کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

122 بابەت

ناسح کەریم عەبدوڵا

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (ناسح کەریم عەبدوڵا)یە و بە (ناسحیی مەلا کەریم) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (مۆردین) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەهۆی ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی خەڵکی هەڵەبجە لە زانکۆ فەسڵکراوە و پاش ڕاپەڕین درێژەی بە خوێندن داوە. توێژینەوەکانی لە گۆڤارە ئەکادیمییەکان بڵاوکردووەتەوه،‌ کە دوانیان تایبەت بووە بە کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە. ئەم کتێبانەشی بەچاپ گەیاندووە: (تێڕوانینێکی شەرعی بۆ یارییە وەرزشییەکان، ئاسایشی هزری لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، دەربارەی پەروەردە و سایکۆلۆژی ئیسلامی، گێچەڵی سێکسی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

ناجح گوڵپی

ناوی (ناجح محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژی پزیشکی ڤێترنەری بەغدادی تەواوکردووە و وەک پزیشکی ڤێترنەری دامەزراوە. ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت لە زمانی ئینگلیزی زانکۆی هەڵەبجە وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٧ تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ پێشمەرگە بووە. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان، ڕێزمانی هەورامی "پێنج بەرگ"، باسێوی فەرهەنگی دەگا و گوڵپی). ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

نامیق هەورامی

ڕأگەیاندکار، شاعیر و نوسەرە. ناوی (نامیق شەفیع ئەڵڵاکەرەم)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە شارەدێی (تەویڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و بەشێک لە ئامادەیی لە ئێران و سلێمانی تەواوکردووە. زیاتر لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ڕاگەیاندندا کاریکردووە. لە چەند شانۆییەکیشدا بەشداربووە. بەشداری زۆرێک لە کۆنفڕانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە. ئەندامی فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانانی جیهانە. جگە لە زمانی دایک، فارسی و عەرەبییش دەزانێت و پێی دەنوسێت. یارسانناس و پسپۆڕی زمان و کلتوری هەورامانە. خاوەنی ١٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (تێکستی ژنان لە دەفتەرەکانی یارساندا، پەیڕەوکارانی یارسان لە کرمانجی سەروودا، هەورامی زمانی ئایینی یارسان، شێخی سەنعان بە هەورامی، مەموزین بەهەورامی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

نەزاکەت حسێن

ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆیە. ناوی (نەزاکەت حسێن حەمەسەعید)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ئامادەیی لە ئۆردوگای نەسر و زانکۆی لە هەولێر تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕاگەیاندن لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە. لە ئەنجامی کارەساتی کیمیابارانی ١٩٨٨ و کۆچڕەوی ١٩٩١، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. خاوەنی دە کتێبی چاپکراوی تایبەت بە ڕاگەیاندنە، لەوانه:‌ (هونەری ڕیکلامکردن و ڕیکلامسازی، بازاڕگەری و بازاڕگەریی میدیایی، سۆسۆلۆژیای ڕاگەیاندن، کێشەکانی میدیا لە هەرێم، میدیا و سۆشیالمیدیا ئاسەوار و کاریگەر، مۆدێلەکانی میدیا). ناسناوی زانستیی پرۆفیسۆرە و لە زانکۆی سلێمانی مامۆستایە. ‌

نەعمان محەممەد ئەڵماس

ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ئیسلامی و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. ماوەی سێ ساڵ سکرتێری ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان بووە و ساڵێکیش بەرپرسی ئۆفیسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان بووە. لە گۆڤارى هێشتا، ڕۆژنامەی داهێنان، گۆڤاری هەژان کاریکردووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (ئاین و پرسی نوێخوازی)یە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی هەژانە و تا ئێستا بەردەوامە.

نزار حەمەڕەزا حەمەکەریم

ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری هەر لەو شارەدا بەسەربردووە. ساڵی ١٩٩٩ چووەتە وڵاتی ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێبووە. ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی ماستەری لە هونەرە جوانەکان بەدەستهێناوە بە نیگارکێشان و نوسینەوەی یادەوەرییەکان، ژیانی چەرمەسەری و بێکەسیی کوردی ڕوونکردووەتەوە. کتێبێکی نوسیوە بە ناونیشانی: (هەڵەبجە یاخود و چانێک لە سێبەری مەرگدا) لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاویکردووەتەوە، پێشتر لە کوردستان بابەتی پەروەردەیی منداڵانی لە گۆڤارە وەرزییەکانی وەک ڕێگای کوردستان و ڕۆژنامەی ئازادی و گۆڤاری سەردەم نوسیوە. لە بواری وێنەکێشاندا سێ پێشانگای هونەری لە دەرەوەی وڵات کردووەتەوە و لە دەیان پێشانگای هاوبەش لە ناو وڵات و دەرەوەی وڵاتدا بەشداریکردووە.

هادی عەلەوی

نوسەر و ڕوناکبیری عەرەبی عێراقە، لەسەر کیمیابارانکردی هەڵەبجە، پاکانەو گەردن ئازادی لە منداڵانی هەڵەبجە کردووە، حاشا و بێبەری بوونی خۆی لە ناسنامە عێراقی و عەرەبییەکەی ڕاگەیاند و وتی: لەبەردەم تۆ و هەمو خەڵکیدا هەست بەشەرمەزاری دەکەم، کە هەڵگریی هەمان ناسنامەی ئەو فڕۆکەوانەم، کە تۆی کیمیاباران کرد. ناوی هادی نوری سلمان علویە. ساڵی ١٩٣٢ لە بەغداد لە دایکبووە و ساڵی ١٩٩٨ لە دیمەشق کۆچیدواییکردووە. لە پای هەڵوێستی بۆ هەڵەبجە شاعیرانی کورد شیعریان بۆ نوسیوە، لەوانە عەبدوڵا پەشێو.

هامنۆ ئەیوب عەبدوڕەحمان

نوسەرە، بە هامنۆ ئەیوب هەورامی ناسراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە. بەشی مێژووی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. دەستەی نوسەران بووە لە نوسینەوەی هەردوو کتێبی کورد و زەردەشتیەت، پوختەیەک لە مێژوو و بیروباوەڕی ئایینی زەردەشت. ئەم پەرتوکانەی نوسیوە: ئامێز لە هەمبەر بنەماکانی ئایینەوە، دوڕێک لە مێژووی خۆرهەڵاتی دوور، بەرگی یەکەم گۆگۆریۆ، بەرگی دووەم، بایکجی، مەسیح چی گوت، پێگە و ڕۆڵی کورد لە دەوڵەتی ئەیوبیدا، چەندین بابەتی لە ماڵپەرەکانی بزاف، ئاستانە، مێژوی کورد، باسکورد نوسیوە. ئەندامی کۆمەڵەی ڕەوتی کورد، ڕێکخراوی ئاستانە بووە. لەچەندین شانۆدا وەک سیناریست و دەرهێنەر و ئەکتەر بەشداربووە، لە سلێمانی نیشتەجێیە.

هاودەنگ محەممەد فەرەج

شانۆکار، نوسەر، شاعیر، ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە دامەزرێنەران و کارگێڕانی قوتابخانەی هونەریی هاوکارە. لە بوارەکانی شانۆ و فلیمسازی و ڕۆژنامەوانیدا کاریکردووە. لەوانە: شانۆیی (تارمایی دەستەکان، باڵندەکانی ناو خەردەل، سەمای کەنەسمەکان، مورووی ملوانکە پچڕاوەکە). خاوەنی چەندین هۆنراوە و ئاوازە و سەرنوسەری بڵاوکراوەی (گزنگ) بووە. لە چەندین دەزگای میدیاییدا کاریکردووە، ماوەیەک پەیامنێری تەلەفزیۆنی سەحەری ئیران بووە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە، کە (ڕۆمەڵخەزای هەڵەبجە) یەکێکیانە. چەندین خەڵاتی لە بواری فلیمسازی و ڕۆژنامەوانیدا وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و ‌خاوەنی چوار منداڵە.

هاوژین مەلا ئەمین

نوسەر و ئەکادیمی و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (سوهەیب ئەمین نادر)ە. ساڵی ١٩٧٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە، بەکالۆریۆسی لە زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماستەری لە فەلسەفەی عیرفانی ئیسلامیدا بە دەستهێناوە. لەچەند کارێکی شانۆیدا وەک نوسەر و دەرهێنەر و ئامادەکار کاریکردووە. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بابەتی بڵاوکردووەتەوە و بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی دەروازەی ئاییندە و دەستەی دامەزرێنەری بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری هەڵەبجە و یەکێتیی ڕۆشنبیرانیی موسڵمانی کورد و گۆڤاری ڕابەر و دەستەی دامەزرێنەر و گۆڤاری دیدگا و سەرنوسەری گۆڤاری هەڵەبجە و گۆڤاری ڕەخنە و ڕوانگە بووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری گۆڤاری ڕیفۆرم و پاشکۆی عەرەبییەکەی (الاسلاح) بووە. ماوەیەک جێگری بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە بووە. خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە، لەوانە: زانستی کەلام، ئایین، ئەفسانە، زانست، فەلسەفەی ئیسلامی فارابی، فەلسەفەی ئیسلامی ئیبن ڕوشد، ئیعتیزال، موسا و یەکتاپەرستی، دە مرواری دەریای ئەزەل، جدل التنویر. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی و سکرتێری ڕێکخراوی ماڵی سوهرەوەردییە.

ھەردی مەھدی میکە

ئەکادیمی و نوسەرە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری ھەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی مێژووی لە زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ بڕوانامەی ماستەر و ساڵی ٢٠١٨ بڕوانامەی دکتۆرای لە مێژووی نوێ و ھاوچەرخی ئێراندا بەدەستهێناوە‌. ناسناوی زانستیی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی. دامەزرێنە و بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستانە بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، کە دامەزراوەیەکی سەر بە زانکۆی سلێمانییە، هەروەها ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە. سەرنوسەری گۆڤاری (ئایندەناسی) و بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری (زانستی لێکۆڵینەوە سیاسی و ئەمنییەکان)ـە. چەندین کتێبی چاپکراوی ھەیە، لەوانە (سیاست ایران در قبال کردھا، ئێراننامە، پەتاناسی و پەتانوسی، پەروەردە و کارتێکەرەکانی، ئایندەی کەرکوک لە نێوان ھەولێر و بەغداد، سەرھەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچە جێناکۆکەکان)، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و نوسینی ئەکادیمییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

هەستیار هەورامی

نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (مودریک عەلی عارف مستەفا)یە و بە (هەستیار هەورامی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئیسلامی بەغداد بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری ڕادوێی هەڵەبجه، کارگێڕی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان، دەستەی دامەزرێنەری پڕۆژەی دڵاوا و کۆڕبەندی میانڕەوی کوردستان بووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی: خەزان، هەژان و سەرنوسەری پەیامی ڕاستییە. ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی ڕادوێیی بووە. سەرۆکی ناوەندی ژیرلایە بۆ کلتور و ڕۆشنبیری‌. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. نزیکەی ٢٠ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە، لەوانە: (نزا عاریفەکان، فەلسەفەی ڕۆژوو، چۆن لەگەڵ قورئاندا بژین، عاریفانەکانی پێغەمبەر، مەعنەویەت، جیلوەی جەماڵ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی مامۆستای خانەنشینە.

هەورامان عەلی تۆفیق هەورامی

ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. تا ئامادەیی خوێندووە و پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە. ئەندامی دەستەی دامەزراندنی گۆڤاری (هەڵاڵە) و دواتر بەڕێوەبەری نوسینی بووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئەلکترۆنی (هەورامان) و (نەهات) و (ئێوە) بووە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراوە، لەوانە (هەڵەبجە کارەساتی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨، سەفەرێک بۆ هەندەران، پرس و چەمکەکانی سەردەم). ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. جێگری سەرۆک و بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ئەندامی سەندیکای ئینتەر ناسیونالە. لە ئێستادا خوێندکاری دبلۆمە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسیەت لە ئەکادیمیای شاهانەی بەریتانی - سویسری.

هەورامان فەریق کەریم

ساڵی ١٩٨٤ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە کەمپی شەهیدانی هەڵەبجە لە وڵاتی ئێران و کە گەڕاویشنەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە زانکۆی تاران - بەشی کۆمەڵناسی و دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا بەرپرسی هۆبەی مێژووی زارەکییە لە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی. جگە لەوەی چەندین توێژینەوە و نوسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانه: (یادەوەری و دادپەروەری -شانزەی سێ لە کۆیادەوەری هەڵەبجەییەکاندا -، پەروەردەی ئیسلامی و ململانێی گوتارەکان). ئەم کتێبانەشی کردووە بە کوردی: (مێژووی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمریکا، دە پرسیار لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، هزرە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی، ئۆپۆزسیۆن، ژیان و هزری گەورە کۆمەڵناسان "پێنج بەرگ"، ڕزگاربوون لە خەم و پەژارە).

هومایون ساحیب کەریم

لێکۆڵەری ئەدەبی و نوسەرە‌. ناوی (هومایون ساحیب کەریم حەمە سەعید)ە. ساڵی ١٩٧٤ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانە. شیعر و نوسینی ئەدەبی لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بڵاوکردووەتەوە. بۆ ڕادوێ و تەلەفزیۆنەکان ئەم بەرنامانەی ئامادەکردووه:‌ (شنەی مۆردانە "ڕادوێی شارەزوور"، بەیانیت باش "ڕادوێی کەرکوک-سلێمانی) و بەرنامەی (جەهۆرامانۆ) بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ سەتەلایتی کودستان. بەشداری و سەرپەرشتی و هەڵسەنگێنەری دەیان کۆبوونەوە و دیداری ئەدەبی و ڕۆشبیری کردووە، لەوانە: ڤیستیڤاڵی گوڵەهەنار، حەبیبەخاتوون، گوڵعەنبەر، دیدارەکانی هەورامان، شیعری کلاسیکی کوردی، کۆنفڕانسی هەورامانناسی، دبداری مەولەوی، مەلاعبدالکریم، ئەحمەدموختار، صابری..هتد. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. لە لەئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی و بۆردی ڕۆشنبیری زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجەیە. بەرهەمە چاپکراوەکانی (شەریعەتی مەیل "ڕاڤەی شیعرەکانی مەولەوی سێ بەرگ"، هەڵەبجەی یار) .

هیدایەت هەورامی: مەلازادە

وەرگێڕ، نوسەر و ئامادەکار و وەرزشەوانە‌. ناوی (هیدایەت حسەین کەریم)ـە. بە (هیدایەت هەورامی) و (مەلازادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. پەیمانگای تەندروستیی باڵای لە سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سانت کلیمینتس بەدەستهێناوە. لە نەخۆشخانەی هیوا یاریدەدەری پزیشکە و جگە لە نوسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، نزیکەی بیست کتێبی لە بوارەکانی وەرگێڕأن، نوسین و ئامادەکردن بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: (دەگاو گوڵپی، ئەمانەت "سپاردە"، چاودێری تەندروستی و وەرزش لە ئیسلامدا، نەخۆشییە سێکسییەکان و سزای خوایی، پەیامی وەرزش، نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان، هەورامان و گوندەکانی هەورامان "چوار بەرگ"). وەک وەرزشکار لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (تیپى وەرزشیی کۆچەر لە شارۆچکەی خورماڵ، تیپى وەرزشیی سیروان لە شارۆچکەی سیروان، بنکەى وەرزشیی برایەتى -کە خۆى سەرۆک تیپەکە بووە-. لە ئۆردوگاى هەزارخانى سەر بە ناحیەى سەروئاباد یاریکردووە.

هیوا عومەر ئەحمەد

پزیشک و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٤ لە هەڵەبجە ژیاوە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (صدق) و ناوەندی لە (ئەحمەدموختار) خوێندووە. کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە و بڕوانامەی بۆرد(دکتۆرا)ی لە هەمان زانکۆ وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٤ پلەی پرۆفیسۆری لە نەشتەرگەریدا وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا گۆڤارێکی مانگانەی پزیشکی بە ناوی (هەتوان)ـەوە دەردەکات. مامۆستای کۆلێجی پزیشکییە لە زانکۆی سلێمانی. لە بواری نوسینی: ئەدەبی، وەرگێڕان، فەرهەنگنوسی، توێژینەوە و فۆلکلۆردا نوسینی هەیە و خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (حەسەن زیرەک ژیان و گۆرانییەکانی، ڕاژەنینی لانکی مرۆڤایەتی، مریشکە سوورە، دەرونزانی، تۆنێل، دەرمانگەری کوردی، فەرهەنگی پزیشکی کوردی، فەرهەنگی هیوا، فەرهەنگی پزیشکیی دادوەری، فەرهەنگی هەڵۆ، بەڵێ بە بەهار دەچێت، فەرهەنگی پزیشکی خوێندکارانی زانکۆ، ئەتڵەسی ڕەنگاوڕەنگی ناوسکبینیی، تۆ ئەو پارووەیت کە دەیخۆیت).

وەزگێڵ نوری حەمەعەلی

ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەزوور و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی خانەقینە. نوسەری کتێبی (گریانە لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا)یە، کە باس لە مێژوو، جوگرافیا و فەرهەنگی گوندی گریانە دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

یاسین نادر ڕەحمان

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆلێژى زمان، بەشی کوردى بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە گۆڤارى (سایە زندگى) کاری ڕۆژنامەوانی دەستپێکردووە. لە ڕۆژنامەى (کوردستان ڕاپۆرت) کاریکردووە و بەرهەمەکانی لە سایت و ڕۆژنامە‌ کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوه وەک ئەدمین لە هەر دوو پەیجى (ڕوودا) و (هەواڵەکانى هەڵەبجە) خزمەت بە دەڤەرى هەڵەبجە و سنورى دەوروبەرى دەکات. خاوەنی شەش کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانى: (عیرفانى شەمسی تەبریزى، مرۆڤم یان گوێدرێژ ئینسکلوپیدیای خۆناسین، لێپرسینەوە لە سەدام، هێزپێنج، نهێنى سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان و ژیان، بیری دارایانەى دەوڵەمەندانەت هەبێت).

یەحیا عومەر ڕێشاوی

نوسەر، ڕاگەیاندکار، وەرگێڕ و ئەکادیمییە. ناوی (یەحیا عومەر فەتاح یەعقوب)ـە. ساڵی‌ ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندیی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ و ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی سودان لە پسپۆڕیی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. ماوەیەک لە گۆڤاری (ڕابەر) کاریکردووه. دەستەی دامەزرێنەری تیپی هونەری (گزنگ) بووه لە شاری سلێمانی. سەرنوسەری ڕۆژنامەی (الأفق الجديد) بووه،‌ کە بەزمانی عەرەبی دەرچووە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی زانستە بۆ باس و توێژینەوه. خاوەنی ١٦ کتێبی نوسراو و وەرگێڕانە. لەوانە: (میدیا و بابەتیی بوون، بنەماکانی سیستمی حوکمڕانیی لە ئیسلامدا، میدیای نوێ لەسایەی شۆڕشی زانیاریەکاندا، خەرمانی تەمەن، وێناکردنی هونەریی لە قورئاندا). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

پێشتر 1
...
5 6 7 دواتر