بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
جوتیارێکی نموونەییە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندوەو ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە کاری جوتیاریی و بەقاڵییەوە خەریک بووە. بە (جوتیارە نموونەییەکە) ناسراوە. بە بیرۆکەی نوێ و جیاواز و تاقیکردنەوەکانی لە بواری کشتوکاڵ و باخداریدا، سەرنجی باشور و تەنانەت وڵاتانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه. بە مەبەستی سوودوەرگرتن و گواستنەوەی ئەزموونی کشتوکاڵی، سەردانی چەندینی وڵاتی کردووە لەوانە: (یابان، ئەڵمانیا، سویسرا، فەڕەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا، تورکیا، ئێران، تایلەند، سوید...) و لەسەرئاستی ناوخۆ و دەرەوە سەدان بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانییەوە، ئەوەی دەیزانێت خۆبەخشانە پێشکەش بە بینەر و جوتیارانی کردووە. دواین پڕۆژەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی کشتوکاڵییە، کە ڕۆژانە جوتیاران و قوتابیانی زانکۆ و ئامادەیی و بنەڕەتی سەردانیدەکەن و وانەی لێ دەخوێنن.
ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا شەشەی ئامادەیی خوێندووە. زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. یەکەم کەسە وەک هاوڵاتی بە پاسکیل لە ١١ی ٣ی ١٩٩١ لە سلێمانییەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و وەک یەکەم هاوڵاتی دوکانەکەی باوکی پاکدەکاتەوە لە ١٤ی ٣ی ١٩٩١ بە ناوی چاخانەی ئاوەدان، دایدەنێتەوە. وەک مژدەیەکی خۆش بە ناو خەڵکیدا دەڕوات و دەبێتە هۆکاری گەڕانەوە و مانەوەی خەڵکی لە ناو شار.
کەسایەتیی کۆمەڵایەتییە. ناوی (ئەحمەد بەگ کوڕى قادر بەگی کوڕى محەممەد بەگی کوڕى عەباس بەگی کوڕى ڕۆستەم بەگی میرەدێ)يه. لە بنەماڵەی خدربەگییەکانی میرەدێ و قلیجەیە لە وارماوا. ساڵى ١٩٢٤ لەدایکبووه. له کۆتايى چلەکانى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ براکانيدا (حاجى تاهير بەگ و حاجی حەمەو بەگ) هاتوونەتە هەڵەبجە و بەکاری بازرگانییەوە سەرقاڵبوون و مەکینەی تراکتۆری (تایە تەور)يان هێناوەتە ناوچەکەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دە منداڵە. ساڵی ٢٠٠٥ لە سلێمانی بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لەسەر وەسییەتی خۆی لەتەنيشت حاجی تاهیربەگی برای و سەلیم بەگی ئامۆزای لە گردی سەلیم بەگ بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٩٥ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگاى زانستى کۆمپیوتەری لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵى ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ فەرمانبەری مەدەنی کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک و ساڵى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ مامۆستای وانەی کرداریی بووە لە کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. خوێندکاری ماستەرە لە وڵاتی بەریتانیا. دامەزرێنەری گروپی بەختەوەری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کۆمەڵگای تەکنەلۆجیا و خاوەن پێداویستی تایبەت٢٣، بەرنامەی ئاماژە بۆ زمانی ئاماژەی نابیستان. لەگەڵ (جیهاد عینایەت)، ئامێر و پرۆگرامێکی تایبەتیان بە کەسانی نابینا و کەم بینا دروستکردووە کە پێی دەوترێت (کیبۆردى خاڵ) و پلەى دووەمیان لە پێشبڕکێی (هاکاسۆن) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە کۆی ١١٥ بەشدار بوو و نزیکەی ٢٠ گرووپی جیاواز بۆ ئاستی هاردوێر و سۆفت وێرد، لە بواری (IOT) لە شاری سلێمانی، بەدەستهێناوە. خاوەنى کۆمەڵێک خەڵاتە، لەوانە: ساڵى ٢٠٢١ خەڵاتى پلەى سێیەم لە ڤیستیڤاڵی تێک فێست تایبەت بە پڕۆژەى فێربین ئامێری تایبەت بە منداڵانی نابینا، ساڵى ٢٠٢٣ خەڵاتى پلەى دووەم لە ڤیستیڤاڵی تێک فێستى بە ئاماژە بۆ زمانی ئاماژەی نابیستان، هەمان ساڵ پلەى دووەم لە پێشبڕکێى هاکاسۆل تایبەت بە پڕۆژەى خاڵ کیبۆرد وەک پەرەپێدەر. یەکێکە لە ٣٠ کەسی هەڵبژێرراو لە سەرتاسەری جیهاندا لە لایەن (DiversAbility) لە ئەمریکا ٢٠٢٣ بە ناوی (D-٣٠ Disability Impact List) و نوێنەری خوێندکارانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە زانکۆی سوانزی ٢٠٢٤ (Person with Disabilities officer.).
خاوەنی پڕۆژەی زیادکردنی شێوەزارێکی کوردییە لە وەرگێڕی گوگڵ. ناوی (بۆکان حەسەن ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٩١ و (لە کۆڕەوەکەدا) لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە. بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی کەلار خوێندووە. (بە هاوکاری کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا) خاوەنی پڕۆژەی زیادکردنی زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست)ـە لە وەرگێڕی گوگڵ. کاری بۆ: چارەسەرکردنی چەندین کێشەی زمانی کوردی کردووە لە تۆڕی ئینتەرنێت، چەسپاندنی ئاڵای کوردستان لە وێبسایتی کراودین، چاککردنی چەندین کێشەی کیبۆردی کوردی لە کیبۆرد، چەسپاندنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە وێبگەری (گوگڵ کرۆم)، دانانی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی پەڕەی (گوگڵ کرۆم)، چەسپاندنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە ئەپی Hi Translate و وەرگێڕانی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن داتا لە تۆڕی ئینتەرنێت و کۆمەڵگەی گوگڵدا کردووە.
بۆ یەکەمجار گەڵاڵەی بیرۆکەی گوندی گڵیجاڵ بۆ ناحیەی بەمۆ لە لایەن کۆمەڵێکک کەسی ناوچەکە و موختاری گوندەکانەوە بە ڕەچاوکردنی بارودۆخ و گۆڕانکارییە کارگێڕیەکان سەریهەڵداوە و سەردانی سەرۆکی حکومەت - ئیدارەی سلێمانیان کردووە. لە ٤ی ١١ی ١٩٩٩دا فەرمانی بە ناحییەبوونی بۆ دەرچووە. هەر خۆشیان ڕۆڵیان لە هێنانی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانی ناحییەکە لە ڕووی پێداویستییەوە گێڕاوە. دیارترینیان: ١- مەحموود عەبدوڵا محەمەد. ناسراو بە حاجی مەحموودی تەڵاخان. (١٩٥٢-٢٠١٠). ٢- عارف عەلی فەتاح: ١٩٤٤-٢٠١٦. ٣- مەحموود مستەفا نادر: ١٩٣٩-
ساڵى ١٩٩٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی بەشی چاککەرەوەی کۆمپیوتەری لە هەڵەبجە و بەشی تەکنۆلۆژیای زانیاری کۆلێژی زانستى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ سێ هاوکاریدا، توانیان گروپێکی تەکنەلۆژیا بەناوی (Echo for Tech) دابمەزرێنن، بەمەبەستی کاری بازرگانی لە بواری پەرەپێدان و دروستکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ شوێنە گشتى و بازرگانییەکان، کە توانیان تا ساڵی ٢٠٢٤ زیاد لە ١٠ سیستەمی جۆراوجۆر بۆ سەنتەر و شوێنە بازرگانییەکان دروستبکەن. ساڵى ٢٠٢٣ لەگەڵ (بەختەوەر بەرزان)ی هاوڕێی، ئامێر و پرۆگرامێکی تایبەتیان بە کەسانی نابینا و کەم بینا دروستکردووە، کە پەیوەست دەکرێت بە ئامێرە زیرەکەکانەوە و پێیدەوترێت (کیبۆردى خاڵ) و بەم داهێنانە پلەى دووەمیان لە پێشبڕکێی (هاکاسۆن) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستهێناوە. وەک فۆتۆگرافەریش بەشداری چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە. لەگەڵ دوو مامۆستادا سەنتەرێکی تایبەت بەناوی (سەنتەری خاڵ بۆ ڕاهێنان و تەکنۆلۆژیا)یان دامەزراندووە، کە تایبەتە بە دروستکردنی ئامێری یارمەتیدەر و پرۆگرامی تایبەت بە باشترکردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. لە ساڵى ٢٠٢٣ەوە کارمەندە لە بەشى ئاى تی لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى هەڵەبجە.
بازرگان و دارتاش، خەلیفەی شێخ عەبدولقادری سۆڵەیە. ناوی(محەممەد محەممەدئەمین مارف ئەلیاس)ـە. لە نەوەى مەولانا خالیدی نەقشەبەندييه. ساڵی ١٨٩٠ لە ناوچەی (شارباژێڕ)ی سەر بە سلێمانی لەدايکبووە. بەهۆی کێشەيەکەوە هاتوونەتە هەڵەبجه و لەوێ نيشتەجێبوون. زیاتر لە پازدەجار ژيانى هاوسەرى پێکهێناوە. دوای ئەوەی لە نزیک مزگەوتی خانم، باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی دروستکردووە ئەو ناوەی لێنراوە. یەکێک بووە لە موریدەکانی شێخ عەبدولقادری سۆڵه. دارتاشێکی باش بووە و چەندین نەخش و کاری دارتاشی بۆ خانەقای سۆڵە نەخشاندووە. بازرگانێکی دیار بووە. یەکەم کەس بووە، کە پانکەی ئەرزی هێناوەتە هەڵەبجە. یەکەم کەس بووە، کە گەرماوی بە قسڵ و بەرد لەناو ماڵ و باڵەخانەکەى خۆیدا دروستکردووە. ساڵی ١٩٧٥ کۆچیدوايیکردووە و لە گۆڕستانى گوڵانى خواروو بەخاکسپێرراوە.
شەفیع کوڕی حاجی محەمەدی حەمالەی تەوێڵەیە. یەکەمین کەسە بە شێوەیەکی ڕیکوپێک، یاداشتی ڕۆژانەی تۆمارکردووە و خاوەنی ڕۆژژمێری تەوێڵەیە. ساڵی ١٩٢٢ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٢٨ دەچێتە قوتابخانە و تەنیا مانگ و نیوێک خوێندوویەتی، بەڵام دواتر بە باشی خۆی فێری خوێندنەوە و نوسین کردووە. بایەخی بە بەرهەمی شاعیرانی ناوچەکە داوە. کوردیی ناوەڕاست و هەورامی و کرمانجی و فارسی و عەرەبی زانیوە. بایەخی بە تۆمارکردنی بەرهەمە هونەرییەکانی عوسمان و حەمەحسین و شەفیع و مام هەیدەر داوە و لە ساڵی ١٩٦١ گۆڕانییەکانی تۆمارکردوون. بێجگە لەوە هۆنراوەکانی مام ئەلعەزیز و حاتەم_نامە و قەڵای خەیبەرو لەیلومەجنونی تۆمارکردووە. تایبەت بە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، گەلێک ڕوداوی سروشتیی سیاسی و کەشوهەوا و سەدان زانیاریی گشتی لە ڕۆژژمێرەکانیدا، کە لە دەورانی پاشایەتییەوە، تا کۆتایی ژیانی بە وردی تۆمارکردووە. دوجار هاوسەرگیری کردووە و منداڵی هەبووە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆچیدواییکردووە و لە غەریبان نێژراوە.
خاوەن بیرۆکە و دانانی یەکەم کێڵگەی کشتوکاڵیی گەشتیارییە لە کوردستان. ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. لە ئـێستادا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی جوتیارانی ئەفرێنەری کوردستانە. خاوەن و سەرپەرشتیاری کێڵگەی کوردستانە لە هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە شاری سلێمانی دەژی.
جەلاد و ستەمکارەکەی نوگرە سەلمان. ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە. لەهۆزی نزارە و عەشیرەتی ئەلبوناسری تکریتە. هەمان عەشیرەتی سەدام. لە ئەمن کاریکردووە و پلەی سەربازیی ڕائید بووە. یەکەم کۆمەڵەی ئەنفالکراو بۆ نوگرە سەلمان، هاوڵاتی دەوربەری ڕانیە بوون. بە گۆڕینی (ح و ع) بە عەجاج و حەجاج ناوبراوە. ئەشکەنجەدەر و بکوژی سەدان هاوڵاتی کوردە. کەتەیەکی چوارشانەی بێبەزەیی بووە. ڕزگاربووانی زیندانی نوگرە سەلمان تێکڕا بیرەوریی تاڵی لێدەگێڕنەوە، کە بە دیاریانەوە هاوڵاتیانی کوشتووە و تەرمەکانیان سەگ خواردوونی. وتوویانە ڕۆحەکان بۆ حەجاج لاشەکان بۆ سەگەڕەشەکان. بکوژی یەکەم شەهیدی هەڵەبجەیی نوگرەسەلمان و چەندين هاوڵاتیی ترە، کە دوای گەڕانەوەیان بە لێبوردن، ئەنفال کراون. لە ڕۆژی ئازادکردنی زیندانیەکانیشدا خەڵکی بە کێبڵ کوشتووە. دوو پاسەوانی بە ناوەکانی سەخر و شەوقی و سێ کوڕی هەبووە، کە دوانیان چوونەتە ڕیزی قاعدە و لە سەڵاحەدین کوژراون. دوای ڕوخانی سەدام هاتوەتە کەرکوک و پاشان لەگەڵ شەوقی پاسەوانیدا چووەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و ئاگاداری دادگاییکردنی سەرانی ڕژێم بووە. وا بڵاوکرابوویەوە کە لە سوریا بە جەڵتە مردووە. بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئابی ٢٠٢٥ دەستگیریان کرد.
چالاکوان، نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە ئێران و عێراق تەواوکردووه. دەرچووی بەشی کارگێریی و کارە لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە. لە زۆر بواردا کاریکردووە و وەک یەکەمین کەس دەرکەوتووە لە: ١- بواری وەرزش: یەکەم گروپی شاخڕەویی ژنانی دامەزراندووە و وەک یەکەم کەس سەنتەری لەشجوانی بۆ ئافرەتان کردووەتەوە. ٢- وەک خاوەن پیشە و کار: یەکەم کەسە له بواری دانان و کردنەوەی: چێشتخانە، دیوەخانی کلتوری، مەلەوانگە، نوسینگەی شۆفێری بۆ ژنان، کردووەتەوە. ٣- کاری ڕێکخراوەیی و پیشەیی: یەکەم ژنە، کە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکان هەڵبژێرراوە. خاوەنی پڕۆژەی (سەهەند) بووە بۆ بە کلتورکردنی هەڵدانی چەتر لە هاویندا. جگە لەمانە، هاوبەشی نوسەر و ئامادەکاری کتێبی (هەڵەبجە لە نێوان ژەهر و ئومێددا)یە. کاری وەرگێڕانی بە دەنگ و نوسین بۆ سەدای سکوتی ئەحمەدی ناتقی کردووە. هۆنراوەی مارشی زۆربەی باخچەکانی هەڵەبجەی نوسیوە، لە بواری ژینگەدا هەزاران نەمامی هێناوەتە شارەوە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەڵەبجە.
بە سۆفی عەبدولڕەحمان ناسراوە. ساڵی ١٩٢٥ لە دایکبووە. خێزاندار بووە و هەشت منداڵی هەبووە. یەکەم هەڵەبجەییە ساڵی ١٩٥٠ لە کوەیت کەبابخانەی داناوە. لە دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخاندا دەبێتە فۆڕمەن. دواتر یەکەم بەڵێندەر دەبێت، کە ئامێری بەرد هاڕین دێنێتە هەڵەبجە و چەندین پڕۆژەی گرنگی ئەنجامداوە. لەوانە زێرابی سندوقی، جادەی قیری سەرا، مزگەوتی موفتی، قوتابخانەی عەبابەیلێ، ئەحمەدموختار،...هتد. یەکەم کارگەی نانەقەیسی لە هەڵەبجەدا کردووەتەوە و بەرهەمەکەی بە عێراقدا بڵاوبووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
ئافرەتێکی یاخی و ناسراوی هەڵەبجە و هەورامانە. ناوی (قەدحەی کچی مەحموود بەگی هێرویی)یە. دەچنەوە سەر ئەحمەد بەگی جاف. دەوروبەری ساڵی ١٩٠٧ هەتاوی لەدایکبووە. کە هەورامییەکان بەگژ سەپاندنی دەسەڵاتی پەهلەویدا چوونەتەوە، حکومەت ٨٠ لە پیاوانی ناوداریانی دەستگیر کردووه، کە برزوبەگی برای قەتێ یەکێک بووە لە دیلەکان. هەڵدێت و دەیگرنەوە و دەیکوژن. قەتێ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا دەست لە دەسگیرانەکەی بە ناوی (حەمەکەریمی زۆراو) هەڵدەگرێت و بڕیاری چەکهەڵگرتن و تۆڵەکردنەوەی براکەی دەدات و دەچێتە نێو چەند پیاوێکی تری یاخییەوە. لەوەوە بە چەتە ناوی دەرکردووە. لە دەرفەتی جیاجیادا چەند پیاوێکی شا دەکوژێت. ساڵی ١٩٥٢ لە کاتی گواستنەوەی ئاوریشمدا لە نزیک کۆمەرە کەوتووەتە بۆسەوە و بەبرینداری هەڵدێت. لەلایەن خەڵکی کۆمەرە لە ئەشکەوتی (تاتەپیرە) چارەسەرکراوە. سەرەتا لە گوندی پریس جێگیر بووە و دواتر چووەتە هەڵەبجە و لە شوێنی بانقە کۆنەکە دوکانێکی عەتاری داناوە و یەکەم ئافرەتی دوکانداری ناوچەکە بووە. هەمیشە جلوبەرگی پیاوانەی پۆشیوە. لەنێو خەڵکدا هەر کچێکی ئازاو بەرگ پۆشی پیاوانە بێت، پێی دەڵێن قەتە چەتە. لە تەمەنی شەست ساڵیدا چووەتە حەج و ساڵیک لە مەککە ماوەتەوە و گەڕاوەتەوە و لە بەغداد لە بارەگای غەوسی گەیلانی نیشتەجێبووە. بە ڕەبەنی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی ئەلغەزالییە بەخاکسپێرراوە.
بۆ یەکەمجار له سەردەمی (قادربەگی جافرسان ١٨٨٨-١٩٧٨)، کە حاکمی تەوێڵە بووە، هەوڵی وەرگێڕانی قورئانی داوە بۆ شێوەی هەورامی. بەپێی ئەو دەستنوسەی قادربەگ، کە لای کوڕانی عیززەت بەگی عەلی محەممەد بەگ بووە، وەرگێڕانی سورەتی فاتیحە و چەند ئایەتێک لە سورەتی بەقەڕەی تێدایە. قادر بەگ بە دەستخەتی خۆی نوسیویەتییەوە. (الم، کەلیمێ ڕەمزی، ئی نویسەیە هیچ شکەش نیەنە چەنە، ڕانیشاندەرا پەی دینداری، بەچەم پەنە نەکەوتەی نمایاو ئانێ ڕۆزیما دینێ و خەرجیش کەراوە، ئانێ ئیماندارێنێ بە ئینەیە، ئامانەرە وار جە چێوەڵی، جە وەڵێنە، جە دماوە، ئانێ باوەڕشا هەن، ئانێ هیدایەتشا دریان، ئانێچە خوای هۆرچنیێنێ). دەسخەتەکە ماوە و وێنەی بڵاو کراوەتەوە.
بازرگانێکی هۆڵەندییە. شارەزایی لە مادەکیمیاییەکان و گازدا هەبووە. ساڵی ١٩٤٢ لەدایکبووە. ١٩٧٣ چوەتە سویسرا و ژنێکی پۆڵۆنی هێناوە. لە حەفتاکاندا دێتە عێراق و لە نوسینگەیەکی ئەندازیاریی سویسری کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ کەرەستەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی بە ڕژێمی بەعس فرۆشتووە، وەک مادەی (T.D.G)، ئەو کەرەستە و دەرمانانە لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاویدا بەکاردێن. لە ساڵی ١٩٨٩ دێتەوە عێراق و بۆ ماوەی ١٤ ساڵ و تا کەوتنی سەددام لەوێ دەژی. یەکەم بێگانەیە بە تاوانی بەشداریکردنی جەنگ دادگاییکراوە. بە هۆی ئاشکرابوونی دۆسیەکەی و سکاڵای قوربانیانی کیمیاویی هەڵەبجە و خۆرهەڵات دادگاییکراوە. دادگای لاهای هۆڵەندی لە ساڵی ٢٠٠٥دا بڕیاری ١٥ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، دوای تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە، کرایە سەپاندنی ١٧ ساڵ زیندانی بەسەریدا. هەڵەبجەییەکانی ئەوروپا و ڕێکخراوی چاک ڕۆڵیان لە دۆسیەی دادگییکردنەکەدا هەبووە.
ئەندازیاری میکانیکە. بە (سایە مەجید سەرگەتی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیک – بەرهەمهێنان و کانزاکان لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و ئەندازیاریدا بەرهەمەکانی لە گۆڤاری (بڕیار) و (گەشەپێدانی مرۆیی)دا بڵاوکردووەتەوە. چەندین کۆرسی وەرگرتووە، گرنگترینیان (المیکانیکا الشامل) لە ئەکادیمیایی engo soft ی میسری. لە پێشبڕکێی AVAC Award بۆ دیزاینی ساردی و گەرمیی بینا، کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەندازیارانی تەندروستی و ساردکەرەوەی کۆریا (SAREK) ناسراوە و کۆمپانیای LG سپۆنسەری کردووە، زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیا و نوسینگەی ڕاوێژکاری ئەندازیاری لە جیهاندا بەشداریانکردووە، سایە بە دیزاینی زانکۆیەک، کە سیستەمی مەرکەزی بۆ داناوە پلەی برۆنزی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەدەستهێناوە.
کەسایەتیی دیاری هاواریی و فەلەکناسە. یەکەم کەسی ناوچەکەیە بە بەرفراونی و تایبەتی جموجوڵی ئەستێەکانی سەرنجداوە. ساڵی ١٨٦٥ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. لە باوباپیرانیەوە شارەزایی و هونەری کەشناسی وەرگرتووە و پەرەیپێداوە. لە بانجێڵەکانەوە قولە و ئاسمان و بەرزاییەکانی هاوار و مانگ و خۆر و ئەستێرەکانی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و جوڵەکانی تۆمار کردوون. ڕێزێکی زۆری لێ گیراوە و هاوارییەکان باوەڕیان بە تواناکانی هەبووە. ساڵی ١٩٥٤ کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدی پیرئیسماعیل بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتايى و ناوەندى و ئامادەيى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵى ٢٠٠٩ وەک يەکەمين خوێندکاری هەڵەبجەیی پەيوەندیکردووە بە هێزى ئاسمانیى عێراقیيەوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژى هێزى ئاسمانیى عێراقیدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا ئەفسەرە لە هێزى ئاسمانى عێراق و لەسەر ئەرکەکەى بەردەوامە.
یەکەمین ڕەمز و شوناسی کیمیابارانی هەڵەبجە، ناوی تەواوی عومەر حەمەساڵح ئەحمەدە، بنەماڵەیان خەڵکی باوەنوری گەرمیان بوون و لە هەڵەبجە گیرساونەتەوە. ساڵی ١٩٣٤ لەدایکبووە. لە شانۆکارانی دێرین بووە و شارەزای باشی لە جۆرەکانی هەڵپەڕکێی کوردیدا هەبووە. دووجار هاوسەرگیری کردووە و لە هاوسەری دوومی دە منداڵی هەبووە، کە دوانی کۆتاییان کوڕبوون. بێجگە لە کاروباری کەسابەت، پاسەوانی باخچەی ساوایان بووە. ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە گەڵ یەکێک لە کوڕەکانیدا شەهید بووە و چیرۆک و شێوازی شەهیدبوونەکەی سەرنجی ڕۆژنامەنوسان و فۆتۆگرافەرانی ڕاکێشاوە و وێنەیان گرتووە و هەر زوو وەک سومبولی شەهیدبوونی شار ناسراوە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری بیانیدا وێنەکەی چاپ بووە. لە گەلێک بابەتی هونەری و ئەدەبیدا ڕەنگیداوەتەوە و بە چەندین شێواز و قەبارە پەیکەر و لۆگۆی بۆ دروستکراوە و ڤیستیڤأڵەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەیان نەخشاندووە. پەیکەرەکانی لە گەڕەکی پیرمحەمەد و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دانراون و شەقامی بە ناوەوەو کراوە.