بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
نوسەر و توێژەری بواری ئەدەبیاتە. ناوی (ڕێبوار حەمەتۆفیق محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردوە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی و دواتریش لە یاسادا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دەستی بە نوسین کردووە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە. دامەزرێنەری ناوەندی زەردەشتناسی بووە بۆ لێکۆڵینەوەی کلتوری. بۆ ماوەی دە ساڵ لە بەشی لێکۆڵینەوە لە ئینستیوتی کەلەپووری کورد کاریکردووە. خاوەنی چواردە کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (گۆران لە یادەوەریی هاوچەرخەکانیدا "سێ بەرگ"، دیوانی مەلا پەرێشان، جوولەکەکانی شاری سلێمانی، کۆمەڵی هەقە، ١٠ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، من ئەحمەدم ٢٢٤).
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨٧ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و بنەڕەتی و دواناوەندی لە شارەزوور تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامیی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی خوێندووە. ساڵی ٢٠١٦ بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە فەلسەفە و بەراوردی ئایینەکاندا و ساڵی ٢٠٢٣ بڕوانامەی دکتۆرای لە (زانستی کەلام) بەدەستهێناوە. بە دانان و وەرگێڕانەوە خاوەنی ١٥ کتێبە، لەوانه: (مێژووى ڕەهەندەکانی سۆفیگەرى لە ئیسلامدا، ئافرەت لە عیرفانی ئیسلامیدا، دەستێکی عیرفانی بەرەو مەدینەى منەووەرە، ڕۆژهەڵاتناسی لە ژیاننامەى پێغەمبەردا لە دیدی وات و برۆکلمان و فلهاورن). لەئێستادا مامۆستایە لە کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی.
نوسەر، شاعير، شانۆکار و لێکۆڵەری ئەدەبییە. ناوی (ساجد محەممەد عەلی حەمەڕەزا کوڕی قوربانی)یە و بە (ساجد ئاوارە) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی (دار المعلمین)ی تەواوکردووە. ماوەیەک مامۆستا و دواتریش وەک بەڕێوەبەری قوتابخانە کاریکردووە. ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی لە ڕۆژنامەی (ژین) و دواتریش لە ڕۆژنامەکانی (هاوکاری، ژیان، طريق الشعب)دا بڵاوکردووەتەوە. ئەندامی نوسەرانی عێراق و کوردستان بووە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە، لەوانه: (لێکۆڵینەوەی ئەدەبی نوێی کوردی، لە بەرهەمی کەشتی نوح، نەوای ھەتیو، بەستەی چوار داستان)ـە. ساڵی ٢٠١١ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (سادق عوسمان عارف سازانی)یە، لە نەوەی شێخ مۆمنی سازانە، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی سازان لەدایکبووە. تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە سازان خوێندووە و پۆلی سێی ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، پاشان خانەی مامۆستایانی سلێمانی خوێندووە، ساڵی ١٩٧٣ بووەتە مامۆستا، ساڵی ١٩٩٨ وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەستبەکاربووە، هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە تێکەڵی کاری سیاسی بووە، لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی ڕۆشنبیریدا کاریکردووە، لەوانە (ئاسک، ناوەندی ڕۆشنبیری بەدلیسی، دۆستانی هەڵەبجە)، بەشداری دانانی پڕۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی لە یەک بۆ نۆی بنەڕەتی کردووە، جگە لە زمانی دایک، عەرەبی و فارسیش دەزانێت. هەشت کتێبی وەرگێڕاو و نوسراوی هەیە، لەوانە: (هەستانەوە لە ئامێزی سازاندا، هکذا ظهر جيل صلاحدين، المرأة و العمل سياسى). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نوسینی بڵاوکردووەتەوە.
نوسەر و مافپەروەرە. ناوی (سەرحەد یونس محەممەد)ە و بە (سەرحەد جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (شەکرالی) سەر بە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. بەشی یاسای لە زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى لە سلێمانی تەواوکردووە. فەرمانبەرە لە شارەزوور. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. جگە لە بڵاوکردنەوهی نوسین لە ڕۆژنامە و پێگە ئەلەکترۆنییەکاندا، چەند کتێبێکى چاپکراوی هەیە، لەوانە: (مەلا تایەری یاروەیسی دیرۆکی هەشتاو پێنج ساڵ تەمەن، لە شارەزوورەوە بۆ ناسریە، پێغەمبەر و پێغەمبەرناسی لەڕوانگەی پەیامەکانی نوورەوە).
ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (دەرەتوێ) لەدایکبووە. کۆلیژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی تەواوکردووە. یەکەم چیرۆکی بە ناونیشانی (دوای ١٦ ی سێ)یە، لە گۆڤاری کاروان ژمارە ١٢٤ بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ وتار و لیکۆڵینەوە و چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. ١٧ کتێبی چاپ کراوی هەیە، لەوانه: (جینۆساید لە قەڵادزێوە بۆ شەنگال، ڕادوێی دەنگی کوردستان مێژوو بەردەوامی، کاکەییەکانی هاوار مێژوو کلتووریان). خاوەنی پڕۆژەی نوسینەوەی کەلتوری پێشمەرگەیە لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ١٩٩١، خاوەنی بیرۆکەی (ڕۆژی وەفاداری)یە لە کوردستان.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (سەبور حەمەشەریف ڕەشید)ە و بە(مەلا) ناسراوە. لە بنەماڵەیەکی تەوێڵەییە. ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبووە. لە پاڵ خوێندنی فەرمیدا خوێندنی ئایینیشی خوێندووە. لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی موسڵ بەشی عەرەبی وەرگیراوە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی وڵاتی ئێران بووه و لە سەوڵاوا نیشتەجێ بووە و بووەتە پێشنوێژ و وتارخوینی مزگەوت. پاش ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە کوردستان و بە مامۆستا دادەمەزرێت. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەورامانە. چەندین بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانەدا بڵاوکردووەتەوە.هەندێک لە چاپکراوەکانی: ئەسانەی نیگابەک (ڕۆمان)، جیۆپۆلەتیک (وەرگێران)، ژیانی ئادەمیزاد (نامیلکە)، بیرەوەرییەکانی میستەر هیمفەر (وەرگێران)، ئیسلام و بنەماکانی فەرمانڕەوایی (وەرگێڕان)، دروستبوون و سەرهەڵدانی قاعیدە، کەمینەکان (وەرگێران)، فەلسەفەی سۆفیگەری، دیوانی تاهیر بەگ و گۆران و جەفایی بە هاوبەشی لەگەڵ مەریوان حیلمی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
نوسەر، قایمقام، مدیر ناحیە، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (شاکر فەتاح ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩١٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتا چووەتە بەر خوێندنی ئایینی و پاشان خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و دواناوەندی و حقوقی لەبەغداد تەواوکردووە. یەکێکە لە نوسەرە پێشەنگەکانی کورد، کە پەخشانی بۆ نوسین هەڵبژاردووە. چوبێتە هەرشوێنێک خزمەتی بە ڕوناکبیری و خوێندەواری کردووە. بووەتە کارگێڕ و مدیر ناحیە و قایمقامی چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بووە، لەوانە ناحیەی خورماڵ و قایمقامی هەڵەبجە. پێشتریش چەندجارێک سەردانی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامانی کردووە و لەوانە لە ١٦ى ٨ى ١٩٣٣و لە گەشتنامەکانیدا ئەو سەردانانەی تۆمارکردووە. لە نێوان ساڵی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ قایمقامی هەڵەبجە بووە. پاشتریش ساڵی ١٩٤٦ سەردانی ناوچەکەی کردووەتەوە. لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا، گەلێک بەرهەمی نوسیوە و ١٠٤ بەرهەمیشی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. بۆیەکەم جار چیرۆکی بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ لە ساڵی ١٩٣٥دا چاپکردووە. لە بەرهەمەکانی خزمەت بە هەڵەبجەو هەورامان ڕۆژنامەی خورماڵ دەکات، کە ٤٢ ژمارەی لێ نوسیوە و پاشان تەواوی ڕۆژنامەکانی لەکتێبدا چاپکردووە. جێگری سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد، کۆڕی زانیاری کورد و ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ١٩٨٠ خانەنشین بووە. لە مانگی ١١ بۆ ١٣ى ٣ى ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس بۆ چەواشەکاری و پەردەپۆشی تاوانەکانی سیمینارێکی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە هەولێر بۆ ڕێکخستووە. ساڵی ١٩٨٨ شەهیدکراوە.
نوسەرى بوارى ئەدەبى منداڵانە. ناوی (شەماڵ محەممەد عەلی ئەفەندی نەوڕۆڵی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی بیناسازییە لە کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆى سەڵاحەدین. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵه. ساڵى ١٩٩٦ چووەتە وڵاتى ئەڵمانیا. لە سەرەتاوە بە هۆنراوە، پاشان چیرۆکی ئاسانى لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردى. ساڵی ٢٠٠٦ یەکەمین بەرهەمی لە گۆڤاری منداڵانی سەردەم لە کوردستان و دواتریش لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی منداڵان بەرهەمی جۆراوجۆرى بڵاوکراوەتەوە، لەوانە: (گۆڤاری سەردەم، گۆڤاری هێلانەی منداڵان، گۆڤاری پەپوولە، گۆڤاری مشکە، گۆڤاری حاجیلە، پەپوولە). ساڵی ٢٠١٤ یەکەم بەرهەمى لەژێر ناوی (گەڕان بەدوای نهێنیدا)دا بڵاوکردووەتە. تا ئێستا ١٠ کتێبی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە (کوکوختییەک، لەژێر هەورەوە تا زەوی، سەمای سمۆران، نەنکم ناوی منی لەبیرچۆتەوە، هێلانوور و هاوڕێکانی، ماڵی ماری و میرۆ، سۆنیا و سێ براکەی، لە ئاهەنگی شازادەیەکدا، بەسەرهاتی هاوڕێکانم).
نوسەر، دەروونناس و ئەکادیمییە. ساڵى ١٩٤٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالوريۆسى لە دەروونزانی و ماستەر و دکتۆراى لە ڕێنمايى دەرونیدا بەدەستهێناوە. لە زانکۆى (موستەنسەرییە)ى بەغداد بووە بە فەرمانبەر. پلە زانستيیەکانى تا پڕۆفيسۆر لە هەمان زانکۆ بڕیوە. لە وەزارەتى پەروەردەى (حکومەتى عێراق) ئەندامى لیژنەى هەميشەيى و ئەندامى ليژنەى ڕاوێژکارانى دەروونى بووە. پاش گواستنەوەى بۆ (زانکۆى کۆيە) کراوە بە سەرۆکى بەشى دەروونزانى و دواتر بووە بە ڕاگرى کۆلێژى پەروەردە. لە زانکۆکانى سلێمانى و کۆيە و سەڵاحەدين مامۆستا بووە، سەرپەرشتی زياتر لە ٤٠ نامەى ماستەر و تێزى دکتورا بووه. خاوەنى دە کتێبی چاپکراوە، که هەندێکيان له زانکۆکان دەخوێنرێت و زياتر لە ٨٠ توێژنەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستيیەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵی هەیە.
شێخ محەممەدی کوڕی شێخ عەلی کوڕی حاجی شێخ ئەمینی خاڵە (نوسەر و زمانزان و کەسایەتی) لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی ئاینی لای باپیری و زانایانی سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٣١ دەکرێت بە مودەڕیس و پێشنوێژی مزگەوتەکەی باپیری (مزگەوتی شیخ ئەمینی خاڵ)، ساڵی ١٩٣٩ پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە دەبێت بە قازی ٢٨ ساڵ لە زۆر لە شارەکانی عێراقدا قازی بووە، ١٩٦٢ بووەتە ئەندامی مەحکەمەی تەمیزی شەرعی لە بەغداد. ساڵی ١٩٦٧ خانەنشین کراوە. مامۆستا جگە لە تەدریسی و دادوەریی، نوسەرێکی کارامە بووە و لە بوارەکانی تەفسیر و فەرهەنگ و فۆلکلۆر و زمان و مێژوو پەروەردە و ئاینیدا ٢٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە. جگە لە نوسینە عەرەبیەکانی، مامۆستا جێگری کۆڕی زانیاریی کورد و ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق بووە، لە سەرەتای دامەزراندنی بە دادوەریی، ساڵی ١٩٣٩ بووە بە قازیی هەڵەبجە. لە ١٥ی ٧ی ١٩٨٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
پەروەردەکار و نوسەرە. ناوی (عەبدوڵا حەمەئەمین عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بۆ یەکەمجا وەک مامۆستا لە گوندی خەرپانی دامەزراوە. شارەزایی لە ڕێگەکانی وانەوتنەوە و تایبەتمەندی ئەلفبێی کوردی هەیە و هەوڵی زۆری لەو بوارەدا داوە. جگە لە بەشداریکردنی لە چەندین کۆڕ و کۆنفڕاس و خولی پەروەردەیی، سەرۆکی لیژنەی زانستەپسپۆڕییەکانی ئەلفبێ و سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت بووە. نوێنەری وەزارەتی پەروەردە بووە بۆ بەرهەمهینانی کارتۆنی پەروەردەیی، ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندن بووە و لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لەگەڵ ڕێکخراوی m. a. g چەند کتێبی مەنهەجی بۆ خولەکان داناوە، لە چەندین پڕۆژەی پەروەردەییدا بە بیرۆکە و پێشنیاز بەشداریکردووە. جگە لە نوسینی دەیان وتار و بابەتی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و چاوپێکەوتن، خاوەنی کتێبی مێژووی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی قوتابیانی کوردستانە لە سەرەتای پەنجاکانەوە تا ساڵی ١٩٦٠. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و شاری سێمانی دەژی.
نوسەر و ئەکادیمیی، پێشنوێژ و وتارخوێنە. ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان دواناوەندی ئیسلامی خوێندووە، ساڵی ١٩٩٧ پەیمانگای پێگەیاندنی پێش نوێژ و وتاربێژی لە هەولێر خوێندوە، ساڵی٢٠٠١ ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتوە، کۆلێژی لە بەغداد خوێندووە، پاشان ماستەر و دواتریش بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، پێشنوێژ و وتارخوێنی کۆمەڵێک مزگەوت بووە لە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئێستاش بەڕێوبەری ڕێکخراوی (تاج العارفین)ە لە هەڵەبجە، هەروەها لە زانکۆی هەڵەبجەیش مامۆستایە. کتێبە چاپکراوەکانی: (العلامة عبدالکریم المدرس و منهجە في تفسیر القرآن و علومە، ئیعتیکاف سونەتێکی فەرامۆشکراو، اعداد البرکات الأحدیة في شرح الصمدیة للعلامة عبدالکریم المدرس، سەدەیەک لە تەمەنی نوورین، مامۆستا مەلا عەبدواکەیمی مودڕیس بە پێنوسی خۆی بناسە).
نوسەر و دیزاینەرە. ناوی (عەبدولرەحمان نەجمەدین تەها)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی ھەڵەبجە. خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانه (تەفسیری سورەتی "الحمد"، خەرمانێک لە ھەزار پرسیار، فێربوونی ۆرد، فێربوونی پاور پۆینت، فێربوونی کیبۆرد و مۆنیتەر، چەپکێک لە مەرگی ھەڵەبجە، یەکەمەکان لە مێژوودا). وەک یەکەم کەس زیاتر لە ٢٠٠٠ وێنەی کارەساتی ھەڵەبجە لەسەر سیدی بڵاوکردووەتەوە. یەکەم کەس بووە، کە توانیویەتی ساڵی ٢٠٠٤ ڤایرۆسێکی کۆمپیوتەری بە زمانی کوردی دروستبکات. یەکەم کەس بووە دووکانی تایبەت بە کۆمپیوتەر لە شاری ھەڵەبجە دابنێت.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان محەممەد حامید)ە و بە (مامۆستا عەبدولڕەزاق) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی و بەشی مێژووی لە کۆلێژی پەروەردەی کەرکوک تەواوکردووە. وەک مامۆستا دامەزراوە. لەبواری مێژوو، ئایین، ڕێکخراوەیی و سیاسیدا دەنوسێت و خاوەنی ١٢ بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، بزاوتی ئیسلامی لەڕەگی ئیخوانەوە بۆ ڕاگەیاندنی یەکگرتوو). لە فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە.
نوسەر و شوێنەوارناسە. ناوی (عەبدولڕەقیب یوسف حەسەن)ـە، ساڵی ١٩٤٣ لە بۆتان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٠ بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە لە پارێزگای دهۆک، ساڵی ١٩٦٢ ڕاژەکەی گواستوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٠١ بوەتە ڕاوێژکار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری شوێنەوار و کلتوری شارستانی، لە ساڵی ١٩٦٠وە سەرقاڵی نوسینەوەی مێژوو و دۆزینەوە و زیندوکردنەوەی شوێنەوار و کەلەپوری کوردە، زیاتر لە پەنجا کتێبی لە بواری مێژوو شوێنەواردا نوسیوە. کۆمەڵێک کتێبی لەسەر هەڵەبجە و کەسایەتییەکانی و شارەزوور نوسیوە، لەوانە: (نامەکانی شێخ حسام الدینی تەوێڵە بە دەستخەتی کاتیبەکەی مەلا عەبدوڵای مەریوانی، بەڵگەنامەی جاف، تەلاری وەسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە شاکارێکی تەلارسازیە لە کوردستان، شارەزوور، بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجە و شوێنەوارەکانی دیکە).
نوسەر و وەرگێڕ و مامۆستای ئاینییە. بە مامۆستا (ستار ئەسەف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و ناوەندی لە خورماڵ خوێندووە. لە مەدرەسەی (زەیدی کوڕی ثابت) لە هەڵەبجە دەستی بە خوێندنی ئاینی کردووە. ماستەری لە وڵاتی ئێران لەبواری (فیقهـ و یاسادا) بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. جگە لە زمانی دایک، فارسی و عەرەبیش دەزانێت. کتێبی (مەلا محەممەدی ڕەبیعی ژیان و خەبات و جوامێری)ی وەرگێڕاوە و خۆیشی چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە لەوانە: (٦٠ وەڵام ڕوون و ڕەوان دەربارەی حەیز و نیفاسی ئافرەتان، نەفرەتلێکراوان لە قورئان و فەرمایشتی ئازیزانمان، نمێک لەژیان و تێکۆشانی مەلا مەحموودی ئازادی، مەلا عەلی سەلاجە، مێژووی زانایانی هەورامان). لە ئێستادا لە ژیاندایە و لە سلێمانی دەژی.
نوسەر و وەرگێڕ و زانای ئاینییە. ناوی (عەبدولعەزیز ئەمین ئەحمەد پاڕەزانی)یە. لە بنەماڵەی شێخ ئیلیاسە، ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (پاڕەزان)ی سەر بە شارۆچکەی بەرزنجە لە قەزای چوارتای پارێزگای سلێمانی لەدایکبووه. هەر بە منداڵی دەخرێتە خوێندنی حوجرەوە، ساڵی ١٩٤٢ دێتە هەڵەبجە، ساڵی ١٩٤٥ لای مەلا ساڵحی گەورە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەردەگرێت، حاجی مستەفا لە گوندەکەی (تەپی سەفا) مەدرەسە و مزگەوتی بۆ دەکاتەوە، هەر لە هەڵەبجەش ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت. ساڵی ١٩٥٩ دەچێتە خولی پەروەردەی وەزارەتی مەعاریفەوە و دەبێت بە مامۆستای سەرەتایی لە هەڵەبجە. هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە دەچێتە ڕیزەکانی (برایانی موسڵمان)ەوە و دەبێت بە یەکێک لە دیارترین ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە کوردستاندا. پاڕەزانی سەرەڕای شارەزایی ئایینی و پیشەی مامۆستایی، نوسەر و وەرگێڕێکی کارامەش بووە، یەکەم کەسە بە تێروتەسەلی بە زمانی کوردی ژیاننامەی پێغەمبەری خودای نوسیوەتەوە، جگە لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی زانیوە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. بەشێک لە بەرهەمەکانی: (ژیانی پێغەمبەری مەزن دوو بەرگ، نموونەیەک لە ئیسلام، کوڕێکی لاسار و باوکێکی هەژار). ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو بەخاکسپێرراوە.
نوسەر و وەرگێرە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی مەلا وەیسەی بناری سورێن سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە،. پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشی پەرستاری تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٠ وەک کارمەندی تەندروستی دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، دەیان کتێبی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نوسیون و وەرگێڕاون، لەوانە: شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، فەرهەنگی سەبا، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی، خانەنشینی و حوکمە گشتییەکانی خانەنشین.
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵى ١٩٦٢ لە گوندى (گامێشتەپه) لەدایکبووە. لە بنچينەدا خەڵکى گوندى (بەردەبەل)ـی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. کۆلێژى ئاداب بەشى زمانى ئينگليزى لە زانکۆى موسڵ تەواوکردووه. ئيجازەنامەى لە زانستە ئيسلامييەکان وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. لە گۆڤارى ژيار و ستاندارددا کاریکردووە و دەيان وتارى بڵاوکراوەی هەیە. خاوەنى چوار ڕۆمانە بە ناونیشانەکانى: (گەڕانەوە بۆ مەرگ، حيکمەتى پيران، کۆمارێک لە سێبەردا، سەرپۆشێ خوێناوى). نوسەری چەندين کتێبى تریشە، لەوانە (پێغەمبەر و يارانى، ميزان، شەرحى حيکمەتەکانى ئيبن عەتا، ناسرى سوبحانى، ١٠٠ ياساى پەروەردەيى، شەرحى عەقيدەى کاک ئەحمەدى شێخ). لە بواری وەرگێڕانیشدا ئەم کتێبانەی هەیه: (حيکمەتى چين بريتييە لە حيکمەتەکانى کۆنفۆشيوس، إحياء علوم الدين "نۆ بەرگ" مەشخەڵى سوننەت "چوار بەرگ" مدارج السالکين، غەزالى، ريسالەى قوشەيري، وابل الصيب، فتح الرباني، تەفسيرى صفوة "هەشت بەرگ").