ئاسۆ محەممەد عەلی بامۆکی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
سەرمایەدارێکی خێرخوازە. ساڵی ١٩٦٦ لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ماتماتیک لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. خێزاندارە و خاوەنی کچێک و سێ کوڕە، ئێستا لە شاری سلێمانی دەژین. لە خێزانێکی کاسب و بازرگان و خاکی گەورەبووە. حاجی محەممەد بامۆکی باوکی سەرمایەدارێکی بەناوبانگی هەڵەبجە بووە. لە ساڵی ١٩٨٦ هاوشانی باوکی و براکانی کاری بازرگانی کردووە و خۆی بونیادناوە. هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە بە کارەساتە یەک لەدوایيەکەکانی هەڵەبجە و نەهامەتییەکانی شارەکە کاریگەر دەبێت و خەمێکی گەورە لەسەر هزر و بیرکردنەوەی بەجێدەهێڵێت، بەردەوام لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەدا دەبێت. ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ براکانی کۆمپانیای هەڵەبجە بۆ بازرگانی سنوردار دادەمەزرێنێت و دواتر بەشی گواستنەوەی هەمان کۆمپانیا لە شارەکانی کوردستان و لقی کۆمپانیاکەی لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و چین و ئیمارات دەکاتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٣دا تۆڕی پەیوەندیکردنی ساناتێل دادەمەزرێنێت.
ساڵی ٢٠٠٦ گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە دادەمەزرێنێت بۆ کۆکردنەوەی تەواوی کەرتە بازرگانیەکان و کۆمپانیا و کارخانە و پڕۆژەکانی، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. سەرگەرمی بازرگانی دەبێت و لە (هەڵەبجە گروپ) دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ بۆ دامەزراندنی زیاتر لە هەزار ئەندازیار و کارمەند و پیشەگەر و پسپۆڕ دەڕەخسێنێت. بواری کارکردنی جۆراوجۆرە و لە کەرتی بەڵێندەرایەتی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، وزە و سوتەمەنی و پەیوەندییەکان و وەبەرهێنانی خانوبەرە و ئاژەڵداریی، پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و سەرچاوە مرۆییەکان، وەک کارگەی خشتی ئاسۆ و کارگەی خشتی هیلال، کارگەی قیری ئاران و کارگەی ڕۆنی زەیتونی ڕاسان و کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراوی هەڵەبجە، پڕۆژەی ناوازەی گاردن سیتی وەک کەرتی خانوبەرە، لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و کەرکوک و بەغداد و ڕومادی، کۆمەڵگای پیشەسازیی خۆراک و ئاژەڵداریی ڕاسان لە شاری هەڵەبجە وەک کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بۆ بوژانەوەی لەوەڕگای کوردستان و یارمەتیدانی جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و چارەسەرکردنی بێکاریی و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کەمدەرامەت. زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و دایەنگە و باخچە و قوتابخانەی مۆنتیسۆریی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هاوبەشەکانی فاملی مۆڵ وەک ڕاقیترین و جوانترین مۆڵی بازرگانی بۆ شاری سلێمانی.
لە بواری خێرخوازیشدا، بەشی هاوکارییە مرۆیی و خێرخوازییەکان بۆ یارمەتیدانی هەژاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە. چەندین قوتابخانە و خەستەخانە و نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و ڕووبەری سەوزایی فراوان و باخچە پێشکەش بە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات و یەکێکە لە ئەستێرە و هێما دیارەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و تازەگەری و بونیادنان و هاوکارییە مرۆییەکانی کوردستان. تەنها لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو پڕۆژانەی بەشێوەی خێرخوازیی پێشکەشی پارێزگای هەڵەبجە کردووە، بریتین لە: کردنەوەی سێ یاریگا لە شاری هەڵەبجە بۆ لاوان و وەرزشدۆستان، یاریگای فوتبۆڵی ئاسۆ، یاریگای فوتساڵی ئەشکەوەڵ.
یاریگای فوتساڵی شنروێ لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بڕی (١.٢٠٠.٠٠٠ یەک ملیۆن و دوسەد هەزار دۆلار) و پشتیوانی تەواوی خول و چالاکییە وەرزشیەکانی هەڵەبجەی کردووە. ساڵی ٢٠١٨ دروستکردنی باخچەی شەونم حاجی محەممەد بامۆکی. ساڵی ٢٠٢٠ دروستکردنی قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی. ساڵی ٢٠٢٠ بەشداری لە دروستکردنی نەخۆشخانەی وەفا بۆ توشبوانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٢ دروستکردنەوەی ئامادەیی ئەحمەدموختار جاف، ساڵی ٢٠٢٤ سێ پڕۆژەی ناوازە، کە بریتیبوون لە: پڕۆژەی بەدارستانکردن و ژینگەدۆستی ڕێگای هەورامان لە گوندی زەردەهاڵ، کردنەوە و ڕادەستکردنی هۆڵی بۆنەکانی حاجی ئەختەر، کردنەوەی ئامادەیی هەڵەبجەی کچان بە شێوازێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە، کە خاوەنداریەتییەکەی بۆ ئاسۆ محەممەد بامۆکی دەگەڕێتەوە، خاوەنی چەندین خەڵات و بڕوانامەی بەرزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، دیارترینیان خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی وەک خێراترین کۆمپانیا لە گەشەسەندنی بازرگانی و بیناسازی - عێراق و خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی وەک خێراترین کۆمپانیای وەبەرهێنان و گەشەپێدان - بیناسازی – عێراق، ساڵی ٢٠٢١.
سەرچاوەکان:
- نوسراوێکی (گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە) بۆ ئامادەکاران، لە ٦ی ٥ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,د. هێمن کەمال حەمەئەمین