کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

ئەسکەندەر کەیخەسرەو عەبدوڵا

نازناوی (دکتۆر ئەسکەندەر)ە، ساڵی ١٩٦٧لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە، دوو هاوسەری هەبووە، خاوەنی ١٠ منداڵ بووە. پەیمانگای بەشی یاریدەدەری پزیشکی تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٨٩-٢٠٠٠ وەک بەڕێوەبەری چەند بنکە و نەخۆشخانەیەک دەستبەکاربووە، لەوانەش:(نەخۆشخانەی دوکان، نەخۆشخانەی ناحیەی پیرەمەگرون، نەخۆشخانەی شارەزوور لە زەڕایەن. ئاشتیخواز و خێرخوازی هەورامان و هەڵەبجە بووە، لە بواری بازرگانیشدا جێدەستی لە ناوچەکەدا دیاربووە، لەوانەش خاوەنی یەکەم کارگەی قارچک بووە لە گوندی خەرپانی، پڕۆژەى گاوداری لە گوندی نارنجڵە. لە کاری خێرخوازیدا بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەرى هەژاران بووە، لە دروستکردنى چەند پڕۆژەیەکى ئاینى و مزگەوت و قوتابخانە، هەروەها بەردەوام کارى لەسەر سەوزکردنى ناوچەکە دەکرد؛ سەوزکردنى چەندین شوێن و ڕێگاى سەرەکى لەسەر ئەرکى خۆیى. بنەماڵەکەى مزگەوتێکیان لە هەڵەبجە بە ناوی (ئەسکەندەر هەورامی) دروستکردوە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.

ئیبراهیم فەقێ قادر سدیق

پزیشکە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە ئازار بە گشتی و شێرپەنجە بە تایبەتیدا بەدەستهێناوە. دوای خزمەتی لە کوردستان و عێراق، ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ لە وڵاتی بەریتانیا خزمەتی کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. لەبەر خزمەتکردن بە شارەکە، ماڵەکەی هێناوەتە هەڵەبجە و ماوەی چوار ساڵە لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی وەک خێرخوازێک خۆبەخشانە کاردەکات و ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٣٠ نەخۆش دەبینێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە.

بەشیر مەنوچەر محەمەد فەقێ

خێرخوازە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانییە. خەریکی کاری بازرگانییە. لە کوردستان و وڵاتان بەشداری چەندین پڕۆژەی خێرخوازی کردووە. ساڵی ٢٠١٧ لە سەر ئەرکی خۆی هۆڵی فەقێی بۆ پرسەی ژنان لە گەڕەکی مۆردانە بە دوو نهۆم و تەواوی پێداویستییەکانییەوە دروستکردووە. خێزاندارە و لە هەڵەبجە دەژی.

جەمیل هەورامی

ناوی (جەمیل محەممەد حەسەن)ـە. ساڵی ١٩٥١ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. بە ئەندازیاری ژینگە و سەوزکردن ناسراوە، خاوەنی بیرۆکەی خانووی پلاستیک و سەوزکردن و ناشتنی دارە. سەدان هەزار نەمامی لە: پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، ڕێگەی قەڵاچوالان و تەگەران و دەباشان و سیتەک، ڕێگەی خەرپانی و خارگێلان و زەردەهاڵ بۆ هەورامان، ناشتووە. مام جەلال وەک نوێنەری خۆی لە شارەوانیی سلێمانی بۆ سەرپەرشتی باخچەکان دیاریکردووە. خاوەنی پڕۆژەی ناشتنی بەڕووە لە چیاکانی هەورامان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. لە ئێستادا سەرۆکی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانە و لە تەوێڵە دەژی.

حاجی تاهیر محەممەد

کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و خێرخوازە. ناوی (تاهیر محەممەد بەهرام)ـە و بە (حاجی تاهیر سەرگەتی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (سەرگەت) لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. لە کاری ئاشتەوایی و پێکەوەژیاندا ڕۆڵی هەبووە و هاوکاری سەدان کەسی کردووە. نزیکەی هەزار نەمامی لە سنوری گوندەکانی: (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ) چاندووە. تۆڕی ئاوى سەرگەت، چلەخانەی باباناوس و چەندین مزگەوت و قوتابخانەی نۆژەنکردووەتەوە. لە ئێستادا دەستی کردووە بە دروستکردنی مزگەوت و حوجرە و هۆڵێکی پرسە لەسەر ڕووبەرى (٢٠٠٠م٢) و لە قۆناغی تەواوبوون دایە.

حاجى حەمەئەمین

حەمەئەمین دەروێش حەمە عەلییە و بە حاجى حەمەئەمینى دەروێش حەمەعەلى هەجیجى ناسراوە، لە ساڵى ١٩٥٣ى لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە بنەڕەتدا خێزانەکەیان خەڵکى گوندى هەجیجى خۆرهەڵاتى کوردستانە. تا پۆلى چوارى سەرەتاى خوێندووە و دواتر نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. هەربۆیە واز لە قوتابخانە دەهێنێت و خەریکى کار و کەسابەت دەبێت. ساڵى ١٩٧٥ دێتەوە بۆ هەڵەبجە، لە گازینۆى شیرین کاردەکات. لەکاتى دروستکردنى کۆمەڵگای عەنەب، ئامێرێکى دەستى دروستکردنى بلۆک دەکڕێت و بلۆک بەرهەمدەهێنێت. کڕین و فرۆشتنى نەوتى کردووە. لە ساڵى ١٩٨٥ لەگەڵ براکەى کارگەی ساردەمەنى و شیرینیى قەندیل دادەمەزرێنن. لە هەڵەبجە مزگەوتی ئوسامەى کوڕى زەید، سەنتەرى نەخۆشییەکانى هەرس و جگەر و نەخۆشییەکانى مەمک بە هەموو پێداویستیی پزیشکى و ئامێرەکانى ناوییەوە، دروستکردووە. خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

حاجی حەمەعارف

ناوی (حەمەعارف حەمەحسێن ئەحمەد پیرۆز)ە. ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. دوا تەواوکردنی سەربازی، لە گوندەکەی کاری دوکانداری کردووە. دواتر چووەتە هەڵەبجە و کاری بەزازی کردووە. یارمەتی هەژاران و جوتیارانی داوە. لە نمونەی کاره خێرخوازەکانی: لە گوندی (سەرگەت) و لە هەڵەبجەی تازە مزگەوتی دروستکردووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی تازەی گوڵپ بەخاکسپێرراوە.

حاجى دلوستان

ناوى تەواوى (دلوستان عبدالمحمد حمە امین)ە و بە (حاجى دلوستانى نەوڕۆڵى) ناسراوە. لە ساڵى ١٩٥٤ لە گوندى پریسى سەروو لەدایکبووە. لە ساڵى ١٩٦٦ لەگەڵ کەسایەتیى ناسراو و خێرخواى شارى هەڵەبجەى شەهید بە ناوى (ڕەشید ڕەسوڵ محەمەد)، کە بە (ڕەشەى ڕەسوڵى قەساب) ناسراوە ژیانى هاوسەرگیرى پێکهێناوە. ئێستا لە ژیاندا ماوە. حاجى دلوستان لە ساڵى ٢٠٢٠ بەهۆى بینینى خەونێکەوە لەسەر ئەرکى خۆى و منداڵەکان و نەوەکانى بڕیارى دروستکردنى مزگەوێکى لەسەر ڕێگەى گوندى پریس داوە. زەویى مزگەوتەکەش لەلایەن (حاجى سادق حسێن پریسی)یەوە دابینکراوە و پێشکەش بە مزگەوتەکە کراوە.

حاجی عابید هەورامی و براکانی

بازرگان و خێرخوازن. (عابید ئەحمەد سلێمان)ـە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (دەرەیمەڕ) لە هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە دەرەیمەڕ و خورماڵ و ئامادەیی و پەیمانگای پزیشکی لە سلێمانی و زانکۆی لە وڵاتی بولغاریا بەشی مارکێتینی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٤ بەشی قانون سیاسەی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق خاوەنی چەندین پڕۆژە و کۆمپانیایە. ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بووە. چەندین پڕۆژە و کاری لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا ئەنجامداوە، لەوانە: (کردنەوەی بینای پارێزگای هەڵەبجە و بەخشینی بەو پارێزگایە، کردنەوەی نەخۆشخانەی وەفا بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە لەگەڵ سێ خێرخوازی تردا، دابینکردنی نزیکەی ١٠٠٠ نەمام بۆ ڕێگای سەرەکیى ئەحمەدئاوا، دابینکرنی ٣٠ کورسى کارەبایی بۆ کەمئەندامان و نەخۆشانى شەلەل دەماغ لە هەڵەبجە، ماوەی ٢٠ ساڵە بە بەردەوامی تێچووی خوێندنی سەدان خوێندکاری زانکۆى هەژاری لە ئەستۆگرتووە، دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی بۆ هەندێک لە فەرمانگەکانی هەڵەبجە، هاوکاربووە لە نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستی بۆ چەند مزگەوتێکی پارێزگای هەڵەبجە و لە ئێستاشدا دەستی کردووە بە دروستکردنی مزگەوتی گەورەی خورماڵ و لە زۆربەی کارە خێرخوازییەکانیدا براکانی هاوبەشی بوون.

حاجى عومەر

عومەر عەلى عەزیز نادر. بە حاجى عومەری چرۆستانەیی ناسراوە، لە ساڵى ١٩٥٢ زاينی لەگوندى چرۆستانە لەدایکبووە، پۆلى شەشەمى سەرەتایى خوێندووە، ساڵى ١٩٧٣ هاوسەگیرى دەکات و ‌خاوەنى شەش منداڵە. دواى ڕاگواستنى گوندەکانی ناوچەی نەورۆڵی له ‌ساڵی ١٩٧٨ بۆ شارى هەڵەبجە، خەریکى کارى بەڵێندەرایەتی دەبێت، خاوەنى وەکالەتى هێنانى هەموو جۆرەکانی شوشەیە، لەگەڵ پێداویستییەکانی کارى بیناسازى. هاوکارى هەژاران و هەتیوانی کردووە، ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڕەکى کیمیابارانى یەک مزگەوتى کوردستانی دروستکردووە. دواتر لە دروستکردن و تەواوکردنى مزگەوتى قازیى محەمەدیشدا دەستێکى باشى هەبووە. هاوکاریى باشى کەناڵى بانگەواز، ڕێکخراوى نورى حیکمە و تاج العارفین بووە. لەسەر وەسیەتی خۆی، بنەماڵەکەى لەگەڵ خێرخوازێکی تر بەناوی کاک حاجی عیسای دەرەمەڕی مزگەوتى (شیفاء) ی دروستکراوە. ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە.

حاجی محەممەد بامۆکی

ناوی (محەممەد عەلی عەبدولقادر)ە و بە (حاجی محەممەد بامۆکی) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی بامۆکی نزیک هەڵەبجە لە بنەماڵەیەکی جوتیار و وەرزێر و دەستڕەنگین لەدایکبووە. کەسایەتیی دیاری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان و کوردستان بووە. ساڵی ١٩٥٤ لەگەڵ ئەختەرخان، کە خەڵکی گوندی دەڵەمەڕ بووە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. لە سەرەتای کارکردنیدا وەک گەنجێکی بەهرەمەند و لێهاتوو لە بامۆکەوە دەستیپێکردووە و دواتر ڕوویکردووەتە هەڵەبجە. سەرەتا دوکانی فرۆشتنی کەرەستەکانی خانوبەرەی داناوە و دواتر لەگەڵ کوڕەکانیدا پیشەی ئاسنگەریی هەڵبژاردووە لە هەڵەبجە و کاری بازرگانیی ئاسنی کردووە. دروستکردنی مزگەوتی حاجی محەممەد بامۆکی لە گوندی بامۆک و بنکەی تەندروستیی بامۆک و کتێبخانەی حاجی محەممەد بامۆکی لە هەڵەبجە و قوتابخانەی بورهانی حاجی محەممەد بامۆکی، لە کارە خێرخوازییەکانی ئەون. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە پاککردنەوەی شاری هەڵەبجە و ئاوەدانکردنەوەی و گەیاندنی کۆمەک و کەرەستەی پێویست بە خزمان و دۆستان و دانیشتوانەکەی. کە ڕووی کردووەتە شاری سلێمانی و کارەکەی فراوان و گەورەتر کردووە، یەکەم تەلاری بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی بە ناوی بازاڕی هەڵەبجە دروستکردووە، دواتر لە شەقامی سالم تەلاری ئاوا بونیاد دەنێت، دوای ساڵانێک ناوەندی سەنتەری تەلەفۆن و فاکسی جیهانی و سەنتەری بامۆک هاوشانی کوڕەکانی لە تەلارەکەی خۆیدا دامەزراندووە و دواتریش تەلاری حاجی محەممەد بامۆکی بونیادناوە و بووەتە خاوەنی کۆمپانیا و لەگەڵ کوڕەکانیدا پڕۆژە و کۆمپانیاکانیان لە سلێمانیەوە بۆ شارە گەورەکانی عێراق گەشە پێداوە. ساڵی ٢٠٢٤ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی ئابڵاخ بەخاکسپێرراوە.

حاجى محمد

ناوى تەواوى (محمد حەمەکەریم ڕەمەزان)ە و بە (حاجى محمد) ناسراوە. لە ساڵى ١٩٢٢زاينی لە (گوندى سەراو)ى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندى عەنەبە و لە ساڵى ١٩٥٩ هاتووەتە هەڵەبجە. دوو جار هاوسەرگیرى کردووە، خاوەنى ١٢ منداڵە. هەندێک لە منداڵەکانى لە ناو حکومەتدا پلەى کارگێڕیان هەبووە. لە ساڵى ١٩٦٩ پڕۆژەى ئاوى گوندى بیاوێڵەى جێبەجێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دروستکردنى مزگەوتى گوندەکەشدا هاوکارێکى باش بووە. لە ساڵى ١٩٧٤دا هاوکاریى دروستکردنى مزگەوتى گوندى تەوێڵەى کردووە. حاجى محمد لەسەر حسابى خۆى بە لولەکەشى ئاوى گەیاندووەتە نەزەرگەى (شێخ خامۆش). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە گەڕەکى مەرزەبۆتۆ ژمارەیەکى زۆر زەویى خۆى بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. (مزگەوتى حاجى محمد)ی لە گەڕەکی توەوشک دروستکردووە. ساڵى ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شەهیدان بەخاکسپێردراوە.

حاجی مستەفای یاروەیسی

ناوی (مستەفا عەلی مەحموود یاروەیس)ـە. بە (حاجی مستەفای یاروەیس) یان (حاجی مستەفای تەپی سەفا) ناسراوە. ‌ساڵی ١٨٩٧ لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و مامۆستای بۆ گیراوە. بنەماڵەکەیان خاوەن موڵکێکی زۆربوون. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. چەند کارێکی خێرخوازی پێشکەشی ناوچەکە کردووه، لەوانە: دروستکردنی مزگەوت و پرد. ئاوەدانکردنەوەی گوندی تەپی سەفای سەروو. گرتنەئەستۆی خەرجیی چەندین مامۆستا و فەقێی مزگەوتی گوندەکەی. ساڵی ١٩٨٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی سەیدسادق بەخاکسپێرراوە.

حاجی میرزا تۆفیق

ناوی (تۆفیق ئەحمەد فەتاح)ـە. ساڵی ١٩٠٠ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. ماوەیەک لە حوجرە خوێندویەتی و دواتر وازیهێناوە و ڕووی لە کاری بازرگانی کردووە. لە ساڵی ١٩٢٠ەوە لە ناو شاری هەڵەبجەدا‌ ژیاوە. لە قەیسەریی حامیدبەگ دوکانی بەزازی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵ بووە. ماڵەکەی کردووەتە‌ شوێنی بەخێوکردنی ژمارەیەک لەو مندااڵانەی، کە بە بێ سەرپەرشتی ماونەتەوە و گەورەی کردوون و ژنی بۆ هێناون و بەشوویداون. مووچەی مانگانەی بۆ ژمارەیەک لەو فەقێیانە بڕیوەتەوه،‌ کە لە مزگەوتی گەورەدا بوون. ساڵی ١٩٧٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە.

خاوەن حەفارە خێرخوازەکان

کۆمەڵێک کەسی خاوەن حەفارەن لە شاری هەڵەبجە، کە بە خۆبەخشی و خێرخوازی کاری هەڵکەندن و داپۆشینی گۆڕ دەکەن. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن (کارزان محەممەد مستەفا)وە بە حەفارەی خۆیەوە دەستبەکار بووە و چووەتە گوندەکانی: هاوار، زەردەهاڵ، ناحیەی خورماڵ و دەوروبەری، دواتر کەسانی تریش هەمان کاریان کردووە، لەوانە: هونەر حەمەخان، شاڵاو عەینەدین، ڕاستگۆ خەلیل، هەورامان عەینەدین، کاروان سەلاح، کامەران سەلاح، دیاری حاجی ئەمین، محەممەد و ئەحمەد و مەسعود حەمەسەعید قادر، محەممەد نەجمەدین، عومەر مەولود).

شەریف عەبدولڕەحمان محەممەد

ساڵی ١٩٥٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی تەکنۆلۆژیای لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە چەندین کار و پرۆژەی خزمەتگوزاریدا دەستی خێرخوازی هەبووە. لەوانە: نۆژەنکرنەوەی قوتابخانە و مزگەوت و باخچە، کۆمەک کۆکردنەوە بۆ خوێندکارە کەمدەرامەتەکان، هاوکاری بەردەوامی سندوقی تەوێڵە، دابینکردنی کرێی خانووی چەند ماڵێکی هەژار.

شێخ تاهیر شێخ عیزەدین

کەسایەتی و سەرمایەدار و خێرخوازە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی بەغدادە، لە منداڵییەوە خەریکی کەسابەت بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بەیەکجاری خۆی بۆ بازرگانی و بەڵێندەرایەتی تەرخانکردووە، کۆمەڵێک کاری خێرخوازی ئەنجامداوە و بەشداربووە لە ئاوەدانکردنەوەی شاری هەڵەبجەدا، وەک دروستکردنی مزگەوتی شێخ عیززەدین و بەشداری لە دروستکردنی کۆمەڵێک بینای دامودەزگا خزمەتگوزارییەکاندا کردووە. هەوڵیداوە هەلی کار لە شاری هەڵەبجە بڕەخسێنێت، سێ کارگەی گرنگی دامەزراندووە، ئەوانیش‌ کارگەکانی قیر و چیمەنتۆی ئامادەکراو و بلۆکە. سپۆنسەری کۆمەڵێک چالاکیی ڕۆشنبیری و وەرزشی و جەماوەری کردووە. دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، هەوڵی زۆری داوە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. لەگەڵ هاوڕێکانیدا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە بۆ کردنەوەی ژووری بازرگانیی هەڵەبجه. لە نموونەی کارە خێرخوازییە‌کانی: دابینکردنی سەبەتەی خۆراک، سووتەمەنی، کاری ئاوەدانیی ناو شار. خاوەنی کۆمپانیای بناری شنروێ و ڕێنوارە بۆ بەڵێندەرایەتی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. لە ئێستادا سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجەیە.

شێخ عەلی شێخ عیزەدین

کەسایەتی و سەرمایەدار و خێرخوازە. ساڵى ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. وەک براکانی تری، لەسەر دەستی باوکی فێری کار و کەسابەت بووە. قۆناغی سەرەتايی و ناوەندی لە شاری هەڵەبجە تەواکردووە. بە لاوی بووە بە پێشمەرگە. پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەستیکردووە بە کاری بازرگانى و لەگەڵ براکانیدا وەک بەڵێندەر کۆمەڵێک پڕۆژەی سەرکەوتووی ئەنجامداوە، لەپاڵ کاری بازرگانیدا، چەند پڕۆژەیەکی خێرخوازی ئەنجامداوە: مزگەوتی بابائەسکەندەر لە تەوێڵە، خەستەخانەی وەفا، سەوزکردنی ڕیگەی هانەژاڵە و سیروان، سەنتەری ئۆتیزم، هۆڵی خاتوو ئامینە بۆ پرسەی ژنان، یاریگای وەرزشی لە گوڵان، بونیادنانەوەی (قوتابخانەی گۆرانی بنەڕەتی) لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ناوشاری هەڵەبجە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. هاوکاریی بەردەوامی نەخۆش و هەژارانى کردووە. سپۆنسەری پڕۆژەی زانیارینامەی‌ پارێزگای هەڵەبجەیە.

عوبەید ئەحمەد سڵێمان

بە (حاجى عوبەید هەورامى) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٠ لە گوندى (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەى خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی کەرکوکە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ژمێریاری و کارگێڕیی بانکی بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی گروپی کۆمپانیای دیوانە. چەند کارێکی خێرخوازی ئەنجامداوە، لەوانە: دروستکردنی مزگەوتی (کوردسات) لە سلێمانی، لەگەڵ حاجى عابیدى برایدا، بینای پارێزگای هەڵەبجەیان دروستکردووە، بەشداربووە لە دروستکردنی نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە هەڵەبجە، لەگەڵ دوو بازرگانی تری شاری هەڵەبجە و حاجى عابدى برایدا، سەرقاڵى دروستکردنەوەی مزگەوت و شوێنەواری مزگەوتی گەورەی خورماڵن). هەزاران نەمامی بۆ سەوزکردنى ڕێگاکان لە سنورى هەورامان و شارەزوور دابینکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى پێنج منداڵە.

عوسمان کەریم عارف

ناوى تەواوى (عوسمان کەریم عارف)ە لە ساڵى ١٩٣٢ لە گوندى پریسى سەرووى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٦ کۆلێژى یاسا و ڕامیارى زانکۆى موستەنسیرییەى بەغدادى تەواوکردووە. عوسمانى کەریم عارف خاوەنى دوو هاوسەر و چواردە منداڵ بووە. لە ماوەى ژیانیدا چەندین پۆستى گرنگى بەدەستهێناوە و دواتر بە پلەى ڕاویژکارى وەزیرى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان خانەنشین کراوە. لە ساڵى ٢٠١٢ بە سەرپەرشتیى هاوسەرکەى (بەهێ قادر) تەواوکردنى هەیکەلى (مزگەوتى ئیمام ئەحمەد) و هۆڵێکى پرسەیان لە ناو مزگەوتەکە گرتەئەستۆ، کە هۆڵى مزگەوتەکە بە ناوى (هۆڵى عوسمانى کەریم عارف)ەوە ناونراوە. حاجى عوسمان لە ساڵى ٢٠١٤ بەهۆى نەخۆشییەوە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى سەیوانى یەک لە شارى سلێمانى بە خاکسپێردراوە.

پێشتر 1
...
41 42 43
...
45 دواتر