بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
ناوی (نەجمەدین کوڕی شێخ تەهای شێخ ڕەسوڵ)ـە. بە (مامۆستا سەید نەجمەدينى هەڵەبجه) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی (میانە)ى خۆرهەڵاتـی کوردستان لەدایکبووە. بە منداڵی لاى باوکی خوێندویەتی. لە زۆر شار و شوێنی کوردستان دەرسی خوێندووە و پاش ٢٠ ساڵ خوێندن، لە خورماڵ موڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. بە ڕاوێژ لەگەڵ شێخ عوسمانی سیراجەددین، چووەتە گوندی تەپی سەفا و وەکو پێشنوێژ و وتاربێژ دەستبەکاربووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بە هۆی ڕووداوە سیاسییەکانەوە چەند جارێک ئاوارە بووە و ماوەیەک لە (هانەگەرمەڵه) بووە و وانەی بە قوتابیانی پەیمانگا وتووەتەوە. ساڵی ١٩٧٨ لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، حوجرەکەشی گواستووەتەوە بۆ مزگەوتی بیلال و پاشان بۆ مزگەوتی ئوسامە. دواى کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، جارێکی تر بە خێزانەوە ئاوارەی ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووەتەوە بە پێشنوێژ و وتاربێژى مزگەوتەکەى خۆى (ئوسامەی کوڕی زەید) و سەرلەنوێ حوجرەکەشی دامەزراندووەتەوە. مۆڵەتی بە چەندین زانای ئایینی بەخشیوە و مێزەری بۆ بەستوون، لەوانە مامۆستا تاهیر بامۆکی. ساڵی ١٩٩٧ بە نەخۆشى دڵ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٦١ لە گوندی (هانەژەڵە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. چەند ساڵێک لە وڵاتی ئێران خوێندویەتی. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە مزگەوتی گەیلان و حوجرەی ئوسامەی کوڕی زەید زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٤ لە مزگەوتی (حەمزە) لە هەڵەبجە وتاربێژ بووە. ساڵی ٢٠٠٤ و بۆ ماوەی سێ ساڵ ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی (النبی) بووە لە هەڵەبجە. لە ئێستادا ئەندامی یەکێتیی زانایانی کوردستانە و بەرپرسی لیژنەی فتوایە لە پارێزگای هەڵەبجە.
بە مامۆستا (سیروان نێرگسەجاڕی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کۆلێژی بنەماکانی ئاین لە زانکۆی هەڵەبجە تەواوکردووە و بڕوانامەی ماستەری لە هرزی ئیسلامی لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژی و وتارخوێنی کردووە. لە ساڵى ٢٠١٣ـەوە تائێستا لە مزگەوتى (ئیمام ئەحمەدى کوڕى حەنبەل) پێشنوێژ و وتاربێژه و وەک مامۆستا لە مەدرەسەى (شێخ مارفى نێرگزەجار) وانە بە فەقێکان دەڵێتەوە. ناوبراو ئەندامى دامەزرێنەرى ڕیکخراوى (تاج العارفین)ـە.
ساڵی ١٩٩٩ له هەڵەبجەى شەهید لەدایکبووه. خوێندنی زانستە شەرعییەکانی لە حوجرەکانی هەڵەبجەى شەهید و سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانیدا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لە گوندی خاکوخۆڵی شارەزوورە، هەروەها لە گەڕەکی گۆران سیتی لە مزگەوتی ئاشتیش پێشنوێژی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە.
ناوی (شێخ سدیق شێخ ئیسماعیل شێخ حسێن)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی١٩٥٠ مۆڵەتی دوازدە زانستی لەسەر دەستی مەلا محەممەدی موفتی (باوکی کاک ئەحمەدی موفتی زادە) وەرگرتووە. لە مزگەوتەکانی سنوری (هەڵەبجە و هەورامان) پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. لە دامەزرێنەران و ئەندامی مەکتەبی سیاسی (بزووتنەوەی ئیسلامی) و سەرکردایەتی (بزووتنەوەی یەکبوون) و (کۆمەڵی ئیسلامی) بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. شاعیر بووە، کە هێشتا بەرهەمەکانی بە چاپ نەگەیشتوون. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەرگەت) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (عەفان سدیق ئیسماعیل)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی سەرگەتی هەورامان لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە، ساڵی ١٩٩٠ مۆڵەتی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، پاشان کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتە. خاوەنی دە کتێبی چاپکراوە لەوانە: وەرگێرانی (سنن ابن ماجە)، هاوەڵان لە پێغەمبەر دەپرسن، ژیانی ئیمامی عومەر.
ناوی (شێخ مەحموود کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە، لە دەوربەری ساڵی ١٨٣٤ لەدایکبووه. کە چوار ساڵ بووە، باوکی کۆچیدواییکردووە. لای براکانی خوێندویەتی. بۆ درێژەدان بە خوێندن چەند شار و ناوچەیەک ڕۆیشتووە. لە شاری کەرکوک مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە لەو شارەدا ماوەتەوە و سەرقاڵی تەدریسی بووه. گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژ و مودەڕیس لە مزگەوتی گەورە (جامیعە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو کوڕی هەبووە. کاربەدەستانی عوسمانی زۆر ڕێزیان لێگرتووه و موفتی ناوچەکەش بووە. یەکێک لەو کەسایەتییانەیە، کە ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ شێخ مەحمووددا هەبووه. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. لەسەر خواستی وەسمان پاشای جاف لە قەرەداغەوە ھاتووەتە ھەڵەبجە و بووە بە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی پاشا. دامەزرێنەری مەدرەسەی پاشا بووە لە مزگەوتەکەدا. وەسمان پاشا هێندەی خۆشویستووە حەنیفە خانی خوشکی کردووە بە ھاوسەری و سێ کوڕ و کچێکیان بووە، کە یەکێک لە کوڕەکان شێخ عومەری باوکی هونەرمەندان (ئەنوەر قەرەداغی و ئەسعەد قەرەداغی)یە.
ناوی (شێخ محەممەد شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. پاش کۆچیدوایی باوکی، جێگەی گرتووەتەوە و کاروبارەکانی تەدریس و پێشنوێژیی و وتاربێژی مزگەوتی گەورەی پێدراوە. ساڵی ١٩٥٤ لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە شاری سلێمانی کردووە. شارەزایی لە زمانی عەرەبی و فارسیدا ھەبووە. بەشداری زۆر لە بۆنە و کۆبوونەوەی ئیسلامی ناوخۆیی و جیھانییەکانی کردووە. ساڵانێکی زۆر وتاربێژی مزگەوتی گەورە بووە لە شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٩٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
ناوی تەواوی نەجمەدین جەمیل موستەفا مەحمودی کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانییە. ساڵی ١٩٤٨ لە بنەماڵەیەکی ئایینی دایکبووە. لەسەیدەکانی تەکیەی قەرەداغن. شێخ محەمەدە کۆسەی باپیریان ساڵانی ١٧٧٠ز هاتووەتە ناوچەکە. بە مناڵی لە مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە لای باوکی و مامەکانی خوێندوویەتی، پاشان چووەتە خزمەت مامۆستایان، مەلاساڵحی گەورە، مامۆستا مەلا عوسمان، مەلامحەمەدی دارالاحسان..هتد. لای شێخ محەمەدی شێخ ڕەسوڵی تەکیەیی لە مزگەوتی خانم لە هەڵەبجە ئیجازەی وەرگرتووە، خوێندنی پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە ساڵی ١٩٧٣ تەواو دەکات و پاشان دەچێتە کولیەی ئیمام ئەعزەم و تەواویدەکات. ١٩٨٣-١٩٨٤ دەبێتە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی پیرەمەگرون لە گردی جۆگە، پاشان سەلیم بەگ. وتاری لەزۆرێک لە مزگەوتەکاندا هەبووە، وەک مزگەوتی گەورەی سەرچنار ١٦ساڵ، دارۆغا چوارسال، مزگەوتی گەورەی سلێمانی ٤ساڵ، مزگەوتی خانەقا و حاجی فەرەجی سوسێ. لە مەدرەسەکانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی، ئیمامی شافیع، قەرەداغ وانەی بەفەقێکان وتوەتەوە. خێزاندارەو خانەنشینە، لە سلێمانی نیشتەجێیە.
ناوی (نەسیم کوڕی شێخ محەممەد سەعیدی کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ مەحمودی کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی زانای بەناوبانگ شێخ مستەفای تەختە)یە. ساڵی ١٨٠٨ لەسنە لەدایکبووە. هاوچەرخی مەولەوی بووە. لای شێخ عەبدولقادری موهاجری برای ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لەسەر کێشەی مەزهەبی و فشاری دەوڵەتی ئێران و فراوانکردنی بازنەی تەشەیوع، لەگەڵ چەند کەس لە بنەماڵەی مەردۆخیان لە ساڵی ١٨٧٤ کۆچیانکردووە بۆ سلێمانی. دوای مانەوەیەکی کەم و حەوانەوە، هەمان ساڵ بە مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ دامەزراوە. پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بووە. گرنگی زۆری بە پەروەردە و ئاکاری بەرز و فێربوونی فەقێیان داوە. ساڵی ١٨٩٧ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە و لەوێ بەخاکسپێردراوە. دوو کوڕی بەناوەکانی (شێخ عەبدول لەتیف و شێخ یەحیا) لە پاش بەجێماوە.
ساڵی ١٩٦٢ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە و دواناوەندیی لە مەعهەدی ئیسلامی تەواوکردووە.ه بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. ماوەى چوار ساڵ لە مزگەوتی (إبن بنیة) لە بەغداد و دواتریش لە چەند مزگەوتێکی پێشنوێژی و وتاربێژ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا لە مزگەوتی تەکیە پێشنوێژ و وتارخوێنە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژە. ساڵی ١٩٧٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە شەریعەی ئیسلامی هەیە. بەشى زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. لە مەدرەسەى ئوسامە و گەیلانی و لە کامياران خوێندوویەتی. لە ئێستادا بەرپرسی لقی زانایانی هەڵەبجەى شەهیدە و لە مەدرەسەى ئوسامە وەک مامۆستا زانستە شەرعییەکان دەڵێتەوە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (گەیلانی)یە لە هەڵەبجە. وەرزشەوان بووە و لە تیپەکانی، یەکگرتوو، هەڵۆ، یانەی وەرزشیی پەیام یاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێـت.
بە (عەبدولڕەحمان بامۆکى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی لە بامۆک و ئامادەیى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى گوڵان لە هەڵەبجە بەردەوامه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژ، وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و خوێندنی دیراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئەوقاف وەکو پێشنوێژی مزگەوتی گوندی (هانەیدن) دامەزراوە. پەیمانگای وتاربێژان و دواتریش بەشی زانستی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٤ بڕوانامەی مەلایەتی وەرگرتووە. وەک پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی (عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف) لە خورماڵ کاریکردووە و دواتر لە مزگەوتی (ئیمام موسلیم) تا ئێستا بەردەوامە. ماوەی چوارساڵ ئەندامی لیژنەی فتوا بووە لە خورماڵ. بەشداری دەیان خول و وۆرکشۆپی کردووە، کە تایبەت بوون بە توانایی مرۆییەکان و چۆنیەتی و ئەدای وتاربێژان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. یەکێک بووە لە وەرزشەوانە دیارەکانی سنورەکە و تا ئێستاش بەردەوامە.
ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی تەواوکردووه و ماوەیەکیش لە وڵاتی ئێران زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. بڕوانامەی پەیمانگاى مامۆستایان و پەیمانگاى خەتابەی بەدەستهێناوە و بەشى دیراساتی ئیسلامی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە ئێستادا لە مزگەوتى گوندی عەبابەیلێ وتاربێژە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژە و نوسەرە. بە (مەلا عوسمان) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (دێکۆن)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى (حاجی حەسەنی لۆکە) لە سلێمانی. بەردەوامە. دامەزرێنەری (بنکەی نەوڕەسی)یە بۆ خوێندن و لەبەرکردنی قورئان. لە چەند دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن کاریکردووە و خاوەنی چەند کتێبێکی نوسین و وەرگێڕانە لەوانە: (بەخشین، سیماى دۆستان، چەند وانەیێک لە ژیانى پێغەمبەر، فەزڵ و گەورەیى شەو و یادى خودا، نوێژکردن بۆ منداڵان).
ناوی (عومەر عوسمان عەلی محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی (شەکرالی) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە لامەرکەزی و ناوەندی لە باریکە خوێندووە. ئامادەیی دیراسەی ئیسلامی و زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. خوێندنی ئیسلامی لای چەندین مامۆستای ناوچەکە خوێندووە. ساڵی ١٩٩٣ بووە بە ئیمامی مزگەوتی شەکرالی، ٢٠٠٨ لە شارۆچکەی سیروان بۆ ماوەی شەش ساڵ لە مزگەوتی فردەوس بووە، وەک خۆبەخش ئیمامی مزگەوتی مەولەوی بووە. وتاری هەینی لەچەند مزگەوتی سیروان و گوندەکانی دەوروبەریدا پێشکەشکردووە. ١٥ ساڵە پێشنوێژی مزگەوتی مەولەوییە و لە مزگەوتی گوندی بەشارەتی خواروو وتاربێژە. بەڕێوەبەری بنکەی سیروانی (اقرا)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژ و نوسەرە. بە مامۆستا شێخ عومەری شێخ نورەدینی موفتی ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە زانکۆی بەغداد، بەشى زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووە. لای باوکی ئیجازەى مەلایەتیی وەرگرتووە. لە مزگەوتی ئوسامە و کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان وتاری داوە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری مەدرەسەى نەقشبەندییە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ئێستا پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی دارالسلامە لە گەڕەکی بەنزینخانە. ١٢ سأڵ بەرپرسی لیژنەى فتواى سەیدسادق بووە و چوار ساڵیش ئەندامی مەجلیسی عیلمیی وەزارەتی ئەوقاف بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. خاوەنی ١٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (تەرجەمە و ئیعرابی عەوامیلی جورجانی، شەرحی عەوامیلی بەرکەوی، شەرحی مەتنی عەقیدەى نەسەفی، کورتەیەک لە ژیانی مەدرەسەى دارالسلام، شەرحی ڕەحەبی لە عیلمی فەرائیزدا، شەرحی فتح القریب بەکوردی، حەقیقەتی تەسەووف، ..هتد).
ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووە. لە حوجرەی ئیبن سلاحی شارەزوری لە مزگەوتی گەورەی قەزای شارەزوور خوێندوویەتی. لە زانکۆی هەڵەبجە بەشی بنەماکانی ئاینی تەواوکردووە و وەک وتاربێژی مزگەوتی گوندی (دەگاشێخان)، لە شارەدێی (بیارە) دامەزراوە و لە مزگەوتی (دارولئیحسان) پێشنوێژە. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا لە مزگەوتی بەهەشت لە هەڵەبجە وەک وتاربێژ بەردەوامە. ئەندامی ڕێکخراوی (اقرا)ـە، کارگێڕی یەکێتیی زانایانی کوردستان/لقی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا وتاربێژی مزگەوتی (بەهەشت)ـە.