بان بەیاخ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 60

گرد

کەوتووەتە قوڵایی دەریاچەی دەربەندیخانەوە. بە دووری (١.٥کم) لە باشوری خۆرئاوای گردی قۆرتاسە. هەرچەندە خراوەتە بەرنامەی حکومەتی عێراقیەوە، تا پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی شۆڕشەکانی ساڵانی ١٩٦٣، تیمەکان نەیانتوانیوە کنە و پشکنینی بۆ بکەن. ناوەکەی تورکیە و بۆ عوسمانیەکان دەگەڕێتەوە. لە ١٩٢٠ەکاندا، تا پێش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، ئاوەدانبووە. گردێکی گەورەیە و ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنمە. لە نزیک چەمی دووئاو هەڵکەوتووە. شوێنێکی گرنگ بووە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. چەند هۆز و نەتەوەی جیاوازی وەک عەرەب و قەرەج و تاوگۆزی و گەڵاڵی و هارونیەکانی تێدا ژیاون، کە زۆرجار بەمەبەستی گامێش بەخێوکردن هاتونەتە نێو ئەو دوو ئاوە. لە پاش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، کەوتۆتە قوڵایی دەریاچەکە و گوندەکە چۆڵی کردووە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەرکان عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا)، لەدایکبوو: ١٩٧١، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەبدولڕەحیم عەبدولڕەحمان)، لەدایکبوو: ١٩٦٩، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: جوتیار، لە ٨ی ١١ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وسوو

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگە چیا). بە نزیکەی (٢٥٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گردی قۆرتاسەوە. بەرزیەکەی نزیکەی دە مەتر بێت. لە ڕۆژنامەی سۆمەر لە ساڵی ١٩٦١ بە وصو ناوی هاتووە. ناوەکەی پێدەچێت لە یوسفەوە هاتبێت، کە لەسەر زاری خەڵکی ناوچەکە بەو ناوە دەوترێت وێسو. ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنم و نیوێک دەبێت. بە گردی ئاشەکەش ناودەبرێت، کە لە زەمانی حامد بەگدا دروستکراوە. بە ئاوی جۆگەی قۆرتاس و کانیی بەهارە، ئاشەکە ئیشیکردووە. بە گردە ماتەکەش ناودەبرێت، چونکە لە چاو گردی قۆرتاسدا بچوکترە. بە بڕوای نوسەر کۆنترە لە گردی قۆرتاس، چونکە جۆرە بەردێکی تێدایە، کە تیژ و نوکنن لە جۆری بەردە چەخماغە.

قوتە کەوە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (٤٥٧م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکاتى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى دەرياچەى دەربەنديخان، ئاوى دەرياچەکە چواردەورى دەگرێت و لەشێوەى دورگەيەکى بچووکدا دەردەکەوێت.

قوتەى دارە سێ قاچە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٣٠٠م) لە سەنتەرى گوندەکەوە دووره. نزيکەى (٤٩٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە و بەهۆى بوونى دارێکـى سـێ قاچـەوه،‌ ناونـراوە گـردى دارە سـێ قاچە.

قووتى چياخوان

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندی (گڵێجاڵ). (١٠٥٠م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە باشورى خۆرهەڵاتييەوە (گردى ملە کەوته)‌ و شانى (کەڵەگا کەنان) و لە باکوريشيەوە گردەکانى (ڕەحمان مردوو، قوتى بلێلان) هەيە.

قۆرتاس

بە دووریی دوو کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا)وە. یەکێکە لە گردە بەناوبانگەکانی ناوچەکە. بە چوار گردی دیکە دەورەدراوە. پێدەچێت بۆ پارێزگاریکردن لەم گردە سەرەکییە دروستکرابن. لە ١١ی ٥ی ١٩٤٦ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عراقیدا بە شوێنەوار تۆمارکراوە. مێژووەکەی بۆ ٤٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. شێوەکەی هێلکەییە و بەرزییەکەی نزیکەی (١٥م) دەبێت. ڕووبەرەکەی زیاتر لە پێنج دۆنمە. دەڕوانێت بەسەر دەریاچەی دەربەندیخاندا و ئاو چواردەوریداوە. لەدوای گردەکانی بەکراوا و یاسین تەپە، لەڕووی گرنگی و بەرزیەوە، بە سێیەم گرد دادەنرێت. بە درێژایی مێژوو ئاوەدانی تێدابووە. لە ساڵی ١٩٦١ تیمێکی پشکنەری عێراقی بەناوەکانی تەها باقر و فواد سەفەر و باقر بەسمەجی بۆ پشکنین سەردانیانکردووە.

کانى گوێزێ

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٦٥٠م) لە ناوندى گوندەکەوە دوورە. (٥٣٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. بەهۆى هەبوونى کانيیەک بەناوى (کانى گوێز) لە نزيک گردەکەدا ئەو ناوەی لێنراوە.