حەجاج –عەجاج

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 404

یەکەمین

جەلاد و ستەمکارەکەی نوگرە سەلمان. ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە. لەهۆزی نزارە و عەشیرەتی ئەلبوناسری تکریتە. هەمان عەشیرەتی سەدام. لە ئەمن کاریکردووە و پلەی سەربازیی ڕائید بووە. یەکەم کۆمەڵەی ئەنفالکراو بۆ نوگرە سەلمان، هاوڵاتی دەوربەری ڕانیە بوون. بە گۆڕینی (ح و ع) بە عەجاج و حەجاج ناوبراوە. ئەشکەنجەدەر و بکوژی سەدان هاوڵاتی کوردە. کەتەیەکی چوارشانەی بێبەزەیی بووە. ڕزگاربووانی زیندانی نوگرە سەلمان تێکڕا بیرەوریی تاڵی لێدەگێڕنەوە، کە بە دیاریانەوە هاوڵاتیانی کوشتووە و تەرمەکانیان سەگ خواردوونی. وتوویانە ڕۆحەکان بۆ حەجاج لاشەکان بۆ سەگەڕەشەکان. بکوژی یەکەم شەهیدی هەڵەبجەیی نوگرەسەلمان و چەندين هاوڵاتیی ترە، کە دوای گەڕانەوەیان بە لێبوردن، ئەنفال کراون. لە ڕۆژی ئازادکردنی زیندانیەکانیشدا خەڵکی بە کێبڵ کوشتووە. دوو پاسەوانی بە ناوەکانی سەخر و شەوقی و سێ کوڕی هەبووە، کە دوانیان چوونەتە ڕیزی قاعدە و لە سەڵاحەدین کوژراون. دوای ڕوخانی سەدام هاتوەتە کەرکوک و پاشان لەگەڵ شەوقی پاسەوانیدا چووەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و ئاگاداری دادگاییکردنی سەرانی ڕژێم بووە. وا بڵاوکرابوویەوە کە لە سوریا بە جەڵتە مردووە. بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئابی ٢٠٢٥ دەستگیریان کرد.

سەرچاوەکان:

  1. نوگرەسەلمان قەڵای مەرگ و پاکتاوی نەژادی، سمکۆ سابیر، چاپی یەکەم، چاپخانە؟، تاران، ٢٠٢٣، ل١٨، ١٣٤.
  2. گەشتەکانی ئەنفالستان، عومەر محەممەد، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٢١، ل٢٢١، ٤١١.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سەلمان ئەڵڵاکەرەم سەید ئەحمەد)ی ئەندامی کۆمەڵەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، لەدایکبوو: ١٩٦٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٣ی ٤ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

بەهيە حاميدبەگى جاف

لە بەگزادەکانى عەشيرەتى جافە. ناوی (بەهیە کچى حاميدبەگى مەجيدبەگى عوسمان پاشاى کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـە. ساڵى ١٩٢٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ڕیزی یەکەمینەکانی ئەو کچانە بووه،‌ کە بۆ خوێندن چوونەتە قوتابخانەى کوڕان. تا پۆلى پێنجى سەرەتايى خوێندووه،‌ چونکە پۆلى شە‌ش نەبووە لە هەڵەبجە. جگە لە زمانى کوردى، عەربى و کەمێک ئينگليزيشی زانیوە. هاوسەرگيری نەکردووە. ساڵى ١٩٩٠ چووەتە وڵاتى بەريتانيا و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە و بەشدارى دەيان چالاکى سياسى و کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانى کردووه.

ئازاد محەممەد عەبدوڵا

جوتیارێکی نموونەییە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندوەو ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە کاری جوتیاریی و بەقاڵییەوە خەریک بووە. بە (جوتیارە نموونەییەکە) ناسراوە. بە بیرۆکەی نوێ و جیاواز و تاقیکردنەوەکانی‌ لە بواری کشتوکاڵ و باخداریدا، سەرنجی باشور و تەنانەت وڵاتانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه. بە مەبەستی سوودوەرگرتن و گواستنەوەی ئەزموونی کشتوکاڵی، سەردانی چەندینی وڵاتی کردووە لەوانە: (یابان، ئەڵمانیا، سویسرا، فەڕەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا، تورکیا، ئێران، تایلەند، سوید...) و لەسەرئاستی ناوخۆ و دەرەوە سەدان بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانییەوە، ئەوەی دەیزانێت خۆبەخشانە پێشکەش بە بینەر و جوتیارانی کردووە. دواین پڕۆژەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی کشتوکاڵییە، کە ڕۆژانە جوتیاران و قوتابیانی زانکۆ و ئامادەیی و بنەڕەتی سەردانیدەکەن و وانەی لێ دەخوێنن.

ئەحمەد حمە ڕەشید عەلی

ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا شەشەی ئامادەیی خوێندووە. زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. یەکەم کەسە وەک هاوڵاتی بە پاسکیل لە ١١ی ٣ی ١٩٩١ لە سلێمانییەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و وەک یەکەم هاوڵاتی دوکانەکەی باوکی پاکدەکاتەوە لە ١٤ی ٣ی ١٩٩١ بە ناوی چاخانەی ئاوەدان، دایدەنێتەوە. وەک مژدەیەکی خۆش بە ناو خەڵکیدا دەڕوات و دەبێتە هۆکاری گەڕانەوە و مانەوەی خەڵکی لە ناو شار.

ئەحمەد بەگى ميرەدێ

کەسایەتیی کۆمەڵایەتییە. ناوی (ئەحمەد بەگ کوڕى قادر بەگی کوڕى محەممەد بەگی کوڕى عەباس بەگی کوڕى ڕۆستەم بەگی میرەدێ)يه.‌ لە بنەماڵەی خدربەگییەکانی میرەدێ و قلیجەیە لە وارماوا. ساڵى ١٩٢٤ لەدایکبووه. له ‌کۆتايى چلەکانى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ براکانيدا (حاجى تاهير بەگ و حاجی حەمەو بەگ) هاتوونەتە هەڵەبجە و بەکاری بازرگانییەوە سەرقاڵبوون و مەکینەی تراکتۆری (تایە تەور)يان هێناوەتە ناوچەکەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دە منداڵە‌. ساڵی ٢٠٠٥ لە سلێمانی بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لەسەر وەسییەتی خۆی لەتەنيشت حاجی تاهیربەگی برای و سەلیم بەگی ئامۆزای لە گردی سەلیم بەگ بەخاکسپێرراوە.

بەختەوەر بەرزان عەبدوڵا

ساڵی ١٩٩٥ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگاى زانستى کۆمپیوتەری لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵى ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ فەرمانبەری مەدەنی کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک و ساڵى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ مامۆستای وانەی کرداریی بووە لە کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. خوێندکاری ماستەرە لە وڵاتی‌ بەر‌یتانیا. دامەزرێنەری گروپی بەختەوەری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کۆمەڵگای تەکنەلۆجیا و خاوەن پێداویستی تایبەت٢٣، بەرنامەی ئاماژە بۆ زمانی ئاماژەی نابیستان. لەگەڵ (جیهاد عینایەت)، ئامێر و پرۆگرامێکی تایبەتیان بە کەسانی نابینا و کەم بینا دروستکردووە کە پێی دەوترێت (کیبۆردى خاڵ) و پلەى دووەمیان لە پێشبڕکێی (هاکاسۆن) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە کۆی ١١٥ بەشدار بوو و نزیکەی ٢٠ گرووپی جیاواز بۆ ئاستی هاردوێر و سۆفت وێرد، لە بواری (IOT) لە شاری سلێمانی، بەدەستهێناوە. خاوەنى کۆمەڵێک خەڵاتە، لەوانە: ساڵى ٢٠٢١ خەڵاتى پلەى سێیەم لە ڤیستیڤاڵی تێک فێست تایبەت بە پڕۆژەى فێربین ئامێری تایبەت بە منداڵانی نابینا، ساڵى ٢٠٢٣ خەڵاتى پلەى دووەم لە ڤیستیڤاڵی تێک فێستى بە ئاماژە بۆ زمانی ئاماژەی نابیستان، هەمان ساڵ پلەى دووەم لە پێشبڕکێى هاکاسۆل تایبەت بە پڕۆژەى خاڵ کیبۆرد وەک پەرەپێدەر. یەکێکە لە ٣٠ کەسی هەڵبژێرراو لە سەرتاسەری جیهاندا لە لایەن (DiversAbility) لە ئەمریکا ٢٠٢٣ بە ناوی (D-٣٠ Disability Impact List) و نوێنەری خوێندکارانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە زانکۆی سوانزی ٢٠٢٤ (Person with Disabilities officer.).

بۆکان جاف

خاوەنی پڕۆژەی زیادکردنی شێوەزارێکی کوردییە لە وەرگێڕی گوگڵ. ناوی (بۆکان حەسەن ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٩١ و (لە کۆڕەوەکەدا) لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە. بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی کەلار خوێندووە. (بە هاوکاری کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا) خاوەنی پڕۆژەی زیادکردنی زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست)ـە لە وەرگێڕی گوگڵ‌. کاری بۆ: چارەسەرکردنی چەندین کێشەی زمانی کوردی کردووە لە تۆڕی ئینتەرنێت، چەسپاندنی ئاڵای کوردستان لە وێبسایتی کراودین، چاککردنی چەندین کێشەی کیبۆردی کوردی لە کیبۆرد، چەسپاندنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە وێبگەری (گوگڵ کرۆم)، دانانی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی پەڕەی (گوگڵ کرۆم)، چەسپاندنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە ئەپی Hi Translate و وەرگێڕانی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن داتا لە تۆڕی ئینتەرنێت و کۆمەڵگەی گوگڵدا کردووە.