کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

104 بابەت

ئەبوبەکر تۆفیق فەتاح عەبدولقادر

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووه. خوێندنی دواناوەندیی ئیسلامی لە سلێمانی و کۆلێژی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی دهۆک تەواوکردووه. ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی ئوردن بەدەستهێناوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (استثمار الصکوک و هیمنتها علی الاوراق المالیة المعاصرة، یەکەم مرۆڤی بەختەوەر لەجیهاندا، یان چۆن دەبیتە بەختەوەرترین مرۆڤ لەجیهاندا) و وەرگێڕانی کتێبەکانی (دڵتەنگ مەبە، ئیسلام وەکو چارەسەر). لەچەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداربووە و چەند توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە. لە ئێستادا پێشنوێژ و وتاربێژە. لە مزگەوتی شیفا لە شاری هەولێر.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئەحمەد محەممەد ئەحمەد

ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەى تازە و سلێمانی و هەڵەبجەى شەهید تەواوکردووە. خوێندنی زانستە شەرعییەکان لای مامۆستا مەلا حەمەمینی بیارە تەواوکردووە و هەر لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەى مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە زانکۆی هەڵەبجە لە شەریعەدا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٣ وە دەستیکردووە بە پێشنوێژى و وتاربێژە لە شاری کەلار و لە مزگەوتی شێخ لەنگەر. لە ئێستادا وتاربێژە لە مزگەوتی کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئیدریس ڕەحمان ڕەحیم

ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. زانستە شەرعییەکانی لە هەردوو مەدرەسەى ئوسامە و حەمەى حاجی ڕەشید خوێندووە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢ لە مزگەوتی دوانزە ئیمامی خواروو ئیمام و خەتیب بووە. ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٥ لە مزگەوتی صلاح الدین لە شارۆچکەی سیروان ئیمام بووە. دواتر چووە بۆ مزگەوتی مەولەوی لە سیروان و لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا لەوێ وتاربێژە و لە هەڵەبجەش لە مزگەوتی بەختیاری پێشنوێژی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئیدریس یاڵانپێیى

ناوی (ئیدریس حامید ساڵح)ـە و بە (مەلا ئیدریس یاڵانپێیى) ناسراوە. ساڵى ١٩٦٨ لە گوندى (یاڵانپێ) ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. خوێندنى ئیسلامى خوێندوە و ئیسلامى لە هەڵەبجە و کۆلێژى کوردستان بۆ پێگەیاندنى پێشنویژ و وتارخوێنی لە سلێمانى تەواوکردووە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى قەرەتۆغان لە سلێمانى بەردەوامە. نامیلکەیى( حەوت وتار لە وتارەکانى سەید ئەحمەد)ی بەچاپ گەیاندووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تالیب ساڵح ئەحمەد

بە (مەلا تالب) ناسراوە. ساڵى ١٩٦٢ لە هەورامان لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى پێنج منداڵە. خوێندنى ئیسلامى خوێندوە و مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەند مزگەوتێک وەک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستاشدا لە مزگەوتى شەهیدان لە سلێمانى بەردەوامە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تەحسین حەمەغەریب عەلی

ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بۆ ماوەى دوو ساڵ لە مەدرەسەى ئوسامە لە کۆمەڵگای زەمەقی و ماوەى دوو ساڵی دیکە لە مەدرەسەى گەیلانی زانستە شەرعییەکان خوێندوویەتی. ساڵی ٢٠٠٤ جامیعەى ئیسلامی لە بەغداد بۆ زانستە شەرعییەکان تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٣ تا ١٩٩٦ پێشنوێژى مزگەوتی ئیمامی عەلی بووە لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٦ تا ساڵی ١٩٩٨ لە مزگەوتی شەکرالی پێشنوێژی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٨ بەدواوە گەڕاوەتەوە بۆ مزگەوتی ئیمامی عەلی و تا ئێستا بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠١٠شەوە لە مزگەوتی خورماڵ وتاربێژە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێت.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تەها ئەوڕەحمان خەسرەو قادر

ساڵى ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە حوجرە و مەدرەسەی ئاینی درێژەی بە خوێندن داوه و کۆلێژی (إمام الأعظم)ى لە شاری بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. مۆڵەتی عیلمیی وەرگرتووە و چەندین ساڵ وانەی بە فەقێیان وتووەتەوە و لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. لە ئیستادا لە مزگەوتى (حاجى کەریم) لە شاری هەڵەبجە بەردەوامە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

جەمال محەممەد ئەوڕەحمان

بە (مەلا جەمال ئیمامی) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٠ لە گوندى (نوەر) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیى لە هەڵەبجە خوێندووە. مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى (پاشا) لە هەڵەبجە بەردەوامە. ئەندامى لیژنەى ئامادەکارى یادى کیمیابارنى هەڵەبجە و لیژنەى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بووە. ئەندامى لیژنەى فتوایە لە هەڵەبجە و خورماڵ. ماوەى ١٥ساڵى بەرپرسى یەکێتى زانایانى هەڵەبجە بووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

حەسەن شەمێرانی

ناوی (حەسەن مەحموود ئەحمەد شەمێرانی)یه. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٤ ماڵی باوکی باریکردووەتە هەڵەبجە و لەوێ خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٧٧ کۆلێژی شەریعەی بەغدای تەواوکردووە، لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە و دەربەندیخان مامۆستا بووە، لە حەفتاکان و هەشتاکاندا کادیرێکی چالاکی برایانی موسڵمان بووە، بەوهۆیەوە چەند جارێک دەستگیرکراوە و ئاوارە بووە، لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی و پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بووە، لەدوای ڕاپەڕین مزگەوتی گەورەی لە (هەڵەبجەی تازه) ‌کردووەتەوە و هەر خۆیشی بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژی. ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە چارەسەری کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

حەمەسەعید حەمەعەلی

ناوی (حەمەسەعید حەمەعەلی فەتاح حەمەساڵح)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گمە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ لەدایکبووە. لەتەمەنی منداڵییەوە دەستیکردووە بە خوێندنی قورئان و بابەتە شەرعییەکان. لە خانەقای بیارە لەسەر دەستی مامۆستا (مەلا محەممەد ئەمین کانی سانانی) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٩ قۆناغی ئامادەیی ئیسلامی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لەچەند مزگەوتێک پێشنوێژی و وتاربێژ بووە، وەک: ساڵی ١٩٩٧ تا ١٩٩٩ لە مزگەوتی سیراجەدین لە قەزای دەربەندیخان و ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٠١ لەمزگەوتی حاجی لەر لە ناحیەی مەیدان و لە ساڵی ٢٠٠١‌ تا ئێستا لە مزگەوتی شێخ لەنگەری خواروو لە گەرمیان.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

خالید حەمەتۆفیق عارف

ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندى عەبابەیلێ و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. خوێندنی زانستە شەرعییەکانی تەواوکردووە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە کۆلێژى بنەماکانی ئاین لە هەڵەبجە و ماستەرى لە کۆلێژى ئیمام ئەعزەم لە بەدەستهێناوە. ماوەى دوو ساڵ لە گوندی شەکرالی وتاربێژ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە تا ئێستا لە مزگەوتی (عوسمانی کوڕی عەففان) لە هەڵەبجە وتاربێژ و پێشنوێژە. خاوەنی کتێبی (العصبیة وأثرها فی الدعوة الإسلامیة)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ڕابەر سەیفەدین ئەبوبەکر

ساڵی ١٩٩٦ لە هەڵەبجەى تازە لەدایکبوو. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و پەیمانگاى تەکنیکیی ڕوپێویی دەربەندیخانی تەواوکردووە. وانە شەرعییەکانی لە هەرسێ مەدرەسەى ئوسامە و حەمەى حاجی ڕەشید و بابەشێخ خوێندووە. شارەزاییەکی زۆر باشى لە نەحو و سەرفدا هەیە. ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ پێشنوێژى مزگەوتی مامۆستا مەلا ئەمین بووە لە زەمەقی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣یشەوە وتاربێژە لە مزگەوتی دەگاشێخان. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ڕەزوان عەلی عەبدولقادر

پێشنوێژ و وتاربێژ، نوسەرە. ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوە بەناونیشانەکانی (ڕازە ئیمانییەکان) و (ئەحمەد و باپیرە مەحموود). لە مزگەوتی ئیمامی عەلی پێشنوێژی دەکات و لە ساڵی ٢٠٢١ یشەوە لە مزگەوتی جەلیلە وتاربێژە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ڕزگار ئەحمەد عەبدوڵا هەواس

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (کانی پاشا)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە زەڕایەن و ناوەندی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی خوێندووە. بەشی شەریعەی لە زانکۆی دهۆک تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ئوم دەرمان لە وڵاتی سودان و دکتۆرای لە هەمان زانکۆی ئوم بەدەستهێناوە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی سلێمانی. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە پێشنوێژ و وتاربێژە لە مزگەوتی (عوسمانی مەلا قادر سەراف) لە شاری سلێمانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر

ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە ئێران خوێندووە. زانستە شەرعییەکانی لاى مامۆستا محەممەد عەبدولڕەحیم خوێندووە. ساڵی ٢٠١٢ پەیمانگاى وتاربێژانی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. خاوەنی کتێبی (کاروانی نور) و سێ کتێبی وەرگێڕراوی (مرۆڤسازی، کڵۆ شەکرەکان، ڕەوشتی باران)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵەکانی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢ ئیمام و خەتیب بووە لە تەپی سەفا، لە ساڵی ٢٠٠٤یشەوە لە مزگەوتی ئوسامە وتاربێژە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

سامان نەجیم محەممەد ساڵەح

پێشنوێژ و وتاربێژه، نوسەرە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە ئێران و هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژى زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆی سەلاحەددین تەواوکردووە. خاوەنی حەوت کتێبى چاپکراوە (شەرحی مەتنی ئاجرومی، شەرحی ئەلمەقصود، گوڵستانی ناودارانی کورد، دەروازەیەک بۆ زانستی فیزیا و کیمیا، دەروازەیەک بۆ زیندەوەرزانی، زانست و زانیاری، دائیرەتول مەعاریفی کوردی "سێ بەرگ). پێشنوێژ و وتاربێژ مزگەوتی مامۆستا مەلا سەڵەحی گەورەیە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

سەروەت حەمەموراد مەجید

ناوی (سەروەت حەمەموراد مەجید شەریف)ـە و بە (مەلا عەبدوڵا) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی هانەی قوڵ لەدایکبووە. خویندنی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی لە سیروان تەواوکردووە. لەسەر دەستی مامۆستا سدیقی سەرگەتی مۆڵەتی مامۆستایەتی وەرگرتووە. پەیمانگای سلێمانی بۆ وتاربێژی تەواوکردووە. بڕوانامەی سەنەدی ئیمام بوخاری لە تورکیا وەرگرتووە. ئەندامی لیژنەی فتوای هەڵەبجە و هەورامان و بەرپرسی زانایانی هەورامان و بەرپرسی مەکتەبی زانایانی بزووتنەوەی ئیسلامییە. پێشنوێژ و وتاربێژە. لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

سەڵاح جەعفەر حەبیب

ساڵی ١٩٧١ (لە دەرەو کیێ) لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە نارنجڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و دەوروبەری و پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. پەیمانگاى گۆیژە، بەشى زانستە ئیسلامییەکانی خوێندووە. لە تەپەڕێزینە و لە لامەرکەزی و لە ساڵی ٢٠٠٦یشەوە لە مزگەوتی گەورەى سیروان وتاربێژە و لە هەڵەبجەش لە مزگەوتی مامەڕیشە (موسعەب) پێشنوێژى دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

سەید عارفی بێلەنگەیی چۆری

مامۆستا و مودەڕیسی مزگەوتی گەورەی (خورماڵ)ـە. ناوی (عارف کوڕی سیدئەبوبەکری کوڕی سەید تەهایە. ڕشتەیان دەچێتەوە سەر مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕی. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی بێلەنگەی شارەزوور لەدایکبووە. سەرەتا لای خاتو حەلیمەی دایکی خوێندوویەتی. قورئانی پیرۆز و کتێبە سەرەتاییەکانی لای مامەکانی خوێندووە. بۆ خوێندن چووەتە لای مامۆستا (سەید نەجمەدینی سەرگەتی و مەلا عەزیزی پریسی و شێخ حەیدەر و شێخ ڕەسوڵی تەکیەو بابەڕەسوڵی بێدەنی مەلا ساڵح و مەلا حسێن و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)، لای شێخ عومەری قەرەداغی ئیجازەی وەرگرتووە. جارێکی تریش لای شێخ بابا ڕەسوڵی بێدەنی ئیجازە وەردەگرێت. لەسەر داوای شێخ حسامەدینی نەقشبەندی دەبێتە مامۆستای مزگەوتی گەورەی خورماڵ و ساڵی ١٩٣٤ خوێندنگەیەک دەکاتەوە. ژمارەیەک لە فەقێکانی دەبنە زانا و مەلای باش. لەوانە (مستەفا زەڵمی، شێخ سدیق سەرگەتی، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەدی موفتی زادە، مەلا ئەحمەدی قازی، مەلا سەعیدی زمناکۆیی، ماۆستا سەید نەجمەدنی هەڵەبجە و...هتد). ژمارەیەک لە فەقێکانی فارس بوون، بۆیە مامۆستا بە کوردی و فارسی و عەرەب تەدریسی کردوە. تا ساڵی ١٩٤٧ بە فەرمانی شاهانەی عێراق دەبێتە پێشنوێژ و مودەرس و وتارخوێنی مزگەوتی خورماڵ، تا ناوەراستی پەنجاکان لەوێ دەمێنێتەوە. کۆمەڵێک حاشیەو دانراوی هەیە. لە ناو مامۆستایاندا بە (سیبەوەی)ی کوردستان ناسراوە. پاشان بەماڵەوە دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتی سەیدنوری نقیب و خومخانە دەرس دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستای پەیمانگای ئیسلامی لە سلێمانی. بەشداری کۆنگرەی ١٩٦٥ی زانایانی عێراقی کردووەو ٢ى ١٢ى ١٩٧٥ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

سەید غەفور ئەحمەد

ناوی (غەفور ئەحمەد محەممەد)ە، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (عەبەبەیلێ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. قۆناغی سەرەتایی لە عەبابەیلێ و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە حوجرەی عەبابەیلێ و ماوەیەکیش لە هەڵەبجە خوێندوویەتی. پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٩ بووە بە وتاربێژی و پێشنوێژی خانەقای بیارە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لەمزگەوتی هەرسین لە خۆرهەڵاتی کوردستان وتاربێژ بووە. کە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە لە مزگەوتی پاشا ماوەی دوو ساڵ وتاربێژ بووە. هەوەها لە مزگەوتی (حەسەنئاوا)، (مزگەوتی گوندی بەکراوا) و دواتریش و تا ئێستا لە خانەقای بیارە وتاربێژە و لە مزگەوتی موسعەبیش لە هەڵەبجە پێشنوێژی دەکات. ماوەی شەش ساڵ وەک مامۆستای دیراساتی ئیسلامی لە مزگەوتی جامیعەی هەڵەبجە وانەی وتووەتەوە. لێپرسراوی لیژنەی هەڵەبجەی یەکێتی زانایانی کوردستان بووە. کتێبێکی بەناوی (ساداتی گوندی عەبابەیلێ) چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ
پێشتر 1 2 3
...
6 دواتر