بەرگی یەکەم
شوێنی سروشتی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
بەرگی یەکەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
شاخێکه لە زنجیرە شاخی (سورێن). کەوتووەتە باکوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). (١٧٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی سەدان دۆنم دەبێت. خەڵکى سنورەکە بە بەهاران بە مەبەستى گیای بەهارى سەردانیدەکەن و جیا لەوەش بۆ لەوەڕگای سروشتی بەکاردێت.
کۆتا سنوری بەردەبەلە لە بەشی خۆرهەڵاتەوە گوندی بانیبنۆکە. سنوری جیاکەرەوەی نێوان بەردەبەل و نەوێیە. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە. سەرلوتکەکەی بەرد و تاشەبەردە و بەڕەزای زۆری هەیە. بەڵام قەدپاڵەکانی خۆڵە. بەشی زۆری کەوتووەتە گوندی بەردەبەلەوە. بەڵام بەشی سەرەوەی لە سنوری بانیبنۆکە. جۆگەی قامیشڵە، کە سەرچاوەیەکی ئاوی گرنگە، بە تەنیشتیدا دەڕوات.
کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکانی هانەی قوڵ و یاڵانپێ. لە دوای خەوگە چیاوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای سێخڕان. درێژیی چیاکە (٠,٥٣کم) دەبێت. کۆمەڵێک کانیی سازگاری تێدایە، وەکو کانی (ڕەنگین و خاڵۆ سان). بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی دەوڵەمەندە و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان. بەسەر گوندەکانی هانەی قوڵ و گەڵباخ و یەڵانپێدا دەڕوانێت. لە هەندێک شوێنی بە تایبەتی لەسەر سنوری هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقدا، سەدان مین چێنراون و کەسێک زۆر شارەزای ناوچەکە نەبێت ناتوانێت سەردانی بکات، چونکە ساڵانی ڕابردوو چەندین کەسی کردووەتە قوربانی.
بەرزترين لوتکەى چيايە لە زنجيرە چياکانی شنروێ. بەرزيیەکەى لە ئاستى ڕووى دەرياوە (٢٠٢٤م). لە خۆرهەڵاتەوە دەڕوانێت بەسەر گوندەکانى (گريانە، هاوارەکۆن، هاوار و دەرەتفێ) و لە باشور و باشورى خۆرئاواشیەوە، بەسەر هەردوو گوندى (بۆين و ڕێشاو) و (ڕوبارى سيروان). گوندەکانى (دەڵەمەڕ و عەبابەيلێ و جەليلە) کەوتوونەتە بەرەى خۆرئاوايەوە و گوندەکانى (سەرکەن و تاوێرەش) لەباکوريەوەن. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەهۆى بەرزييەکەيەوە کراوە بە مۆڵگەى سەربازیى و لە ئێستادا هەردوو بورجى (کۆڕەک تليکۆم و ئاسياسێڵ)ى لەسەرە.
زنجیرە چیایەکی بەرز و درێژە، کە لە لوتکەی (ملەی سەرتەک) دەستپێدەکات و بۆ ناو خۆرهەڵاتی کوردستان درێژ دەبێتەوە. بەرزترین لوتکەی (١٨٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. گوندەکانی (چواردارانی سەروو، چواردارانی خواروو، کانی وەیسکێ، کانی پاشا، تووەوشکێ)، دەکەونە بناریەوه و بەوهۆیەوە بووە بە ناسنامەی هاوبەشی بەمۆ و گوندەکانی دەوروبەری. سنوری سروشتیی جیاکەرەوەی لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالەدایە.
بەسەر بەشی خوارووی (دۆڵی کەوچ) لە چیای (شنروێ)دا دەڕوانێت و گوندی (عەبابەیلێ) و لەنێوان (داوگە درێژ) و (یاڵی مەجی بەگ) هەڵکەوتووە. لە لایەکەوە درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە گوندی (دەڵەمەڕ). لە کۆمەڵێک تاشەبەرد و تاوێری سەخت پێکدێت، (کەوا شیرداخ)یشی پێدەڵێن.
کەوتووەتە دەشتی شارەزوور لە باکوری خۆرئاوای ناحیەی خورماڵ لە گوندی کانی ئاسکان. بەرزیەکەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەگاته (٦٦٠م)، ڕێگای گوندی کانی ئاسکان- قاینەجە بە نزیک ئەم گردەدا تێپەڕدەبێت. ڕووەکەی زیاتر پێکهاتەیەکی بەردینە و ئەستووریی خاک کەمە و گژوگیای کورتی لەسەر گەشەدەکات. بەردەکانی تاڕادەیەک قەبارە گەورەن و بۆ لەوەڕگا سوودیلێدەبینرێت و بۆ کشتوکاڵ بەکارنایەت.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بۆین) لە نزیک شاخی قوڵنەچین و ڕاگەی نەرە گەڵینە. ڕێگەیەکی لێوە دەڕواتەوە بۆ بەرزایی کەر هەڵدێر و ڕاگەی حەیدەر بەگ. لەم شاخەدا چەند کونێکی سروشتی هەن، کە جۆرە گیایەکیان تێدایە وەک ڕیشی بزن وایە و ئاژەڵی کێوی لەو کونانەدا خۆی حەشاردەدات، خەڵکی ناوچەکەش بۆ ڕاوکردن ڕووی تێدەکەن.
کەوتووەتە چیاکانی بەشی نزاری گریانە بەرانبەر (وژەکەرە). بە ناوی (مستەفای باوکی کوێخا عەلی) ناونراوە. مستەفا کراوەتە (مچە) بەهۆی ئەوەی بەتەمەن بووە وەک ڕێزێک پاشگری (باوا)ی پێوە لکێنراوە. لەم بەرزاییەدا بزنەکێویەک دەکوژێت و ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە. ناوچەیەکی سەختە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵی کێوی.
گردێکی ڕووتەنی نوک تیژە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیەی (بەمۆ). (٧٨٧م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. پێکهاتەی خاکەکەی لە جۆری لم و قەمتەرە، کە خەڵکی ناوچەکە پێیدەڵێن (کەوەلە)، بۆیە کەمترین گژوگیا و دارستانی لێ شین دەبێت.
کەوتووەتە باشوری گوندی (بۆین) و دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. تەپۆڵکەیەکی تێدایە پێیدەڵێن(کانی نەوتە). دەڵێن نەوتی تێدایە و لیژنەیەکی بیانی لە کۆندا بۆ مەبەستی پشکنین سەردانیکردووە. بە داربەڕوو و قەزوان دەوڵەمەندە و بۆ بنێشتکردن سوود لە قەزوانەکانی وەرگیراوە. تەپۆڵکەیەکی تێدایە، کە بە شارە مرۆچە ناودەبرێت و شارە مێروولەیەکی زۆر گەورەیە.
سێ گردی بەتەنیشت یەکەوەن. کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیەی (بەمۆ). بەرزترین خاڵیان دەگاتە (٨١٠م) لە ئاستی دەریاوە. زنجیرەیەکیان دروستکردووە و دەشتی گڵێجاڵیان کردووە بە دوو بەشەوە. لەوەڕگایەکی چڕ و بەپیتە بۆ ئاژەڵ.
کەوتووەتە دامێنی شاخی مەگڕ و لە بنارەکانی ناوچەی سازان. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٩١ سەربازگەی عێراقی بووە. ناوچەکە دێمە و دارستانی سروشتیە. ڕێگەیەکی تێدایە ئەڕواتەوە سەر هەناران و لەوێوە سێ ڕیانی سازان نەیجەڵە و چناری لێ دەبێتەوە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو)، لەنێوان شاخی کەکەوسانە و دۆڵی شاوراپان و زەڕاتەجار هەڵکەوتووە. قەدپاڵەکانی شاخەکە کۆمەڵێک زەویی دێمە و کراون بە گەنم و جۆ. بە گۆییژ دەوڵەمەندە، هەر بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە و خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە لە وەرزی پێگەشتنیدا سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (زەڵم). ڕووبەرەکەی(٠,٠٥کم٢) و(١٢٠٠-١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی ناوچەکە وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سوودیانلێوەرگرتووە. لە سەردەمانی کۆنەوە تا سەرەتای دووهەزارەکانیش، لانکەی شۆڕشگێڕانی کـورد بووە.
کەوتووەتە پشتی گوندی (نەیجەڵە). بەرزە و دەڕوانێت بەسەریدا. وشک و بێ ئاوە. بەڵام بیرێکی ئیرتیوازی تێدا لێدراوە و وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بەکاردێت. گۆڕستانێکی کۆنی هەیە و بەناوی گۆڕستانی پژگرد ناودەبرێت و لەنزیک گۆڕستانەکە قامیش و زەلی زۆری تێدایە. ناوەکەی بەواتای ئەو گردە دێت، کە کەوتووەتە پشتی گوندەکە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٧٤٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای منارەکەوە و لۆکەو عەزیز بەگی. بەسەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێندا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە بە تایبەتی بەڕەزا. ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی تاڤگە و گوندی (زەڵم). (١١٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو دۆڵی کەڕەجاڵ و پڕ لە دارستانی سروشتی. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی زەڵم و شاری خورماڵ، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی.
سەر بە زنجیرە شاخەکانی سورێنە. بەشی زۆری دەڕوانێت بەسەر گوندی کانی ئاسکاندا. چەندین ئەشکەوت و سەرچاوەی ئاوی تێدایە. بە داربەڕوو دەوڵەمەندە. لە پشت گردەکانی عالانی دەستپێدەکات و وردە وردە بەرزدەبێتەوە. ڕووی سەرەوەی تاڕادەیەک تەختە و بە بان ئەشکەوت ناودەبرێت.
دەکەوێتە سنوری گوندی بەشی پیرک. بەرزییەکەی لەنێوان ٦١٠ تاکو ٦٧٠ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. بەسەر گوندەکە و دەریاچەی دەربەندیخاندا دەڕوانێت. چەند ڕەزەدێمی تێدایە. لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەناوی گردی پیروز اوغان لەسەر پارچە زەوی ژمارە ٦ لە نەخشەی کادسترۆدا تۆمارکراوە و سنورەکەی جیاکراوەتەوە.