شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

ڕیشێن

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور لە باکوری خۆرهەڵاتی ناحیە‌ی (خورماڵ) لە گوندی ڕیشێن، سەرچاوەی ئاوی ڕیشێن کەوتووەتە خۆرهەڵاتیەوە. (‌٦٥٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێگای گوندی ڕیشێن کەوتووەتە نزیک ئەم گردەوە. سەر ڕووەکەی گونجاوە بۆ گەشەکردنی گژوگیا.

ڕێزەپان

کەوتووەتە سنوری گوندی نەیجەڵە. بەواتای بەردی پان دێت. پاڵی داوە بە قولەی زوڕۆن و شاخی تارانەوە. دەڕوانێت بەسەر سیروان و شاخەکانی ئێراندا. شاخێکی بەردەڵانی سەخت و دژوارە. نەیجەڵە لە دۆڵێکی بەردەمیدایە. قولەی ڕێزەپان بەرزترین لوتکەی گوندەکەیە.

ڕێزەخاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) و خانوەکانی گوندەکە لە قەدپاڵیدایە. بەسەر گوندەکانی (زەردەهاڵ)، (دەشتی سەبان) و ناحیەی (خورماڵ)دا دەڕوانێت. پرۆژەی ئاوی گوندەکە لەم بەرزاییەوە بەسەر گوندەکەدا دابەشدەکرێت. کانی و حەوزی گەورەی تێدایە. ڕێگەی هاتوچۆی خەڵکی گوند بووە بۆ (چەمی سەرچەمە)، (زووزووگلان) و(هانە یاسەمەن). ئەستێڵی تێدایە و ئاوەکەی بۆ مزگەوت کەڵکی لێوەرگیراوە. بەشی سەرەوەی بەرزاییەکە، لەوەڕگایەکی سروشتیە و دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان.

زەردا

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (١٥٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوهک‌ کە ڕەنگی زەردە. بەشی سەرەوەی شاخەکە زەوییەکی تەختانییە و بە (بانە بەرز) یان (هانەی قوڵ) ناوی دەهێنرێت.

زەردەیەرە

بەشێکە لە زنجیرە چیای سورێن. سنوری جیاکەرەوەی گوندەکانی گەچێنەی بانیبنۆک و نەوێیە. دەڕوانێت بەسەر شاخی بانی شێران و چەمی نەوێدا. ساڵانە بڕێکی زۆر باران و تا چەندین مانگیش بەفری پێوە دەمێنێتەوە.

زەردی سەر ناوەشۆر

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٤٩١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ ئاژەڵداران.

زەردی گڵی

کەوتووەتە باشوری گوندی نارنجڵە و باکوری گوندی (بنجەودڕەی). (٩٧٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەنها (٣٢٠م) لە ڕێگای گوندی دەرەوکێ بۆ نارنجڵە دوورە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ سەیران و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن. لەوەڕگایەکی سروشتین بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندەکانی چواردەوریان.

زەردی ماران

کەوتووەتە چیاکانی کەوتێ لە گریانە. ناوچەیەکی سەختە. تولەڕێی بۆ هاتوچۆ تێدایە. بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر کونی زەردە مارەوە، ناونراوە، کە لە وەرزی بەهاردا سەریاندەرهێناوە و خۆیان داوەتە بەر خۆر.

زەردی هەمزەیی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەمزەیی و گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٦٧٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتی و بەڕوو و گۆیژ. دەوڵەمەندە بە ڕوپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.

زەڕین کەوش

کەوتووەتە کۆتایی دەشتی سازان و بەرانبەر گوندی کۆساوایە. ناوچەیەکی شوێنەواری بووە. لەسەرچاوە مێژوویەکاندا ناوی هێنراوە و دەڵێن شوێنی پاشایەک بووە، کە خاوەنی کورسی ئاڵتوونی بووە.

زەمەقیى خواروو

گردێکى توورەکەڕێژی ماته. کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (زەمەقیى خواروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەتەنيشتى گوندەکەدايە، تاکە شوێنى گوندەکەيه،‌ کە وەک شوێنەوار تۆمارکراوە. نزيکەى (١٠م) بەرزە و لەسەر ڕووبەرى (٥٠٠م) چوارگۆشە هەڵکەوتووە. لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا، کاتێک بڕياربوو لەتەنيشت ئەم گردە قوتابخانەيەک بۆ گوندەکه ‌دروستبکرێت، لەکاتى هەڵکەندنى بناغەى قوتابخانەکەدا، چەند پارچە ئاڵتوون و پارچە کوپەڵە دۆزرانەوە، بۆيە حکومەتى ئەوکات بڕياريدا شوێنى پڕۆژەکە بگۆڕێت و گواسترايەوە شوێنێکى ترى گوندەکە، ئەمەیش بەهۆى دۆزينەوەى لەتە کوپەڵە و هەندێک شوێنەوارى دێرين لەناويشياندا دۆزينەوەى سکەى سەردەمى ئەمەوييەکان و زامواکان.

زەوى زايەر

زنجيره چيايەکە و لە ڕووی بەرزییەوە مامناوەندە. کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى سێ کيلۆمەتر درێژە. سنورى جياکەرەوەى گوندى قارەمانيیە لەگەڵ گوندەکانى نێرگسەجاڕ و ميراولى و بەشى پيرک و بانەبانان. لە هەوارگەى گوڵبداخى دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تا دەشتۆکەيەک، کە بە زەوى زايەر دەناسرێت و چياکەيش هەر بەناوى ئەم زەويەوە بەناوبانگە، دەوڵەمەندە بە دارى بەڕوو و ئاژەڵى کێوى.

زەوی عەولە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٥٦٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای گەچێنە. دەڕوانێتە سەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەی. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

زۆراب کوژراو

کەوتووەتە بەشی نزاری گوندی (گریانە). ناوەکەی بۆ (زۆراب) ناوێک دەگەڕێتەوە، کە خەڵکی گوندی (بەلەبزان)ی خۆرهەڵات بووە و لە تەڵەگیریدا لێزان بووە. بۆ ڕاوکردن هاتووەتە ئەم ناوچەیە. لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژراوە. پاش ماوەیەک، کە پێیدەزانرێت، ئەوناوەی بەسەردا بڕاوە.

زنجيره‌ به‌رزايى خه‌زێنه‌كه

کەوتووەتە سنورى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لە باشورى خۆرهەڵاتى گوندەکەوە بەدرێژايى سێ کيلۆمەتر درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەى باکورى خۆرئاواى گوند. لە سەر بەرزاييەکانى (گۆڕستانى قەدەغە) دەستپێدەکات و کەچەڵەکە و ملەى دارە گەورە و کنيواڵەکە و ملەى زيندان و پلە سپى، کە کۆمەڵێک ياڵ و بەرزايين دەکەونە سەر ئەم زنجيرە بەرزاییەوە. بەهۆى دروستکردنى سەکۆيەکى کۆنکرێتى لەبەشى سەرەوەى زنجيرە چياکه،‌ کە ئينگليزەکان وەک خەزێنە و ناونيشان دروستيانکردووە و لەسەرى نوسراوە و پەيوەستە بە ئاوى دەرياچەى دەربەنديخانەوە، بۆيە ناونراوە ياڵى خەزێنەکە. (٦٦٠م) لەئاستى ڕوى دەرياوه،‌ بەرزترين لوتکەى ئەم زنجيرەيە لە باشورى خۆرهەڵاتى گوندەکە و نزمترين لوتکەيشى (٤٧١م) بەرزە لەئاستى ڕووى دەرياوە.

زینانان

کەوتووەتە سنوری گوندی کوڵی متکان و گوندی گوڕی گەوری خۆرهەڵات. شوێنەکە سەخت و دژوارە. شوێنەواری کۆنی تیایە و گۆڕستانی دێرینە. پێدەچێت کاتی خۆی زیندان بوو بێت.

ژاڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆساوا) لە خۆرهەڵاتی گوندەکەوە بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان ڕوو لە نزمبوونەوە دەکات و دەبێتە تەختایی. لە گوندەکەوە زیاتر لە شەش کیلۆمەتر دوورە. بە داری ژاڵە و داربەڕوو بەناوبانگە. هەندێک کەورگی تێدایە و ئاژەڵ بە شەو چوەتە ناویەوە.

ساجە ڕەشە

کەوتووەتە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) و لە ڕاسەری کونەکەڵەوەیە. تاوێر و بەردەکانی ڕەنگیان ڕەشە. بە داربەڕوو دەوڵەمەندە و هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. بە (ساجە ڕەشەی بەڕوار)یش ناودەبرێت.

سارای حەمە هەجیجی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و باکوری گوندی گەچێنە لەسەر چیای گەچێنە. (١٣٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەی، لە باکورەوە لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و دۆڵی گورگەدەر و لە باشورەوە گوندی گەچێنە و حەوزەلارە و لە خۆرهەڵاتەوە خۆرەتاوە گەورە و دۆڵی نسارە سوور و لە خۆرئاواوە گوندی باخەکۆن و مەرقەدەکەی و دۆڵی باخەکۆن، دەورەیانداوە. ڕووی خۆرهەڵات و باشوری لوتکەکە، بێبەشە لە ڕووپۆشی ڕووەکی، بەڵام ڕووی باکوری دارستانێکی چڕیی بەڕوو و گۆیژە.

سارای ملەخانەگای

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (بیارە)، لە دامێنی چیای کەلارێ گاورا. (١٧٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دۆڵی دەگاشێخان. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی گوندەکە.

پێشتر 1
...
8 9 10
...
61 دواتر