شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

دارەزێڕينە و ملەى مام هۆمەر

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). لە قەدپاڵی بەرزاییەکانی دارەزێڕينەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە ملەى مام هۆمەر، کە دوو ناونیشانی دیاری گوندەکەن. نزيکەى ١٢٠ دۆنم زەویى پشتاو (دێم)ـە و بۆ چاندنى دانەوێڵە بەکاردەهێنرێت.

دارەلار

کەوتووەتە دامێنى (چياى خۆشک)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ)‌. (٧٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرێکی بچووکی هەیە‌ و خاکەکەى گەنم ڕەنگه و نزیکەی (٢%) مادەى ئەندامى تێدایە‌. ڕادەى بەرهەمی لە‌سەر بڕى دابارين وەستاوە.

دارى حەمەچاوەش

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى (گڵێجاڵ) لەدامێنى (چياى خۆشک). ڕووبەرێکی بچووکی هەیە‌. بەرزيیەکەى لەئاستى ڕووى دەرياوە دەگاتە (٧٠١م). خاکەکەى مەیلە‌و قاوەييە، مادەى ئەندامى تێيدا دەگاتە (٢-٢. ٥%).

دەرەگوڵان

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) لە‌ نێوان گوندەکانی (دەرەگوڵان، عەلیاوا، قاینەیجه، ڕیشێن). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٣٠٠٠ هەزار دۆنم دەبێت. ساڵانە ڕووبەرێکی فراوانی لێ دەکرێتە گەنم و جۆ و نۆک. خاکێکى بە پیتى هەیە و سەدان جوتیار سوودیلێوەردەگرن.

دەشتەکانی سنوری گوندی بێلەنگە

١- بەردار: کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندەکە‌ و نزيکەى ١٥٠ دۆنم زەویى کشتوکاڵی پشتاوە، کە کەوتووەتە پشتەوەى کانى توخۆرى و بە دەشتى بەردارى قەبرى شێخى بەناوبانگە. ٢- پشت دێ: کەوتووەتە باشورى گوندەکە‌ و نزيکەى ١٥٠ دۆنم زەویى پشتاوە، بەوپێيەى کەوتووەتە پشتى گوندەکەوە، بە دەشتى پشت دێ ناونراوە. بەگشتى زەویى پشتاو (دێم)ن و بە گەنم و جۆ و دانەوێڵە دەکرێن.‌ ٣- سەيد مراد: کەوتووەتە‌ باشورى خۆرهەڵاتى گوندى بێلەنگە و نزيکەى يەک کيلۆمەتر لە گوندەکەوە‌ دوورە. نزيکەى ٢٠٠ دۆنم زەویى پشتاوە. بە بۆنەى نزيکیى دەشتەکە لە (کانى سەيد مراد)ەوە،‌ ئەو ناوەی لێنراوە. به ‌گشتى بە دانەوێڵە دەچێنرێت، بەتايبەتى گەنم و جۆ.

دەشتەی سازان

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. ڕوباری سیروان بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. زەوییەکی بە پیت و بڕشتی هەیە. زۆر فراوانە و بەبۆچوونی شارەزایان لە کۆندا ئاوەدانبووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر کراوەتە مەرەزە و توتن. خەڵکێکی زۆر تێیدا بەدوای شوێنەواردا گەڕاوە. پەیکەرێک دۆزراوەتەوە لەسەر شێوەی پیاوێک، کە شاخێکی هەبووە و دەستێکی نەماوە. لە ساڵانی ١٩٩٠ و گرانییەکەدا، سکە و پەیکەری تێدا دۆزراوەتەوە. بەتایبەت پەیکەرێک، کە وتراوە زولقەرنەین بووە. کاکە شێخ کوڕی شێخ سەعید، کە لە کۆندا بە گاجووت لەم دەشتە جووتی کردووە، بەردێکی گەورە کەوتووەتە بەر گاسنەکەی، کە توانای دەرهێنانی نەبووە، دواتر، کە دەریدەهێنێت لەسەر شێوەی کورسیەک بووە و نوسینی تێدا هەڵکۆڵراوە. بەڵام بەهۆی نەشارەزاییەوە بەردەکەی شـکاندووە.

دەشتڵێ

به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ‌ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠ دۆنم دەبێت. چونکە شوێنەکەی نسرمە، بەشێکی زۆری کراوە بە ڕزەدێم‌.

دەشتێ ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) لە تەنیشت زەوییەکانی باخی عیسا. لە کۆندا کراوەتە توتن و بەروبومی هاوینە. ئاوی کانییەکانی سەربەڵخ و کانیی خواروو و ژورووی بۆ ڕۆشتووە.

دەشتێ ٢

کەوتووەتە باکورى گوندی (تریفە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). کۆمەڵە زەوییەکی بەرفراوانن لە لای چەپی یاڵی نیشانکرد. خاوەندارییەتی بۆ دانیشتوانی گوندەکە دەگەڕێتەوە و تا سەر ڕێگە گشتییەکەی ناوچەی نەورۆڵی درێژ دەبێتەوە و دەچێنرێت. زۆربەی زەویی کشتوکاڵی دانیشتوانی گوند دەکەوێتە سنوریەوەو ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٥٠٠ دۆنمە.

دلێ دەم

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی ٥٠ دۆنم دەبێت. بەشێکی زەوییەکانی بە ئاوی جۆگەی سەڵوانی بەراون.

دووڕييان

کەوتووەتە‌ باکورى گوندى (حەسەن ئاوا) لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. لەڕابردوودا کراوە بە دانەوێڵە، بەهۆى ئەوەى کەوتوەتە نێوان ڕێگەى پريسى خواروو و بەکراوا ناوى لێنراوە دەشتى(دووڕيان).

دۆڵە دووسەر

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بەهۆى بوونى دۆڵێک، کە بە دۆڵە دووسەر ناسراوه،‌ دەشتەکەيش هەمان ناو‌ی لێنراوە. نزيکەى ٢٠٠ دۆنم زەویى کشتوکاڵى دەبێت، کە بەگشتى دەکرێت بە وشکەدانى وەک گەنم و جۆ.

ڕەقەی بەردەبەل

کەوتووەتە نزیک گوندی (بەردەبەل)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). شوێنەوارێکی زۆر گەورەی ناوچەکە بووە. زەوییەکەی ڕەق بووە و بۆ کشتوکاڵ بەکارنەهاتووە. گۆڕەکانی ڕوویان لە خۆر بووە. شورای هەیە. پاشماوەی نانەواو و شوێنی چاودێری تێدا دۆزراوەتەوە. هەروەها گۆزەی گەورە (هومە)ی تێدابووە، لە ناو گۆزەکاندا گۆزەی دیکە بوونی هەبووە. ئێسقانی تێدا دۆزراوەتەوە. لە سەردەمی شکانی حکومەتی قازی محەممەددا، گەڵباخییەکان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و لەوێ نیشتەجێبوون.

ڕەقەی شیرەمەڕ

کەوتووەتە باکوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٠٠ دۆنم دەبێت. بەهۆی ئەوەی زەوییەکەی دێم و ڕەقە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.‌ پێش ساڵی ١٩٨٥ نەیانکێڵاوە و وەک لەوەڕگای سروشتی سوودیلێبینراوە، بەڵام لەپاش ڕاپەڕینەوە دەکێڵرێت و کشتوکاڵی لێدەکرێت.

ڕەقەى نەيری

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى (بەشارەتى خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) لە نێوان گوندەکانی (بەشارەتی خواروو، بەشارەتی سەروو، تەپەکوڕە و قشڵاخەڕووتە)دا هەڵکەوتووە. نزيکەى ٣٠٠ دۆنم زەویى کشتوکاڵی پشتاوه. بەهۆى ئەوەى دەشتێکى ڕەقانە و دەڵێن خاتونێکى ناودار بەناوى (هەمزە نەيريى) لەوێدا نيشتەجێبووه،‌ ئەو ‌ناونراوەی لێنراوە.

زەردیان

کەوتووەتە‌ سنوری گوندى (زەرديان)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). ڕووبەرێکی بەرفراوانی هەیە و لە کۆتایی گوندی کشەدەرییەوە دەستپێدەکات و بە کەناری چەمی زەڵمدا درێژدەبێتەوه،‌ تا دەگاتە گوندی حسێن. ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٥٠٠ دۆنم زەویی بەراو دەبێت. ئەم زەوییانە سنوری سەرڕێژبوونی دەریاچەی دەربەندیخان پێکدەهێنن. بە زەوییەکانی (شێخ مەحموود)یش ناودەبرێن، کە بە دامەزرێنەری گوندەکە ناسراوە و لەسەردەمی عوسمانییەکاندا بەناوی خۆیەوە تاپۆی کردووە.

زەلەڕەش ١

دەشتێکە کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (نەوێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). تەختە و بەپیتە. بەهۆی بوونی ئاوێکی زۆرەوە، لە ساڵانی پێشوودا زەل و قامیشی زۆری تێدابووە. ڕێگای سەرەکیی گوندەکەی پیادا تێپەڕدەبێت.

زەلەڕەش ٢

زەوییەکی کشتوکاڵیی بەپیتە. کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان. بەهۆی بوونی ئاوی زۆرەوە زەلی تێدا ڕوواوە. زەوییەکی تەختە و بێ بەردەڵانە. لە کۆندا کراوەتە توتن و مەرەزە. بەڵام لە ئێستادا زیاتر بۆ دانەوێڵە بەکاردێت.

زەماوەنگە

بە دووریی (دوو کیلۆمەتر) کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بامۆک)، نزیکەی (٨٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ هێکتارە، زەوییەکانی دێمییە و بە دانەوێڵە دەچێنرێت و لە ئێستادا بەشێکی زەوییەکانی کراوە بە باخ، هەروەها کانییەکی بەهارەی تێدابووە، کە تا سەرەتای مانگی حەوت ئاوی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا وشکیکردووە. بۆچوون وایە، کە لەو شوێنەدا زەماوەند کراوە، بۆیە شوێنەکە ئەو ناوەی لێنراوە. لە ئێستادا بەشێکی ئەم زەوییە کراوە بە پرۆژەی وێستگەی کارەبای هەڵەبجە.

زەوارەڕێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (قاجر)ی سەر بە شارۆچکەی(خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠٠ دۆنم دەبێت و بەراوە. لە کۆنەوە تا ئێستا دەیان جوتیاری گوندەکە کشتوکاڵی لێدەکەن، بەتایبەت (گەنم، جۆ، زەڕات، شوتی). بەهۆی ئەوەی ڕێی کاروان بووە، ئەو ناوەی لێنراوە.

Before 1
...
27 28 29
...
61 Next