کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

مام براخاس هاواری

کەسایەتییەکی خزمەتگوزار و زیرەکی هاوارە. ناوی (براخاس نادر ئیبراهیم)ـە. لە هۆزی پیرسمایلییەکانە. لە خێزانێکی کاکەیی لە ساڵی ١٨٩٠ لە هاوار لەدایکبووە. چەندین هەتیوی بەخێوکردووە. دوو ژنی هێناوە و نەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. لەوانە مام وریا. ئەو کاتەی ماڵی لە هەڵەبجە دەبێت لەبەر زیرەکی، حامید بەگ دەیکاتە سەرکاری خۆی. لە هەڵسوکەوتی بەگەکان و کاروباری میریی شارەزایی پەیدادەکات و داوای کردنەوەی قوتابخانە بۆ هاوار دەکات. ساڵی ١٩٥٣ دەتوانێت ببێتە هۆکاری کردنەوەی قوتابخانە. دەوترێت هێندە میواندار بووە شەوی وا هەبووە خۆی بۆ خەوتن چووەتە ماڵە دراوسێ. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە.

مەهدی شێخ عارف

ناوی مەهدی حەمەعارف محمد غەفورە، ساڵی ١٩٤٨ لە تاوێرە لەدایکبووە، لە تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن، سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و سلێمانی و تەواوکردووە. لەساڵی ١٩٦٩-١٩٧٠ پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕشی لە چۆمان و ساڵی ١٩٧٩-١٩٨٠ بەشی شەشی وێژەیی خوێندووە. خێزاندارە و خاوەنی ١٠ منداڵە، باوکی مامۆستا ئەحمەدی دامەزرێنەری کۆلێژی تورکیی کوڕان و کچانی هەڵەبجەیە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٠٢ بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی هەڵەبجە هەڵبژێردراوە. مزگەوتی شێخ عارفی تاوێرەی لە گەڕەکی شەهید فاتح لەسەر ئەرکی خۆی کردووەتەوە. خانەنشینە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

موعتەسەم مەحموود مەحموود

سەرمایەدار و دەوڵەمەندە. بە (حاجی موعتەسەم) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. چەند پڕۆژەیەکی تایبەتی لە تەوێڵە ئەنجامداوە و دەستی چەندین نەدار و قوتابی گرتووە. لە نمونەی کارە خێرخوازییەکانی: دروستکردنی مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە هەڵەبجە، دروستکردنی بینایەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی وەراوەر، نوێژگە و شوێنی دەستنوێژگرتن و ئاودەستی تایبەت بە ئافرەتان لە پشتی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە. هاوکاری هۆڵی پرسەی تەوێڵەییەکان لە سەیوانی دوو، دەستگرۆیی چەند خێزانیکی کەم دەرامەت و خوێندکارانی زانکۆ.

هۆشیار بیاوێڵەیی

دیارترین مین_هەڵگرەوەی کوردستانە، بە هۆشیاری مین ناسراوە. ناوی تەواوی هوشیار عەلی عەبدولحەسەنە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی بیاوێڵە لەدایکبووە. وەرزشەوان بووە و خێراترین یاریزانی ڕاکردن بووە و یاری بۆ گوندەکەی کردووە. بووەتە پێشمەرگە، دوای ڕاپەڕین لە ئاوەدان کردنەوە و پاککردنەوەی کوردستان لە مین، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و گەلێک ناوچەی بە تەواوی پاککردووەتەوە و ژیانی هەزاران خەڵکی ڕزگارکردووە. ٣٢ ساڵە وەک خۆبەخش کاری مین_هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەیان دەکات و بە ملیۆن مین و بۆمبی پوچەڵ کردووەتەوە. ١٦٠ تەرمی لە کێڵگەی مینەکان دەرهێناوەتەوە و ڕادەستی کەسوکاریانی کردوونەتەوە. لەو پێناوەدا قاچەکانی لەدەستداوە، سەردانی یابانی کردووە، لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لادێکان بۆ مین و تەقەمەنی لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە، کۆششیکردووە و وانەی وتوەتەوە. ئەو بۆمب و مین و تەقەمەنیانەی کوردستانیان پێ کاولکراوە و دوای پوچەڵکردنەوەیان وەک مۆزەخانە لە گوندەکەیدا دایناون و بوونەتە جێی سەرنج و کەرەستەی دیکۆمێنتی. میدیای ناوخۆ و دەرەوە بایەخیانپێداوە. دەیان وێنەی بەڵگەنامەیی و ئەرشیفی لە کێڵگە و ناوچە مینڕێژکراوەکاندا هەیە و چەندینجار هەواڵی مردنی بڵاوبووەتەوە و پرسەی بۆ دانراوە و لە حەوت شوێن گۆڕی بۆ هەڵکەندراوە. قوتابخانە و مزگەوت و گوند و مەرزی نێودەوڵەتی و نەخۆشخانە و بنکەی پۆلیسی بە ناوەوە کراوە. کتێب لەسەر ژیانی نوسراوە و گەلێک فلیم و شانۆ لەسەر ژیانی بەرهەمهێنراوە و پەیکەری بۆ کراوە. خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەتە، کە وێنە و لۆگۆی مینی لەسەرە و لە هەموو شوێنێک دەناسرێتەوە و یەکەم کەسە ژمارەی سەیارەکەی بە کوردستان/هەڵەبجە و ژمارە یەک نەخشاندووە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆشمەند یار ئەحمەد ئەفراسیاو بەگ

کەسایەتیی دیار و دەمڕاستی گوندەکانی (بنجۆی دڕە) و (زەردەهاڵ)ـە. کوڕەزای سالار ئەفراسیاوبەگی هەورامانە. ساڵی ١٩٥٢ لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. چەند کارێکی خێرخوازیی ئەنجامداوە، لەوانە: بەخشینی دوو دۆنم بە یاریگای تاتانی زەردەهاڵ، هاوکار بووە لە دابینکردنی نزیکەی دوو دۆنم و نیو زەوی بۆ گۆڕستان. لە ئێستادا لە ئەنجومەنێکی تایبەتدایە بە خزمەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵەبجە و هەورامان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

هێرۆ وەکیل جەعفەر

چالاکوانی ژینگەیە. خەڵکی بەڵخەی هەورامانە. ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە. لە دامەزراندنی چەند ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژینگە و مافی ژناندا ڕۆڵی هەبووە و هەلیکاری بۆ چەندین گەنجی شاری هەڵەبجە ڕەخساندووە. خاوەنی چەندین پڕۆژەی ژینگەیه،‌ لەوانە: سەنتەرەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە و دروستکردنی تورەکەی خام لەبری عەلاگە و پلاستیک و سەوزکردنی پارک. بە هاوکاری چەند ڕێکخراوێک لە شارەوانی، پارچەیەک زەوییان وەرگرتووە و کردوویانە بە باخچە و پارک. سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە مافی ژن و پاراستنی ژینگەی کردووە. وەک ڕێکخراوی نوێ، خەڵاتی ڕووناکیی نوێیان داناوە بۆ چالاکوانانی خزمەت بە کەیسی ژنان. بەشداری چەندین هەڵمەتی نەمام_ناشتن و کۆرس و کۆڕی مافەکانی ژنان و هۆشیاری کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێیە بۆ ژینگە و مافەکانی ژنان. براوەی خەڵاتی جیهانیی ژنی پاڵەوانی مافەکانی ژینگەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە لەلایەن سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ دابینکراوە.

ئەحمەد محەممەد ئەڵڵاموراد

قسەخۆشە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. لەبەر قسەخۆشی پێیانوتووە:(ئەحەخوڵوو). وشەی (خوڵوو) لە ناوچەی بناری بەمۆ و بنزاری جافی واتە: کەسێکی قسەخۆش و گۆڵمەز. لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو بە کاسێت قسەکانی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ لە زەڕایەن کۆچیدواییکردووە.

ئەحمەد محەممەد ئیبراهیم

قسەزان و قسەخۆشە. یەکێک بووە لە پیاوانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین‌. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی (باخەکۆن)ـە ١٩٦٧ساڵی کۆچیدواییکردووە.

بارام بەگ

ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (سۆسەکان)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. بەشداری شۆڕشەکانی (جافرسانی)ی لە هەورامان کردووە و ئەندامی حیزبی (هیوا)بووە. لە شۆڕشی ئەیلولیشدا پێشمەرگایەتی کردووە. دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و حەوت منداڵی هەبووە. بەهۆی قسەخۆشەکانییەوە بانگهێشتی کۆبوونەوە و دانیشتنەکان کراوە. تەڵاقەکانی بارام بەگ کۆمەڵە پەند و ئیدیەم و قسەی نەستەقن لە فۆرمی تەڵاقد، وەک سامان و کەرەستەیەکی ئەدەبی میللیی ناوچەکە ناسراون. خاوەنی ئەم تەڵاقانە بارام بەگی هەورامییە. کە دواتر بووەتە سەرباشقە و هەر قسە و ڕوداوێک پەند و عیبرەتی تێدا بووبێت، دراونەتە پاڵ بارام بەگ. بە زمانێکی سادە‌ و بە شێوازی پێکەنیناوی، گوزارشتی لە ڕووداوەکان کردووە. هەرچەندە نازناوی بەگی هەڵگرتووە‌ و لە بەگزادەکانی هەورامانە، بەڵام هەژاریی ‌و هەستکردن بە ئازارەکانی خەڵک، بەشێک بووە لە ژیانی. قسەکانی بەناو خەڵکی و تۆڕه ‌کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و دەماودەم دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ لە (هەڵەبجەی تازە) کۆچیدواییکردووە. لە نموونەی قسە و تەڵاقەکانی: (پیاو کە نەگبەت بوو، محەلەبیش بخوات دانی دەشکێت)، (گەر پیاو لە ماڵەوە گۆرەوی لەپێ بکات، ھەرچی نەعل ھەیە لەو ماڵەدا ھەمووی تەڕە)، (کەس خاوەنی تەسبیحی دەستی خۆی نییە، یان لە کەسێکی بردووە یان کەسێک لێی دەبات)، (خوێدانێک نییە بە باشی خوێی پێدا بێت).

بورهانی عەلییەقووت

ناوی (بورهان عەلی فەرەج)ـە و بە‌ (بورهانی عەلییەقووت) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (تازەدێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی خورماڵ تەواوکردووە و بووە بە کارمەندی وەزارەتی ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. میواندۆست و کۆمەڵایەتی بووە. قسەخۆشەکانی دەماودەم لە ناوچەکەدا گێڕاونەتەوە. لەوانە: جارێک پاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئۆردوگای ئێران ئاوارەدەبن، مەلایەکی حیزبێکی ئیسلامی باسی سەبر و قات و قڕى و برسیەتییان بۆ دەکات، و دەڵێت هاوەڵانی پێغەمبەر (د. خ) لەبرسان بەردیان خستووەتە‌ ناوسکیان‌، بورهانیش دەڵێت: مەلا تۆ چوپێک بخۆ، وەعد بێت من تایە‌یەک‌ بەویلەکەوە بخۆم. جارێکیان لە تەکسییەکدا بووە، کابرایەکی دوکانداریش، کە ‌شتی قاچاخی هێناوە بۆ خورماڵ، لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بووە، لە سەیتەرەکەی (چەناخچیان) پۆلیسی گومرگ ڕأیاندەگرن و بە شۆفرەکە دەڵێن: چیت پێیە؟ ئەویش دەڵێت تەنها پسکیت و مەساسە. کاتێک پۆلیس دەیپشکنن و دەزانن، کە گوێزان و کەلوپەرلی قاچاخیان پێیە، پۆلیسی گومرک دەڵێت بۆ ڕاستت نەوت!؟ کابرای دوکاندار دەڵێت گوێزانەکان کولن. بورهان عەلییەقووتیش دەڵێت: حکومەت کول و تیژ نازانێت، تریتی موس بێت گومرکی دەکات. ساڵی ٢٠١١ له ‌شارۆچکەی خورماڵ به ‌نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شارۆچکەکە بەخاکسپێرراوە.

پشیل

کەسایەتییەکی کۆمیدی و لاساییکەرەوە و قسەخۆش بووە، بۆ خۆشی جارجارەش گۆرانی وتووە. ناوی حسێن قادرە و بە پشیل و خۆشیل ناسراوە. ساڵی ١٩١٢ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. خێزاندار و خاوەنی منداڵە. بە پیشەی قەسابی و کڕینی حەیوانەوە خەریکبووە. لەبەرئەوە شارەدێ و گوندەکانی تری هەورامان گەڕاوە و لەبەر بەزمەکانی، چووبێتە هەر شوێنێک، ماوەیەک گلیانداوەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی سیروان کۆچیدواییکردووە.

حاجی بارام خەرپانەیی

ناوی (بارام حسەین ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. جگە لەوەی پیاوێکی ئایندار و کۆمەڵایەتی بووە، کەسێکی قسەخۆش و ڕووخۆش بووە، کاتێک قسەکانی گێڕاوەتەوە وتویەتی: (حەزەرت و خەدیجەی فەرماواش) واتە (حەزرەتی خەدیجە فەرموویەتی). وەک ئامۆژگاریەکیش بۆ منداڵەکانی، کە وەک خۆی بن وتویەتی (ئەو من نەژدێ دلێنە مژدێ)، واتە (لە من نەکەن لەناو دەچن). کاتێک منداڵێک لێدانی خواردبێت زۆرجار حاجی بارام بەم قسەیە ئاشتی کردووەتەوە: (یاخوا شوێن دەسەکانی مۆر بێتەوە). ڕووداوەکانی بە شتی سەیروسەمەرە پێوانەکردووە تەنها بۆ ئەوەی بزە و پێکەنین بخاتە سەر لێوی بەرانبەرەکەی، لەکاتی باران باریندا وتویەتی: (ڕەنگە ئەمڕۆ بەرمیلێ زیاتر باران باریبێ)، یان کاتێک دیمەنی تەوافی کەعبەی بینیوە وتویەتی: (قەناعەت بکەن ئەوانە سەد نەفەر زیاتر ئەبن) و قسەکەشی ڕاست بووە. لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت هەرکەسی لەگەڵ بوایە پێیوتووە: (ئەگەر نانت خواردووە فەرموو بچینە ماڵەوە)، ئەگەر میوانێک درەنگ هەڵسابێت، بە گاڵتەوە وتویەتی: (ئا جێگەی خەوی بۆ ڕابخەن). لەساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە.

حاجی کەرەمە

کەسایەتیی کۆمەڵایەتییه، قسەزان و زمان پاراو بووە. یەکێکە لە پیاوە ناودارەکانی گوندی سەرگەت. ناوی (ئەڵڵاکەرەم کوڕی حەمەکەریم مەلا حەمەئەمین)ە. ساڵی ١٩١٨ لەسەرگەت لەدایکبووە. لە گفتوگۆدا تەڕ دەستبووە. بە جوانیی گوزارشت و دەربڕین و هونەری زمان، پەیامەکانی گەیاندووە. بوێر و ئازا بووە. قسە و وتەکانی بە نەستەقی و پێگەی ئەدەبییەوە چوونەتە نێو خەڵکی ناوچەکە و دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩٨ کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت نێژراوە.

حامید مەجید فەتحوڵڵا

قسەخۆش و پزیشکی میللییە‌. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. لەگەڵ پیشەکەیدا زۆرزان و پارەپەیداکەریش بووە، دەڵێن کەسێک هەقدەستەکەی کەمبووبێت، جۆرە زۆرێکی کردووە و زیاتر لە نواندن چووە و وتویەتی ددانەکەت سەختە بە ئاسانی ناکێشرێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لە قسەو بەسەرهاتە خۆشەکانی: داوای گۆشتیان لێ کردووە، دەچێتە بیارە و لە ڕێگەی بالێدانەوە و پیساییکردنەوە، قازێکی ماڵی شێخ ڕادەکێشێتە بن قنگی و دووریدەخاتەوە و سەریبڕیوە و بردویەتییەوە بۆ ماڵەوە. کافرمانێکی ڕیشتاشینی پێ بووە، وتویەتی سەروبەری پێ دەتاشم و دەیکەم بە لاملی تەوێڵەیی (واتە: خوارەوەم وەک لاملی تەوێڵەیی ساف و جوان دەکەم)‌. ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە.

حەسەن چاوەش

قسەخۆش و شاعیرێکی میللی و قسەخۆشی یارسانە. ناوی(حەسەن کوڕی وەیسەی کوڕی عەلی کەرەمە)، لە هۆزی وسەینەیە لەهاوار. ساڵی لە دایکبوون و مردنی دیارنییە. هاوچەرخی کوێخا بارامی هاواری بووە. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا دەچێتە تورکیا. لە (دارالخلیفە) ئینزیباتی دەکات و خەلیفە خۆشی ویستووە. دەگەڕێتەوە بەغداد و چاخانەیەک دادەنێ. دواجار دەگەڕێتەوە هاوار. خێزانی پێکەوە ناوە و کوڕێک و سێ کچی بووە.

حەمەحسێن دەرەتوێیی

قسەخۆش و شاعیرێکی میللیی یارسانە. ناوی (حەمەحسێن حەمەسەلیم دەرەتوێی) و نازناوی (کەژەوان)ە. ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی دەرەتوێی یارسان_نشین لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یازدە منداڵە. ١٩٥٣ لە کەرکوک بووەتە پۆلیس و پێنج ساڵ لەوێ بووە و پاشان گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. ساڵی ١٩٧٨ بە هۆی داگرتنی گوندەکەیانەوە دێتە هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێدەبێت. ساڵی ١٩٨٨ بە هۆی کیمیابارانەوە ئاوارەی ئێران دەبێت و پاشان بە لێبوردنی ساختە دەگەڕێتەوە و بۆ دەبرێنە گڕدەچاڵ. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و تا لە ١٩ی ٣ی ١٩٩٩ کۆچیدواییدەکات. شیعرەکانی بە ناوی(خەم و یادگاری) کۆکراوەنەتەوە، بەڵام بڵاونەکراونەتەوە.

حەمە دەمانچە

ناوی (محەممەد ئەحمەد قادر)ە و بە (حەمه دەمانچە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (تازەدێ) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. پێشمەرگەی دێرینە و لە شاخ بە کەسێکی قسەخۆش ناسراوە و چەندین سەرگوزەشتە و بەسەرهاتی خۆشی لێ دەگێڕنەوە. ڕۆژێکیان لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، لە نزیکی بێستانێکی شووتی، کە هی خۆیانە لادەدەن، بە پێشمەرگەکان دەڵێت: ئەم بێستانە هی پیرەژنێکی هەتیوە، با لێی نەخۆین، دەیانبات بۆ بێستانێکی تر. جارێکیان خەڵکی دزڵی لەلاى شەهید (شەوکەتی حاجی مشیر)، سکاڵایان لێکردووە، کە گوایە پێشمەرگەکانی حەمەدەمانچە گوێزیان بەدارەوە نەهێشتووە. ئەویش دەنێرێت بە شوێنیدا و کە گلەیی خەڵکی پێدەڵێت، بەوە وەڵامی دەداتەوە کە زۆربەی پێشمەرگەکانی بەتەمەنن و تاقمیان لەدەمدایە و دانی گوێز خواردنیان نەماوە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.

حەمەساڵحەی ڕەحمە

یەکێکە لە قسەخۆشەکانی گوندی خەرپانی. ناوی تەواوی حەمەساڵح حەمەئەمین ئەحمەدە، ساڵی ١٩٣٠ لە گڵدەرەی بەرزنجە لەدایکبووە، بە منداڵی خێزانەکەیان دێتە خەرپانی، دووجار هاوسەرگیری کردووە و منداڵی لە خێزانەکانی هەبووە. لەناو خەڵکیدا قسەنەستەق و خۆشەکانی دەگێڕرێنەوە، لە بەرکەوتوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بووە، بەو هۆیەوە ساڵی ١٩٨٨ لە ئوردوگای سەنغور کۆچیدواییکردووە و هەرلەوێش نێژراوە.

حەمەکەلا

ناوی (محەممەد حەبیب حەمەکەریم)ـه و بە (حەمەکەلا) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قسەکانی لەناو خەڵکی تەوێڵە و ناوچەکەدا دەماودەم ڕۆیشتوون‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.

حەمەی ئەولکەریم

ناوی (دەروێش محەممەد عەبدولکەریم)ـە و خەڵکی گوندی (بامۆک)ـە. یەکێک بووە لە قسەخۆشەکانی ناوچەکە و زۆرجار شێخ کەمالی عەبابەیلێ بۆ مەجلیسەکانی خۆی و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بانگیکردووە. زۆرجار بۆ سەلماندنی قسەکانی وتوویەتی: (ئاورم بەردابێتە گۆڕی شێخ عەلائەدین) و لەسەر زاری ئەمەوە ئەم قسەیە بڵاوبووەتەوە و خەڵکانی تریش بەکاریانهێناوە.

پێشتر 1
...
42 43 44 45 دواتر