شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

بانەقوڵ

به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لەسەر شاخی (کەلی زەرد). ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠٠ دۆنم دەبێت. لەوەڕ‌گای سروشتییه. جاران گەنم جۆی تێدا کراوە و بە گاجووت کێڵراوە.

بانەگەورە

کەوتووەتە باکوری گوندی(بانیشار)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرێکی فراوانی هەیە، وەک لەوەرگای سروشتی بەکاردێت. لەڕابردوودا به گا کێڵراوە، بەڵام ئێستا ناکێڵرێت و تەنها وەک لەوەڕگاى ئاژەڵی گوندەکە بەکاردەهێنرێت. لە تەوێڵەش بە شوێنێک لە گەڕەکی مالێدەر دەوترێت بانەگۆرە.

بانەومەڕێ

به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٠ دۆنم دەبێت. بانەومەڕێ، بە هەورامی واتە (بانى ئەشکەوت). نزیکەى (٢٠٠م) لە ئاستی گوندەکەوە بەرزترە. دیوێکى بە ڕووی گوندى یاڵانپێ و دیوێکى تر بەڕووى گوندى بانیشاردا دەڕوانێت. لەوەرگایەکی سروشتییە و بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت.

بان بەیاخ

کەوتووەتە قوڵایی دەریاچەی دەربەندیخانەوە. بە دووری (١.٥کم) لە باشوری خۆرئاوای گردی قۆرتاسە. هەرچەندە خراوەتە بەرنامەی حکومەتی عێراقیەوە، تا پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی شۆڕشەکانی ساڵانی ١٩٦٣، تیمەکان نەیانتوانیوە کنە و پشکنینی بۆ بکەن. ناوەکەی تورکیە و بۆ عوسمانیەکان دەگەڕێتەوە. لە ١٩٢٠ەکاندا، تا پێش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، ئاوەدانبووە. گردێکی گەورەیە و ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنمە. لە نزیک چەمی دووئاو هەڵکەوتووە. شوێنێکی گرنگ بووە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. چەند هۆز و نەتەوەی جیاوازی وەک عەرەب و قەرەج و تاوگۆزی و گەڵاڵی و هارونیەکانی تێدا ژیاون، کە زۆرجار بەمەبەستی گامێش بەخێوکردن هاتونەتە نێو ئەو دوو ئاوە. لە پاش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، کەوتۆتە قوڵایی دەریاچەکە و گوندەکە چۆڵی کردووە.

بان زیارەتان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (عامورە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی هەشت دۆنم دەبێت. وەک لەوەڕگایەکی سروشتی بەکاریدێنن.

بان هەرێز

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی بانیبنۆک و سەر ئەشکەوتەکانی هەرێز و بەوهۆیەوە بە بانی هەرێز ناونراوە. تەختاییەکی ناوچەکە و لەوەڕگایەکی گرنگی گوندەکەیە و بۆ کاری ئاژەڵداری بەکاردێت.

بان هەنجیر

بە دووری (١٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (حاجی ئاوا). لەم بەردەم کانیی سەر بانەکه،‌ دارهەنجیرێک ڕوواوە و ناوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. جێگە لەوەڕاندن و کشتوکاڵکردنە.

بانی چنارە

کەوتووەتە سنوری گوندی چنارەی زێڕوونە لە بناری چیای سورێن. زەوییەکی تەختە، لە کۆندا بە گاجووت کێڵراوە. کراوەتە دەغڵودان. لە ئێستادا بەکارنایەت و زیاتر وەک لەوەڕگایەک بەکاردێت.

بانی شێران

یەکێکە لە چیاکانی زنجیرە چیای سورێن. شاخی زەردەیەرە کەوتووەتە سەرویەوە. بە سنوری جیاکەرەوەی هەردوو گوندی کانی ئاسکان و نەوێ دادەنرێت. دەڕوانێت بەسەر پێدەشتەکانی بەردەم و تەواوی گوندەکانی بنارەکەدا. بەرزییەکەی لە (٦٨٠م) دەستپێدەکات و تا بە ئاڕاستەی چیای سورێن بڕوات بەرزتر دەبێتەوە و ئەوپەڕی بەرزی دەگاتە (١١٨٠م). لە ڕووی گوندی نەوێ لە تاوێر و تاشەبەرد پێکهاتووە و ڕووتەنە، بەڵام لە ڕووی گوندی کانی ئاسکان تاڕادەیەک پێکهاتەکەی خۆڵیە و قەدپاڵە نزمەکانی کراوەتە ڕەزەدێم. چەندین ئەشکەوتی بچوک و مامناوەندی تێدایە.

بانی کۆڵ

کەوتووەتە باشوری گوندی (خارگێڵان) و باکوری گوندی خەرپانی. سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەردوو گوندی خەرپانی و خارگێڵانە، درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی زەردەهاڵ و چەمی ڕاوی. چیایەکی زۆر بەرز نییە و دۆڵی تێدایە. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و سروشتی دەوڵەمەندە. بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا خەڵکی هەورامان کاتێک هاتوون بۆ هەڵەبجە کۆڵ و بارەکانیان لەسەر ئەم بەرزاییە داناوە و حەساونەتەوە،‌ ئەو ناوەی لێنراوە. درێژی چیاکە (٠,٦٧کم) دەبێت.

بانی هەوا

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان و لە خۆرهەڵاتی گوندەکە هەڵکەوتووە. درێژکراوەی زنجیرە چیاکانی سورێنە. بەهۆی ئەوەی بەردەوام هەوا دەیگرێتەوە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. یەکێکە لە لوتکە دیارەکان و لەوێوە شاخی ئەزمەڕ لە سلێمانی بەدیاردەکەوێت.

بانی هەیاس

کەوتووەتە نێوان زەلەکێ و شانی بەردکە نان. لە ئێستادا کراوەتە پرۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەناوی (ڕاسان). بەرانبەری پێیدەوترێت (بانی خازێ)، ڕێگای دەڵەمەڕ جیایان دەکاتەوە.

بایەفاوی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل). بایەف وەک گسک وایە بەڵام قەد و تیرەکەی بەهێزترە و بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵ بەکاردێت. ئەم ملەیە بەو گژوگیایە دەوڵەمەندە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

بەخشە

کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس لە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ). دەڕوانێت بەسەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵمدا. (١٩٢٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن بۆ کات_بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری.

بەردە بێشکێ

کەوتووەتە بەردەم قەڵای ئینگلیسان لە گوندی (بۆین). شاخێکە بەشێوەیەکی سروشتی وەک لانک و بێشکەی منداڵ داتاشراوە. بەقەد پاڵی شاخەکەوە بەڕوونی دیارە. سەختە و ڕێگەی چوونە سەرەوەی نییە. ڕووتەنە و لە تاوێرە بەردی تیژ پێکهاتووە، تەنها هەندێک داری سروشتی بە تەنکی پێوەیە.

بەردەڕەشان

چیایەکە لە زنجیرەکانی شنروێ. دەڕوانێت بەسەر جەلیلە و عەنەبدا. دیوێکی پێیدەوترێت (هێلانە دڵ). قەدپاڵەکەی کراوەتە دارستانی گوندی جەلیلە. لە کۆندا ڕەبایەی عێراقی و پێشمەرگە بە لوتکەکەیەوە بووە. چەمی کونە کەمتیاری پێدا دێتەخوارەوە. کانییەکی تێدایە پێیدەوترێت کانی (بیەکە) و ئەشکەوتێکی بەناوی کەورگی (حەمە کوژیاگ) لێیە، کە دیوی ناوەوەی هێندەی ژورێکی گەورە دەبێت و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی (ئاژننان)دا، کە لەم چیایە دێتە خوارەوە. دیوەکەی تری چیایـەکـە پێیدەوتـرێت چیـای (زەردێ) و بـەشێکـە لـە زنجیرەکـانی چیـای شنروێ.

بەردەڕەشان

کەوتووەتە سنوری گوندی (نەیجەڵە) لە نێوان شاخی لاواندەران و ڕوباری سیروان. پێکهاتەکەی تاوێرە بەردی سەختە و ڕەنگیان ڕەشە. لەوەڕگا و ئەشکەوتی تێدایە و شوێنی مانەوەی ئاژەڵی کێویە زیاتر. پڵنگ و ئاژەڵی دڕندەی دیکەی تێدایە.

بەرزانەدۆڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەڕوانێت بەسەر گوندی زەڵم و دەرەی مەڕدا. نزیکەی هەزارمەتر بەرزە. به ‌درەختی: بە‌ڕوو، قەزوان، مێڵو، داپۆشراوە وەک لەوەڕگای سروشتی بەکاردێت.

بەرزاییەکانی سنوری گوندی بێلەنگه

١- خله ‌خەنجەر (شاخ): کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى بێلەنگە و سنورى نێوان گوندى بێلەنگە و گوندى پريسى خواروو. ٢- لغاوگيرە (شاخ): کەوتووەتە‌ نێوان گوندى بێلەنگە و گوندى پريسى سەروو. واتە سەمتى خۆرهەڵاتى گوندى بێلەنگە پێکدەهێنێت. نزيکەى يەک کيلۆمەتر و نيو به ‌ئاڕاستەى باکورى خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. (٦٠٠ بۆ ٨٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەڵام بەرزترين خاڵى ئەم زنجيرەيه (٧٦٢م)ـە. ٣- گردە قووچ (گرد): بە دووریى دوو کيلۆمەتر و نيو کەوتووەتە سنورى نێوان گوندى بێلەنگە و گوندى بێژاوا. گردێکى سروشتيیە. بە گشتى (٦٢٠م)‌ لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە، بەڵام خودى گردەکە نزيکە هەشت مەتر بەرزە بە بەراورد بە زەويیەکانى دەورووبەرى. ٣- باسکى ماينە چەرمگ (بەرزايى): بە دووریی کیلۆمەتر و نیوێک کەوتووەتە باشورى خۆرهەڵاتى گوندى بێلەنگە. لە ملەى کەردزياگ دەستپێدەکات، تا ڕێگەى گوندى پريسى خواروو و گوندى گوندە. زنجيرە بەرزاييەکە و‌ درێژيیەکەى لە کيلۆمەترێک کەمتره.

بەرزە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەی قوڵ و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ، وەک سنور وایە لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی (یاڵانپێ و هانەی قوڵ). ڕووبەرەکەی (٠,٤١کم٢) و (١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سوودیلێوەرگیراوە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە، لە بەشی خوارەوەی ئەم بانە، مەزاری مەحموودخانی دزڵی هەیە، کە ساڵانە ڤێستیڤاڵی بۆ دەکرێت و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیران بەشداری تێدا دەکەن.

پێشتر 1 2 3
...
61 دواتر