کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

حسەین فەتاح مستەفا وسەین

ساڵی ١٩١٢ لە گوندی (گڵێجاڵ) لەدایکبووە. قسەخۆشەکانی تا سنوری گەرمیان و شارەزوور ڕۆیشتووە. کەسانی دیوەخان ڕاوێژیان پێکردووە و سەرسامی قسە و بیرتیژییەکەی بوون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی (گڵێجاڵ) کۆچیدواییکردووە. لە قسەخۆش و نەستەقە‌کانی: ساڵی ١٩٩١ دوو دوکاندار لە بەرگرانیی گەنم و ئارد دوکانەکانیان دادەخەن. ئەویش دەچیتە لایان و دەڵێ دوکانەکان بکەنەوە. بە قەد باران ئاردی سفر ببارێت، ئەم گرانییە حەوت ساڵ دەخایەنێت و گرانیی سەردەمی یوسفە. کیلۆیەک گەنم ١٣ دینار تێپەڕ دەکات.

دەروێش ئەحمەد

ناوی (ئەحمەد محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی (دەگاشێخان) لەدایکبووە. نەیخوێندووە. لەناو خەڵکیدا بەکەسێکی سوعبەتچی و قسەخۆش ناسراوە. چەندین بەزم و بەسەرهاتی خۆشی لێ دەگێڕنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجەی تازە کۆچیدواییکردووە و لە زەڕایەن بە خاکسپێرراوە.

عەبدوڵا بەگى حسەين بەگى جاف

لە بەگزادەکانی کەيخەسرەو بەگى جافە. ناوی (عەبدوڵا بەگ حسەين بەگ مەحموود پاشاى محەممەد پاشاى جاف)ـە. ساڵى ١٩١٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. موڵک و زەويى و زارێکى زۆر هەبووە، لەوانە: ناوچەى زەڕايەنى ئێستا. کەسێکی قسەخۆش و خوێندەوار بووە. زمانى فارسى زانيوە. ساڵى ١٩٦٢ چووەتە سلێمانی و ساڵى ١٩٦٨ هەر لەوێ کۆچیدوايیکردووه.

عەتا بەگ

ناوى (عەتا نەسروڵڵا عەزیز)ە. ساڵى ١٩٤٩ لە گوندى (هانەیدن)ى سەر بە شارۆچکەى (بیارە) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ڕاوچییەکی کارامە بووە. جگە لە زمانی دایکی، ئینگلیزى، فارسى و عەرەبیشی زانیوە. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. هەندێک جار سوێند و تەڵاقى لەگەڵ قسەخۆشەکانیدا خواردووە. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بانگکراوە. لە قسەخۆشەکانی: ڕۆژێک چووە بۆ لای حاکم و وتوویەتی: شکاتم هەیە. حاکمەکە دەڵێت لە کێ؟ عەتابەگ دەڵێت: لە نەفسی خۆم! نەفسم تێردەکەم و دەگەڕێم و هەرچی خۆشی دنیایە دەیکەم، بەڵام هەمیشە نەفسم بەرەو خراپەم دەبات، جا تکات لێ دەکەم بۆ هەفتەیەک بمخەنە زیندان. یەکێکی تر لە قسەخۆشەکانی: ڕۆژێک لەگەڵ کەسێکى سیاسى باس لەسیاسەت دەکەن، عەتابەگ تەڵاق دەخوات، کە کورد بخەنە ناو سندوقى ساردیش، یەک ڕیز ناوەستن. ڕۆژێک لە کۆبوونەوەیەکدا دەبیستێت هەموو باس لە حەیا و شەرف دەکەن، عەتابەگ تەڵاق دەخوات ئەگەر ئێستا پڕی گەڵابەیەک ژنی بەرەڵا بێننە ئێره،‌ بە یەک سەعات دەنکی نامێنێ، ئیتر باسی چی ئەکەن!؟

غەریب بابل باوەیس

قسەخۆشێکی گوندی (بیاوێڵە)یە. ساڵی ١٩١٤ لەدایکبووە. ئارەزووی لە شیعر و ئەدەب کردووە و شارەزایی لە زمانی فارسی و عەرەبیدا هەبووە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵە. قسەی خۆش و بەسەرهاتەکانی بەدەم خەڵکی ناوچەکەوە دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ کۆچیدواییکردووە و لە بیاوێڵە بەخاکسپێرراوە. لە بەسەرهات و قسەکانی: جارێکیان لە پاسدا دەبێت و لەو کاتەدا بۆردومان دەبێت، خەڵکی لە پاسەکە نزا دەکەن و دەڵێن خوا بکات مزگەوتەکان نەڕوخێن و بەر تۆپ نەکەون چونکە بۆمان دروستناکرێنەوە. ئەمیش دەڵێت: خوا بکات ماڵی فەقیر و هەژار بەرنەکەوێت خوا دەوڵەمەندە و هەژار هیچی نییە. لە سەردەمی شۆڕشدا، سەردەستەی کۆمەڵێک پێشمەرگە بووە و بۆ ئەرکێک لە سیروانەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا دەپەڕنەوە بۆ ئەوبەر، لەو کاتەدا فڕۆکە بوردومان دەکات و ئەمانیش دەداتە بەر تەقە، پێشمەرگەکان دەترسن و یەکێکیان ئایەتەلکورسی دەخوێنێت و فوو بە خۆیدا دەکات. ئەمیش دەڵێت کاکە کەمێ لەو فووەش بەسەری ئیمەدا بکە. ئەویش دەڵێت: خۆت دەمت هەیە و نایکەم. ئەمیش بڕیاردەدات بگەڕێنەوە، دەڵێت شۆڕشی چی! ئەم لە فویەکدا بەشماننادات و پشتی تێکردین، جا وەرە یەکمان لەوبەر بکوژرێت.

قسەخۆشەکانی خورماڵ و دەوروبەری

١- ئەحمەد محەمەد ئیبراهیم: یەکێک بووە لە پیاوەکانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی باخەکۆنە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە. ٢- حەمە عەلی عەبەکە. ساڵی ١٩٣٣ لە ئەحمەدئاوا لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە. ٣- عیزەت مستەفا ڕۆستەم: قسە خۆش بووە. ساڵی ١٩٣٨ لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە. ٤- عارف عەبدوڵا مارف: قسەخۆش بووە. لە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی زەردەهاڵ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. ٥- حاجی محەمەد نیعمەت عەبدوڵا: قسەخۆش و خێرخواز بووە. ساڵی ١٩١٨ لە گوندی دەگاشێخان لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و لە دەگاشێخان نێژراوە. ٦- حەسەن ڕەشید عەبدولسەمەد، لەگوندی گوڵپی هەورامان نیشتەجێبووە. ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠١ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە. ٧- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆش و سوعبەتچی بووە. ساڵی ١٩٤٩ لە گەچێنەی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە. ٨- حەمەشەریف حسێن ڕەحیم دەروێش: قسەخۆش و نوکتەزان بووە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. ٩- نەسروڵڵا بەگ: خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی هەورامان. ناوی (نەسروڵڵا عەزیز سلێمان)ـە. ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. باوکی نەوزادی گۆرانیبژە. ساڵی ١٩٩٥ کۆچیدواییکردووە. ١٠- حەمەمین حەمەعەلی سۆفی: قسەخۆش و شمشاڵژەن بووە. لەبەرئەوە بە (حەمەمینی شمشاڵژەن) ناسراوە. ١٩٣٢ز لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە. ١١- محەممەد عەبدولڕەحمان محەمەدئەمین: ساڵی ١٩٣٣ لە زەڵم لەدایکبووە. بە حاجی حەمەسووری زەڵم ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. ١٢- حاجی حەمەئەمین حسێن: ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. بە(حاجی کەوە) ناسراوە. لە ژیاندایە و لە خورماڵ نیشتەجێیە. ١٣- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆشە. ساڵی ١٩٤٩ لە (گەچێنە) لەدایکبووە و ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.

لالۆ حەمەڕووش

قسەزان و قسەخۆشێکی گوندی (گوڵپ)ـە. ناوی (محەممەد مستەفا)یە. بنەماڵەکەیان بە (مچەحاجی) ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٩ لەدایکبووە. دەنگخۆش بووە و لە گەنجیدا گۆرانیشی وتووە. لەو کەسانە بووە قسەی لەلای خەڵک قبوڵکراوبووە، وەک دەمڕاستیش لە چارەسەری کێشەکاندا ڕۆڵی هەبووە. ئێستاش لەناو خەڵکیدا قسەکانی دەوترێتەوه. ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.

مام یونس

قسەخۆشی گوندی (ئەحمەدئاوا)یە. ناوی (یونس کاکەبرا عوسمان)ـە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی ئەحمەدئاوا لەدایکبووە. باوکی بە دەروێش کاکەبرا ناسراوە. بنەماڵەکەیان لە ئاوایی دەرەناغێی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە ئەحمەدئاوا. پیاوێکی پێکەوتە و قسەخۆش بووە. بە کشتوکاڵییەوە خەریکبووە و پاشان وەک کارگوزاری تەندروستی دامەزراوە. توانایەکی هونەریی باشی لە لاساییکردنەوە و گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەبووە و گوێگرانی ئاشقی بیستن کردووە. دووجار هاوسەرگیری کردووە و حەوت کچ و دوو کوڕی هەبووە. ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.

مەحموود بەگ

قسەخۆش و خزمەتگوزارە. ناوی (مەحموود حەمەئەمین کەریم بەگ)ـە، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. ناودار و قسەخۆش و خانەدان بووە. لە دەرەوەی هەورامان ناسراوە، بەڵخە لە دوای ڕاپەڕین یەکێک بووە لە ئەنجومەنەکانی، ساڵی ١٩٧٥ زەوییەکی بە مزگەوتی بەڵخە لە ملەگا بەخشیوە، کە ئێستا مزگەوتی گەورەی ناو دێیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە بەڵخە بەخاکسپێرراوە.

محەممەد سۆفى ئەحمەد عەبابەیلێیی

قسەخۆش و دەنگخۆشە. بە (باوە حەمە) ناسراوە، ساڵی ١٨٦٨ لەدایکبووە. پیاوێکی چوارشانەی بەهێز بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. بانگهێشتی شایی و کۆڕ و کۆبوونەوەکان کراوە، بەتایبەت شێخەکانی عەبابەیلێ. ئارەزووی لە هەڵپەڕکێ بووە. ساڵی ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە. دەڵێن جارێک لەگەڵ کاروانێکدا لە ماهی دەشتی کرماشان دەگەڕێنەوە، ڕێیان لە گوندێک دەکەوێت شاییەکی گەورەی تێدابووە، بە هاوڕێکانی وتووە: ئێوە بڕۆن من لەم شاییە دەمێنمەوە! ساڵانە لەکاتی بەفرباریندا چووەتە شاخی شنروێ و بەڕووتی لەناو بەفردا وەرزشی کردووە. جارێکیان پیاوێکی هاواری دەیبینێت و وادەزانێت گیانداری کێویە، کە دەگاتە عەبابەیلێ دەڵێت گیاندارێکم بینیوە کەس نازانێت چییە و لەناو بەفردایە، کاتێک بەچەکەوە دەچن، سەیردەکەن باوەحەمەیە! جارێکیان بە وڵاخ چەند بارێک دەبات بۆ سلێمانی و چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن دەیانەوێت تاقیبکەنەوە، دەوروبەری دەگرن و یەکێکیان کڵاوەکەی لەسەری دەفڕێنن و ئەم و ئەوی پێدەکەن، بە ڕێکەوت کڵاوەکە دێتەوە بەردەم باوەحەمە خۆی، ئەویشیش تێی هەڵدەدات و یەکسەر دەست هەڵدەبڕن و دەڵێن باوەحەمە تەواو دۆڕاین.

محەممەد عەبدولڕەحمان محەممەد

قسەخۆشە. ناوی (محەممەد عەبدولڕەحمان محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٣٣ لە (زەڵم) لەدایکبووە. بە (حاجی حەمەسووری زەڵم) ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. جارێکیان لە گەرماوێک دەبێت و خۆی دەشوات، چەند جارێک بە بیانوی جیاجیاوە داوای شت دەکات، تا ژنەکەی بۆی بەرێت، ژنەکەشی هەموو جارەکان بە کچەکەیدا شتەکەی بۆ دەنێرێت. بۆیە دواجار بانگی کچەکەی دەکات و ئەویش دەڵێت ها باوکە چیت دەوێت؟! ئەمیش دەڵێت: دایکتم بۆ بهێنە.

موزەفەری دەگاشێخان

ناوی (موزەفەر عەلى مەحموود)ە. خەڵکی گوندى (دەگاشێخانی)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. ساڵی ١٩٤٥ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. جگە لە زمانی دایکی، ئينگليزی و عەرەبى و فارسیش دەزانێت‌. ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٥ پێشمەرگە بووە. لە کاتی خۆیدا و تا ئێستاش قسە و بەسەرهاتە خۆشەکانی دەماودەم دەگێڕرێنەوە. لە نموونەی قسەکانی: جارێکیان لە نوێژی جومعە دەبێت مامۆستا وتار دەدات و دەڵێت: وا ماوەیەکە باران نەباریوه، ئێوەش داوای نزا و پڕانەوە دەکەن، تا خودا بەزەیی پێماندا بێتەوە و لە کەرەمی خۆی بێبەشمان نەکات.. پاش ماوەیەک باران دەبارێت و گەنم سەوز دەبێت، بەڵام دەبینن دانی تێدا نییە. مزەفەریش سێ به سێ تەڵاق دەخوات دەڵێت: مەلا ڕاست ناکات، ئەگینا قابیله خوای گەوره نەزانێ ئێمە داوای چیمان کردووە، خۆ مەتعەم نییه بڵێین با چێشتەکه دانی تێدا نەبێت. جارێکیان موزەفه لەو پاسەدا دەبێت کە مامۆستاکانی (شارەزوور بۆ سلێمانی) گەڕاونەتەوە. نیوەڕۆیەکی گەرم بووە و لە ڕێگەش ژنێک سەردەکەوێت. ئافرەتەکه پێنج دینارییەک دەدات بە شۆفێرەکە و ئەویش دەڵێت: پارەکەت تەڕ بووە و ناڕوات. مزەفەریش دەڵێت: بیهێنن بۆ من تەڵاقم کەوتبێ هەتا پێنجیى ئاوام بۆ بهێنن به شەش دینار دەمەوێت.

نەسرەدین عەبدوڵا

ناوی (نەسرەدین عەبدوڵا حەمەحسێن)ـە و بە (نەسرەدین هەورامی و نەسرەدینی عەبدوڵا کوێرە)ش ناسراوە. ساڵی ١٩٤٠ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. گەلێک نوکتە و قسەی خۆش و بەسەرهاتی هەیە و لەناو خەڵکیدا دەماودەم دەگێڕرێنەوە. مەیلی زۆری لە گۆرانی وتنیش هەبووە. وەک کەسێکی پابەند بە دینداریی باووباپیرانەوە دەرکەوتووە. جارێکیان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا کەسێکی نێو مەفرەزەکەی پێیدەڵێت: خەمی فڵان کەسمە لە نێو دەستەی نەیارەکانماندا بە قەستی کوشتن تەقەی لێ نەکەن، ئەمیش پێیدەڵێت: (تەڵاقم کەوتبێ تا وەللەل ضالین ئامین دەمێنێت). جارێکیان بە برینداری لە سوریا چاو دەکاتەوە و تابلۆی پارتی بەعسی سۆشیالیست دەبینێت، دەڵێت: ئەمە ئەوە نییە ئێمە تەقەی لێدەکەین؟ دەڵێن نا ئەمە فەرقی هەیە و یەسار و یەمینیان جیاوازە، ئەویش (دەڵێت: تەڵاقم کەوتبێ بەعس وەک کڵاشی هەورامییە ڕاست و چەپی نییە)... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی کەس نەزان لە هەولێر بەشێوەیەکی کاتی بەخاکسپێرراوە و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ گۆڕستانی خارگێڵان.

نەنە ڕابیعە

قسەخۆشه و بەخشندەیە‌. ناوی (ڕابیعە محەممەد عەلی وەیس)ـە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (جەلیلە) لەدایکبووە. لە بنەچەدا (ڕەمکی)یە. لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بووە، بەڵام ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پێشخستنی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتیی گوندی بیاوێڵەدا. خەریکی باخداری بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خێزانی (مەلاحەمەمینی حافز "بێناو"ی شاعیر)بووە و بەو هۆیەوە شارەزاییەکی باشی لە شەرع و ئاداب و بابەتە دینییەکاندا هەبووە. شەش منداڵی هەبووە و سەدان نەوەی هەیە. لەبەرئەوەی لە بەروبوومی باخە هەنارەکەی بە خەڵکی گوند و ڕێبواران بەخشیوە، نازناوی (نەنەهەنار)یان پێداوە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ساڵی ١٩٩٣ گەڕاوەتەوە گوندەکەی و ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە و لە (بیاوێڵە) بەخاکسپێرراوە.

هادی محەممەد عەبدوڵا

ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. لە گەنجیدا بە دوو قۆڵی گۆرانی هەڵپەڕکێ و بەزمی شایی وتووە، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ گوندەکانی چواردەوریش بانگهێشتکراوە، لە ئێستادا زیاتر بەزمی سیاچەمانە دەڵێتەوە. لێی دەگێڕنەوه، ‌کە: یەکێک لە دادگاکاندا بۆ شایەتیدان بانگکراوە، لەپاش وەرگرتنی وتەکەی، هەر دەپەنجەی دەستی، پەنجە مۆر دەکرێت، ئەویش بەزۆر خۆی دەگەیەنێتە لای دادوەر و پێیدەڵێت: پرسیارێکم هەیە، ئەگەر ئەمە مەحکەمەی سەر زەوی بێت ئاوا هەر دە پەنجەتان مۆر کردووم، زەحمەت نەبێت مەحکەمەی قیامەت چۆنییە؟ هەروەها لە لاساییکردنەوەشدا کەموێنەیە. لە کاتی قسەکردندا تەڵاق زۆر دەخوات، تەڵاقیشی خستووە، کە هیچ تەڵاقێکی ناکەوێت. ڕاوچییەکی بەناوبانگیش بووە و لە خەرپانی ڕاوگەیەکی کەوی هەیە بەناوی کێڵەکەی هادی ناودەبرێت. چەندین ڕووداو و بەسەرهاتی سەیروسەمەرەی بەسەرداهاتووە و لە مەجلیسەکاندا دەگێڕرێنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

ئازیز گیان

ناوی (مەحموود عەبدوڵا ئەحمەد)ە و بە (ئازیز گیان) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و لە قۆناغی ئامادەیی بووه،‌ کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ ڕوویداوە و لە خوێندن دابڕاوە. ژیان و گوزەرانی تێکچووە. لە دەز‌گاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا، قسەکانی بوونەتە جێگەی سەرنج و لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکاندا قسەکانی بە وتەی ئاینییەوە دەبەستێتەوە. لە بارەی ڕاپەڕینەوە دەڵێت: (بەرهەمی ڕاپەڕینم بینی، لە گیرفانی مەسولەکاندا)، (وەرەقەیەک سوپایەک دەکات، شار کەی دەبێت وابێت، خەڵکەکەی هەمووی یەکتری بناسن). ئارەزووی لە کۆکردنەوەی هەندێک شتی وەک ڕادوێ و تەسبیحی هەیە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

حەمەڕەشید ئەحمەد حەمەئەمین

ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەری پێکنەھێناوە و بە تەنها دەژی. خەڵکی گوندی (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ڕۆژانە لەناو کوچە و کۆڵان و بازاری خورماڵدا دەبینرێت. بەقسەکانی خەڵکی دەخاتە پێکەنین و زۆرێک لە قسەکانی لەبارەی ژنەوەیە. دەڵێت: (ژنم بۆ بێنن بەڵام با لەچک بێت و قول ڕووتم ناوێ چونکە عەیبە). زۆربەی کات خەڵکی پێیدەڵێن: (تۆ تازە ژنت ناوێ، لەو دونیا حۆریت دەدەنێ)، ئەویش دەڵێت: (لایبە، پیسە، من حۆریم ناوێ قێزەونە، من ژنم ئەوێ).

سەلاحەشێت

بەخشراوێکی دیاری سنوری هەڵەبجە و هەورامانە. ناوی (سەلاح حسێن بەکر)ە. ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (دەگاشێخان) لەدایکبووە. بە ئاسانی خەڵکی ناسیوەتەوە و بنەچەی هەڵداوە. لە کاتی تووڕەبووندا دەستی وەشاندووە. دەنگی خۆش بووە و گۆرانی وتووە. لەبەرئەوە لەسەری دایکەوە برای تری هەبووە، جنێوی بە بنەچەی دایکی براکانی داوە. لە هەڵەبجە ئافرەتێکی ماچکردووە، کە لێیان کۆڵیوەتەوە، وتوویەتی بنوسن قەزاوقەدەر. ساڵی ١٩٩٦ کۆچیدواییکردووە.

عادلە شێت

ناوی تەواوی عادل حەمەرەزا کاکەخانە، ساڵی ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە و باری دەروونی تێکچووە. لە بەخشراوە دیارەکانی پێش کیمیابارانی هەڵەبجەیە. بێدەنگ و بێ_زیان بووە و حەز و خولیای بۆ کۆکردنەوەی ئاسنەکوتە و پارچەی لەکارکەوتووی ئۆتۆمبێل هەبووە و ئەو ئارەزووەی هەرماوە. ئێستا لەسلێمانی لەلای براکانی دەژی.

عەبەشێت

ناوی (عەبدوڵا محەممەد عەلی)یە و بە (عەبە هەڵەبجەیی: عەبەشێت) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئارەزووی لە خواردنەوەی مەی هەبووە. بۆچوون و ڕەخنەکانی لە دۆخی سیاسی و لەخۆگۆڕانی خەڵکی، بوونەتە مایەی پەسەندی و تێڕامان لە قسەکانی. بەو شێتە ناسراوە، کە دوعاکانی هاتوونەتەدی. دەزگا و دامەزراوەکانی سۆشیال میدیا، نوکتە و بەسەرهات و قسەخۆشەکانی دەگێڕنەوە، لەوانە (من نە باوکم دەوێ، نەحکومەتی وا خوێڕیم دەوێ، من پارەی ئوتێلم پێ نیە، ئەو لە تەبەقەی ئاسمان لای خوا ڤێلای هەیە. خودایە بۆ خاتری ئەم بانگی محەممەدە ئەم وەزعەمان لێ تێکبدەی، خوایە بمانگێڕیتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١، خوایە ڕسقی دەوڵەمەند بدەی، فەقیر خۆی خوێڕییە، بە وەزعەکە ڕاهاتووە). (وتویانە: عەبە، دەخۆیتەوە و مەزەت پێ نییە، وتوویەتی: ئەو خەڵکەم کردووە بە مەزەی خۆم). ساڵی ٢٠١٧ لە شارۆچکەی خورماڵ ماتۆڕێک لێیدەدات و بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.

پێشتر 1
...
43 44 45 دواتر