دەشتەی سازان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. ڕوباری سیروان بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. زەوییەکی بە پیت و بڕشتی هەیە. زۆر فراوانە و بەبۆچوونی شارەزایان لە کۆندا ئاوەدانبووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر کراوەتە مەرەزە و توتن. خەڵکێکی زۆر تێیدا بەدوای شوێنەواردا گەڕاوە. پەیکەرێک دۆزراوەتەوە لەسەر شێوەی پیاوێک، کە شاخێکی هەبووە و دەستێکی نەماوە. لە ساڵانی ١٩٩٠ و گرانییەکەدا، سکە و پەیکەری تێدا دۆزراوەتەوە. بەتایبەت پەیکەرێک، کە وتراوە زولقەرنەین بووە. کاکە شێخ کوڕی شێخ سەعید، کە لە کۆندا بە گاجووت لەم دەشتە جووتی کردووە، بەردێکی گەورە کەوتووەتە بەر گاسنەکەی، کە توانای دەرهێنانی نەبووە، دواتر، کە دەریدەهێنێت لەسەر شێوەی کورسیەک بووە و نوسینی تێدا هەڵکۆڵراوە. بەڵام بەهۆی نەشارەزاییەوە بەردەکەی شـکاندووە.
سەرچاوەکان:
- جيومورفولوجية جبل شنروى بين وادى کريانە و سازان بمنطقة حلبجة في کوردستان العراق، رسالة ماجستير (غير منشورە)، هێمن کەمال حەمەئەمين، کلية الاداب، جامعة الاسکندرية، مصر، ٢٠١٤، ص١٢٢
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید