بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
ساڵی ١٩٧٧ لە پشتە لەدایکبووە. خوێندنی تەواوکردووە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە. ئێستا ئیمام و خەتیبە لە مزگەوتی بانیخێڵان.
ئیمام و مودەڕیسی مزگەوتی (خانم)ـە. زانا و عارفە. ناوی (شێخ ڕەسوڵى تەکيەیى کوڕى شێخ محەممەد کوڕى شێخ ڕەسوڵ کوڕى شێخ محەممەد)ە. ساڵى ١٨٩٠ کۆچى لە گوندى تەکيەى ناوچەى قەرەداغ لەدايکبووە. لای باوکی وەک فەقێ دەستی بە خوێندن کردووە و دواتر سەرجەم زانستە شەرعييەکانی لەلای مامۆستا شێخ بابەعەلى تەکيەيى خوێندووە و هەر بۆ خوێندن، سەردانی هەڵەبجە و بیارەی کردووە. لە خزمەتى شێخ عەلاديندا ماوەتەوە و تەسەوفی وەرگرتووە. شێخ عەلادین شێخ ڕەسوڵ لەگەڵ خۆيدا بردویەتی بۆ لاى موفتى هەڵەبجه، کە ئيمام و وتاربێژی مزگەوتى گەورەى هەڵەبجە بووە. لەوە بەدوا موفتی هەڵەبجە و شێخ ڕەسوڵ وەک کوڕ و باوک پێکەوە دەستدەکەن بە هەڵسوڕاندنى کاروبارى مزگەوتی گەورە، شێخ ڕەسوڵ زياتر بەکاروبارى وانەوتنەوەوە سەرقاڵبووە. دانیشتوانی هەڵەبجە و دەوروبەری زۆریان خۆشویستووە و ڕێزیان لێگرتووە. لە مزگەوتی جامیعە و لە مزگەوتی خانم قوتابی و زانای زۆری پێگەیاندووە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.
مامۆستای ئایینییە. ناوی (عومەر کوڕی شێخ نورەدین کوڕی شێخ موستەفای موفتی)یە. لە نەوەی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی شەریعەی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. لەلای باوکی ئیجازەی زانستە شەرعییەکانی وەرگرتووە. وتاربێژی مزگەوتی (ئوسامەی کوڕی زەید) و دواتر (دارالسلام) بووە. لە ئێستادا وەک مامۆستای خۆبەخش لە حوجرەکەیدا بەردەومە. ساڵی ٢٠١٩ بووە بە ئەندام لە ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف. چەند نامیلکە و پەرتوکێکی لە بوارە جیاوازەکانی شەریعەتدا وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی. ماوەی ١٢ ساڵ بەرپرسی لیژنەی فەتوای شارەزوور بووە.
زانا و کەسایەتیی ئایینییە. ناوی (شێخ محەممەدى ئەحمەد بڕندە کوڕی شێخ مەعروفى شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ قادرى نێرگسەجاڕی)يە. ساڵى ١٩٠٦ لە گوندى (ئەحمەد بڕندە) لەدایکبووە. لە خانەقا و مەدرەسەى شێخ مەعروفى نێرگسەجاڕ خراوەتە بەر خوێندنی زانستە شەرعییەکان. چەندین مەدرەسە و شوێنی تر بۆ خوێندن گەڕاوه و لاى زۆرێک لە مامۆستايانى ناودارى ئەو کات خوێندويەتى. لە مەدرەسە و خانەقاى بيارە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. گوندەکەى خۆی بووە بە ئیمام و خەتیب و خەریکی وانەوتنەوە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵ بووە. ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنى مزگەوتی (شێخ مەعروفى نێرگسەجاڕ) لە ئۆردوگاى نەسر. دروستکردنى قوتابخانەيەک بۆ خوێندنى ميرى لە گوندى ئەحمەدبڕندە. خاوەنی دەستنوسی (الإنسان حرٌ في مواهبه)یە. پەراوێزی لەسەر کتێبی (نور الإسلام)ی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕيس و کتێبی (نهج الخمينى فى الميزان) نوسیوە. چەندین دەستنوسی تایبەت بە: چارەسەرى نەخۆشی بە دەرمانى گيايی، هۆنراوەى ئاينى و کۆمەڵايەتى، ژیاننامەی تایبەت بەخۆی و بابەتی هەمەجۆر، کە تا ئێستا بە چاپ نەگەیشتوون، هەیە. لەپاش توشبوونى بە جەڵدەى دەماغ و مانەوەى بۆ چەند هەفتەيەک، ساڵى ١٩٩٣ کۆچیدواییکردووە.
زانای ئایینیە. ناوی (محەممەد کوڕى سەلام کوڕى عەلی)یە. بە (مامۆستا شێخ محەممەدى سازانى) ناسراوە. بنەچەیان دەگەڕێتەوە سەر سەیدەکانی بەرزنجه. باوکى مەلایەکی ناوداری سنوری هەڵەبجە و عەبابەیلێ بووە. ساڵی١٩١٧ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. لە حوجرەی عەبابەيلێ، بیارە و چەند شوێنێکی تر خوێندویەتی. ساڵی ١٩٤٥ بووە بە پێشنوێژ و جگە لە کارى مەلايەتی منداڵانی گوندی سازان و گوندەکانی دەوروپشتی فێری خوێندن و نوسین و وانە ئاینیيەکان کردووە. ژمارەیەک مامۆستاش لەسەر دەستی ئەم خوێندنیان تەواوکردووە و ئيجازەى مەلايەتييان وەرگرتووە. له ڕووى کۆمەڵايەتيشەوە ماڵەکەی کردووە بە ديوەخان و بۆ خزمەتی ڕێبواران بەکاریهێناوە. پاش ئەوەى حکومەتى عێراقى ساڵی ١٩٧٨ گوندى (سازان)ی ڕاگواست، مامۆستا ڕووی لە هەڵەبجە کردووە و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتی (عومەری فاروق). لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ١٩٨٨ بریندار بووە و لە (پاوە) نیشتەجێبووه، تا ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و بووە بە پێشنوێژی مزگەوتەکەى خۆى. ساڵی ٢٠٠٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجه بەخاکسپێرراوە.
زانای ئاینییە. ناوی (ساڵح عەبدولکەریم محەممەد)ە. ساڵی ١٩٠٤ لە گوندی (هەنارۆ)ی بەرزنجە لە دایکبووە. زانستە شەرعیەکانی خوێندوە و لای شێخ عومەر قەرەداغی مۆڵەتی دوازدە زانستی وەرگرتووە. لە گوندی (تریفە)ی نزیک هەڵەبجە، جگە لە پێشنوێژی، حوجرەیەکی کردووەتەوە. ساڵی ١٩٤٩ بە هاوکاری خەڵکی هەڵەبجە مزگەوتێکیان لە گەڕەکی (کانیعاشقان)ی هەڵەبجە کردووەتەوە و بووە پێشنوێژ و مامۆستا تیایدا. پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بەسەرکردایەتی وەفدێکی زانایان، سەردانی (عەبدولکەریم قاسم)ی کردووە. ساڵی ١٩٦٠ دامەزرێنەری قوتابخانەی سەرەتایی ئاینی فەرمی دامەزراندووە و بووە بە بەڕێوەبەری. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردووە.
مامۆستا و زانای ئاینییە. ساڵى ١٩٠٧ لەگوندى (دزاوەر)ى ئێران لەدایکبووه. بۆ خوێندنى زانستى شەرعى زۆرێک لە شار و شوێنەکانی باشور ڕۆیشتووە. لە ساڵانی پەنجاکاندا بەڕێوەبەرى مەدرەسەى (بیارە) بووە. ماوەى حەوت ساڵ لە (پێنجوێن) مەلایەتى کردووە. ساڵى ١٩٥٦ چوەتە خورماڵ و مەدرەسەى (مزگەوتى گەورە)ى خورماڵی ئاوەدانکردووەتەوە و چەندین فەقێ و قوتابى لەلای وانەیان خوێندووە. ساڵى ١٩٦٠ بەشدارى کۆنگرەى (حیزبى ئیسلامى عێراق)ی لەبەغدا کردووه. چەندین گرفتى کۆمەڵایەتى و خێڵەکى چارەسەرکردووە. لە دامەزرێنەرانى یەکێتیى زانایانی کوردستانه ١٩٧٠. ساڵى ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (گوڵان) له هەڵەبجە بەخاکسپێراوه.
زانای ئاینی و ئەکادیمییە. ناوی (ئەحمەدی کوڕی مستەفای کوڕی فەیزوڵڵا ئیبراھیم)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (بەهیە) لە پێنجوێن لەدایکبووە. لەبەر ئەوەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە مزگەوتی شافیعی لە ھەڵەبجە فەقێ بووە، بە (مەلا ئەحمەدی شافیعی) ناسراوە. هەر لە هەڵەبجە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە شەریعەدا بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٩١ دەستی ھەبووە لە کردنەوەی دوو مەدرەسەی زانستە شەرعییەکان لە ھەڵەبجە. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ماوەی حەوت ساڵ سەرۆکی بەشی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان بووە لە سلێمانی. ساڵی ٢٠١٠ بووە بە ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان. ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوایە لە ھەرێمی کوردستان. چەند کتێبێکی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: (گوزەرێک بە ژیانی زانای گەورە مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، الدرە التعلیمیة علی المنظومە البیقونیة، شیخ عثمان عبدالعزیز و منھجە فی التفسیر، کە ماستەرنامەکەیەتی).
زانا و مودەریس و موفتیی بابانە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی مەلا ئیسماعیلی بیارە)یە. لە نەوەی پیر محەممەدە. بە بیست و پێنج پشت مەلا بوون. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. ساڵی ١٧٩٣ لە بیارە وانەی وتووەتەوە. هاوچەرخی شێخ عەبدوڵای خەرپانی و مەلا جەلالی خورماڵ بووە. مەدرەسەی بیارە لە سەردەمی مەلا ئیبراهیمدا هاوشانی مەدرەسەی خورماڵ و خەرپانی بووە. لە ڕیزی ناوی مامۆستاکانی مەولانا خالدی شارەزووریدا ناوی هاتووە. لەسەردەی ئەوڕەحمان پاشا و ئیبراهیم پاشای باباندا ماوەیەک موفتی بووە و فتوا و قەزاوەتی زۆر بووە. لە زانستی ڕەوانبێژیدا دەستێکی باڵای هەبووە. ساڵی ١٨٣٤ کۆچیدواییکردووە.
شاعر و زانا بووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچیدا لە شارەزوور لەدایکبووە. لە شارەزوور خوێندنی دەستپێکردووە و لە بەغدا تەواویکردووە. گەراوەتەوە شارەزوور و بە ڕینوێنیەوە خەریکبووە. هاوچەرخی عابدینی جافە. لەو مەلایانە بووە سەرسەختانە دژایەتی تەریقەتی یاری و یارسان بوونی عابدینی کردووە. ساڵی ١٣٦٧ لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە.
زانای ئایینی و قازی و موفەسیرە. ناوی (سەعید کوڕی فەتحوڵا کوڕی نەسوڵڵا کوڕی شاوەیس کوڕی مەحموودی حسێن خان)ـە. ساڵی ١٩٢٠ لەنزیک گوندی (لاوران) لەدایکبووە. لای مەلا محەممەد ڕەشید و لە هەڵەبجە لە تەکیەی سەید نەسروڵڵای مەلا مستەفا خوێندویەتی. چەند شوێنێکی کوردستان ڕۆیشتووە. گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس خوێندویەتی و لای مەلا مەحموود ئیجازەی وەردەگرێت. له چەند گوندێک مەلایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. بە هۆکاری سیاسی لەلایەن حکومەتەوە نۆ مانگ لە حللە زیندانیکراوە. مامۆستای پەیمانگای ئایینی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و دەبێتە قازیی دادگای شۆڕش و دادگای شەرعیی سلێمانی. دوای نسکۆ گەڕاوەتەوە سلێمانی و بووە بە مەلای مزگەوتی دوودەرگا و کتێبخانەی سەڵاحەدینی کردوووەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ خانەنشین کراوە. بەڵام وەک ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلام و لیژنەی فتوای پارێزگای سلێمانی ماوەتەوە. خاوەنی تەفسیری قورئانی پیرۆزە لە ١٢ بەرگدا بە ناوی (تەفسیری زمناکۆیی). ساڵی ٢٠٠٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (شێخ ئەحمەدی هندی) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (سەعید مستەفا مەعروف)ـە. ساڵی ١٩١٠ لە ئاوایی گڵێجاڵ (ناوەندی شارۆچکەی بەمۆ) لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوک و دایکی کۆچیدواییانکردووە، لە حوجرەکانی تریفە و پریس خوێندوویەتی، دواتر لە بیارە گیرساوەتەوە، ماوەیەکیش لە نزیک مەریوان لای مەلا باقری بالک فەقێ بووە. پاش وەرگرتنی مۆڵەی زانستی لەسەر دەستی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ١٩٤٥، گەڕاوەتەوە بۆ ئاواییی گڵێجاڵ و نوێژی هەینی دامەزراندووە، لە پشت کێوی بەمۆ بە (مامۆستا) ناسراوە، چونکە ساڵانێکی زۆر، جگە لە پێگەیاندنی فەقێ، ڕۆڵی دادوەر و بانگخوازی ئایینی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیشی بینیوە. لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا بەهۆی جەڵتەوە کەوتووەتە سەر جێگە، ساڵی ١٩٨٨ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ئەحمەد محەممەد مرادوەیس)ـە لە بنەماڵە ساداتەکانی تاوگۆزییە. ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی (زارێنە) لەدایکبووە. سەرەتا لە حوجرەکانی تاوگۆزی دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان ڕوویکردووەتە حوجرەکانی پریس و تریفە و بیارە و پێنجوێن و سلێمانی، کۆتا وێستگەش لە بەردەستی مەلا ساڵحی گەورە لە هەڵەبجە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٥٣ بووەتە مامۆستای مزگەوتی گوندی (قاینەیجە)ی شارەزوور، هەر لە وێش وەک مامۆستای وانەبێژ لە پڕۆژەی (نەهێشتنی نەخوێندەواری) دەستبەکاربووە. لە پاش ١٩٧٨ لە هەڵەبجە نیشتەجێبووە و پێشنوێژی مزگەوتی (بیلالی حەبەشی) بووە لە گەڕەکی شارەوانی. لە ١٢ی ٦ی ٢٠١١ لە قەزای شارەزوور کۆچیدواییکردووە.
مامۆستایەکی ئایینیی دەرچووی بەردەستی مەلا قادری سۆفییە لە نزیک دەربەندیخان. کەسێکی ناسراو بە خواپەرستی و خزمەتکردنی حوجرەی فەقێیان بووە. لە ساڵی ١٩٤٣ کۆچیدواییکردووە. لەنێو هەندێک لە دەستخەتەکانی عەبابەیلێ ستایشی پابەندی کراوە و وەک مامۆستایەکی باش ئاماژەی بۆ کراوە.
زاناو مودەڕیس بووە. ناوی (عەبدوڵا کوڕی مەلا یاسین)ی تەوێڵەیە. بە (مەلا عبدولباری)یش ناوی هاتووە. ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لای باوکی و زاناکانی ئەوکاتە خوێندوویەتی. نزیکەی چل ساڵ ئیمام و خەتیبی تەوێڵە بووە. کتێبی (بەهجه)ی ئیبنولوەردی لەبەر بووە. حەوت کوڕ و دوو کچی بووە. ساڵی ١٩٣٥ لەتەوێڵە کۆچیدواییدەکات و هەر لەوێش نێژراوە.
ناوی (عەبدوڵا عەبدولغەفور)ە، خەڵکی گوندی (نەمەشیر)ی بانەیە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، لە خانەقای دووڕووە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لە گوڵپ و هانەگەرمەڵە و بیاوێڵە و دەرەشیش لە سنوری هەڵەبجە کاری مەلایەتی کردووە. ساڵی ١٩٣٩ لە دەرەشیش لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچیدواییکردووە.
زاناو قازی و مامۆستا بووە. ناوی (عەبدوڵای کوڕی عەبدولسەمەد) برازای مەلا یاسینی تەوێڵەیە. ساڵی ١٨٤٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی و مەلاکانی تەوێڵە و لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی خوێندوویەتی. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٦ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەد سەعید محەممە ئەحمەد)ی عەبابەیلێییە. ساڵی ١٨٨٩ لەدایکبووە، لە بەردەستی کۆمەڵێک مەلا خوێندوویەتی، پاشان ڕوویکردووەتە کەرکوک، دوا وێستگەش لە بەردەستی (مەلای گەورەی)ی بیارە مۆڵەتی وەرگرتووە. لە عەبابەیلێ کاری تەدریسی کردووە، جگە لەوەش سەرقاڵی کار و کەسابەت و بازرگانی بووە. لە ١٩٢٧ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (یوسف ئەحمەد یوسف مەعروف)ـە. مامۆستایەکی ئایینیی پەروەردەی حوجرەکانی هەڵەبجە بووە، لە دەوروبەری ١٩١٥ لە گوندی گڵێجاڵ (ناوەندی شارۆچکەی بەمۆ) لەدایکبووە. لە چەند حوجرەیەکی ناوچەکە خوێندوویەتی، ماوەیەکیش لە مزگەوتی (تەکیە)ی هەڵەبجە بووە. لە سەر دەستی (مەلا ساڵحی گەورە) مۆڵەتی وەرگرتووە. مەلا یوسف، هاوڕێی (مەلا مەجیدی دەوڵەتئاوا) بە پێی دەستخەتەکانی حەز و خولیای ئەدەبیشی هەبووە، لە هاوینی ١٩٤٦ کوژراوە و لە گۆڕستانی شێخ ئیسماعیلی هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. هەندێک دەستخەتی لێ بەجێماوە، کە هی حوجرەکانی هەڵەبجەن و بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و کوردی و هەندێک یادەوەریشی تێدا تۆمار کراوە و لە ناوەندی کوردستان - زانکۆی سلێمانی ئەرشیف کراون. ژیانی هاوسەریی پێکنەهێناوە.
نوسەرو وەرگێرە. ١٩٧٩ لە ئاوارەيى لە باکورى وڵاتى ئێران لە شارۆچکەى کوملەى سەر بە ڕەشت لەدايکبووە. لە شارى هەڵەبجەى شەهيد لە خزمەت مامۆستا مەلا مەحمود لە مزگەوتى جاميعە و مزگەوتى (دار السلام) لە خزمەت زاناى پايەبەرز مامۆستا شێخ نورەدينى موفتى دەستى بە خوێندنى حوجرە کردووە. لە خزمەت مامۆستا مەلا تاهيرى بەحرکە ئيجازەى مەلايەتى وەرگرتوە. سەرەتا لە هەولێر لە ناحيەى کەسنەزان لە مزگەوتى مەلا عوسمان وەک پێشنوێژ (ئيمام) دامەزراوە، لە (بنەسڵاوە و دووگردکان و تۆپزاوە) پێشنوێژ و وتارخوێن بووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەى شارەزوور و لە گوندى قەرەگۆل مەلا بووە و ئێستاش لە هەڵەبجەى تازە نيشتەجێيە. نزيکەى شەست بەرهەمى چاپکراوە، لەوانە: سۆزو ميهرى خوداوەندى، شەرحى کارخانەى قەندى، لەگەڵ خوودا، ڕێنماى ڕێبوار، هژار المکرياني وجهوده العلميە، وەرگێڕانى تەفسيرى (قرآن تدبر و عمل)، وەرگێڕانى کتێبى (الزهد)ى پێشەوا ئەحمەدى کوڕى حەنبەل..هتد. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ئێستا لە شارۆچکەى هەڵەبجەى تازە پێش نوێژە لە مزگەوتى (حاجى موحەممەدى سەفرە) و وتاربێژى مزگەوتى (گوندى قەرەگۆل)ـە.