حەمیدە جەمال محەممەد
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
چالاکوان، نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە ئێران و عێراق تەواوکردووه. دەرچووی بەشی کارگێریی و کارە لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە. لە زۆر بواردا کاریکردووە و وەک یەکەمین کەس دەرکەوتووە لە:
١- بواری وەرزش: یەکەم گروپی شاخڕەویی ژنانی دامەزراندووە و وەک یەکەم کەس سەنتەری لەشجوانی بۆ ئافرەتان کردووەتەوە.
٢- وەک خاوەن پیشە و کار: یەکەم کەسە له بواری دانان و کردنەوەی: چێشتخانە، دیوەخانی کلتوری، مەلەوانگە، نوسینگەی شۆفێری بۆ ژنان، کردووەتەوە.
٣- کاری ڕێکخراوەیی و پیشەیی: یەکەم ژنە، کە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکان هەڵبژێرراوە. خاوەنی پڕۆژەی (سەهەند) بووە بۆ بە کلتورکردنی هەڵدانی چەتر لە هاویندا.
جگە لەمانە، هاوبەشی نوسەر و ئامادەکاری کتێبی (هەڵەبجە لە نێوان ژەهر و ئومێددا)یە. کاری وەرگێڕانی بە دەنگ و نوسین بۆ سەدای سکوتی ئەحمەدی ناتقی کردووە. هۆنراوەی مارشی زۆربەی باخچەکانی هەڵەبجەی نوسیوە، لە بواری ژینگەدا هەزاران نەمامی هێناوەتە شارەوە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەڵەبجە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی تیمی مەیدانی بۆ نوسینگەی شۆفێریی (شنروێ) لە هەڵەبجە، لە ٢٩ی ٧ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (حەمیدە جەمال محەممەد)، لە ١ی ٨ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: تیمی مەیدانی / ناو شاری هەڵەبجە