژیانی خۆیدا هەمووی کۆکراوەتەوە و لە ٢٦ بەرگدا بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (الأعمال الکاملة للزلمي) چاپکراوە، پاشان وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی بە ناونیشانی کۆبەرهەمی مستەفا زەڵمی چاپکراون. ساڵی ٢٠١٦ لە هەولێر کۆچیدواییکردووە و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی و لەسەر ئەرکی خۆی لە خورماڵ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری و توێژینەوە بە ناویەوە دروستکراوە و کتێبەکانی پێشکەش بەو مەڵبەندە کردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی تاڤگەیەکی نەسرەوت، ڕێدار ئەحمەد، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، چاپی یەکەم، ٢٠١٦، هەولێر، ل١١-١٥.
  2. بزاوتی ئیسلامی لە ڕەگی ئیخوانەوە بۆ ڕاگەیاندنی یەکگرتوو ١٩٤٦-١٩٩٤، نوسینی: عبدالرزاق عبدالرحمن حامد، کۆمپانیای سازیار ٢٠٢٠، ل٤٢٨و٤٢٩.
  3. کاروانی ژیانم، دوکتۆر موستەفا زەڵمی، چاپی دووەم، ٢٠١٦، نوسینگەی تەفسیر، ل١٥ – ٨٠٦.

ئامادەکردنی: تۆفیق کەریم ساڵح

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

عەبدوڵا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵه. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری شەریعە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و زیاتر لە ٥٠ کتێبی هەیە، لەوانە (نەقشبەندی و نەقشبەندییەکان، ژیان و بیروڕاکانی دکتۆر مستەفا زەڵمی، دوو عەوامیلی جوڕجانی و بوڕکەوی، شەرحی عەوامیلی مەلا موحسین، زانستەکانی فەرمودەناسی، شێخ عەلائەدینی نەقشبەندی و دوو پەیامی عیرفانی لە لوتکەدا).

عەبدوڵا نەجمەدین تەها

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی (تەپی سەفا) لە شارەزوور لەدایکبووە. لای باوکی خوێندنی دەستپێکردووه. بەشی دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەوانان و لیژنەی پێداچونەوەی تەفسیری ئاسان و لیژنەی پێداچونەوە و دانانی پڕۆگرامی قوتابخانە ئیسلامییەکان بووە. سەرنوسەری گۆڤارەکانی (مامۆستای دوارۆژ) و (جگەرگۆشەکان) و (شاهۆ) بووه، کە دوانیان تا ئێستا بەردەوامە. بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانیی گۆڤاری پەیامی ڕاستی بووە. دەیان کتێب و نامیلکە و بەرهەمی جیاوازی چاپکردووە، لەوانە: باڵەخانەی چەم، مستیلەی ئەفسوناوی، زەینەب خاتوون، تەجوید بەکوردی، ژیانی مامۆستا مەلا سەید حەکیمی خانەقین، سێ بێچووە چۆلەکە، کتێبی ڕەوشتەکان، ١٠٠ چیرۆکی منداڵان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی خانەنشینە.

عەدنان هەورامانی

نوسەر، وەرگێڕە. ناوی (عەدنان عەبدولقادر کامیل)ـە و بە (عەدنان هەورامانی) ناسراوه.‌ ساڵی ١٩٧٧ لە شارۆچکەی تەوێڵە هاتووەتە دنیاوە، ساڵی ٢٠٠١ کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی دهۆکی تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٧ خوێندنی ماستەری لە پسپۆڕی (فیقهی بەراوردکاریدا) لە زانکۆی بەغداد لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان تەواودەکات، لە هەمان زانکۆ ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨وە مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی. بڕوانامەی زانستە شەرعییەکانیشی لە خزمەت مامۆستایانی سلێمانیدا بەدەستهێناوە، ئەندامە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و بنکەی زانستی و کەلەپوری و ڕۆشنبیریدا. چەند کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: (گەنجینەی وەفای مامۆستای مودەڕیس لە ڕوانگەی نامەکانیەوە، الأمام السیوطی حیاتە وأثاره، بیبلیۆگرافیای نامەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مصطلح – الألتفات في البلغة العربیة).

عەلی دەلاک

نوسەرە. ناوی (عەلی محەممەد مەعروف)ە، ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (جانجان) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. جیا لە کاری فەرمانبەرییەکەی، دوکانی دەلاکی هەیە و بە ناوی ئەم پیشەیەوە ناسراوە. سێ کتێبی بە چاپ گەیاندووە، کە تایبەتن بە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەوانیش: (گوزەرێک بە جانجاندا، گەوهەرەکانی شارەزوور، منارەکان لە ئاسمانی هەڵەبجەدا).

عەلی زەڵمی

نوسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی تەواوی (عەلی محەممەد حەمەئەمین)ە، بە دکتۆر عەلی زەڵمی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە خورماڵ لەدایکبووە. ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆیی شەهید پێشەوا بووە. لە دەزگاکانی (تەلەفزیۆن، ڕادوێ، ڕۆژنامە) کاریکردووە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستاندا نوسین و وتاری بڵاوکردووەتەوە، وەک (ڕۆژنامەی یەکگرتوو، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، گۆڤاری کاروان، گۆڤاری ڕامان، ڕۆژنامەی برایەتی، گۆڤاری گوڵان). لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٩ ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری دیکەدا سەنتەری لێکۆڵینەوەی (ژیار) دروستدەکەن. بووەتە ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (ژیار). ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە وڵاتی بەریتانیا. ساڵی ٢٠١٢ ڕاوێژکار و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری کۆنسێپت بووە. دکتۆراى لە زانستی کۆمەڵناسی لە زانکۆی یودەبلیوی برستڵ لە بەریتانیا وەرگرتووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. جیا لەزمانی دایک شارەزای زمانی ئینگلیزیە. کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی و سێ کتێبی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ وتار و لێکۆڵینەوە. هەروەها وەرگێڕانی دەیان وتار و نامیلکەی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی، لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (Home and Sense of belonging among Irai Kurds in the UK, ٢٠٢٠ Roman&Littlefield USA، پرسی شوناس لەمژدەکانی مۆدێرنە بۆ گومانەکانی پۆستمۆدێرنە، زنجیرە کتێبی پەروەردەی ئیماکس "پێنج نامیلکە") ئەندامی گروپی ئەکادیمیی توێژەرانی بواری کۆچبەری لە زانکۆی برستڵ بەریتانیا و لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

عەلى شارەزوورى

نوسەرى بوارى کەلەپوور و فۆلکلۆرە. ناوی (عەلی کوڕی مەعرووف کوڕی محەممەد)ه. بە (عەلی شارەزووری) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (گامێشپەتە) لەدایکبووە. لە حوجرە‌ دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان لە قوتابخانەی حکومی قۆناغی سەرەتايى لە (سەیدسادق) و ناوەندى لە (هەڵەبجە) و ئامادەیی‌ کشتوکاڵی لە (سلێمانى) خوێندووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەر لە هەولێر، دواتریش ڕاژەکەی گواستراوەتەوە بۆ (کەلار) و پاشانیش بۆ (سلێمانی) و لە‌ هەموو ئەم شوێنانە پەندی پێشینان و گۆرانیی‌ فۆلکلۆری کۆکردووەتەوه و لەم بوارەدا چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە: (چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور)، دوو بەرگ لە(پەندی پێشنانی کورد). پاش ڕاپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی (کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.