قسەخۆشەکانی خورماڵ و دەوروبەری

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 579

قسەخۆش

١- ئەحمەد محەمەد ئیبراهیم: یەکێک بووە لە پیاوەکانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی باخەکۆنە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە.

٢- حەمە عەلی عەبەکە. ساڵی ١٩٣٣ لە ئەحمەدئاوا لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە.

٣- عیزەت مستەفا ڕۆستەم: قسە خۆش بووە. ساڵی ١٩٣٨ لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە.

٤- عارف عەبدوڵا مارف: قسەخۆش بووە. لە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی زەردەهاڵ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

٥- حاجی محەمەد نیعمەت عەبدوڵا: قسەخۆش و خێرخواز بووە. ساڵی ١٩١٨ لە گوندی دەگاشێخان لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و لە دەگاشێخان نێژراوە.

٦- حەسەن ڕەشید عەبدولسەمەد، لەگوندی گوڵپی هەورامان نیشتەجێبووە. ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠١ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە.

٧- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆش و سوعبەتچی بووە. ساڵی ١٩٤٩ لە گەچێنەی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.

٨- حەمەشەریف حسێن ڕەحیم دەروێش: قسەخۆش و نوکتەزان بووە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە.

٩- نەسروڵڵا بەگ: خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی هەورامان. ناوی (نەسروڵڵا عەزیز سلێمان)ـە. ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. باوکی نەوزادی گۆرانیبژە. ساڵی ١٩٩٥ کۆچیدواییکردووە.

١٠- حەمەمین حەمەعەلی سۆفی: قسەخۆش و شمشاڵژەن بووە. لەبەرئەوە بە (حەمەمینی شمشاڵژەن) ناسراوە. ١٩٣٢ز لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە.

١١- محەممەد عەبدولڕەحمان محەمەدئەمین: ساڵی ١٩٣٣ لە زەڵم لەدایکبووە. بە حاجی حەمەسووری زەڵم ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە.

١٢- حاجی حەمەئەمین حسێن: ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. بە(حاجی کەوە) ناسراوە. لە ژیاندایە و لە خورماڵ نیشتەجێیە.

١٣- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆشە. ساڵی ١٩٤٩ لە (گەچێنە) لەدایکبووە و ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.

سەرچاوەکان:

  1. یانەو قسەوەشا، بنەماڵەی سەعەی فەرەج، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٩١-٩٥.
  2. چاوپیکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەمەد سابیر "حەمە سابیر") لەدایکبوو: ١٩٦٨، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
  3. چاوپیکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ابوبکر یونس کاکەبرا. لەدایکبوو: ١٩٥٧، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٤، لە ئەحمەدئاوا.
  4. چاوپیکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بێستون مەعسوم حەسەن)، لەدایکبوو: ١٩٧٢، دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢ی٢ ی ٢٠٢٤، لە باخەکۆن.
  5. چاوپیکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (جەمالی جەڕاح) ، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستل، لە ٩ی ٣ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.
  6. چاوپیکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ڕزگار رۆستەم غفور، لەدایکبوو: ی ١٩٧٨، سەرەتایی، هاووڵاتی. ١١ی٢ی ٢٠٢٤ زەردەهاڵ.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەد محەممەد ئەڵڵاموراد

قسەخۆشە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. لەبەر قسەخۆشی پێیانوتووە:(ئەحەخوڵوو). وشەی (خوڵوو) لە ناوچەی بناری بەمۆ و بنزاری جافی واتە: کەسێکی قسەخۆش و گۆڵمەز. لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو بە کاسێت قسەکانی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ لە زەڕایەن کۆچیدواییکردووە.

ئەحمەد محەممەد ئیبراهیم

قسەزان و قسەخۆشە. یەکێک بووە لە پیاوانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین‌. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی (باخەکۆن)ـە ١٩٦٧ساڵی کۆچیدواییکردووە.

بارام بەگ

ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (سۆسەکان)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. بەشداری شۆڕشەکانی (جافرسانی)ی لە هەورامان کردووە و ئەندامی حیزبی (هیوا)بووە. لە شۆڕشی ئەیلولیشدا پێشمەرگایەتی کردووە. دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و حەوت منداڵی هەبووە. بەهۆی قسەخۆشەکانییەوە بانگهێشتی کۆبوونەوە و دانیشتنەکان کراوە. تەڵاقەکانی بارام بەگ کۆمەڵە پەند و ئیدیەم و قسەی نەستەقن لە فۆرمی تەڵاقد، وەک سامان و کەرەستەیەکی ئەدەبی میللیی ناوچەکە ناسراون. خاوەنی ئەم تەڵاقانە بارام بەگی هەورامییە. کە دواتر بووەتە سەرباشقە و هەر قسە و ڕوداوێک پەند و عیبرەتی تێدا بووبێت، دراونەتە پاڵ بارام بەگ. بە زمانێکی سادە‌ و بە شێوازی پێکەنیناوی، گوزارشتی لە ڕووداوەکان کردووە. هەرچەندە نازناوی بەگی هەڵگرتووە‌ و لە بەگزادەکانی هەورامانە، بەڵام هەژاریی ‌و هەستکردن بە ئازارەکانی خەڵک، بەشێک بووە لە ژیانی. قسەکانی بەناو خەڵکی و تۆڕه ‌کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و دەماودەم دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ لە (هەڵەبجەی تازە) کۆچیدواییکردووە. لە نموونەی قسە و تەڵاقەکانی: (پیاو کە نەگبەت بوو، محەلەبیش بخوات دانی دەشکێت)، (گەر پیاو لە ماڵەوە گۆرەوی لەپێ بکات، ھەرچی نەعل ھەیە لەو ماڵەدا ھەمووی تەڕە)، (کەس خاوەنی تەسبیحی دەستی خۆی نییە، یان لە کەسێکی بردووە یان کەسێک لێی دەبات)، (خوێدانێک نییە بە باشی خوێی پێدا بێت).

بورهانی عەلییەقووت

ناوی (بورهان عەلی فەرەج)ـە و بە‌ (بورهانی عەلییەقووت) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (تازەدێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی خورماڵ تەواوکردووە و بووە بە کارمەندی وەزارەتی ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. میواندۆست و کۆمەڵایەتی بووە. قسەخۆشەکانی دەماودەم لە ناوچەکەدا گێڕاونەتەوە. لەوانە: جارێک پاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئۆردوگای ئێران ئاوارەدەبن، مەلایەکی حیزبێکی ئیسلامی باسی سەبر و قات و قڕى و برسیەتییان بۆ دەکات، و دەڵێت هاوەڵانی پێغەمبەر (د. خ) لەبرسان بەردیان خستووەتە‌ ناوسکیان‌، بورهانیش دەڵێت: مەلا تۆ چوپێک بخۆ، وەعد بێت من تایە‌یەک‌ بەویلەکەوە بخۆم. جارێکیان لە تەکسییەکدا بووە، کابرایەکی دوکانداریش، کە ‌شتی قاچاخی هێناوە بۆ خورماڵ، لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بووە، لە سەیتەرەکەی (چەناخچیان) پۆلیسی گومرگ ڕأیاندەگرن و بە شۆفرەکە دەڵێن: چیت پێیە؟ ئەویش دەڵێت تەنها پسکیت و مەساسە. کاتێک پۆلیس دەیپشکنن و دەزانن، کە گوێزان و کەلوپەرلی قاچاخیان پێیە، پۆلیسی گومرک دەڵێت بۆ ڕاستت نەوت!؟ کابرای دوکاندار دەڵێت گوێزانەکان کولن. بورهان عەلییەقووتیش دەڵێت: حکومەت کول و تیژ نازانێت، تریتی موس بێت گومرکی دەکات. ساڵی ٢٠١١ له ‌شارۆچکەی خورماڵ به ‌نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شارۆچکەکە بەخاکسپێرراوە.

پشیل

کەسایەتییەکی کۆمیدی و لاساییکەرەوە و قسەخۆش بووە، بۆ خۆشی جارجارەش گۆرانی وتووە. ناوی حسێن قادرە و بە پشیل و خۆشیل ناسراوە. ساڵی ١٩١٢ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. خێزاندار و خاوەنی منداڵە. بە پیشەی قەسابی و کڕینی حەیوانەوە خەریکبووە. لەبەرئەوە شارەدێ و گوندەکانی تری هەورامان گەڕاوە و لەبەر بەزمەکانی، چووبێتە هەر شوێنێک، ماوەیەک گلیانداوەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی سیروان کۆچیدواییکردووە.

حاجی بارام خەرپانەیی

ناوی (بارام حسەین ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. جگە لەوەی پیاوێکی ئایندار و کۆمەڵایەتی بووە، کەسێکی قسەخۆش و ڕووخۆش بووە، کاتێک قسەکانی گێڕاوەتەوە وتویەتی: (حەزەرت و خەدیجەی فەرماواش) واتە (حەزرەتی خەدیجە فەرموویەتی). وەک ئامۆژگاریەکیش بۆ منداڵەکانی، کە وەک خۆی بن وتویەتی (ئەو من نەژدێ دلێنە مژدێ)، واتە (لە من نەکەن لەناو دەچن). کاتێک منداڵێک لێدانی خواردبێت زۆرجار حاجی بارام بەم قسەیە ئاشتی کردووەتەوە: (یاخوا شوێن دەسەکانی مۆر بێتەوە). ڕووداوەکانی بە شتی سەیروسەمەرە پێوانەکردووە تەنها بۆ ئەوەی بزە و پێکەنین بخاتە سەر لێوی بەرانبەرەکەی، لەکاتی باران باریندا وتویەتی: (ڕەنگە ئەمڕۆ بەرمیلێ زیاتر باران باریبێ)، یان کاتێک دیمەنی تەوافی کەعبەی بینیوە وتویەتی: (قەناعەت بکەن ئەوانە سەد نەفەر زیاتر ئەبن) و قسەکەشی ڕاست بووە. لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت هەرکەسی لەگەڵ بوایە پێیوتووە: (ئەگەر نانت خواردووە فەرموو بچینە ماڵەوە)، ئەگەر میوانێک درەنگ هەڵسابێت، بە گاڵتەوە وتویەتی: (ئا جێگەی خەوی بۆ ڕابخەن). لەساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە.