مەحموود بەگ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 581

قسەخۆش

قسەخۆش و خزمەتگوزارە. ناوی (مەحموود حەمەئەمین کەریم بەگ)ـە، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. ناودار و قسەخۆش و خانەدان بووە. لە دەرەوەی هەورامان ناسراوە، بەڵخە لە دوای ڕاپەڕین یەکێک بووە لە ئەنجومەنەکانی، ساڵی ١٩٧٥ زەوییەکی بە مزگەوتی بەڵخە لە ملەگا بەخشیوە، کە ئێستا مزگەوتی گەورەی ناو دێیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە بەڵخە بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ڕۆشنا سەلاح مەحموود)ی کوڕەزای (مەحموود بەگ)، لەدابکبوو: ١٩٧٥، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، لە ٢ی ٢ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مەریوان کەریم بەگ)، لەدایکبوو: ١٩٧٠، پیشە: خزمەتگوزاری مزگەوتی بەهەشت و کاسب، لە ١٨ی ١ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد ئەڵڵاموراد

قسەخۆشە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. لەبەر قسەخۆشی پێیانوتووە:(ئەحەخوڵوو). وشەی (خوڵوو) لە ناوچەی بناری بەمۆ و بنزاری جافی واتە: کەسێکی قسەخۆش و گۆڵمەز. لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو بە کاسێت قسەکانی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ لە زەڕایەن کۆچیدواییکردووە.

ئەحمەد محەممەد ئیبراهیم

قسەزان و قسەخۆشە. یەکێک بووە لە پیاوانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین‌. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی (باخەکۆن)ـە ١٩٦٧ساڵی کۆچیدواییکردووە.

بارام بەگ

ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (سۆسەکان)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. بەشداری شۆڕشەکانی (جافرسانی)ی لە هەورامان کردووە و ئەندامی حیزبی (هیوا)بووە. لە شۆڕشی ئەیلولیشدا پێشمەرگایەتی کردووە. دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و حەوت منداڵی هەبووە. بەهۆی قسەخۆشەکانییەوە بانگهێشتی کۆبوونەوە و دانیشتنەکان کراوە. تەڵاقەکانی بارام بەگ کۆمەڵە پەند و ئیدیەم و قسەی نەستەقن لە فۆرمی تەڵاقد، وەک سامان و کەرەستەیەکی ئەدەبی میللیی ناوچەکە ناسراون. خاوەنی ئەم تەڵاقانە بارام بەگی هەورامییە. کە دواتر بووەتە سەرباشقە و هەر قسە و ڕوداوێک پەند و عیبرەتی تێدا بووبێت، دراونەتە پاڵ بارام بەگ. بە زمانێکی سادە‌ و بە شێوازی پێکەنیناوی، گوزارشتی لە ڕووداوەکان کردووە. هەرچەندە نازناوی بەگی هەڵگرتووە‌ و لە بەگزادەکانی هەورامانە، بەڵام هەژاریی ‌و هەستکردن بە ئازارەکانی خەڵک، بەشێک بووە لە ژیانی. قسەکانی بەناو خەڵکی و تۆڕه ‌کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و دەماودەم دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ لە (هەڵەبجەی تازە) کۆچیدواییکردووە. لە نموونەی قسە و تەڵاقەکانی: (پیاو کە نەگبەت بوو، محەلەبیش بخوات دانی دەشکێت)، (گەر پیاو لە ماڵەوە گۆرەوی لەپێ بکات، ھەرچی نەعل ھەیە لەو ماڵەدا ھەمووی تەڕە)، (کەس خاوەنی تەسبیحی دەستی خۆی نییە، یان لە کەسێکی بردووە یان کەسێک لێی دەبات)، (خوێدانێک نییە بە باشی خوێی پێدا بێت).

بورهانی عەلییەقووت

ناوی (بورهان عەلی فەرەج)ـە و بە‌ (بورهانی عەلییەقووت) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (تازەدێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی خورماڵ تەواوکردووە و بووە بە کارمەندی وەزارەتی ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. میواندۆست و کۆمەڵایەتی بووە. قسەخۆشەکانی دەماودەم لە ناوچەکەدا گێڕاونەتەوە. لەوانە: جارێک پاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئۆردوگای ئێران ئاوارەدەبن، مەلایەکی حیزبێکی ئیسلامی باسی سەبر و قات و قڕى و برسیەتییان بۆ دەکات، و دەڵێت هاوەڵانی پێغەمبەر (د. خ) لەبرسان بەردیان خستووەتە‌ ناوسکیان‌، بورهانیش دەڵێت: مەلا تۆ چوپێک بخۆ، وەعد بێت من تایە‌یەک‌ بەویلەکەوە بخۆم. جارێکیان لە تەکسییەکدا بووە، کابرایەکی دوکانداریش، کە ‌شتی قاچاخی هێناوە بۆ خورماڵ، لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بووە، لە سەیتەرەکەی (چەناخچیان) پۆلیسی گومرگ ڕأیاندەگرن و بە شۆفرەکە دەڵێن: چیت پێیە؟ ئەویش دەڵێت تەنها پسکیت و مەساسە. کاتێک پۆلیس دەیپشکنن و دەزانن، کە گوێزان و کەلوپەرلی قاچاخیان پێیە، پۆلیسی گومرک دەڵێت بۆ ڕاستت نەوت!؟ کابرای دوکاندار دەڵێت گوێزانەکان کولن. بورهان عەلییەقووتیش دەڵێت: حکومەت کول و تیژ نازانێت، تریتی موس بێت گومرکی دەکات. ساڵی ٢٠١١ له ‌شارۆچکەی خورماڵ به ‌نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شارۆچکەکە بەخاکسپێرراوە.

پشیل

کەسایەتییەکی کۆمیدی و لاساییکەرەوە و قسەخۆش بووە، بۆ خۆشی جارجارەش گۆرانی وتووە. ناوی حسێن قادرە و بە پشیل و خۆشیل ناسراوە. ساڵی ١٩١٢ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. خێزاندار و خاوەنی منداڵە. بە پیشەی قەسابی و کڕینی حەیوانەوە خەریکبووە. لەبەرئەوە شارەدێ و گوندەکانی تری هەورامان گەڕاوە و لەبەر بەزمەکانی، چووبێتە هەر شوێنێک، ماوەیەک گلیانداوەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی سیروان کۆچیدواییکردووە.

حاجی بارام خەرپانەیی

ناوی (بارام حسەین ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. جگە لەوەی پیاوێکی ئایندار و کۆمەڵایەتی بووە، کەسێکی قسەخۆش و ڕووخۆش بووە، کاتێک قسەکانی گێڕاوەتەوە وتویەتی: (حەزەرت و خەدیجەی فەرماواش) واتە (حەزرەتی خەدیجە فەرموویەتی). وەک ئامۆژگاریەکیش بۆ منداڵەکانی، کە وەک خۆی بن وتویەتی (ئەو من نەژدێ دلێنە مژدێ)، واتە (لە من نەکەن لەناو دەچن). کاتێک منداڵێک لێدانی خواردبێت زۆرجار حاجی بارام بەم قسەیە ئاشتی کردووەتەوە: (یاخوا شوێن دەسەکانی مۆر بێتەوە). ڕووداوەکانی بە شتی سەیروسەمەرە پێوانەکردووە تەنها بۆ ئەوەی بزە و پێکەنین بخاتە سەر لێوی بەرانبەرەکەی، لەکاتی باران باریندا وتویەتی: (ڕەنگە ئەمڕۆ بەرمیلێ زیاتر باران باریبێ)، یان کاتێک دیمەنی تەوافی کەعبەی بینیوە وتویەتی: (قەناعەت بکەن ئەوانە سەد نەفەر زیاتر ئەبن) و قسەکەشی ڕاست بووە. لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت هەرکەسی لەگەڵ بوایە پێیوتووە: (ئەگەر نانت خواردووە فەرموو بچینە ماڵەوە)، ئەگەر میوانێک درەنگ هەڵسابێت، بە گاڵتەوە وتویەتی: (ئا جێگەی خەوی بۆ ڕابخەن). لەساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە.